TPL_OFFCANVAS_EMPTY_ERROR

خەبات لە پێناوی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان . . رەزا شوان

Expired


گەلانی ستەملیکراو و ماف زەوتکراو و، نیشتمان داگیرکراو، لە خەبات و تێکۆشانێکی
بێوچانـدان لە دژی داگیرکەران . . بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکانیان و، بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان و، بۆ راگەیاندنی سەربەخۆییان . . خەباتیش بۆ رزگاری، خەباتێکی پیرۆزە، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا دەوڵەتییەکان، خەباتی رزگاریان رەوا کردووە . هیچ مافێکیش ون نابێت ئەگەر خاوەن ماف دەستی لێهەڵنەگرێ و دوای بکەوێت . . لە سایەی خەبات و خۆڕاگری و کۆڵنەدان و بەرخودانیشدا، زووبێت یا درەنگ، دەتوانن گەل و نیشتمانەکانیان لە داگیرکەران رزگاربکەن و، سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن .

گەلی تێکۆشەر و کۆڵنەدەری کوردمان، یەکێکە لەو گەلە ستەملێکراوانە و نیشتمان داگیرکراوانە . . کە تا ئەمڕۆش بەشی هەرەزۆری خاکی کوردستان، نیشتمانی ییرۆز و جوانمان، لە لایەن داگیرکەرانی رەگەزپەرست و دڕندە و خوێنڕێژ و دڵڕەقی بێگانەوە داگیرکراوە . . بە دڕندەترین شێوەی نامەردانە، دوور لە رەوشت و ویژدان و، لە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان، بە رۆژی رووناک، رەشەکوژی لە کورد دەکەن، هیچ مافێک بە گەلی کوردمان رەوا نابینن . . دەیانەوێ شوناسی نەتەوەییمان بسڕنەوە . . داگیرکەرانی کوردستان تا ئەمڕۆش بە ئەقڵیەتی لەشکرتاری و هێزەوە مامەڵە لەگەڵ دۆزی رەوای کورد دەکەن . . بەڵام شکستیان هێناوە . . چونکە ئەوە ئەستەمە کە بتوانن بە تۆقاندن و کوشتن و، بە وێرانکردنی کوردستان، چۆک بە گەلی کوردی قارەمانمان دابدەن .

شێوازی خەباتی رزگاری، لە پێناوی رزگاربوون لە داگیرکەران و، بە دەستهێنانی مافە رەواکان و راگەیاندنی سەربەخـۆیی . . بە پێی بارودۆخی گەلانی خەباتکەر و، سروشتی داگیرکەران و، توانی بەرگری و قووڵایی ستراتیژی . . لە گەلێکەوە بۆ گەلێکی تر، تا رادەیەک جیاوازی هەیە . . بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، دوو جۆرە شێوازی باوی خەباتی تاقیکراوە و دانپێنراو هەن، ئەوانەش، خەباتی سیاسی و ئاشتی و، خەباتی چەکدارییە .
زۆر بە کورتی باس لە هەردوو شێوازەکەی خەبات لە پێناوی رزگاری . . دەكەین :

یەکەم : شێوازی خەباتی رزگاری سیاسی و ئاشتی ( گفتوگۆ ) :

گەلێ لە گەلانی ژێردەستە و نیشتمان داگیرکراو، شێوازی خەباتی سیاسی و ئاشتی و گڤتۆگۆیان گرتەبەر، بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکەیان لە داگیرکەران، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و، بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخـۆیان . . داگیرکەرانیان ملکەچ کردن، کە نیشتمانەکانیان بەجێبهێڵن . . ئەمەش رێگایەکی ئاسان نییە، خۆڕاگری و پشوودرێژی و سیاسەتمەدارانی بە توانا و دانا و شارەزای دەوێت . . لەوانەش : وڵاتی (هیندستان ) و، وڵاتی ( گـانا )، کە بە رێی خەباتی سیاسی و ئاشتی و گفتوگۆوە، سەەربەخۆیی خۆیان راگەیاند . . خەباتی سیاسی رزگاریش شێوازی زۆرە . . ئەمانە بیست لەو شێوازانەن :

