سێ کەڵەنووسەری جیهانی لە رۆژئاوادا، ناو و ناوبانگیان بە نووسینەکانیان بۆ منداڵان گرێدراون، ئەوانەش ( چارلز پیرۆ ) لە فەرەنسا، ( برایانی گریم ) لە ئەڵمانیا، ( هانز کریستیان ئەندەرسن ) لە دانیمارک . . کە هەریەکەیان بە دەیان چیرۆک و هەقایەت و ئەفسانەیان بۆ منداڵان نووسیون . .
چیرۆکەکانیان بوونەتە سامانێکی کەلەپووری جیهانی و، تا ئەمڕۆ بایەخیان کاڵنەبووتەوە، نەوە لە دوای نەوە چێژ و خۆشییەکی زۆر لە خوێندنەوەیان وەردەگرن . . بوونە بە مایەی شانازیش بۆ ئەو گەلانە و، بە یادگارێکی شیرین و نەمریش بۆ خودی ئەم کەڵەنووسەرانە .

گەرچی ئەم نووسەرانە، بە دڵپاکی و خۆڕسکییەوە چیرۆکەکانیان نووسیون، بەڵام ئەو خاڵەی کە لە هەندێ لە چیرۆکەکانیاندا سەرنجمان رادەکێشێت، ئەوەیە کە چەند چیرۆکێک لای هەرسێکیان هەر هەمان چیرۆکن بە کەمێک جیاوازی لە فۆرم و لە ناوەڕۆکەکانیاندا، رەنگە هۆی ئەمەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە هەریەکە لەم نووسەرانە، سوودیان لە ئەفسانە لە گێڕانەوە چیرۆکە فۆلکلۆری و میللییەکانی سەر زاری داپیرەکان و باپیرەکان و خەڵکی وڵاتەکانیان وەرگرتووبن، کە بۆ وەچەکانیان گێڕانەوە، کە بە ( چیرۆکەکانی گوێئاگردان ) یش ناودەبرێن . . بەشێکیان لە ناو گەلانی هەموو ئەورۆپادا بڵاون و، تا ئەمڕۆش هەر گەلێک رەسەنایەتی ئەو چیرۆکانە بۆ خۆیانی دەگێڕنەوە .
هیچ کام لەم چیرۆکنووسانەش، خەیاڵی ئەوەیان نەبووە و، پێشبینی ئەوەشیان نەکردوون، کە لە داهاتوودا، لە رووی بایەخی سایکۆلۆژی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و رەوشتییەوە، بە وردی چیرۆکەکانیان هەڵدەسەنگێنرێن و، چەندین شیکردنەوە و لێکۆڵێنەوە لە بارەیانەوە دەکرێن و . . دەستنیشانی ئەو سوود و بەها جوانەکانیان و، خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان دەستنیشان دەکرێن .

