( شکسپیر ) دەڵێ : " لە جیهـاندا سەرینـێک نییە . . کە لە بـاوەشی دایـک نەرمـتربێت )
بە لای ئێمەوە، لە کوردستان پیرۆزتر و جوانتر نییە . . لە کورد دڵپاکتر و لێبووردەتر نییە . .
لە دایک بەسۆزتر و دڵسۆزتر نییە . . لە پێشمەرگەرە قارەمانتر و گیانبەخشتر نییە . . لە ئازادی و ئاشتی شیرینتر نییە . . لە هیوا و بڕوا و هاندەرتر نییە . . لە یەکێتی و تەباییش بە هێزتر نییە .

دایک پیرۆزترین بوونەوەرەی دونیایە . . دایک وشەیەکی بچووکە و، لە چوار پیت پێکهاتووە . . بەڵام جوانترین و ناسکترین و شیرینترین وشەیە، لەسەر زار و، لە ناخی دڵی هەموومان دایە . . دایک جوانترین وشەیە لە فەرهەنگەکانی زمانەکانی هەموو گەلاندا . . دایک وشەیەکە گەورەترین واتای لەخۆگرتووە، کە بە هەزاران وشە و رستە و دێڕ و هۆنراوە و پەخشان و رۆمان، نایاتە باسکردن و ستایش کردن . . دایک واتای بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی و دلۆڤانی و بەرخودانی لەخۆگرتووە . . سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی دایک بێ هـاوتا و بێ سنوورن و. . هەرگـیز لەبن نایەن . . دایک هەمیشە دەبەخشێت و، هیچ کاتێکیش چاوەڕوانی وەرگرتنی پاداشت ناکات . . دایک کانییەکی روونی هەمیشەبەخشی بەخۆڕە . . کە بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی لێهەڵـدەقوڵێت . . نە لێڵ دەبێت و، نە وشکیش دەکات .
دایک سونبولی ژیانە، هێمای بەخشین و درێژەدان و مانە . . سکی دایک پیرۆزترین نیشتمانە . . لە سکی دایکدا ژیان لە دایک دەبێ . . لە باوەشی دایکدا رۆڵەکانی نیشتمان گوش دەکرین و پێدەگەن .
( جوبـران خەلـیل جوبـران ) دەڵێ : " دایک هەموو شتێکە لە ژیـاندا، دڵـدەرەوەیە لە ماتەمینیدا، هیـوایە لە بێ ئومێـدیدا، هـێزە لە لاوازیـدا "

ئەوە دایکمان بوو، پێش ئەوەی چاوەکانمان هەڵبێن، بە سنگی گەرم و نەرمی خۆیەوە نووساندین و، بە شیری پاکی گۆشی کردین . . ئەوە دایکمان بوو، بۆ ئەوەی بە خۆشی و بە شادی خەومـان لێبکەوێت، بە دەنگە ناسک و شیرین و بەسۆزەکەی لای لایەی کوردەواری خۆشی بۆ دەکردین و، دەیلاواندینەوە، شەونخونی دەکرد و شەو تا بەیانی ئێشکی دەگرتین . . ئەوە دایکمان بوو، رۆژانە لە باوەشی گەرم و نەرمی دەکردین و، دەستە نەرم و جوانەکانی بە سەر و گوێماندا دەهێنا و، بە دەیان زەردەخەنەی شیرێن و ناسکی پێدەبەخشین و، ماچـبارانی دەکردین و هەموو خەم و ئێش و دڵتەنگی و ناسۆرییەکانمانی لەبیردەبردینەوە . . ئەوە دایکمان بوو، کە هەموو نـاز و نووزێکمانی هەڵدەگرت . . بەشە پارووەکـەی خۆی بە دەمانەوە دەکرد . . رۆژی سەد جـارش مەرگی خۆی پێش مەرگمان دەخست و، هەمیشە نزای دەکرد و، لە خـوا دەپاڕایەوە، کە جەرگی نەسووتی و . . ئێمە بێوەی بین .

