بڕیاردان لەسەر ( یاسای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ـ ١٣٨ـ ئەندام پەڕلەمانتار ) لە لایەن پەڕلەمانی تورکیاوە . . بڕیارێکی مەترسیدارە، ئەوەی کە جێی سەرنج راکێشانە ئەوەیە . . کە هەریەکە لە پارتی دەسەڵادار(نا) داد و گەشەکردن و، پارتی گەلی کۆماری و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا، پێکەوە دەنگیان لەسەر ئەو بڕیارە دا، کە لە کۆی سەرجەم (٥٥٠) ئەندام پەڕلەمانی تورکیا، ( ٥٣١) ئەندام پەڕلەمان ئامادەی ئەو دانیشتنە بوون و، (٣٧٦) ئەندام پەڕلەمان دەنگیان بەو یاسایە دا . . واتە ئەو رێژەیەی تێپەڕاند، کە بخرێتە ( دەنگدانێکی گشتپرسی ) یەوە، ئەو یاسایە پەسەندکرا . . ئەوەش گەلەکۆمەیەک بوو کە لە پارتی گەلانی دیموکرات ( هە دە پە) یان کرد . . چونکە ئامانج و مەبەستی بەر و دوا لەم یاسایە دا، پەڕلەمانتارانی کوردن، کە سەر بە پارتی گەلانی دیموکرات ( هە دە پە ) ن . . بەپێی ئەم یاسایە ( ١٣٨) ئەندام پەڕلەمان پارێزبەندیان لەسەر هەڵدەگیرێت . . لەم ژمارەیەش (٥١) پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری و (٥٠) پەڕلەمانتاری پارتی گەلانی دیموکرات و، (٢٧) پەڕلەمانتاری پارتی داد و گەشەکردنی دەسەڵاتدار ( کە هاوڕانین لەگەڵ ئۆردوگان دا )، (٩) پەڕلەمانتاری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و، (١) پەڕلەمانتاری سەربەخۆ . . ئەوەی جێی سەرنج راکێشانە ئەوەیە کە پارتی گەلی کۆماری و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی دەنگیان بۆ ئەو بڕیـارە دا، لە کاتێکدا ئەوان رازینین لە ئاراستەکان و لە بڕیارە تاکڕەوییەکانی ئۆردوگان و خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن . . کەچی دەەنگیان خستنە پاڵ دەنگەکانی پارتەکەی ئۆردوگان . . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوان هەرچەند ناکۆکیش بن لەگەڵ یەکتریدا، بەڵام لە هەر بڕیارێکدا کە دژ بە کورد بدرێت ئەوان ناکۆکییەکانیان دەخەنەلاوە و، لە دژی کورد هاودەنگن . . پشکی شێری ئەم بڕیارە پەڕلەمانتاری کورد دەگرێتەوە . . پێشوەختیش تاوانی ئەوە دراوەتە پاڵیان کە لایەنگری ( پە کە کە ) ن . بەڵکو ئۆردوگان( هە دە پە) بە باڵێکی سیاسی پەکەکە ناو دەبات . . لەو باوەڕەدام لە ماوەیەکی کەمدا، بەشی هەرە زۆی ئەندامانی ( هە دە پە ) بە توومەتی ناپاکی دەگرن و، لە دادگایەکی ناشەرعیدا، بۆ ماوەی چەند ساڵێک سزای بەندکردن دەدرێن و، دەخرێنە بەندیخانەکانی تورکیاوە . . بۆیە ئەوە یاسایە . . پیلانێکی گڵاوە لە دژی خەباتی سیاسی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستاندا . . هەرکەسێک لەگەڵ نیازە گڵاوەکانی ئۆردوگاندا نەبێت، ئەو بە نەیار و بە ناپاک و تاوانباری دەزانێت . . تا ئێستا بە دەیان رۆژنامەنووسی ئازادیخواز و، بە دەیان چالاکوانی سیاسی و، پارێزەری کورد و تورک گیراون و، تا ئێستا دادگایی نەکراون . . توومەتەکانیان ئەوەیە کە داکۆکییان لە ئازادیی و دیموکراتی کردووە و، لەگەڵ ئاشتیدا نەک لەگەڵ شەڕ و کوشتن، لەگەڵ ئازادی و رەوا و دیموکراتیدان، نەک لەگەڵ ستەم و زۆرداری و دەمگرتنی خەڵکیدا . . لەگەڵ دادپەروەری و یەکسانی و پێکەوەژیاندان دان . . نەک لەگەڵ تاکڕەوی و دیکتاتۆری و، جیاوازی و رەگەزپەرستی نەتەوایەتیدا . . ئەمەیە راستی ئەو پرۆسە ئاشتییەی کە ئۆردوگان ناوی لێنابوو ( برۆسەی ئاشتی )؟!

