کۆمەڵەی  پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان

سێ کەڵەنووسەری جیهانی لە رۆژئاوادا، ناو و ناوبانگیان بە نووسینەکانیان بۆ منداڵان گرێدراون، ئەوانەش ( چارلز پیرۆ ) لە فەرەنسا، ( برایانی گریم ) لە ئەڵمانیا، ( هانز کریستیان ئەندەرسن ) لە دانیمارک . . کە هەریەکەیان بە دەیان چیرۆک و هەقایەت و ئەفسانەیان بۆ منداڵان نووسیون . .
چیرۆکەکانیان بوونەتە سامانێکی کەلەپووری جیهانی و، تا ئەمڕۆ بایەخیان کاڵنەبووتەوە، نەوە لە دوای نەوە چێژ و خۆشییەکی زۆر لە خوێندنەوەیان وەردەگرن . . بوونە بە مایەی شانازیش بۆ ئەو گەلانە و، بە یادگارێکی شیرین و نەمریش بۆ خودی ئەم کەڵەنووسەرانە .

گەرچی ئەم نووسەرانە، بە دڵپاکی و خۆڕسکییەوە چیرۆکەکانیان نووسیون، بەڵام ئەو خاڵەی کە لە هەندێ لە چیرۆکەکانیاندا سەرنجمان رادەکێشێت، ئەوەیە کە چەند چیرۆکێک لای هەرسێکیان هەر هەمان چیرۆکن بە کەمێک جیاوازی لە فۆرم و لە ناوەڕۆکەکانیاندا، رەنگە هۆی ئەمەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە هەریەکە لەم نووسەرانە، سوودیان لە ئەفسانە لە گێڕانەوە چیرۆکە فۆلکلۆری و میللییەکانی سەر زاری داپیرەکان و باپیرەکان و خەڵکی وڵاتەکانیان وەرگرتووبن، کە بۆ وەچەکانیان گێڕانەوە، کە بە ( چیرۆکەکانی گوێئاگردان ) یش ناودەبرێن . . بەشێکیان لە ناو گەلانی هەموو ئەورۆپادا بڵاون و، تا ئەمڕۆش هەر گەلێک رەسەنایەتی ئەو چیرۆکانە بۆ خۆیانی دەگێڕنەوە .
هیچ کام لەم چیرۆکنووسانەش، خەیاڵی ئەوەیان نەبووە و، پێشبینی ئەوەشیان نەکردوون، کە لە داهاتوودا، لە رووی بایەخی سایکۆلۆژی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و رەوشتییەوە، بە وردی چیرۆکەکانیان هەڵدەسەنگێنرێن و، چەندین شیکردنەوە و لێکۆڵێنەوە لە بارەیانەوە دەکرێن و . . دەستنیشانی ئەو سوود و بەها جوانەکانیان و، خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان دەستنیشان دەکرێن .

چیرۆکی ئەفسانەیی، جۆرێکە لە جۆرەکانی چیرۆک، تا رادەیەک کورتن، لە بنەڕەتیشدا نموونەی چیرۆکە فانتازییە فۆلکلۆرییەکانی ئەورۆپایە، کە پاڵەوانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانیان: کورتەباڵکان، جادووبازان، فێڵبازان، چەتەوڵ و زەبەلاحان، دیۆودرنج، جنۆکە و رمووزن، جادوو، بەختیاوەری، پیرەژنی شەڕخواز، فریشتەی خیرخواز، . . . هتد .
ئەم چیرۆکە ئەفسانەییانەش، جیاوازیان لەگەڵ چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانی ( برایانی گریم )ی ئەڵمانیدا هەیە، کە چیرۆکەکانیان بەگراوندێکی میژووییان هەیە و، جەڤەنگین و، تا رادەیەک لە راستییەوە نزیکن . . چیرۆکە ئەفسانەییەکان بە تەواویی خەیاڵئامێزن و هەڵبەستراون، پاڵەوانەکانی چیرۆکەکان ئاژەڵن، ئادەمیزادن، یا ئاژەڵ و ئادەمیزادن . . جیاوازیشیان لەوەدایە، کە پاڵەوانەکانیانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان، لە توانەبەدەرن و، ئەستەم بووونی نییە لە لایان، ئەفسوونبازن، بۆ نموونە لە کاتی تەنگانە و پێویستیدا، بە سووتانی تەڵەموویەک دەستبەجێ، نەڕە دێوێک، یا سوپایەکی میروولە بۆ یارمەتیدان بە دەنگیانەوە دێن، کاری بەدەر و سەرسووڕمانیان لێدەوەشێتەوە . . ئەم چیرۆکانە کارتێکردنێکی ئەفسووناویان هەیە . . بەتایبەیش لەسەر خەیاڵی منداڵان . . چونکە منداڵان لە قۆناغە یەکەمەکانی تەمەنیاندا خەیاڵین و، بڕوا بەوە دەکەن کە ئاژەڵ و باڵندە و رووەک و خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و هەموو شتە بێگیانەکانیش وەکو ئادەمیزاد دەدوێن، بەو زمانەی کە ئەوان دەیزانن . . پێدەکەنن و دەگرین . . تووڕەدەبن و هێوردەبنەوە . . چاکە و خراپیشیان لە دەست دێ . . . هتد .
هەندێ لەم چیرۆکانە بیرۆکەی زیانبەخشیان تێدایە و، زیان بە منداڵان دەگەیەنن وەکو : بڕواکردنیان بە جادوو و ئەفسوون، کاری لە توانابەدەر، توندوتیژی، ترس و تۆقین، دڵەڕاوکێ، سەرچڵی . . هتد. بەشێکی زۆریشیان : پەند و وانە، هیوا، بەهای بەرز، خۆڕاگری، کۆڵنەدان، گەشبینی، کۆڵنەدان، بڕوابەخۆبوون، کۆشش، سەرکەوتن و یارمەتیدان، چاکەخوازی، ئازایی . . . هتد، لە خۆگرتوون . ئەم چیرۆکانە ئاسۆی خەیاڵی منداڵان فراوانتر دەکەن، هۆگری خوێندنەوە و ئەدەبدۆستییان دەکەن .