ئەوە دایکی دڵسۆزمان بوو، کە فێر ئەلفوبێی ( کوردایـەتی ) و ( کوردسـتان پـەروەری ) کـردین . . بەڵی کەسمان لە پڕێک، نەبووینە بە کچ و کوڕێک . . دایکمان یەکەمین مامۆستامان بوو . . باوەشی دایکیشمان یەکەمین قوتابخانەمان بوو . . دایک و باوکمان زۆریان فێرکردین و، زۆر بەها و نەریتی رسەن و جـوانی کوردیمان لە ئەوانەوە فێربووین .
( ریتشار نیکسون ـ سی و حەوتەمین سەررۆکی ئەمریکا ) دەڵێ : " دەتـوانیت هەمـوو شـتێکم لە بیربەریتەوە . . تەنیا ئەوە نەبێت کە دایــکم فـێرێ کـردووم "
( ئابراهام لینکۆڵن ـ شانزەمین سەرۆکێکی ئەمریکا ) دەڵێ : " هەموو ئەو شتانەی کە من پێیان گەیشتووم، ئەو پلە و پایەیەش کە هیوای پێگەیشتنیان دەخـوازم، هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ دایکی پەریـزادم "
کەڵەزانای داهێنەر ( تۆمـاس ئەدیسۆن ) دەڵێ : " ئەوە دایـکم بوو کە دروسـتی کـردم "
هونەرمەند ( فلۆریـان ) یش دەڵێ : " ماچیـک لە لایەن دایکمەوە، وێنەگرێکی جیهانی کردمی بە "
بە سەدان وتەی ناوداران و پەندی گەلان و، هۆنراوەی شیرین و، چیرۆک و، پەخشان و، رۆمان و، داسـتان، بە هەموو زمانەکانیی جیـهان، دەربارەی بەزەیی و سۆز و دڵسۆزی و خۆشەویستی و شکۆداری دایک وتـراون و نووسـراون .

هێندە قەرزاری دایکمانین، هێندە چاکەی بە سەرمانەوە هەیە . . گەر بە درێژایی ژیانمان ستایشی بکەین و پێیدا هەڵبدەین، هەرگیز ناتوانین پاداشتی سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و بەخشندەیی بدەینەوە . . ئەوە گەورەتـرین رێز و شکـۆداری و پێزانینە کە : ( بەهـەشت لەژێر پێی دایکانـدایە ) ( ڤیکتۆر هـۆگۆ ) دەڵێ : ( جیـهان بچـووکیش بێتەوە . . دایـک هەر بە گـەورەیی دەمێنـێتەوە ) .
( جـان جـاک رۆسـۆ ) دەڵێ : " گەر جیـهان لە چنگێکدا بێ و . . دایـکم لە چنگەکەی تـردا بێ، ئەوا دایـکم هەڵـدەبـژێـرم ) .
کوردیش دەڵێ : " دایـک لە لای رۆڵەکـانی، قـەد پیـر نـابێت "
دایک شایانی ئەوەیە و، زۆر لەوەش زیاتر، کە هەموو رۆژێک نەک جارێک، بەڵکو بە دەیان جار سەری رێز و نوازشی بۆ دانەوێنین و، تێر دەستە جوانەکانی ماچ بکەین و، داوای گەردن ئازادی و لێـبووردن و بەخشـینی لێبکەین . . گەر دایـک لـێمان رازی نەبێت، لە ژیـاندا ناحەسێینەوە .