ئۆردوگان، بۆ ئەوەی دەستوور لە بەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت و خەونەکەی بهێنێتەدی و، حوکمڕانی لە ( پەڕلەمانی ) یەوە بگۆڕێت بۆ( سەرۆکایەتی ) و هەموو دەسەڵاتکان بگرێتە دەستی خۆی و، پلە و پایە باڵاکانی لە مورید و دەستوپێوەندەکانیدا قورخ بکات . . وەکو دیکتاورێک درێژە بە حوکمڕانی بدات، بە هەچ شێوەیەک بێت دەیەوێت هەموو ئەو لایەنانەی کە بە تەگەرەیان دەزانێت لە رێی خۆیان لایان بەرێت . . بە تایبەتیش پارتی گەلانی دیموکرات، کە پارتێکی ئازیخواز و ئاشتیخوازی کوردە لە باکووری کوردستاندا، ئۆردوگان ( هە دە پە ) بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانێ . . بۆیە کۆمەڵێک تاوان و بوختانی هەڵبەستراوی بە ناڕەوا داوەتە پاڵ ئەم پارتە کورییەمان و، پاڵ پەڕلەمانتارانی سەر بەم پارتە . . بە تایبەتیش هاوسەرۆکی ئەم پارتە ( سەلاحەدین دەمیرتاش ) . . ئۆردوگان دەربەستی ئەوەش نییە کە تورکیا بەرەو شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی بەرێت و بە هەزاران کورد و تورک بکات بە قوربانی هێنانەدیی خەونەکانی . گەلەکۆمەکردنی پارتە تورکەکان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی و دوورخستنەوەی رەنگ و دەنگی پەڕلەمانتارانی کوردمان لە پەڕلەمانی تورکیادا . . شەرمازارییە بۆ ئەو پارتانە و بۆ پەڕلەمانی تورکیایش . . بەمەش زیاتر مۆرکی رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی و داخراوەیی بە خۆیانەوە دەنێن .

ئۆردوگان، یەکێک لە هاوڕێ نیزیکەکانی کە ( ئەحمەد داود ئۆغڵو ) بوو، تەنها لەبەر ئەوەی کە لە هەموو بۆچوونەکانیدا هاوڕای نەبوو . . لە سەرۆکایەتی حکوومەتەکەی و حیزبەکەی لایدا . . چونکە ئەو یەکێکی دەوێت ئەڵقەلەگوێی بێت و، پێی نەڵێت : ( بەری چاوت كلی پێوەیە ). . بۆچی ئۆردوگان ( بنئالی یڵدریم ) دەخاتە جێی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و، دەیکات بە سەرۆک وەزێرانی تورکیا و بە سەرۆکی پارتەکەی ( داد و گەشەکردن) ؟ چونکە یڵدریم . . یەکێکە لەوانەی ئەگەر ئۆردوگان بە ماست بڵێ رەشە . . یڵدریم دەڵێ راستت فەرمووە . . بۆیە ئۆردوگان ( بنئالی یڵدریم ) بە ( سەنوقە رەشەکەم ) ناو دەبات . . واتا هەموو نهێنی و رازێکی سیاسی ئۆردوگانی پارستووە . . ( بنئالی یڵـدریـم ) بە رەگەز دەچێتەوە سەر کورد و، لە بنەماڵەیەکی کوردە و، لە شاری ( ئارزنجـان ) لە باکووری کوردستان لە دایک بووە، مەبەستیشم ئەوە نییە کە شانازی بە ئەوەوە بکەین کە یڵدریم کوردە . . لە عێراقیشدا ( نوری سەعـید ) پاشا و، ( تەهـا یاسین رەمـەزان جەزراوی ) و ( تەها موحێدین ) یش کورد بوون . . بە ڵام لە زیان زیاتر هیچ خێرێکیان بۆ کورد نەبووە .

پێشبینی ئەوەش دەکەم کە لە سایەی دەسەڵاتی رەگەزپەەرستی ئۆردوگاندا، تورکیا دەبێتە دەوڵەتێکی دیکتاتۆری . . بەرەو بارودۆخێکی خراپتر و نا سەقامگیرییەکی زیاتر و شەڕ و کوشتن و گرتن و رەشبگیری زۆر روو لە زیادبوون دەکات . . ئەو بارودۆخە نەخوازراوەش نە لە بەرژەوەندی کوردە و نە تورکیشە، هەموو لایەک لێی زیانمەند دەبن . . کێشەکان گەورەتر و برینەکانیش قوڵتر دەبنەوە . . وا دیارە ئۆردوگان نە پەند و وانەی لە دەسەڵاتدارانی پێشووی تورکیا و، نە لە ماوەی حوکمڕانی ئەم چەند ساڵەی خۆی وەرگرتووە . . چونکە کێشەی کورد بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و بە کوشتن و بە رەشبگیری و بە جیاوازی نەتەوەیی چارەسەر ناکرێت . . بەڵکو کلیلی چارەسەرکردنی کێشەی سەد ساڵەی کورد، وازهێنانە لە شەڕ و، گفتوگۆ و ئاشتی و پێکەوەژیان و دانان بە مافە فەواکانی کورد لە باکووری کوردستاندا .

بۆیە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەڕلەمانتاران، بە تایبەتیش لەسەر پەڕلەمانتارانی کورد، قوڕەکە خەستر دەکاتەوە و، توندوتیژی و نادادپەروەری و جیاوازییەکی زیاتر و خوێنڕشتنێکی زیاتری لێدەکەوێتەوە . . ئەم ئاکامەش لە ئەستۆی پارتی داد و گەشەکردن بە گشتی و خودی ئۆردوگان بە تایبەتییە، تورکیاش باجێکی زۆری ئەم ئاکامە دەداتەوە.