چارلز پیرۆ، نووسەر و شاعیرێکی فانتازی فەرەنسییە، کەڵەنووسەرێکی جیهانی بەناوبانگە لە نووسینی چیرۆکە ئەفسانە ئامێزەکان بۆ منداڵان، بەڵکو بە بناغەدانەری چیرۆکی ئەفسانەیی لە جیهاندا ناسراوە . . چارلز لە سەدەی حەڤدەمیندا، یەکێک بووە لە نوێخوازن و لە رابەرانی شۆڕشی ئەدەبی نوی لە دژی ئەدەبی چەقبەستووی کلاسیکی بوو . . ئەگەرچی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارلز خۆشی بۆ منداڵان، لە چوارچێوەی ئەدەبی کلاسیکیدان .
چارلز پیرۆ، لە ( ١٢ ی/ یانوەری /١٦٢٨ ) لە شاری ( پاریس ) لە خیزانێکی برژوازی دەوڵەمەند لەدایکبووە، باوکی پارێزەر بوو، شەش برا و خوشکێک بوون، چارلز بچووکی خێزانەکەی بوو .
چارلز منداڵێکی زیرەک بوو . . رۆژێکیان لە قوتابخانەدا خۆی هاوڕێیەکی لەگەڵ مامۆستایەکیاندا بەشەڕدێن، بەو هۆیەوە خۆی و هاوڕێکەی وازیان لە قوتابخانە هێنا . . بەڵام چارلز دەستی لە خوێندنەوە و لە خۆرۆشنبیرکردن هەڵنەگرت . . کتێبی ئەنجیلی پیرۆز و مێژووی فەرەنسا و کۆمەڵە کتێبێکی بابەت هەمەرەنگەی خوێندەوە . . کە قەرەبووی دابڕانی لە قوتابخانەدا بۆ کردنەوە .
لە دواییدا چارلز پیرۆ گەڕایەوە بۆ قوتابخانە و، لە شاری ( ئۆرلیان ) دەستی بە خوێندنی یاسا کرد و تەواوی کرد . . ماوەیەک کاری پارێزەری کرد . . چارلز پیرۆ لەگەڵ ( جـان ـ باپتیست کولبێر ) ی وەزیری دارایی فەرەنسا لە سەردەمی شا ( لویسی چواردەمین ) دا، هاوڕێتیان خۆشبوو . . جان باپتیست زۆر بڕوای بە توانا و زیرەکی چارلز هەبوو . . لە خۆی و لە شا لویسی چواردەمین نزیکی کرردەوە . . چەند پۆستێکی باڵایان لە کۆشکی شاهانەدا پێسپار و، ماوەی بیست ساڵ لە کۆشکدا کاری کرد، بە تایبەتیش لە بواری راگەیاندن و پڕوپاگەندەدا . . تا لە ساڵی ( ١٦٨٠) دا، ناکۆکی کەوتە نێوان ( چارلز پیرۆ ) و ( جان باپتیست ) وەزیری دارایی، بە یەکجاری لە یەکتری دابڕان . . دواتر هەموو هەموو کاتەکانی بۆ نووسین تەرخان کرد .

چارلز پیرۆ، زانیاری پەروەر بوو، بایەخێکی زۆری بە زانیاری و ماتماتیک و ئەندازیاری و پزیشکی و فەلسەفە دەدا . . بەڵام ئەمانە دایان نەبڕی لە سەرقاڵبوونی بە ئەدەب و نووسین.

چارلز پیرۆ لە ساڵی (١٦٧٢) دا، لەگەڵ خاتوو ( ماریا گیوشون ) هاوسەرگیرییان کرد .

لە ساڵی (١٦٣٥) دا ئەکادیمیای زمانی فەرەنسی دامەزرا، لە ساڵی ( ١٦٧١) دا، چارلز پیرۆ بە ئەندامی ئەم ئەکادیمییە هەڵبژیرا، چارلز کاراترین و بە ناوبانگترین ئەندامی ئەم ئەکادیمییە بوو.
چارلز پیرۆ لە ساڵی ( ١٦٧٤) دا، بۆ یەکەمین جار میوەی ( گوێـزی هیندی ) هێنایە فەرەنسا و خستییە بەردەم ئەندامانی ئەکادیمییەی زانیاری .

چارلز پیرۆ، لە تەمەنێکی گەورەدا دەستی بە نووسینی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی بۆ منداڵان کرد و، لەسەر دەستی ئەم بوو کە چیرۆکی ئەفسانەیی، چووە خانەی ئەدەبییەوە و، وەکو جۆرێک لە جۆرەکانی چیرۆک دەقی گرت .
چارلز، لە رێی چیرۆکە ئەفسانەییەکانییەوە، نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوەبەر، خۆی گەیاندە هەموو ماڵێک، چووە دڵی ملیۆنان کەس لە جیهاندا و، بوو بە خۆشەویستی هەمیشەی منداڵان . . چارلز پیرۆ، خۆی پێشبینی و چاوەڕوانی ئەمەی لە چیرۆکەکانی نەدەکرد، کە بەو رادەیە منداڵان و گەورەکانیش هۆگریان ببن و . . لەسەر ئاستی جیهانیشدا بەو رادەیە پێشوازیان لێبکەن و ناوبانگ دەربکەن و . . ئەو هەموو خۆشەویستیی و رێز و شکۆدارییەی پێببەخشن . . شایەنی باسیشە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی بۆ منداڵان، لە هەموو کارەکانی تری زیاتر ناوبانگیان پێبەخشیون .