١ـ مانگرتن جەماوەر لە سەرتاسەری نیشتمانی داگیرکراودا، لە دژی داگیرکەران .
٢ـ خۆپیشاندان و رێپێوانی ناڕەزایی لە دژی تاوانەکانی داگیرکەرانی نیشتمان .
٣ـ یاخیبوون و جێبەجێنەکردنی داوا و فەرمانەکانی داگیرکەران .
٤ـ هۆشیارکردنەوە و هاندانی جەماوەر بۆ رووبەرووبوونەوەی داگیرکەران .
٥ـ بەڵاوکردنەوەی بەیاننامە و، ئاشکراکردنی تاوانە قێزەوەنەکانی داگیرکەران .
٦ـ ئاشکراکردنی ئەشکەنجەدانی بەندکراوەکان، لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی داگیرکەرانەوە ە . . ئاگادارکردنەوەی ( هیومان رایتش ۆوچ ) لە تاوانەکانەکانیان .
٧ـ بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و سیدی و میمۆری دەربارەی تاوانەکانی داگیرکەران .
٨ـ یەکڕەنگی و یەکدەنگی و یەکئامانجی گەل و . . رێ بە داگیرکەران نەدرێ بۆ ئەوەی دووبەرکی بخەنە نێو ریزەکانی گەلەوە . . چونکە هەمیشە سەرکەوتن لە یەکێتیدایە .
٩ـ رێکخستنی جەماوەر لە پارتە سیاسییە نیشتمانییەکان و، لە رێکخراوە مەدەنییە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکاندا . . رۆڵییان هەبێت لە فشار خستنە سەر داگیرکەران .
١٠ـ سروودە نیشتمانییەکان کاریگەرییان لە هەست بزواندنی جەماوەردا هەیە .
١١ـ سەرکۆنەکردن و پەلارگرتن لە داگیرکەران، لە رێی بڵاوکردنەوە و خوێندنەوەی شیعر و پەخشان و وتاری سیاسی مەبەستدار و پەلارگرتن لە داگیرکەران .
١٢ـ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە . . پڕوپاگەندە چەکێکی بەهێزە لە دژی داگیکەران .
١٣ـ هەڵواسینی پۆستەراتی سیاسی مەبەستدار لە سەر دیوارەکانی شوێنە گشتییەکان .
١٤ـ نووسینی دروشمی سیاسی و نیشتمانی و، نووسینی رستەگەلێکی وەک :( بڕوخی داگیرکەرانی کوردستان )، ( بۆ دەرەوە داگیرکەران )، ( کوردستان نیشتمانی کوردە و ئێوە بێگانەن ) رستەی تری لەم جۆرە، بە بۆیە لەسەر دیوارەکانی شوێنە گشتییەکاندا.
١٥ـ بڵاوکردنەوەی وێنەی کاریکاتێری و گاڵتەجاڕی و پەلارگرتن لە دژی داگیرکەران .
١٦ـ ناردنی یاداشتنامەی ناڕەزایی، بۆ دامەزراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و . . بۆ رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و، بۆ هیومان رایتش ۆوچ . . بۆ هەڵماڵینی پێشێلکاری و تاوانەکانی داگیرکەران لە دژ بە هاونیشتمانیانی نیشتمان داگیرکراو .
١٧ـ نووسین و بڵاوکردنەوەی بابەتی سیاسی، لە رۆژنامەکان و گۆڤارەکان و لە سایتە ئەلیکترۆنییەکاندا لە دژی ستەم و تاوانەکانی داگیرکەران، چونکە خەباتی رۆشنبیری و هونەری و راگەیاندن بەشێکی گرنگن لە خەباتی سیاسی بۆ رزگاربوون لە داگیرکەران. ١٨ـ پێشکەشکردنی بابەتی شانۆیی مەبەستدار و، درامای رادیۆیی و تەلەفزیۆنی .
١٩ـ بەشداری نەکردنن لەو هەڵبژاردنانەی کە داگیرکەرانی نیشتمان ئەنجامیان دەدەن . . بەشداری نەکردنیش لە هەموو ئەو ئاهەنگ و بۆنانەی کە داگیرکەران سازی دەکەن . ٢٠ـ دروستکردنی شانەی نهێنی هەواڵگری و زانیاری لە ناو دەزگاکانی داگیرکەراندا .

