وانەی دووەم :

‌دوای پەیامەکەی (موقته‌دا سه‌در ) ڕێبه‌ری‌ ڕه‌وتی‌ سه‌در کە بەئاشکرا لە پەیامەکەی رۆژی هەینی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٦گلۆپی سەوزی بۆ لایەنگرانی داگیرساندوگوتی : ( چاوەڕوانی ڕاپەڕینین )، لایەنگرانی له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی‌ شاری‌ به‌غداوه‌ ڕوویان له‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز كرد وبەبێ هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک به‌ربه‌سته‌ ئه‌منییه‌كانیان تێ پەڕاند و، زۆر بەئاساندی چوونه‌ نێو په‌رله‌مانی‌ عێراق و چەندین دەرگا و پەنجەرەوکەلوپەل و کورسی و قەنەفەی گران بەهای نێوپەرلەمانیان شکاند ، دواتریش چوونه‌ نێو هۆڵی‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و له‌ شوێنی‌ په‌رله‌مانتاران دانیشتن ‌و دەستیان بە هوڕاوهوتاف لێدان کرد، گوایە ناڕازین له‌ دواخستنی‌ دانیشتنی‌ په‌رله‌مان و ده‌نگ نه‌دان به‌ گۆڕانكاری‌ و بەسزا نەگەیاندنی گەندەڵکاران .

جێگای ئاماژە پێدانە ئه‌مه‌ بۆیه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی‌ عێراقدا خۆپیشانده‌ران ده‌چنه‌ نێو په‌رله‌مان وبەم شیوەیە په‌لاماری‌ په‌رله‌مانتاران دەدەن ورێگایان لێ دەگرن و بە شەق و پێلاقەو جنێوو قسه‌ی ناشیرین دەکەونە گیانیان .

لەو ژمارە ئەندام پەرلەمانەی کە کەوتنە بن دەست و پێی لایەنگرانی ( سەدر ) چەند ئەندامێکی کورد بوون، کە بەهیمەتی (پێشمەرگە) پاسەوانەکانی پەرلەمان توانرا لەدەست خۆپیشاندەران رزگاربکرێن، دوای ئەوەی رێگای هەڵاتنیان بۆ خۆش کرا، بەڵامچ هەڵاتنێک، لەبەغداوە بۆ هەولێر بەبێ ئاوەڕدانەوە .

جێگای ئاماژە پێدانە کە خۆپیشاندەرانی بەغدا، ئێستا بەشێوەیەكی سەركی بە فیکە و فەرمانی (موقتەدا سەدر ) هەنگاو دەنێن، (موقتەدا ) چ ئەمر بکات ئەوە جێ بەجێ دەکرێت، (موقتەدا ) کێی دەستنیشان بکات ئەو شەق خواردو وتڕۆ دەکرێت، (موقتەدا) کامە بارەگا و باڵەخانە دەستنیشان بکات، ئەوا یەکسەر هێرش دەکرێتە سەری و، دەسوتێنرێت و کەلوپەلەکانی دەشکێنرێت، بۆیە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سینارێۆی داگیرکردنی پەرلەمان یان هەر شوێنێکی دیکە لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی (سەدر ) چاوەڕوان كراوە . . . !!

دەبێ ئەوەش باش بزانین دانانی (كۆڵكە و پەتی سێدارە ) لەلایەن لایەنگرانی( سەدر) لە گۆڕەپانی تەحریر، ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ سەرهەڵدانەوەی كەلتوری(فەرهود و بگرەو بکوژە)، کە عیراقی لەسەر بنیاتنراوە.

لیرەدا دەپرسم : ئەمە چ لۆژیکێکە، حزب و لایەنە کوردیەکان لە هەرێمی بەتەمای خودا و، لەنێو ماڵی خۆیان خەریکی ململانێ و حزبایەتی و دووبەرەکی نانەوەوملشاکاندنییەکترن، لەبەغداش گوایە نوێنەرانیان یەک هەلوێست و خەمخۆری یەکتر و خەریکی بەدەست هێنانی دەستکەوتی باشن بۆ گەلی کورد ؟

نازانم باس لەکامە دەسکەوت دەکەن ؟

خوشکینە، براینە، ئاگادار بن ، (موقتەدا ) وشەڕکەرەکانی بەدواتانەوەن ، ئەم جارە بەرێکەوت لە چنگی شەرکەرەکانی (کۆماری ئیسلامی عیراق ) ڕزگارتان بوو، جارێکی دیکە کەس بەهاناتان نایەت ، ئۆباڵیبێ هەڵوێستی و دووبەرەکی وململانێ و ناتفاقیشتان ، لە ئەستۆیخۆتانە .

وەسەلام