چیرۆکەکانی چارلز پیرۆ دوو مەبەست دەپێکن، یەکەمیان چێژ و خۆشی و شادییەکی زۆر بە منداڵان دەبەخشن . . دووەمیان پەروەردەیی و ئاراستەیین و، مەبەست و ئامانجێکی پەروەردەیی و رەوشتی و کۆمەڵایەتی و بەهابەرزی و مرۆڤایەتییان تێدایە . . بۆ زاخاودانی بیر و هۆشی منداڵان، بەو هیوا و بەها و مەبەستانە . . چارلز لە هەڵبژاردنی بیرۆکە و، لە داڕشتنی چیرۆکەکانیدا، هەمیشە خواست و هیواکانی منداڵانی لەبەرچاوگرتوون و . . بە زمانێکی ساکار و ئاسان و، بە شیوازێکی ناسک و شیرین بۆیانی نووسیون . چارلز ئیلهامی چیرۆکەکانی بە زۆری لە ژیان و لە سەرگوزشتەی راستی خۆیەوە هەڵهێنجاندوون . . ژیان و چیرۆکەکانی تا رادەیەک لە لەیەکدەچن .
چارلز، وەکو هەر چیرۆکنووسێک، سوودی لە کەلەپوور و لە چیرۆکە فۆلکلۆری و میللییەکان وەرگرتوە . . بە شێوازێکی نوێ دایڕشتوون و، کراسی نوێشی لەبەرکردوون . . بابەتی چیرۆکە ئەفسانەییەکانیشی ململانێن لە نیوان چاکە و خراپیدا . . چاکەش بەسەر خراپیدا زاڵ دەکات .

بەشێکی زۆری چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارلز پیرۆ بۆ منداڵان، کراون بە شانۆگەری و بە ئۆپرا و بالییە و شانۆی موزیکی و . . زۆریشیان لە لایەن کۆمپانییەکانی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییەوە، کراون بە فیلمی ئەنیمەیشن، بە تایبەتیش بە شێوەی فیلمی کارتۆن دەرهێنراون . . کە سەرکەوتنێکی زۆریان لە جیهاندا بەدەستهێناون . . بە زۆربەی زمانە جیهانییەکانیش ئەو فیلمانە دۆبـلاج کراون . ئەم فیلمانەش بوونە مایەی ئەوەی کە هێندەی تر ناوبانگ و پیزانین و یادەوەری و نەمری بە چارلز و بە چیرۆکەکانی ببەخشن . بەناوبانگترین چیرۆکە ئەفسانەییەکانی کە کراوە بە زنجـیرە فیلمی کارتۆن، چیرۆکی ( ساندرێللا ) یە، چیرۆکی ( کۆڵوانەسوور ) یش لە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە .

چیرۆکی ( ساندرێللا ) یا ( ساندرێللا و پێڵاوە شووشەییەکانی ) کە دەربارەی کچێکی جوانی شانزە ساڵانە، کە لە تەمەنێکی بچووکدا دایکی دەمرێ . . باوکی ژنێکی تر دێنێ بۆ ئەوەی کە خـزمەتی ساندرێللا بکات . . بەڵام باوەژنەکەی کە دوو کچی خۆی هەیە، خۆی و کچەکانی زۆر بۆ ساندرێللا خراپ بوون و، دەیان چەوساندەوە، وەکو کارەکەرێکیش لێیان دەڕوانی و، هەموو ئیشەکانی ماڵەکەشیان پێدەکرد . . زۆریش ئیرەییان بەجوانییەکەی دەبرد . . بەڵام ساندرێللا بە پێچەوانەوەی رەفتارەکانی زڕدایکەکەی و زڕخوشکەکانییەوە، ئەوانی خۆشدەویست ـ دڵنیام کە ئێوەی خوێنەر تەواوی چیرۆکە دەزانن و بە فیلم کارتۆن بینیوتانە ـ کە لە کۆتاییدا ژنێکی جادووبازی خیرخواز یارمەتی ساندرێللا دەدا و . . بەخت یاوەری دەبێت و، دەبێتە هاوسەری هەڵبژێراوی شازادە .
چارلز پیرۆ، کەسایەتییەکی چەوساوە و ستەملێکراوی خۆڕاگری نیو خێزانێکی هەڵبژاردووە، بە ناوی ساندرێللا وە، کردوویە بە پاڵەوانی ئەم چیرۆکەی . . بۆ ئەوەی ئەو مەبەستە بە منداڵان و زارۆکان بگەیەنێت، کە ستەم و چەوساندەوە و ناخۆشی چەند گەورەشبن، بێگومان کۆتاییان دێت . . چەوساوەکان بە خۆزگە و بە هیواکانیان دەگەن . . ستەمکارەکانیش رسوا و شەرەمەزار دەبن .

چارلز پیرۆ یەکەمین کتێبی بۆ منداڵان لە ساڵی (١٦٧٩) دا، چاپکرد و بڵاوی کردەوە، کتێبەکەشی لەژێر ناوی ( چیرۆکەکانی دایە قـازم ) دا بوو . . بەڵام ئەم کتێبەی بە ناوی خۆیەوە بڵانەکردەوە، بەڵکو بە ناوی کوڕە بچووکەکەی ( پیرۆ دارمانکور ) ەوە بڵاوی کردەوە، چونکە چارلز هێشتا ترسی لە رەخنە و لە لۆمە و توانج و لە سوکایەتی خەڵکی نەشکابوو . . نووسین بۆ منداڵان تا ئەو کاتە، مایەی ناوزڕان و هێنانەخوارەوەی پایەی ئەدەبی و ناوبانگ بوو بۆ نووسەر . . بۆیە چارلز ئەو کتێبەی بە ناوی کوڕەکەیەوە بڵاوکردەوە . . کتێبی ( چیرۆکەکـانی دایـە قـازم ) هەشت چیرۆکی ئەفسانە ئامێزی لەخۆگرتووە . . لەوانەش ( ساندرێللا، ریش شینەکە، شۆخە نووستووەکە، جنۆکە، پشیلەی چەکمەلەپێ ) ئەم کتێبە بە یەکەمین کتێبی ئەدەبی منداڵان و، بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی رەوتی ئەدەبی منداڵان دەزانرێ . . ناوبانگ دەرکردنی ئەم کتێبە، بوو بە مایەی شانازی و دڵخۆشی و هاندان بۆ چارلز پیرۆ، بۆ درێژەدان بە نووسینەکانی بۆ منداڵان . . بە دوای ئەم کتێبەدا، کتێبێکی تری بۆ منداڵان چاپکرد لە ژێر ناوی ( هەقـایەت و چیرۆکەکانی سەردەمی رابردوو ) کە بریتییە لە کۆمەڵە چیرۆکێکی خۆشی تر . . چارلز ترسی شکا و، بە بێباکییەوە ئەم کتێبەی بە ناوی راستی خۆیەوە ( چارلز پیرۆ ) وە چاپکرد و بڵاوی کردەوە . . چارلـز بێجگە لە نووسینی چیرۆک کۆمەڵێک هۆنراوەی جوانیشی بۆ منداڵان نووسیون . هەروەهاش کۆمەڵێک شیعریشی بۆ گەورەکان نووسیوە.

