کاتێ راپه‌ڕین له‌ ساڵی 1991 کوردستانی هه‌ژاند و داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی رژێمی راماڵی و ئازادی و رزگاری باڵیان به‌سه‌ر شار و دێهاته‌کانی کوردستاندا کێشا، یه‌که‌م هه‌نگاوی گه‌وره‌ و مه‌زنی به‌ره‌ی کوردستانی ئه‌وه‌بوو که‌ هه‌ڵبژاردن بکرێ و په‌رله‌مانی کوردستان دابمه‌زرێ و کورد ئه‌و مافه‌ ئاساییه‌ی خۆی بۆ یه‌که‌م جار له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی ئازادیدا به‌کار بهێنێ . . له‌ رۆژی 19/05/1992، گه‌لی سته‌مدیده‌ و تینووی سه‌ربه‌ستی و رزگاری، روویان کرده‌ بنکه‌و سندوقه‌کانی هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و دوارۆژێکی گه‌ش و ئاسووده‌. په‌رله‌مانی کوردستان وه‌دیهاتنی ئامانجێکی له‌مێژینه‌ی گه‌له‌که‌مان بوو، بگره‌ یه‌که‌م نیشانه‌ی ئه‌و راستییه‌ بوو که‌ گه‌لی کورد و پێشه‌نگه‌ سیاسییه‌که‌ی خه‌ریکه‌ ره‌وڕه‌وه‌ی کێشه‌ی ره‌وای کوردستان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر راسته‌ رێگه‌ی خۆی و ئاسۆی خۆ به‌ڕێوه‌ بردن له‌به‌ردم کورددا ده‌که‌نه‌وه‌. داگیرکه‌ران هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ مافی هه‌ڵبژاردن و دیموکراسییان له‌ گه‌لی کورد زه‌وت کردبوو، چونکه‌ ده‌یانزانی بێ زه‌وتکردنی ئه‌و مافه‌ که‌ به‌ ئاساییترین مافی مرۆڤایه‌تی ده‌ژمێردرێ ره‌نگه‌ نه‌توانن ده‌رگای شه‌ڕی له‌ناوبردن له‌به‌رده‌م ئه‌و میلله‌ته‌دابکه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ رێگایان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئازاد ده‌گرت، رێگایان له‌ دیموکراسی ده‌گرت، رێگایان له‌ چاره‌سه‌رێکی ئاشتییانه‌ی راست و ڕه‌وای کێشه‌ی کورد ده‌گرت. کوردیش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی دوژمنانیدا هه‌تا ده‌هات سورتر ده‌بوو له‌سه‌ر دیموکراسی و ئازادی و مافی هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌خۆ، هه‌تا ده‌هات باوه‌ڕی به‌وه‌ توندتر ده‌بوو که‌ به بێ مافه‌ دیمکراسییه‌کان کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌ر ناکرێ. به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، به‌و شێوه‌یه‌ که‌ هه‌موو جیهان ئاماژه‌ی بۆ کرد، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ بوو که‌ کوردیش وه‌کهه‌موو میلله‌تانی جیهان توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی هه‌یه‌ و شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ داموده‌زگای ئازادی خۆی هه‌بێ و وه‌ک ره‌گه‌زێکی هێمنی و ئاسایش له‌ ناوچه‌که‌دا ژیان به‌رێته‌ سه‌ر.