چیرۆکی ئەفسانەیی، جۆرێکە لە جۆرەکانی چیرۆک، تا رادەیەک کورتن، لە بنەڕەتیشدا نموونەی چیرۆکە فانتازییە فۆلکلۆرییەکانی ئەورۆپایە، کە پاڵەوانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانیان: کورتەباڵکان، جادووبازان، فێڵبازان، چەتەوڵ و زەبەلاحان، دیۆودرنج، جنۆکە و رمووزن، جادوو، بەختیاوەری، پیرەژنی شەڕخواز، فریشتەی خیرخواز، . . . هتد .
ئەم چیرۆکە ئەفسانەییانەش، جیاوازیان لەگەڵ چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانی ( برایانی گریم )ی ئەڵمانیدا هەیە، کە چیرۆکەکانیان بەگراوندێکی میژووییان هەیە و، جەڤەنگین و، تا رادەیەک لە راستییەوە نزیکن . . چیرۆکە ئەفسانەییەکان بە تەواویی خەیاڵئامێزن و هەڵبەستراون، پاڵەوانەکانی چیرۆکەکان ئاژەڵن، ئادەمیزادن، یا ئاژەڵ و ئادەمیزادن . . جیاوازیشیان لەوەدایە، کە پاڵەوانەکانیانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان، لە توانەبەدەرن و، ئەستەم بووونی نییە لە لایان، ئەفسوونبازن، بۆ نموونە لە کاتی تەنگانە و پێویستیدا، بە سووتانی تەڵەموویەک دەستبەجێ، نەڕە دێوێک، یا سوپایەکی میروولە بۆ یارمەتیدان بە دەنگیانەوە دێن، کاری بەدەر و سەرسووڕمانیان لێدەوەشێتەوە . . ئەم چیرۆکانە کارتێکردنێکی ئەفسووناویان هەیە . . بەتایبەیش لەسەر خەیاڵی منداڵان . . چونکە منداڵان لە قۆناغە یەکەمەکانی تەمەنیاندا خەیاڵین و، بڕوا بەوە دەکەن کە ئاژەڵ و باڵندە و رووەک و خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و هەموو شتە بێگیانەکانیش وەکو ئادەمیزاد دەدوێن، بەو زمانەی کە ئەوان دەیزانن . . پێدەکەنن و دەگرین . . تووڕەدەبن و هێوردەبنەوە . . چاکە و خراپیشیان لە دەست دێ . . . هتد .
هەندێ لەم چیرۆکانە بیرۆکەی زیانبەخشیان تێدایە و، زیان بە منداڵان دەگەیەنن وەکو : بڕواکردنیان بە جادوو و ئەفسوون، کاری لە توانابەدەر، توندوتیژی، ترس و تۆقین، دڵەڕاوکێ، سەرچڵی . . هتد. بەشێکی زۆریشیان : پەند و وانە، هیوا، بەهای بەرز، خۆڕاگری، کۆڵنەدان، گەشبینی، کۆڵنەدان، بڕوابەخۆبوون، کۆشش، سەرکەوتن و یارمەتیدان، چاکەخوازی، ئازایی . . . هتد، لە خۆگرتوون . ئەم چیرۆکانە ئاسۆی خەیاڵی منداڵان فراوانتر دەکەن، هۆگری خوێندنەوە و ئەدەبدۆستییان دەکەن .

چارلز پیرۆ، نووسەر و شاعیرێکی فانتازی فەرەنسییە، کەڵەنووسەرێکی جیهانی بەناوبانگە لە نووسینی چیرۆکە ئەفسانە ئامێزەکان بۆ منداڵان، بەڵکو بە بناغەدانەری چیرۆکی ئەفسانەیی لە جیهاندا ناسراوە . . چارلز لە سەدەی حەڤدەمیندا، یەکێک بووە لە نوێخوازن و لە رابەرانی شۆڕشی ئەدەبی نوی لە دژی ئەدەبی چەقبەستووی کلاسیکی بوو . . ئەگەرچی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارلز خۆشی بۆ منداڵان، لە چوارچێوەی ئەدەبی کلاسیکیدان .
چارلز پیرۆ، لە ( ١٢ ی/ یانوەری /١٦٢٨ ) لە شاری ( پاریس ) لە خیزانێکی برژوازی دەوڵەمەند لەدایکبووە، باوکی پارێزەر بوو، شەش برا و خوشکێک بوون، چارلز بچووکی خێزانەکەی بوو .
چارلز منداڵێکی زیرەک بوو . . رۆژێکیان لە قوتابخانەدا خۆی هاوڕێیەکی لەگەڵ مامۆستایەکیاندا بەشەڕدێن، بەو هۆیەوە خۆی و هاوڕێکەی وازیان لە قوتابخانە هێنا . . بەڵام چارلز دەستی لە خوێندنەوە و لە خۆرۆشنبیرکردن هەڵنەگرت . . کتێبی ئەنجیلی پیرۆز و مێژووی فەرەنسا و کۆمەڵە کتێبێکی بابەت هەمەرەنگەی خوێندەوە . . کە قەرەبووی دابڕانی لە قوتابخانەدا بۆ کردنەوە .
لە دواییدا چارلز پیرۆ گەڕایەوە بۆ قوتابخانە و، لە شاری ( ئۆرلیان ) دەستی بە خوێندنی یاسا کرد و تەواوی کرد . . ماوەیەک کاری پارێزەری کرد . . چارلز پیرۆ لەگەڵ ( جـان ـ باپتیست کولبێر ) ی وەزیری دارایی فەرەنسا لە سەردەمی شا ( لویسی چواردەمین ) دا، هاوڕێتیان خۆشبوو . . جان باپتیست زۆر بڕوای بە توانا و زیرەکی چارلز هەبوو . . لە خۆی و لە شا لویسی چواردەمین نزیکی کرردەوە . . چەند پۆستێکی باڵایان لە کۆشکی شاهانەدا پێسپار و، ماوەی بیست ساڵ لە کۆشکدا کاری کرد، بە تایبەتیش لە بواری راگەیاندن و پڕوپاگەندەدا . . تا لە ساڵی ( ١٦٨٠) دا، ناکۆکی کەوتە نێوان ( چارلز پیرۆ ) و ( جان باپتیست ) وەزیری دارایی، بە یەکجاری لە یەکتری دابڕان . . دواتر هەموو هەموو کاتەکانی بۆ نووسین تەرخان کرد .