ئەمانە ناوی گرنگترین ئەو چیرۆکە ئەفسانە ئامێزانەن، کە چارلـز پیرۆ بۆ منداڵانی نووسیون :
١ـ ساندرێللا، یا ( ساندرێللا و پێڵاوە شووشەییەکانی ) .
٢ـ کۆڵوانەسوور . . ( ئەم چیرۆکە وەریان گێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و . . فیلمە کارتۆنییەکەشی بە کوردی دۆبلاج کراوە و، تا ئێستا چەند جارێک کەناڵە کوردییەکان پێشکەشی منداڵانیان کردووە .
٣ـ شۆخە نووستووەکە لە دارستاندا .
٤ـ ريش شینەکە .
٥ـ پشیلەی چەکمەلەپێ .
٦ـ پەنجە باڵا . یا ( پەنجە تووتە )
٧ـ جادووبازانی جنۆکە .
٩ـ کەوڵی گوێدرێژ، یا ( شازادەی هەڵهاتووەکە ) یا ( شازادە و کەوڵی گوێدرێژ )
١٠ـ گەوهەر و بۆقەکان .
١١ـ ویدۆی دەم بەپێکەنین .
١٢ـ ریکی کاکۆڵدار .

بەشێکی زۆری چیرۆکەکانی و فیلمە کارتۆنییەکانی چیرۆکەکانی شارلز پیرۆ، وەریان گێڕاون بۆ سەر زمانەکانی گەلانی جیهان و، فیلمەکانیش بەو زمانانە دۆبلاج کـراون . . پێویستە ئاماژە بە ئەوەش بکەین . . کە تا رادەیەک دەسکاری دەقەکان و ناونیشانی ئەو چیرۆکانە کراون . . بەڵام بە هەمان ناوەڕۆکەوە . . بۆ نموونە ( کەڵاو سوور ) بە کوردی کراوە بە ( کۆڵوانە سوور ) یا بە
( چارۆگەسوور ) . . بە عەرەبیش کراوە بە ( لیلی والذئب : لەیلا و گورگ ) .
( کوڵوانەسوور ) یەکێکە لە چیرۆکە بە ناوبانگەکانی چارلز پیرۆ و وەریان گێڕاوە بۆ سەر هەموو زمانەکانی جیهان . . بە کورتی ئەم چیرۆکەکە باس لە کچێکی جوانکیلەی بچووک دەکات کە ماڵێ نەنکی لە سوچێکی دارستانەکەی نزیکی ماڵیاندایە، نەنکی بە تەنیا لە ماڵێکدا دەژی . . رۆژێکیان کۆڵوانەسوور بیری نەنکی دەکا و داوای لە دایکی کرد رێی پێبدا و بچێت بۆ لای نەنکی . . دایکی رازی بوو زەمیلەیەک خواردن و میوەی دا بە کۆڵوانەسوور کە بۆ نەنکی بەرێت . . ئامۆژگاریشی کرد کە لە ڕێ لانەدات و، قسە لەگەڵ کەسدا نەکات . . گورگێگ دێتەرێی کۆڵوانەسوور، گورگەکە ئەوەی زانی کە کۆڵوانەسوور بۆ لای نەنکی دەچێ . . گورگەکە زوو رایکرد و چووە ماڵی نەنکی و لە دۆڵابێکدا نەنکی شاردەوە و، جلەکانی ئەوی لەبەرکرد و، لەسەر جێیەکەی درێژ بوو، بۆ ئەوەی کە کوڵوانەسوور هات بیگرێ و بیخوات . . بەڵام ئەوەبوو کە کۆڵوانەسوور هەستی کرد کە نەنکی نییە و گورگەکەیە . . رای کرد و هاواری کرد . . داربڕێکی لاو گوێی لێدەبێ و، بە دەنگییەوە دیت و، بە تەورەکەی گورگە دەکوژێت . . كۆڵوانەسوور و نەنکی زۆر سوپاسی داربڕەکە لاوەکە دەکەن و . . ئەو نيوەڕۆیەش پێکەوە نان دەخۆن .
لە هەندێ کتێبی وەرگێڕاودا، کۆتایی ئەم چیرۆکە بە چەند شێوازێکی جیاواز هاتووە . . بەشێکیان دەڵێن گورگە نەنکی کۆڵوانەسووری لە دۆڵابەکەیدا شاردەوە . . بەشێکی تریان دەڵێن گورگەکە نەنکی کۆڵوانەسووری خوارد و، داربڕەکە لە سکی دەریهێنا . . هەندێکی کەشیان دەڵێن گورگەکە کۆڵوانەسووری خوارد و، داربڕەکە کە گوێی لە هاواری کۆڵوانەسوور بوو . . هات و بە تەورەکەی سکی گورگەکەی هەڵدڕی و کۆڵوانەسووری لە ورگی گورکەدا دەرهێنا .
لە چیرۆکی ( کۆڵوانەسوور ) دا، لایەنی ئەرێنی و لایەنی نەرێنیشی تیدا هەیە . . هیوادارم کە لە دەرفەتێکدا، بۆچوونی خۆم دەربارەی هەردوو لایەنەکەی ئەم چیرۆکە روون بکەمەوە .