ئێمەش باوکین و، هیوادارین کە باوکـان بە هەڵە لێمان تێنەگەن و، وا بـزانن، کە لە رادەی سۆز و بەزەیی و دڵسۆزی و خۆشەویستی و قوربانیدانی ئەوان بۆ رۆڵەکانیان بە کەمتر دەزانین . . دەڵێن : " چاکەی باوکـان لە بەرزترین لووتکە چـیا بەرزتـرە . . چاکەی دایکـانيش لە قووڵترین دەریاڵـۆش قووڵترە ". . پیاوانیش هەر لە دایک لە دایکبوونە . . بەڵام ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنگرە و ناتوانین نکووڵی لێبکەین . . ئەو سۆز و خۆشەویستی و دلۆڤانییەی کە لە دایکدا هـەیە . . بەم رادەیە لە باوکدا نییە . . سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی رەمەکی و سروشتییە . . ئەم سۆز و خۆشەویستی و گرینگیپێدانە رەمەکییەش، تەنیا لە دایکی مرۆڤدا نییە . . بەڵکو لە دایکانی هەموو بوونەوەرەکانی کەشدا، رەمەکی و سروشتییە، بێچوەکانیان بە سۆز و خۆشەویسی بە خـێودەکەن و شیر و خواردنیان دەدەنێ و، چاودێری دەکەن و پارێزگارییان لێدەکەن . . تا گەورە دەبن و دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن . بۆ نموونە بڕواننە، ئاسکەیەک، مانگایەک، پڵنگێک، مەڕێکی تازە زاو، کە چۆن یەکسەر دەگەشێنەوە و، هەموو ئازارێکی خۆیان لەبیر دەچێتەوە و. . بە زمـانیان تێر بێچـوە تـازە زاوەکـانیان دەلێسنەوە . . بێچوەکانیشیان یەکسەر بۆنی دایکیان دەکەن و دیاناسن و، دەم بە گـوانی دایکيانەوە دەنێن و شیریان دەخـۆن .

سۆز و خۆشەویستی دایک زۆر گرنگن و، کارتێکردنێکی ئەرێنی گەورەیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکەی هەیە . . سوودێکی زۆریان هەیە، بۆ مەستکردنی پێداویستییە جەستەیی و دەروونی و هۆشییەکانی منداڵ . . لە ئامێزگرتنی منداڵ و، قسەکردن لە گەڵێدا بە رووخۆشی و بە شیرینی و بە نەرمی و بە زەدەخەنەوە لە لایەن دایکییەوە . . فاکتەرێکی بەهێزە بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی بەهـێز، لە نێوان دایک و منداڵەکەیدا .

سۆز لە رووکەشییەکەیدا، ئەوەیە کە دایک رۆژی چـەند جـارێک، بەپێی پێویست و دەرفەت، جگەرگۆشەکەی لە باوەش بکات و بە سنگی خۆیەوە بینووسێنی . . وەکو وتمان سۆز هەستێکی رەمەکی گەورەیە . . منداڵ تەنیا لەسەر سنگی دایک و باوکیدا هەست بەم سۆزە رەمەکییە دەکات.
ئەو منداڵە بەختەوەرانەی، کە لە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵییاندا، لە ناو شوورەیەکی سۆز و خۆشەویستیدان و، مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکان و باوکانیانن . . لە داهاتوودا دەبنە ژنان و پیاوانی ژیر و هێمن و دانا و لەسەرخۆ . . دەزانن کە چۆن بە شێوەیەکی راست و دروست و لەبار، بە هۆش و بیر و توانایان، بە سەرکەوتوویی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵوێستەکانی ژیانـدا بکەن .