چارلز پیرۆ، زانیاری پەروەر بوو، بایەخێکی زۆری بە زانیاری و ماتماتیک و ئەندازیاری و پزیشکی و فەلسەفە دەدا . . بەڵام ئەمانە دایان نەبڕی لە سەرقاڵبوونی بە ئەدەب و نووسین.

چارلز پیرۆ لە ساڵی (١٦٧٢) دا، لەگەڵ خاتوو ( ماریا گیوشون ) هاوسەرگیرییان کرد .

لە ساڵی (١٦٣٥) دا ئەکادیمیای زمانی فەرەنسی دامەزرا، لە ساڵی ( ١٦٧١) دا، چارلز پیرۆ بە ئەندامی ئەم ئەکادیمییە هەڵبژیرا، چارلز کاراترین و بە ناوبانگترین ئەندامی ئەم ئەکادیمییە بوو.
چارلز پیرۆ لە ساڵی ( ١٦٧٤) دا، بۆ یەکەمین جار میوەی ( گوێـزی هیندی ) هێنایە فەرەنسا و خستییە بەردەم ئەندامانی ئەکادیمییەی زانیاری .

چارلز پیرۆ، لە تەمەنێکی گەورەدا دەستی بە نووسینی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی بۆ منداڵان کرد و، لەسەر دەستی ئەم بوو کە چیرۆکی ئەفسانەیی، چووە خانەی ئەدەبییەوە و، وەکو جۆرێک لە جۆرەکانی چیرۆک دەقی گرت .
چارلز، لە رێی چیرۆکە ئەفسانەییەکانییەوە، نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوەبەر، خۆی گەیاندە هەموو ماڵێک، چووە دڵی ملیۆنان کەس لە جیهاندا و، بوو بە خۆشەویستی هەمیشەی منداڵان . . چارلز پیرۆ، خۆی پێشبینی و چاوەڕوانی ئەمەی لە چیرۆکەکانی نەدەکرد، کە بەو رادەیە منداڵان و گەورەکانیش هۆگریان ببن و . . لەسەر ئاستی جیهانیشدا بەو رادەیە پێشوازیان لێبکەن و ناوبانگ دەربکەن و . . ئەو هەموو خۆشەویستیی و رێز و شکۆدارییەی پێببەخشن . . شایەنی باسیشە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی بۆ منداڵان، لە هەموو کارەکانی تری زیاتر ناوبانگیان پێبەخشیون .

چیرۆکەکانی چارلز پیرۆ دوو مەبەست دەپێکن، یەکەمیان چێژ و خۆشی و شادییەکی زۆر بە منداڵان دەبەخشن . . دووەمیان پەروەردەیی و ئاراستەیین و، مەبەست و ئامانجێکی پەروەردەیی و رەوشتی و کۆمەڵایەتی و بەهابەرزی و مرۆڤایەتییان تێدایە . . بۆ زاخاودانی بیر و هۆشی منداڵان، بەو هیوا و بەها و مەبەستانە . . چارلز لە هەڵبژاردنی بیرۆکە و، لە داڕشتنی چیرۆکەکانیدا، هەمیشە خواست و هیواکانی منداڵانی لەبەرچاوگرتوون و . . بە زمانێکی ساکار و ئاسان و، بە شیوازێکی ناسک و شیرین بۆیانی نووسیون . چارلز ئیلهامی چیرۆکەکانی بە زۆری لە ژیان و لە سەرگوزشتەی راستی خۆیەوە هەڵهێنجاندوون . . ژیان و چیرۆکەکانی تا رادەیەک لە لەیەکدەچن .
چارلز، وەکو هەر چیرۆکنووسێک، سوودی لە کەلەپوور و لە چیرۆکە فۆلکلۆری و میللییەکان وەرگرتوە . . بە شێوازێکی نوێ دایڕشتوون و، کراسی نوێشی لەبەرکردوون . . بابەتی چیرۆکە ئەفسانەییەکانیشی ململانێن لە نیوان چاکە و خراپیدا . . چاکەش بەسەر خراپیدا زاڵ دەکات .