چارلز پیرۆی ئەفسانەنووسی چیرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان لە رۆژی ( ١٦ی / مای/ ١٧٠٣)، لە تەمەنی (٧٥ ) ساڵیدا، لە شاری ( پاریس ) کۆچی دوایی کرد . . چیرۆکە ئەفسانەییاکانی شایەنی ئەوەن کە تا هەتایە چارلز پیرۆ بە نەمری بمێنێتەوە و لەیاد نەکرێت .

ئەمساڵ لە رۆژی ( ١٢/ ١ / ٢٠١٦) دا، ( گـوگلە) بە بۆنەی یادی (٣٨٨) ساڵڕۆژی لە دایکبوونی
چارلز پیرۆوە ئاهەنگێکی گێڕا و، پاڵەوانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارلز کران بە دروشمی گوگلە.

رەزا شوان

نەرویـج : (١٤ی/ ئەوگوست/ ٢٠١٦)



( شکسپیر ) دەڵێ : " لە جیهـاندا سەرینـێک نییە . . کە لە بـاوەشی دایـک نەرمـتربێت )
بە لای ئێمەوە، لە کوردستان پیرۆزتر و جوانتر نییە . . لە کورد دڵپاکتر و لێبووردەتر نییە . .
لە دایک بەسۆزتر و دڵسۆزتر نییە . . لە پێشمەرگەرە قارەمانتر و گیانبەخشتر نییە . . لە ئازادی و ئاشتی شیرینتر نییە . . لە هیوا و بڕوا و هاندەرتر نییە . . لە یەکێتی و تەباییش بە هێزتر نییە .

دایک پیرۆزترین بوونەوەرەی دونیایە . . دایک وشەیەکی بچووکە و، لە چوار پیت پێکهاتووە . . بەڵام جوانترین و ناسکترین و شیرینترین وشەیە، لەسەر زار و، لە ناخی دڵی هەموومان دایە . . دایک جوانترین وشەیە لە فەرهەنگەکانی زمانەکانی هەموو گەلاندا . . دایک وشەیەکە گەورەترین واتای لەخۆگرتووە، کە بە هەزاران وشە و رستە و دێڕ و هۆنراوە و پەخشان و رۆمان، نایاتە باسکردن و ستایش کردن . . دایک واتای بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی و دلۆڤانی و بەرخودانی لەخۆگرتووە . . سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی دایک بێ هـاوتا و بێ سنوورن و. . هەرگـیز لەبن نایەن . . دایک هەمیشە دەبەخشێت و، هیچ کاتێکیش چاوەڕوانی وەرگرتنی پاداشت ناکات . . دایک کانییەکی روونی هەمیشەبەخشی بەخۆڕە . . کە بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی لێهەڵـدەقوڵێت . . نە لێڵ دەبێت و، نە وشکیش دەکات .
دایک سونبولی ژیانە، هێمای بەخشین و درێژەدان و مانە . . سکی دایک پیرۆزترین نیشتمانە . . لە سکی دایکدا ژیان لە دایک دەبێ . . لە باوەشی دایکدا رۆڵەکانی نیشتمان گوش دەکرین و پێدەگەن .
( جوبـران خەلـیل جوبـران ) دەڵێ : " دایک هەموو شتێکە لە ژیـاندا، دڵـدەرەوەیە لە ماتەمینیدا، هیـوایە لە بێ ئومێـدیدا، هـێزە لە لاوازیـدا "

ئەوە دایکمان بوو، پێش ئەوەی چاوەکانمان هەڵبێن، بە سنگی گەرم و نەرمی خۆیەوە نووساندین و، بە شیری پاکی گۆشی کردین . . ئەوە دایکمان بوو، بۆ ئەوەی بە خۆشی و بە شادی خەومـان لێبکەوێت، بە دەنگە ناسک و شیرین و بەسۆزەکەی لای لایەی کوردەواری خۆشی بۆ دەکردین و، دەیلاواندینەوە، شەونخونی دەکرد و شەو تا بەیانی ئێشکی دەگرتین . . ئەوە دایکمان بوو، رۆژانە لە باوەشی گەرم و نەرمی دەکردین و، دەستە نەرم و جوانەکانی بە سەر و گوێماندا دەهێنا و، بە دەیان زەردەخەنەی شیرێن و ناسکی پێدەبەخشین و، ماچـبارانی دەکردین و هەموو خەم و ئێش و دڵتەنگی و ناسۆرییەکانمانی لەبیردەبردینەوە . . ئەوە دایکمان بوو، کە هەموو نـاز و نووزێکمانی هەڵدەگرت . . بەشە پارووەکـەی خۆی بە دەمانەوە دەکرد . . رۆژی سەد جـارش مەرگی خۆی پێش مەرگمان دەخست و، هەمیشە نزای دەکرد و، لە خـوا دەپاڕایەوە، کە جەرگی نەسووتی و . . ئێمە بێوەی بین .

ئەوە دایکی دڵسۆزمان بوو، کە فێر ئەلفوبێی ( کوردایـەتی ) و ( کوردسـتان پـەروەری ) کـردین . . بەڵی کەسمان لە پڕێک، نەبووینە بە کچ و کوڕێک . . دایکمان یەکەمین مامۆستامان بوو . . باوەشی دایکیشمان یەکەمین قوتابخانەمان بوو . . دایک و باوکمان زۆریان فێرکردین و، زۆر بەها و نەریتی رسەن و جـوانی کوردیمان لە ئەوانەوە فێربووین .
( ریتشار نیکسون ـ سی و حەوتەمین سەررۆکی ئەمریکا ) دەڵێ : " دەتـوانیت هەمـوو شـتێکم لە بیربەریتەوە . . تەنیا ئەوە نەبێت کە دایــکم فـێرێ کـردووم "
( ئابراهام لینکۆڵن ـ شانزەمین سەرۆکێکی ئەمریکا ) دەڵێ : " هەموو ئەو شتانەی کە من پێیان گەیشتووم، ئەو پلە و پایەیەش کە هیوای پێگەیشتنیان دەخـوازم، هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ دایکی پەریـزادم "
کەڵەزانای داهێنەر ( تۆمـاس ئەدیسۆن ) دەڵێ : " ئەوە دایـکم بوو کە دروسـتی کـردم "
هونەرمەند ( فلۆریـان ) یش دەڵێ : " ماچیـک لە لایەن دایکمەوە، وێنەگرێکی جیهانی کردمی بە "
بە سەدان وتەی ناوداران و پەندی گەلان و، هۆنراوەی شیرین و، چیرۆک و، پەخشان و، رۆمان و، داسـتان، بە هەموو زمانەکانیی جیـهان، دەربارەی بەزەیی و سۆز و دڵسۆزی و خۆشەویستی و شکۆداری دایک وتـراون و نووسـراون .