ئەو شێوازانە و، بە دەیان شێوازی تری خەباتی رزگاری سیاسی و ئاشتییانە هەن بو ناچارکردنی داگیرکەرانی ملهوڕ، بۆ ئەوەی کۆتایی بە داگیرکردن بهێنن و، ملکەچی داخوازییەکانی گەلە رەسەنەکانی خاوەن نیشتمانە داگیرکراوەکان ببن .

گەلی کووردمان کە زیاتر لە سەد ساڵە لە خەباتێکی بەرگری و رزگاری دایە . . . هەموو ئەو شێوە خەباتە سیاسی و ئاشتییانەمان گرتە بەر و، بە دڵێکی زۆر پاکەوە گفتوگۆمان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان کرد . . هیچ کاتێک و تا ئەمڕۆش، لە ئەوپەڕی بەهێزیشدا هەرگیز لەگەڵ شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتندا نەبووینە و نین و نابین . . لەگەڵ ئەوەداین کە ( سەد ساڵی گفتوگۆ . . لە رۆژێکی شەڕ باشترە ) ئەوە داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستانن، زمانی گفتوگۆ و ئاشتی و پێکەوەژیان نازانن، ئەوە داگیرکەران کە شەریان لە دژمان هەڵگیرساندووە . . داگیکەرانن ( ماڵیان لە خاوەن ماڵ حەرام کردووە ) لەسەر خاکی خۆماندا، رەشەکوژی و جینۆسایدمان دەکەن و . . سامانی کوردستان دەدەزن .

دووەم : خەباتی رزگـاری چەکـداری ( شۆڕش ) :

زۆر جار گفتوگۆ لەگەڵ داگیرکەراندا، دەگاتە رێگایەکی بنبەست و، شکست دەهێنێت، چونکە لایەنی داگیرکەران بەهێزترن و، هەردەم لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان و دەیانەوێت قسەکانیان زاڵبێت و، داواکان و مەرجەکانیان لە لایەن بەرانبەرەکانیانەوە جێبەجێبکرێن . . گفتوگۆکانیشیان تەنها بۆ کات بردنەسەرە و، خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن . . چونکە لە خۆبایین و بڕۆیان بە چارەسەری ئاشتی نییەوە، لۆژیکی ئەوان، تەنها هێیز و، ئۆپراسیۆنی سەربازی و، سەرکوتکردن و، تەڕ و وشک سووتاندنە .

داخستنی دەرگای گفتوگۆ، لە لایەن داگیرکەرانەوە . . گەلانی ماف زەوتکرا و نیشتمان داگیرکراویان ناچارکردوون کە بۆ بەرگری لە خۆیان و، بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکانیان لە داگیرکەرانی بێگانە . . پەنا بۆ خەباتی چەکـداری ( شـۆڕش ) بەرن . . بەڵام خەباتی چەکدارییش گەر پێویستیش بێت، دەبێت دوا هەڵبـژاردن بێت، چونکە شەڕ کوشتن و بڕینە . . ژیانی مرۆڤیش زۆر گرنگ و زۆر بەنرخە، لە پێناوی گرنگتر و بەنرختردا دەبەخشرێت . . ( گیان زۆر شیرین و بەنرخە . . بەڵام نیشتمان شیرینتر و بەنرخترە ) . . نیشتمان پیرۆزترین شتە . . ( مـردن بە سەربەرزی . . خۆشترە لە ژیانی ژێردەستی ) . . گیانبەخشین لە پێناوی گەل و نیشتماندا، لووتکەی دڵسۆزی و نیشتمان پەروەری و ئەوپەڕي قوربانیدان و بەخشسینە .
( ئابراهام لینکۆڵن )٠٠ دەڵێ : " بەهێزتـرین خۆشەویسـتی خۆشـەویستی نیشــتمانە " ( ئەفلاتـوون ) یش دەڵی : " هیچ خۆشەویستییەک ناگـاتە خۆشەویستی نیشـتمان "
( دولۆرس باڤیری ) ش دەڵێ : " مردن بە پێوە . . زۆر باشترە لە ژیانی لەسەر چۆک) شاعیری گەورە و نەمری گەلەکەشمان ( فـایق بێـکەس ) دەڵێ :
داری ئـازادی بە خـوێن ئـاو نەدرێ قەت بەرناگـرێ
سەربەخــۆیی بێ فیـــداکاری ئەبــەد ســــــەرناگـرێ