بەشێکی زۆری چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارلز پیرۆ بۆ منداڵان، کراون بە شانۆگەری و بە ئۆپرا و بالییە و شانۆی موزیکی و . . زۆریشیان لە لایەن کۆمپانییەکانی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییەوە، کراون بە فیلمی ئەنیمەیشن، بە تایبەتیش بە شێوەی فیلمی کارتۆن دەرهێنراون . . کە سەرکەوتنێکی زۆریان لە جیهاندا بەدەستهێناون . . بە زۆربەی زمانە جیهانییەکانیش ئەو فیلمانە دۆبـلاج کراون . ئەم فیلمانەش بوونە مایەی ئەوەی کە هێندەی تر ناوبانگ و پیزانین و یادەوەری و نەمری بە چارلز و بە چیرۆکەکانی ببەخشن . بەناوبانگترین چیرۆکە ئەفسانەییەکانی کە کراوە بە زنجـیرە فیلمی کارتۆن، چیرۆکی ( ساندرێللا ) یە، چیرۆکی ( کۆڵوانەسوور ) یش لە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە .

چیرۆکی ( ساندرێللا ) یا ( ساندرێللا و پێڵاوە شووشەییەکانی ) کە دەربارەی کچێکی جوانی شانزە ساڵانە، کە لە تەمەنێکی بچووکدا دایکی دەمرێ . . باوکی ژنێکی تر دێنێ بۆ ئەوەی کە خـزمەتی ساندرێللا بکات . . بەڵام باوەژنەکەی کە دوو کچی خۆی هەیە، خۆی و کچەکانی زۆر بۆ ساندرێللا خراپ بوون و، دەیان چەوساندەوە، وەکو کارەکەرێکیش لێیان دەڕوانی و، هەموو ئیشەکانی ماڵەکەشیان پێدەکرد . . زۆریش ئیرەییان بەجوانییەکەی دەبرد . . بەڵام ساندرێللا بە پێچەوانەوەی رەفتارەکانی زڕدایکەکەی و زڕخوشکەکانییەوە، ئەوانی خۆشدەویست ـ دڵنیام کە ئێوەی خوێنەر تەواوی چیرۆکە دەزانن و بە فیلم کارتۆن بینیوتانە ـ کە لە کۆتاییدا ژنێکی جادووبازی خیرخواز یارمەتی ساندرێللا دەدا و . . بەخت یاوەری دەبێت و، دەبێتە هاوسەری هەڵبژێراوی شازادە .
چارلز پیرۆ، کەسایەتییەکی چەوساوە و ستەملێکراوی خۆڕاگری نیو خێزانێکی هەڵبژاردووە، بە ناوی ساندرێللا وە، کردوویە بە پاڵەوانی ئەم چیرۆکەی . . بۆ ئەوەی ئەو مەبەستە بە منداڵان و زارۆکان بگەیەنێت، کە ستەم و چەوساندەوە و ناخۆشی چەند گەورەشبن، بێگومان کۆتاییان دێت . . چەوساوەکان بە خۆزگە و بە هیواکانیان دەگەن . . ستەمکارەکانیش رسوا و شەرەمەزار دەبن .