هێندە قەرزاری دایکمانین، هێندە چاکەی بە سەرمانەوە هەیە . . گەر بە درێژایی ژیانمان ستایشی بکەین و پێیدا هەڵبدەین، هەرگیز ناتوانین پاداشتی سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و بەخشندەیی بدەینەوە . . ئەوە گەورەتـرین رێز و شکـۆداری و پێزانینە کە : ( بەهـەشت لەژێر پێی دایکانـدایە ) ( ڤیکتۆر هـۆگۆ ) دەڵێ : ( جیـهان بچـووکیش بێتەوە . . دایـک هەر بە گـەورەیی دەمێنـێتەوە ) .
( جـان جـاک رۆسـۆ ) دەڵێ : " گەر جیـهان لە چنگێکدا بێ و . . دایـکم لە چنگەکەی تـردا بێ، ئەوا دایـکم هەڵـدەبـژێـرم ) .
کوردیش دەڵێ : " دایـک لە لای رۆڵەکـانی، قـەد پیـر نـابێت "
دایک شایانی ئەوەیە و، زۆر لەوەش زیاتر، کە هەموو رۆژێک نەک جارێک، بەڵکو بە دەیان جار سەری رێز و نوازشی بۆ دانەوێنین و، تێر دەستە جوانەکانی ماچ بکەین و، داوای گەردن ئازادی و لێـبووردن و بەخشـینی لێبکەین . . گەر دایـک لـێمان رازی نەبێت، لە ژیـاندا ناحەسێینەوە .

ئێمەش باوکین و، هیوادارین کە باوکـان بە هەڵە لێمان تێنەگەن و، وا بـزانن، کە لە رادەی سۆز و بەزەیی و دڵسۆزی و خۆشەویستی و قوربانیدانی ئەوان بۆ رۆڵەکانیان بە کەمتر دەزانین . . دەڵێن : " چاکەی باوکـان لە بەرزترین لووتکە چـیا بەرزتـرە . . چاکەی دایکـانيش لە قووڵترین دەریاڵـۆش قووڵترە ". . پیاوانیش هەر لە دایک لە دایکبوونە . . بەڵام ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنگرە و ناتوانین نکووڵی لێبکەین . . ئەو سۆز و خۆشەویستی و دلۆڤانییەی کە لە دایکدا هـەیە . . بەم رادەیە لە باوکدا نییە . . سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی رەمەکی و سروشتییە . . ئەم سۆز و خۆشەویستی و گرینگیپێدانە رەمەکییەش، تەنیا لە دایکی مرۆڤدا نییە . . بەڵکو لە دایکانی هەموو بوونەوەرەکانی کەشدا، رەمەکی و سروشتییە، بێچوەکانیان بە سۆز و خۆشەویسی بە خـێودەکەن و شیر و خواردنیان دەدەنێ و، چاودێری دەکەن و پارێزگارییان لێدەکەن . . تا گەورە دەبن و دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن . بۆ نموونە بڕواننە، ئاسکەیەک، مانگایەک، پڵنگێک، مەڕێکی تازە زاو، کە چۆن یەکسەر دەگەشێنەوە و، هەموو ئازارێکی خۆیان لەبیر دەچێتەوە و. . بە زمـانیان تێر بێچـوە تـازە زاوەکـانیان دەلێسنەوە . . بێچوەکانیشیان یەکسەر بۆنی دایکیان دەکەن و دیاناسن و، دەم بە گـوانی دایکيانەوە دەنێن و شیریان دەخـۆن .

سۆز و خۆشەویستی دایک زۆر گرنگن و، کارتێکردنێکی ئەرێنی گەورەیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکەی هەیە . . سوودێکی زۆریان هەیە، بۆ مەستکردنی پێداویستییە جەستەیی و دەروونی و هۆشییەکانی منداڵ . . لە ئامێزگرتنی منداڵ و، قسەکردن لە گەڵێدا بە رووخۆشی و بە شیرینی و بە نەرمی و بە زەدەخەنەوە لە لایەن دایکییەوە . . فاکتەرێکی بەهێزە بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی بەهـێز، لە نێوان دایک و منداڵەکەیدا .

سۆز لە رووکەشییەکەیدا، ئەوەیە کە دایک رۆژی چـەند جـارێک، بەپێی پێویست و دەرفەت، جگەرگۆشەکەی لە باوەش بکات و بە سنگی خۆیەوە بینووسێنی . . وەکو وتمان سۆز هەستێکی رەمەکی گەورەیە . . منداڵ تەنیا لەسەر سنگی دایک و باوکیدا هەست بەم سۆزە رەمەکییە دەکات.
ئەو منداڵە بەختەوەرانەی، کە لە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵییاندا، لە ناو شوورەیەکی سۆز و خۆشەویستیدان و، مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکان و باوکانیانن . . لە داهاتوودا دەبنە ژنان و پیاوانی ژیر و هێمن و دانا و لەسەرخۆ . . دەزانن کە چۆن بە شێوەیەکی راست و دروست و لەبار، بە هۆش و بیر و توانایان، بە سەرکەوتوویی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵوێستەکانی ژیانـدا بکەن .