خەباتی چەکداری، شێوازێکە لە شێوازەکانی خەباتی رزگاری لە دژی داگیرکەران . .
چونکە زۆر جار ( ئـازادی لە لوولەی تفەنگدا هەڵدی ). بەکارهێنانی چەک لە پێناوی رزگاری و سەربەخۆییدا، مافێکی یاسایی و رەوای گەلانی نیشـتمان داگیرکراوە .
کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ژمـارە (٣٢٤٦ ) دا، کە لە ( ٢٤ی/ دێسەمبـەری/١٩٧٤ ) دا دەرچووە، جەخت لەسەر ئەوە دەکـاتەوە " هەر هەوڵدانێک بۆ سەرکوتکردنی خەباتی چەکداری لە دژی ئیمپریالیزمی داگیرکەر و بێگانە و رژێمە رەگەزپەرستییەکان، بە پێچەوانەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و، جاڕنامەی پرینسیپەکانی یاسا دەوڵەتییەکانەوەیە، کە تایبەتە بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بە هاوکاری کردنی نێوان دەوڵەتان " هەروەها لیژنەی مافەکانی مرۆڤیش، چەند جارێک جەختیان لەسەر رەوایی شەڕکرد لە دژی داگیرکردن کردووە، بە هەموو هۆیەیەکی کە لە تواندا بێت، کە لە نێوانیاندا، رێگای ( شەڕ) ە .
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و، جاڕنامەکانی مافەکانی مرۆڤ و، یاسا دەوڵەتییەکان هەموویان دژی داگیرکردنن . . هەموویان خەباتی سیاسی و چەکداری بۆ رزگاری و سەربەخۆیی بە مافێکی رەوا و یاسایی گەلانی نیشتمان داگیرکراو دەزانن.

ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە، دەبینین زۆربەی گـەلانی رزگـاریخواز و ئازادیخـواز، کە لە داگیرکەران رزگاریان بووە و سەربەخۆییان راگەیاندووە . لە رێی خەباتی چەکـداری واتە ( شۆڕش ) ەوە گەیشتن بە هیوا و بە مافەکانیان، لەوانەش ( کۆماری جەزائیر ) کە ملیونێک شەهیدیان دا، تا فەرەنسییەکانیان ناچارکرد، کە جەزائیر بەجێبهێڵن . . هەروەها ( ڤێتنام ) . . گەلی ڤێتنامی لە شۆڕشەکەیاندا لە دژی ئەمریکا قوربانییەکی زۆریان دا تا ئەمریکایان ناچارکردن کە ملکەچبن و دان بە سەربەخۆیی ڤێتنام دا بنێن .

پێویستە ئەوەش بزانین، کە خەباتی چەکداری و خەباتی سیاسی تەواوکەری یەکترین و هەردوو باڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازن . . وەک چۆن مەل ناتوانێت بە باڵێک بفڕێ . . خەباتی بەرگری سیاسی و بەرگری چەکداریش لە پێناوی ئامانجێکدان . . دەبێ هاوشانی یەکتربن . . خەباتی چەکداری بەبێ خەباتی سیاسی سەرناگرێت . . بە پراکتیکی خەباتی سیاسی و چەکداری، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دا پێکەوە رەنگیان داوەتەوە.

ئێمەی کوردیش، دەستەوستان دانەنیشتووین . . لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، چەند شۆڕشێکی گەورەمان لە کوردستانی نیشتمانی داگیرکراوماندا بەرپا کرد . . بە هەزاران شەهیدمان داوە . ژمارەی شەهیدانی کوردستان لە ژمارەی شەهیدانی جەزائیر ئەگەر زیاتر نەبن، کەمتر نین . . بەڵام داگیرکەرە دڕندە و رەگەزپەرستەکانی کوردستان، تا ئەمڕۆش دڕندەترین و خوێنڕێژترین داگیرکەری بێوێنەن لە هەموو جیهاندا . . زۆر نامەردانە و بە کوشندەترین چەکی تازە، بە هەزاران کوردیان کوشت، تەنانەت منداڵانی کوردی ناو لانکیان کوشتین . . چی ناشێ و نەکـراوە، ئەوان بە کوردیان کرد و دەیکەن . . تەنهاش لەبەر ئەوەی کە کوردین و، ئازادیخواز و ئاشتیخوازین و . . ئێمەش وەکو ئەوان مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان هەیە لە سەر خاکی کوردستاندا.