چارلز پیرۆ یەکەمین کتێبی بۆ منداڵان لە ساڵی (١٦٧٩) دا، چاپکرد و بڵاوی کردەوە، کتێبەکەشی لەژێر ناوی ( چیرۆکەکانی دایە قـازم ) دا بوو . . بەڵام ئەم کتێبەی بە ناوی خۆیەوە بڵانەکردەوە، بەڵکو بە ناوی کوڕە بچووکەکەی ( پیرۆ دارمانکور ) ەوە بڵاوی کردەوە، چونکە چارلز هێشتا ترسی لە رەخنە و لە لۆمە و توانج و لە سوکایەتی خەڵکی نەشکابوو . . نووسین بۆ منداڵان تا ئەو کاتە، مایەی ناوزڕان و هێنانەخوارەوەی پایەی ئەدەبی و ناوبانگ بوو بۆ نووسەر . . بۆیە چارلز ئەو کتێبەی بە ناوی کوڕەکەیەوە بڵاوکردەوە . . کتێبی ( چیرۆکەکـانی دایـە قـازم ) هەشت چیرۆکی ئەفسانە ئامێزی لەخۆگرتووە . . لەوانەش ( ساندرێللا، ریش شینەکە، شۆخە نووستووەکە، جنۆکە، پشیلەی چەکمەلەپێ ) ئەم کتێبە بە یەکەمین کتێبی ئەدەبی منداڵان و، بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی رەوتی ئەدەبی منداڵان دەزانرێ . . ناوبانگ دەرکردنی ئەم کتێبە، بوو بە مایەی شانازی و دڵخۆشی و هاندان بۆ چارلز پیرۆ، بۆ درێژەدان بە نووسینەکانی بۆ منداڵان . . بە دوای ئەم کتێبەدا، کتێبێکی تری بۆ منداڵان چاپکرد لە ژێر ناوی ( هەقـایەت و چیرۆکەکانی سەردەمی رابردوو ) کە بریتییە لە کۆمەڵە چیرۆکێکی خۆشی تر . . چارلز ترسی شکا و، بە بێباکییەوە ئەم کتێبەی بە ناوی راستی خۆیەوە ( چارلز پیرۆ ) وە چاپکرد و بڵاوی کردەوە . . چارلـز بێجگە لە نووسینی چیرۆک کۆمەڵێک هۆنراوەی جوانیشی بۆ منداڵان نووسیون . هەروەهاش کۆمەڵێک شیعریشی بۆ گەورەکان نووسیوە.

ئەمانە ناوی گرنگترین ئەو چیرۆکە ئەفسانە ئامێزانەن، کە چارلـز پیرۆ بۆ منداڵانی نووسیون :
١ـ ساندرێللا، یا ( ساندرێللا و پێڵاوە شووشەییەکانی ) .
٢ـ کۆڵوانەسوور . . ( ئەم چیرۆکە وەریان گێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و . . فیلمە کارتۆنییەکەشی بە کوردی دۆبلاج کراوە و، تا ئێستا چەند جارێک کەناڵە کوردییەکان پێشکەشی منداڵانیان کردووە .
٣ـ شۆخە نووستووەکە لە دارستاندا .
٤ـ ريش شینەکە .
٥ـ پشیلەی چەکمەلەپێ .
٦ـ پەنجە باڵا . یا ( پەنجە تووتە )
٧ـ جادووبازانی جنۆکە .
٩ـ کەوڵی گوێدرێژ، یا ( شازادەی هەڵهاتووەکە ) یا ( شازادە و کەوڵی گوێدرێژ )
١٠ـ گەوهەر و بۆقەکان .
١١ـ ویدۆی دەم بەپێکەنین .
١٢ـ ریکی کاکۆڵدار .