گرنگترین سوودەکانی سۆزی دایک بۆ منـداڵ :
١ـ گەورەترین خواست و بەرزترین هیوای منداڵ، ئەوەیە کە سۆز و خۆشەویستی دایکی بە دەست بێنێ . . سۆزی دایک فریارەسە بۆ ئەوەی منداڵ لە هەموو ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامییەک رزگاری بێت . . سۆزی دایک بڕوا و گەشبینی بە منداڵ دەبەخشێت . . منداڵ بە سۆزی دایک گەورە بەبێ و دەژی . . لە کوردەواریدا، کە منداڵێک لە دایک دەبێت، بەم جۆرە پیرۆزبایی لە دایک و باوکی دەکەن ( منداڵەکەتان پیرۆزبێ و، بە سۆز و بە خۆشەویستی و نازی دایک و باوکی گەورەبێت و پێبگات ).
٢ـ گرنگیدانی دایک بە منداڵەکەی و، هەستکردنی منداڵ بە سۆز و خۆشەویستی دایـکی بۆی . . هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی هەردوو بەشەکەی ناوچەی ( هـایپۆکـامیس ) لە مێشکی منداڵدا، قەوارەی گەورەتربێت . . ئەم ناوچەیەش لە مێشکی منداڵدا، بەرپرسە لە ئاستی زیرەکی و فێربوون و بیرهێنانەوە و زاڵـبوون بەسەر فشارە دەروونییەکـاندا . . بە تاقیکردنەوەی پراکتیکی و، بە بەراوردکردنی ئەو منداڵانەی کە مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکیان بوون، لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە لە سۆز و خۆشەویستی دایکیان بێبەش بوون، یا دایکانیان سۆز و خۆشەویستییەکی کەمتریان پێ بەخشیبوون و، بە گرژی و دڵڕەقی و بە توند و تیژی و بێبەزەییەوە، مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، ناوچەی ( هایپۆکامیس) ی مێشکی ئەم منداڵانە کورژتر و بچووکترە لە مێشکی منداڵانی سۆزپاراو . . ئەوەش ساغـبۆتەوە، کە مـنداڵانی سۆزپـاراو لە (١٠ % ) دا، ئاستی زیـرەکی و فێربـوون و بیرهێنانەوە و کۆمەڵایەتییان بەرزترە، لە ئاستی منداڵانی بێبەش لە سۆز و لە خۆشەویتی و لە ناز.
٣ـ سۆز و گرنگیدانێکی زیاتری دایک بە منداڵە نەخۆشەکەی، دەبێتە هۆی زووتر چاکبوونەوەی .
٤ـ لە ئامێزگرتنی منداڵ لە لایەن دایکییەوە . . یارمەتی دەردانی هۆرمۆنی ( ئۆکسـیتۆسین ) دەدات لە لەشی منداڵدا . . کە هۆکارێکی گرنگە بۆ چالاکردنی دڵ . . یارمەتی ئەوەش دەدات، کە گـازی ئۆکسجین بە ئاسانی و ئاسایی بگات بە خوێن .
٥ـ ماچکردنی منداڵ لە لایەن دایکییەوە . . هۆکارە بۆ گواستنەوەی هەندێ ( بەکتریای سوودبەخش) بۆ منداڵەکەی، کە یارمەتی منداڵ دەدات، بۆ چالاکردن و بەهێزکردنی سستەمی بەرگری لە لەشیدا .
٦ـ کە دایک باوەش بە جگەرگۆشەکەیدا دەکات و، بە نەرمی و ناسکی دەست بە سەریدا دەهێنێت و، بە هیواشی بە پشتیدا دەکێشێت . . منداڵەکەی هەست بە ئەوپەڕی دڵنیایی و بە ئاسوودەیی دەکات . . مەستی گەلێ لە پێداویستییە دەروونییەکانی دەبێت .
( سوکـرات ) دەڵێ : " هەرگیز هەستم بەدڵنیایی نەکردووە . . تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە لەباوەشی دایکمدا بـووم )
٧ـ دایکایـەتی هەست و سۆز و شادی و خۆشەیەکی زۆر، بە خودی دایکان دەبەخشێت . . کاتێ کە جگەرگۆشەکانیان لە باوەش دەکەن و بە سنگیانەوە دەنووسێنن . . وا هەست دەکەن کە جیهان هی ئەوانە و، مەستی رەمـەکی دایکایـەتی دەبن .
٨ـ ئەو منداڵانەی لە هەرەتی منداڵییاندا، مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکان و باوکانیان دەبن و. . بە سۆزداری و خۆشەویستی و رێزگرتن و کۆمەڵایەتی و بە پرەنسیپە دەروونییەکان پەروەردە دەکرێن . . کەمترینی ئەو هەرزەکارانەن، کە لە هەرزەکاریدا لاڕێ دەبنەوە و تووشی هەڵە دەبن . . دووریشن لە سەرکێشی هەوەسبازی و مەیل و سۆزداری و خۆشەویستیی نادورست . . بە دروستی و ژیری و بە رێکیش هەڵسوکەوت لەگەڵ قۆناغەکان و گۆڕانکارییەکانی ژیاندا دەکەن .
( دیگۆن راسکن ) دەڵێ : " کەمێک خۆشەویستی بە منداڵەکەت ببەخشیت . . لە پاداشتی ئەو خۆشەویستییەت سوودێکی زۆرت دەبێت "
( گوڵـدن ) دەڵێ : " کە دایــکم منی خۆشـبوێت . . منیش هەمـوو جیــهانم خۆشـدەوێت "