ئەوەشتان پێسەیر نەبێ، کە داگیرکەران خەباتی بەرگری و شۆڕشی رزگاریخواز، بە تیرۆر ناودەبەن . . بە لای داگیرکەرانەوە، هەر گەلێک داوای ئازادی و ماف و یەکسانی و سەربەخۆیی بکات، یا هەر نیشتمان پەروەرێکی دڵسۆز، هەر رۆژنامەنووس و، هەر سیاسەتمەدارێک، هەر نووسەر و، رۆشنبیرێک، هەر چالاکوانێک لە رووی ستەمکاری و تاوانەکانیان بوەستنەوە . . ئەوان بە ناپاک و تیرۆریست ناویان دەبەن . . لە کاتێکدا کە تیرۆریستی راستی خۆیانن . . بە سەدان کەسیان تیرۆرکردن تە ها لەبەر ئەوەی کە هاوڕایان نەبوون . . بەڵام بە لای ئازادیخوازانی جیهانەوە، بزووتنەوە رزگاریخوازەکان و تێکۆشەران و شۆڕشە نیشتمانییەکان و بزووتنەوە رزگاریخوازەکان، مافێکی رەوایە و، شۆڕشگێڕان و، تێکۆشەرانی ئازادیخواز و رزگاریخوازان، بە قارەمان ناودەبەن .

گەلی کوردمان، هەرگیز بە ئارەزووی خۆی پەنای بۆ خەباتی چەکداری و شەڕکردن نەبردووە . . هەردەم داگیرکەران ناچاریان کردووین کە چەک هەڵبگرین و، بەرگری لە گەلەکەمان و لە کوردستانی شیرینمان بکەین . . ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزە بەلامانەوە . . داگیرکەرانیش ئەوە باش دەزانن، کە کۆڵدان و چۆکدادان و ملکەچی لە فەرهەنگی گەلی کورد دا نەبووە و نییە . . گەر کەوتووبێتشین زوو هەستاوینەتەوە .

ئەو دەستکەوتانەش کە لە ئەمڕۆدا لە باشووری کوردستاندا بە دەستمان هێناون . . خێریان پێنەکردووین، بە دەریایەکی خوێن هێناومانەتەدی . . بێگومان لە ئاستی ئەو هەموو قوربانییانەدا نین کە داومانن . . کەچی تا ئەمڕۆش رەگەزپەرستان و نەیارانی ئازادی و ئاشتی ومافەکانی مرۆڤ . . نەیارانی کورد و کوردستان، بە زۆری دەزانن، بەڵکو ئەوان هیچ مافێکمان پێ رەوا نابینن و، بە شایستەی ژیان و مانمان نازانن ؟!
ئەم گەلانەی کە ئیستا نکووڵیمان لێدەکەن . . کورد چاکە و پیاوەتییەکی زۆری بە سەریانەوە هەیە . . لە هەموو روویەکەوە قەرزاری کوردن . . کەچی ئەوان لە جیاتی پێزانین و سوپاس . . بە داگیرکردنی کوردستان و کۆمەڵکوژی و نامەردی پاداشتمان دەدەنەوە، کورد وتەنی " ئەوانەی پێمان کردن خێر . . لێمان بوونە بە گورگ و شێر"