گرنگترین سوودەکانی سۆزی دایک بۆ منـداڵ :
١ـ گەورەترین خواست و بەرزترین هیوای منداڵ، ئەوەیە کە سۆز و خۆشەویستی دایکی بە دەست بێنێ . . سۆزی دایک فریارەسە بۆ ئەوەی منداڵ لە هەموو ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامییەک رزگاری بێت . . سۆزی دایک بڕوا و گەشبینی بە منداڵ دەبەخشێت . . منداڵ بە سۆزی دایک گەورە بەبێ و دەژی . . لە کوردەواریدا، کە منداڵێک لە دایک دەبێت، بەم جۆرە پیرۆزبایی لە دایک و باوکی دەکەن ( منداڵەکەتان پیرۆزبێ و، بە سۆز و بە خۆشەویستی و نازی دایک و باوکی گەورەبێت و پێبگات ).
٢ـ گرنگیدانی دایک بە منداڵەکەی و، هەستکردنی منداڵ بە سۆز و خۆشەویستی دایـکی بۆی . . هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی هەردوو بەشەکەی ناوچەی ( هـایپۆکـامیس ) لە مێشکی منداڵدا، قەوارەی گەورەتربێت . . ئەم ناوچەیەش لە مێشکی منداڵدا، بەرپرسە لە ئاستی زیرەکی و فێربوون و بیرهێنانەوە و زاڵـبوون بەسەر فشارە دەروونییەکـاندا . . بە تاقیکردنەوەی پراکتیکی و، بە بەراوردکردنی ئەو منداڵانەی کە مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکیان بوون، لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە لە سۆز و خۆشەویستی دایکیان بێبەش بوون، یا دایکانیان سۆز و خۆشەویستییەکی کەمتریان پێ بەخشیبوون و، بە گرژی و دڵڕەقی و بە توند و تیژی و بێبەزەییەوە، مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، ناوچەی ( هایپۆکامیس) ی مێشکی ئەم منداڵانە کورژتر و بچووکترە لە مێشکی منداڵانی سۆزپاراو . . ئەوەش ساغـبۆتەوە، کە مـنداڵانی سۆزپـاراو لە (١٠ % ) دا، ئاستی زیـرەکی و فێربـوون و بیرهێنانەوە و کۆمەڵایەتییان بەرزترە، لە ئاستی منداڵانی بێبەش لە سۆز و لە خۆشەویتی و لە ناز.
٣ـ سۆز و گرنگیدانێکی زیاتری دایک بە منداڵە نەخۆشەکەی، دەبێتە هۆی زووتر چاکبوونەوەی .
٤ـ لە ئامێزگرتنی منداڵ لە لایەن دایکییەوە . . یارمەتی دەردانی هۆرمۆنی ( ئۆکسـیتۆسین ) دەدات لە لەشی منداڵدا . . کە هۆکارێکی گرنگە بۆ چالاکردنی دڵ . . یارمەتی ئەوەش دەدات، کە گـازی ئۆکسجین بە ئاسانی و ئاسایی بگات بە خوێن .
٥ـ ماچکردنی منداڵ لە لایەن دایکییەوە . . هۆکارە بۆ گواستنەوەی هەندێ ( بەکتریای سوودبەخش) بۆ منداڵەکەی، کە یارمەتی منداڵ دەدات، بۆ چالاکردن و بەهێزکردنی سستەمی بەرگری لە لەشیدا .
٦ـ کە دایک باوەش بە جگەرگۆشەکەیدا دەکات و، بە نەرمی و ناسکی دەست بە سەریدا دەهێنێت و، بە هیواشی بە پشتیدا دەکێشێت . . منداڵەکەی هەست بە ئەوپەڕی دڵنیایی و بە ئاسوودەیی دەکات . . مەستی گەلێ لە پێداویستییە دەروونییەکانی دەبێت .
( سوکـرات ) دەڵێ : " هەرگیز هەستم بەدڵنیایی نەکردووە . . تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە لەباوەشی دایکمدا بـووم )
٧ـ دایکایـەتی هەست و سۆز و شادی و خۆشەیەکی زۆر، بە خودی دایکان دەبەخشێت . . کاتێ کە جگەرگۆشەکانیان لە باوەش دەکەن و بە سنگیانەوە دەنووسێنن . . وا هەست دەکەن کە جیهان هی ئەوانە و، مەستی رەمـەکی دایکایـەتی دەبن .
٨ـ ئەو منداڵانەی لە هەرەتی منداڵییاندا، مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکان و باوکانیان دەبن و. . بە سۆزداری و خۆشەویستی و رێزگرتن و کۆمەڵایەتی و بە پرەنسیپە دەروونییەکان پەروەردە دەکرێن . . کەمترینی ئەو هەرزەکارانەن، کە لە هەرزەکاریدا لاڕێ دەبنەوە و تووشی هەڵە دەبن . . دووریشن لە سەرکێشی هەوەسبازی و مەیل و سۆزداری و خۆشەویستیی نادورست . . بە دروستی و ژیری و بە رێکیش هەڵسوکەوت لەگەڵ قۆناغەکان و گۆڕانکارییەکانی ژیاندا دەکەن .
( دیگۆن راسکن ) دەڵێ : " کەمێک خۆشەویستی بە منداڵەکەت ببەخشیت . . لە پاداشتی ئەو خۆشەویستییەت سوودێکی زۆرت دەبێت "
( گوڵـدن ) دەڵێ : " کە دایــکم منی خۆشـبوێت . . منیش هەمـوو جیــهانم خۆشـدەوێت "

لێکۆڵینەوە لە گرنگی سۆزی دایک بۆ منداڵەکەی :
تا ئێستا چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی پراکتیکی لە لایەن دەروونناسانی منداڵان و پزیشکە پسپۆرەکانی بواری تەندروستی و گەشەکردنی منداڵانەوە، دەربارەی گرنگی و سـوود و کارتێکردنی سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی ئەنجام دراون .