بەشێکی زۆری چیرۆکەکانی و فیلمە کارتۆنییەکانی چیرۆکەکانی شارلز پیرۆ، وەریان گێڕاون بۆ سەر زمانەکانی گەلانی جیهان و، فیلمەکانیش بەو زمانانە دۆبلاج کـراون . . پێویستە ئاماژە بە ئەوەش بکەین . . کە تا رادەیەک دەسکاری دەقەکان و ناونیشانی ئەو چیرۆکانە کراون . . بەڵام بە هەمان ناوەڕۆکەوە . . بۆ نموونە ( کەڵاو سوور ) بە کوردی کراوە بە ( کۆڵوانە سوور ) یا بە
( چارۆگەسوور ) . . بە عەرەبیش کراوە بە ( لیلی والذئب : لەیلا و گورگ ) .
( کوڵوانەسوور ) یەکێکە لە چیرۆکە بە ناوبانگەکانی چارلز پیرۆ و وەریان گێڕاوە بۆ سەر هەموو زمانەکانی جیهان . . بە کورتی ئەم چیرۆکەکە باس لە کچێکی جوانکیلەی بچووک دەکات کە ماڵێ نەنکی لە سوچێکی دارستانەکەی نزیکی ماڵیاندایە، نەنکی بە تەنیا لە ماڵێکدا دەژی . . رۆژێکیان کۆڵوانەسوور بیری نەنکی دەکا و داوای لە دایکی کرد رێی پێبدا و بچێت بۆ لای نەنکی . . دایکی رازی بوو زەمیلەیەک خواردن و میوەی دا بە کۆڵوانەسوور کە بۆ نەنکی بەرێت . . ئامۆژگاریشی کرد کە لە ڕێ لانەدات و، قسە لەگەڵ کەسدا نەکات . . گورگێگ دێتەرێی کۆڵوانەسوور، گورگەکە ئەوەی زانی کە کۆڵوانەسوور بۆ لای نەنکی دەچێ . . گورگەکە زوو رایکرد و چووە ماڵی نەنکی و لە دۆڵابێکدا نەنکی شاردەوە و، جلەکانی ئەوی لەبەرکرد و، لەسەر جێیەکەی درێژ بوو، بۆ ئەوەی کە کوڵوانەسوور هات بیگرێ و بیخوات . . بەڵام ئەوەبوو کە کۆڵوانەسوور هەستی کرد کە نەنکی نییە و گورگەکەیە . . رای کرد و هاواری کرد . . داربڕێکی لاو گوێی لێدەبێ و، بە دەنگییەوە دیت و، بە تەورەکەی گورگە دەکوژێت . . كۆڵوانەسوور و نەنکی زۆر سوپاسی داربڕەکە لاوەکە دەکەن و . . ئەو نيوەڕۆیەش پێکەوە نان دەخۆن .
لە هەندێ کتێبی وەرگێڕاودا، کۆتایی ئەم چیرۆکە بە چەند شێوازێکی جیاواز هاتووە . . بەشێکیان دەڵێن گورگە نەنکی کۆڵوانەسووری لە دۆڵابەکەیدا شاردەوە . . بەشێکی تریان دەڵێن گورگەکە نەنکی کۆڵوانەسووری خوارد و، داربڕەکە لە سکی دەریهێنا . . هەندێکی کەشیان دەڵێن گورگەکە کۆڵوانەسووری خوارد و، داربڕەکە کە گوێی لە هاواری کۆڵوانەسوور بوو . . هات و بە تەورەکەی سکی گورگەکەی هەڵدڕی و کۆڵوانەسووری لە ورگی گورکەدا دەرهێنا .
لە چیرۆکی ( کۆڵوانەسوور ) دا، لایەنی ئەرێنی و لایەنی نەرێنیشی تیدا هەیە . . هیوادارم کە لە دەرفەتێکدا، بۆچوونی خۆم دەربارەی هەردوو لایەنەکەی ئەم چیرۆکە روون بکەمەوە .

چارلز پیرۆی ئەفسانەنووسی چیرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان لە رۆژی ( ١٦ی / مای/ ١٧٠٣)، لە تەمەنی (٧٥ ) ساڵیدا، لە شاری ( پاریس ) کۆچی دوایی کرد . . چیرۆکە ئەفسانەییاکانی شایەنی ئەوەن کە تا هەتایە چارلز پیرۆ بە نەمری بمێنێتەوە و لەیاد نەکرێت .

ئەمساڵ لە رۆژی ( ١٢/ ١ / ٢٠١٦) دا، ( گـوگلە) بە بۆنەی یادی (٣٨٨) ساڵڕۆژی لە دایکبوونی
چارلز پیرۆوە ئاهەنگێکی گێڕا و، پاڵەوانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارلز کران بە دروشمی گوگلە.

رەزا شوان

نەرویـج : (١٤ی/ ئەوگوست/ ٢٠١٦)