گەلی کوردمان قوربانی ناڕەوایی و نادادپەڕوەری و ستەمێکی گەورەی مێژووییە، کە لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە لێمان کرا . . بووینە قۆچی قوربانی بەرژەوەندییەکانیان . . پشکی شێری غەدری رێکەوتننامەی ( سایکس بیکۆ ) ی شووم بەر گەلی کوردمان کەوت . . کوردستانیان کرد بە چوارپارچەوە و، مافەکانی کوردیان پشتگوێ خست . . وا سەدەیەکی تەواوە، ئێمەی کورد گەورەترین باجی ئەو غەدر و تاوانەی ئەو زلهێزانە دەدەینەوە و . . تا ئەمـڕۆش ئەو ستەمە کۆتایی نەهـاتووە و درێژەی هەیـە . . ئەگەر سایکس بیکۆ ئەو ناڕەوایی و ستەمیان لێنەکردینایە و. . بە دەنگ مافەکانی کوردەوە بهاتنایە . . دەبووین بە خاوەنی ( دەوڵەتی کوردسـتان )، ئەو هەموو کۆمەڵکوژی و وێرانکاری و دەربـەدەری و ئەنفال و کیمیابـاران و، ئەو هەموو نەهامەتییانەیـان بەسەر نەدەهێنان . . ئەو تاوانانە دەرهەق بە کورد ناکران، کە تا ئەمڕۆش درێژەیان هەیە . . رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تووشی ئەم شەڕ و قەیرانانەی ئەمڕۆی نابوو . . وا سەد ساڵی تەواو بە سەر واژۆکردنی ( سایکس بیکۆ ) دا تێپەڕی . . کورد چاوەڕوانی ئەوەیە کە ئەمجارەش ستەمێ لێنەکرێت . . نە رەوایە و نە دەکرێت، کە داگیرکەرانی کوردستان و، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، نەتەوە یەکگرتووەکان . . وڵاتە زلهێزەکان رەنگ و دەنگ و هیوا و خەون و خواستی پەنجا ملیۆن کورد فەرامۆش بکەن . . کە کۆنترین گەلین لە هەموو رۆژهەڵاتـدا . . گەورەترین نەتەوەشین لە جیهاندا کە تا ئەمڕۆ نەگەیشتووین بە مافە نەتەوەییەکانمان و، نەبووینە بە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆمان . . ئەم مافانەش لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکاننەوە رەوایە و، دانیان پێداناوە . . چەند جارێک جەختیان لەسەری کردووە . . ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کە کوردستانیان داگیرکردووە، هەموویان واژۆیان لەسەر رەوایی و یاسایی ئەو مافانەی گەلانی نیشتمان داگیرکراو کردووە . . بەڵام داگیرکەرانی کوردستان بە تەواوی بە پێیچەوانەی هەموو بەڵێن و رێکەوتننامەکانەوەن . . بەبێ شەرمانە و، بە بەرچاوی نەتەوە یەکگرتووەکان و، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە، دژایەتی هەموو خواستەکانی گەلی کوردمان دەکەەن و، بەبەر چاوی جیهانەوە کۆمەڵکوژیمان لێدەکەن و، بە ئاشکراش پێشێلی هەموو یاسا و رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و، جاڕنـامەی گەردوونی مافەکانی مـرۆڤ دەکەن .

پەنجا ملیۆن کورد کە لە ناوجەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەژین . . ئەگەر بێت و لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا نەنرێت و کورد نەبێت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی . . ئەوە ئاستەمە کە ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەرقەراربێت . . تا کوردیش نەگات بە مافە رەواکانی . . لەوانەش مافی دامەزراندنی ( دەوڵەتی کوردستان ) ی سەربەخۆ . . نە تورک و نە عەرەب و نە فارسیش، ناحەسێنەوە و، ناتوانن بە ئارامی و ئاسوودەیی بژین . . تا رۆژی زووتریش دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت . . قوربانییەکانی کورد و ئەو گەلانەش کەمتر دەبنەوە . هەرگیز کورد لەو گەلانە خۆی بە کەمتر نازانێت . . جا ئەوە ژیری و دلێرییە، ئەگەر داگیرکەرانی کوردستان بە خۆیاندا بچنەوە و لۆژیکی ئەقڵ بەکاربهێنن و، دەست لە شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن و ێران کردنی کوردستان هەڵبگرن، چونکە کێشەی کورد بە ئۆپراسیۆنی سەربازی و شەڕ چارەسەرناکرێت . . شەڕ هێندەی تر کیشەکان گەورەتر دەکەنەوە و، برینەکان قووڵتر دەکەنەوە، زیانەکانیش زۆرتر دەکەن . . تەنها چارەسەر ئەوەیە کە بە نێتێکی پاکەوە، بە گفتوگۆ، بە ئاشتییانە و، بڕوا بەیەکترکردن بگەینە ئەنجامێکی سیاسی و یەکجاری . . ئەوسا دەتوانین بڵێین برایەتی و هاوسێتیمان راست و دروستە . . ئەوسا دەتوانین پێکەوە، بە ئاشـتی و بە ئاسوودەیی و بە ئـارامی بژین . . رابردووی خوێناوی پڕ لە تراژیدیا و کارەساتی جەرگبڕ، لە یادی نەوەکانی داهاتوومانی بەرینەوە . . تۆی خۆشەویسی و هـاوڕێتی و یەکترقبووڵکردن لە دڵیاندا بڕوێنین .
ئیمەی کورد بۆ ئەم ئاکامە تێکۆشاوین و تێدەکۆشین . . تا ئەم هیوا و ئامانجانەش نەیەنە دی . . ئێمەی کورد شۆڕشگێری نەسرەوت و سەرسەختین و، درێژە بە خەباتی سیاسی و چەکداریمان دەدەین . . هیچ شتێکیش لە بەردەم بڕوای پۆڵایینمان بە ئەستەم نازانین . . هەردەمیش دەرگای گفتۆگۆ و دانووساندن و چارەسەی ئاشتیمان کراویە . . لە ئەوپەڕی بەهێیزیشماندا . . هەردەم ئێمەی کورد دەستپێشکەربووینە بۆ شەڕ راگرتن و، گفتۆکردن و بۆ چارەسەری ئاشتییانەی . . تۆپەکەش هەردەم لە گۆڕەپانی داگیرکەراندا ماوەتەوە . . دووبارەشی دەکەینەوە . . کە خەیاڵیان خاوە کە بتوانن بە هێز و بە شەڕ و کوشتن چۆک بە کورد دادەن و، کورد لە ناوبەرن . . چونکەی ئیرادە و بڕوای قووڵمان بە رەوایی کیشەی گەلەکەمان و . . هیومان بە سەرکەوتنمان . . بەسن بۆ ئەوەی لە رووی گەورەترین و دڕندەترین سوپادا خۆمان بگرین و . . بەرگری لە کوردستانی پیرۆزمان بکەین . . دروشمی ئێمە ( کوردستان یا نەمان ) ە .