لێکۆڵینەوە لە گرنگی سۆزی دایک بۆ منداڵەکەی :
تا ئێستا چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی پراکتیکی لە لایەن دەروونناسانی منداڵان و پزیشکە پسپۆرەکانی بواری تەندروستی و گەشەکردنی منداڵانەوە، دەربارەی گرنگی و سـوود و کارتێکردنی سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی ئەنجام دراون .

لە لێکۆڵینەوەیەکی تازەدا، کە لە لایەن چەند پسپۆرێکی دەروونناسی منداڵان و، چەند پزیشکێکی تەندروستی منداڵان، کە لە نەخۆشخانەی فێیرکاری ( سانت لویس) سەر بە ( زانکۆی واشنتۆن ) لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە . . لەم لێکۆڵێنەوەیەدا (٩٢) منداڵ بەشدارییان تێدا کرد . . تەمەنی منداڵەکان لە (٤) ساڵەوە بۆ (١٠) ساڵ بوون، لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا چەند جارێک بە ( لەرینەوەی موگناتیسی ) وێنەی مێشکی منداڵە بەشداربووەکانی لێكۆڵینەوەکەیان گرتن . . گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی، گەشەکردنی مێشکی منداڵەکەی خێراتر دەکات . . بە تایبەتیش پێش ئەوەی کە تەمەنی منداڵ بگات بە شەش ساڵان، کە بە گرنگترین و بە هەستیارترین و بنەماترین قۆناغی ژیان دادەنرێت . . قۆناغی پێشبینیکردنی کەسایەتی داهاتووە .

( رۆبەرت مایەر ) مامۆستای یاریدەدەر و، پسپۆر لە پزیشکی دەروونی و، شارەزاش لە رەوشـتە مرۆییەکان لە ( زانکۆی کـالیفۆرنیا ) لە ئەمریکادا، ئاماژەی بە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە کرد و، وتی : " لێکۆڵینەوەکە ئەوەی بۆمان ساغکردەوە، کە سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی، فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ زووترکردن و خێراترکردنی بنیاتنانی مێشکی منداڵ . . کاریگەرییەکی باش و ئەرێنیشیی هەیە لەسەر ژینگەی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵ "
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی دەرخست، کە ئەو منداڵانەی بەختەوەرن لە ماڵەوەدا، بە سۆز و بە خۆشەویستی گۆش و گەورە کراون . . مێشکیان بە پلە و بە ئەندازەیەکی گەورە پێشکەوتووە . . کە ئەم رادە گەشەکردن و پێشکەوتنە، لە مێشکی ئەو منداڵە بەدبەختانەدا بەدی ناکرێن، کە لە ماڵەوەدا بێزراو و پشتگوێ خرابوون و، لە سۆز و لە خۆشەویستی دایکان و باوکانیان بێبەش بوون و، بە تووڕەیی و توندوتیژی و بە دڵڕەقی رەفتایان لەگەڵدا کردوون .

لە ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیەدا، ئەوە لە لای دەروونناسان بەرجەستەبوو، کە لە نێوان پێشکەوتنی دروستی ناوچە سەرەکییەکانی مێشک کە کاریگەرییان لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، لەگەڵ ئەو سۆزداری و خۆشەویستییانەی کە تێیدا دەژین، پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە .

پرۆفیسۆر ( جـوان لوبی ) پسپۆر و شارەزا لە پزیشکی دەروونناسی منداڵان لە کۆلێژی پزیشکی لە ( زانکۆی واشـنتۆن ) لە ئەمریکا . . کە پێشتر هەر لەم بوارەدا و، لە بارەی هەمان بابەتەوە چەند توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام دابوو . . خاتوو ( جـوان ) ئەندامێکی سەرەکی و کارای گرووپی ئەم لێکۆڵینەوە تازەیەش بوو، لە بارەی دەرەنجامی لێکۆڵێنەوەکەوە دەڵێ : " ئەم لێکۆڵینەوەیە بەڵگەی زۆر بەهـێزمان پێشکەش دەکا، کە زووەخـتی گرنگیدانی دایک بە منداڵەکەی زۆر گرنگە بۆ گەشەکردنی تەندروستی مێشکی منداڵەکەی بە شێوەیەکی ئـەرێنی، کە کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی هەیە "
پرۆفیسۆر ( جـوان لـوبی ) هەر لە بارەی لێکۆڵینەوە تازەکەوە، دەڵێ : " توێـژینەوەکـانی پێشوتـر گرنگی هەستکردنی منداڵانیان لە ساڵە یەکەمەکانی تەمەنیاندا پشتگوێ خستبوون . . ئەو زیانـانەی کە لە ئەنجامی بێبەشکردنی منـداڵ، لە بەزەیی و سۆز و لە خۆشەویستی تووشی مێشکی منـداڵ دەبن . . ناتوانرێت لە ساڵانی داهاتووی تەمەنیدا، قەرەبوو بکرێنەوە . . تەنانەت گەر کەسوکـاری شێوازی پەروەردەکردنیشی بگۆڕن . . ئەمەش پسپۆرانی بە ئاگاهێنانەوە، کە جەخت لەسەر گرنگی هەستی منداڵ بکەن و، بە رادەی پێویست سۆز و خۆشەویستیی هەبێت، کە هەموو باشییەکانی تر دەستەمۆی دەبن "

دایکـان و باوکـانی بەسۆز و دڵسۆز :
کوردیلەکانمان جگەرگۆشەمانن . . هیوای داهاتووی کوردستانن . . لەسەرمانە کە بە رادەی پێویست بە سۆز و بە خۆشەویستی گۆشیان بکەین . . لەسەرمانە کە بە هەستی کوردایـەتی و بە کوردسـتان پەروەری پەروەرەدەیان بکەین . . بێگومان چارەنـووس و داهاتـووی کـورد و کوردسـتان، بەندە بە رادەی دڵسۆزیمان بۆ منداڵەکانمان و، بەندن بە شێوازی دروستی پێگەیاندنیان . . بە بەخشینی سۆز و خۆشەویستێمان پێیان . . ئەمەش ئەرکێکی زۆر پیرۆزە و گرنگترین پێویستی ئەستۆمانە . . پشکی شێری شانـازی لە هێنانەدی ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان، بەر ئێمەی دایکـان و باوکان دەکەوێت . . هەر نابەڵەدی و خەمساردی و هەڵەیەک، هەر کەمتەرخەمییەک لە گۆشکردن و پەروەرەکردن و لە ئاراستەکردن و لە رێنمایی کردنی جگەرگۆشەکانمان . . دەبنە هۆی ئەوەی کە ئاکامێکی نەرێنییان لێبکەوێتەوە . . کە هەر هەموومان لە ئاکامێکی نەخوازراوی وادا لێی بەرپرسین و، هەمووشمان باجێکی زۆری هەڵە و کەمتەرخەمییەکانمان دەدەینەوە . . پەشیمانیش بێهوودەیە .

( ئەلـیزابێس مـاخ ) دەڵێ : " لە کاتی ئەنجامدانی پەروەردەکردنی منداڵەکانماندا، هەر هەڵەیەک بکەین، دەبێتە هۆی دۆڕاندنی جەنگێک کە لە پێناوی پاشەڕۆژێکی باشتردا دەستمان داوەتی "

رەزا شوان
(*) رەزا شوان : نووسەرێکی بواری ئەدەبی منداڵانە . . لە ساڵی (١٩٤٦) لە ( کەرکوک ) لە باشووری کوردستان لەدایکبووە . . لە ساڵی (١٩٩٩) ەوە، لەگەڵ خێزانەکەیدا لە شاری ( بێرگـن ) لە وڵاتی نەرویـج دەژیـن .