ئەی داگیرکەرانی کوردستان، بە چاوی خۆتان دەبینن کە کە چۆن پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی و کوردستان، بە چەکێکی زۆر سادەوە، بەڵام بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە . . بە دەیان داستانی قارەمانێتی و نەبەردیان تۆمارکرد . . چۆن شکستیان بە ئوستورەی داعیشی بەکرێگیراو هینا و، رۆژ نییە کە گورزێکی گورچکبڕیان پیا نەکێشن . . هەواڵ و داستانە قارەمانییەتییەکانی پێشمەرگە بوونەتە یەکەمین هەواڵی میدیاکان و، بوونە بە ماشێتی لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکان . . وشەی پێشمەرگە بۆتە زاراوەیەکی جیهانی و . . هاوتای ماناکەی، ئازای و قارەمانییە . . لە کام شوێن و لە کام شۆڕشی کۆن و نوێی جیهانیدا . . کچەکانیان وەکو، شیرە کچانی کوردستان شان بە شانی براکانیان و، لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی بەرگریدا و، لە ریزەکانی هەرە پێشەوی هێڕشکردن و هەڵمەت بردن و پەلامارداندا، وا قارەمانانە شەڕیان کردووە . . ؟؟ کچانی کوردستان، دوژمنانی مرۆڤایەتی، داعشی بێرەوشت و دڕندەیان رسواکردوون و، کردوویانن بە پەنـدی زەمـانە . . وانەیەکی ئەوتۆیان بە داعش دا، کە هەرگیز لە یادیان نەچێتەوە . کچـە پێشمەرگە قارەمانەکـانی کوردسـتان، بوونەتە سومبلی کچـانی شۆڕشگیڕ و قارەمان لە هەموو جیهاندا . . بوونەتە جوانترین وێنەی بەرگ و لاپەڕەکانی گۆڤارە جیهانییەکان . . بوونەتە وێردی سەر زمانی کچانی جیهان . . بەرگی پێشمەرگەی کچان کوردستان . . بۆتە بەرگێکی مودەی تازە و لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا هەندێ لە کچانیان لە هەندێ بۆنەکاندا، بۆ جوانی جلی پێشمەرگەی کوردستان لەبەردەکەن .
شاعیری و فەیلەسوفی گەورەی گەلەکەمان ( پیرەمـێردی ) نەمرمان راستی وتـووە کە:

تا ئێسـتا رووی نەداوە لە تەئــریخی میللەتــا
قەڵغانی گوللـە سنگی کچــان بێ لە هەڵمەتــا

رەزا شوان
نەرویـج : ١٤ی/ مای/ ٢٠١٦