لە لێکۆڵینەوەیەکی تازەدا، کە لە لایەن چەند پسپۆرێکی دەروونناسی منداڵان و، چەند پزیشکێکی تەندروستی منداڵان، کە لە نەخۆشخانەی فێیرکاری ( سانت لویس) سەر بە ( زانکۆی واشنتۆن ) لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە . . لەم لێکۆڵێنەوەیەدا (٩٢) منداڵ بەشدارییان تێدا کرد . . تەمەنی منداڵەکان لە (٤) ساڵەوە بۆ (١٠) ساڵ بوون، لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا چەند جارێک بە ( لەرینەوەی موگناتیسی ) وێنەی مێشکی منداڵە بەشداربووەکانی لێكۆڵینەوەکەیان گرتن . . گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی، گەشەکردنی مێشکی منداڵەکەی خێراتر دەکات . . بە تایبەتیش پێش ئەوەی کە تەمەنی منداڵ بگات بە شەش ساڵان، کە بە گرنگترین و بە هەستیارترین و بنەماترین قۆناغی ژیان دادەنرێت . . قۆناغی پێشبینیکردنی کەسایەتی داهاتووە .

( رۆبەرت مایەر ) مامۆستای یاریدەدەر و، پسپۆر لە پزیشکی دەروونی و، شارەزاش لە رەوشـتە مرۆییەکان لە ( زانکۆی کـالیفۆرنیا ) لە ئەمریکادا، ئاماژەی بە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە کرد و، وتی : " لێکۆڵینەوەکە ئەوەی بۆمان ساغکردەوە، کە سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی، فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ زووترکردن و خێراترکردنی بنیاتنانی مێشکی منداڵ . . کاریگەرییەکی باش و ئەرێنیشیی هەیە لەسەر ژینگەی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵ "
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی دەرخست، کە ئەو منداڵانەی بەختەوەرن لە ماڵەوەدا، بە سۆز و بە خۆشەویستی گۆش و گەورە کراون . . مێشکیان بە پلە و بە ئەندازەیەکی گەورە پێشکەوتووە . . کە ئەم رادە گەشەکردن و پێشکەوتنە، لە مێشکی ئەو منداڵە بەدبەختانەدا بەدی ناکرێن، کە لە ماڵەوەدا بێزراو و پشتگوێ خرابوون و، لە سۆز و لە خۆشەویستی دایکان و باوکانیان بێبەش بوون و، بە تووڕەیی و توندوتیژی و بە دڵڕەقی رەفتایان لەگەڵدا کردوون .

لە ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیەدا، ئەوە لە لای دەروونناسان بەرجەستەبوو، کە لە نێوان پێشکەوتنی دروستی ناوچە سەرەکییەکانی مێشک کە کاریگەرییان لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، لەگەڵ ئەو سۆزداری و خۆشەویستییانەی کە تێیدا دەژین، پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە .

پرۆفیسۆر ( جـوان لوبی ) پسپۆر و شارەزا لە پزیشکی دەروونناسی منداڵان لە کۆلێژی پزیشکی لە ( زانکۆی واشـنتۆن ) لە ئەمریکا . . کە پێشتر هەر لەم بوارەدا و، لە بارەی هەمان بابەتەوە چەند توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام دابوو . . خاتوو ( جـوان ) ئەندامێکی سەرەکی و کارای گرووپی ئەم لێکۆڵینەوە تازەیەش بوو، لە بارەی دەرەنجامی لێکۆڵێنەوەکەوە دەڵێ : " ئەم لێکۆڵینەوەیە بەڵگەی زۆر بەهـێزمان پێشکەش دەکا، کە زووەخـتی گرنگیدانی دایک بە منداڵەکەی زۆر گرنگە بۆ گەشەکردنی تەندروستی مێشکی منداڵەکەی بە شێوەیەکی ئـەرێنی، کە کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی هەیە "
پرۆفیسۆر ( جـوان لـوبی ) هەر لە بارەی لێکۆڵینەوە تازەکەوە، دەڵێ : " توێـژینەوەکـانی پێشوتـر گرنگی هەستکردنی منداڵانیان لە ساڵە یەکەمەکانی تەمەنیاندا پشتگوێ خستبوون . . ئەو زیانـانەی کە لە ئەنجامی بێبەشکردنی منـداڵ، لە بەزەیی و سۆز و لە خۆشەویستی تووشی مێشکی منـداڵ دەبن . . ناتوانرێت لە ساڵانی داهاتووی تەمەنیدا، قەرەبوو بکرێنەوە . . تەنانەت گەر کەسوکـاری شێوازی پەروەردەکردنیشی بگۆڕن . . ئەمەش پسپۆرانی بە ئاگاهێنانەوە، کە جەخت لەسەر گرنگی هەستی منداڵ بکەن و، بە رادەی پێویست سۆز و خۆشەویستیی هەبێت، کە هەموو باشییەکانی تر دەستەمۆی دەبن "

دایکـان و باوکـانی بەسۆز و دڵسۆز :
کوردیلەکانمان جگەرگۆشەمانن . . هیوای داهاتووی کوردستانن . . لەسەرمانە کە بە رادەی پێویست بە سۆز و بە خۆشەویستی گۆشیان بکەین . . لەسەرمانە کە بە هەستی کوردایـەتی و بە کوردسـتان پەروەری پەروەرەدەیان بکەین . . بێگومان چارەنـووس و داهاتـووی کـورد و کوردسـتان، بەندە بە رادەی دڵسۆزیمان بۆ منداڵەکانمان و، بەندن بە شێوازی دروستی پێگەیاندنیان . . بە بەخشینی سۆز و خۆشەویستێمان پێیان . . ئەمەش ئەرکێکی زۆر پیرۆزە و گرنگترین پێویستی ئەستۆمانە . . پشکی شێری شانـازی لە هێنانەدی ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان، بەر ئێمەی دایکـان و باوکان دەکەوێت . . هەر نابەڵەدی و خەمساردی و هەڵەیەک، هەر کەمتەرخەمییەک لە گۆشکردن و پەروەرەکردن و لە ئاراستەکردن و لە رێنمایی کردنی جگەرگۆشەکانمان . . دەبنە هۆی ئەوەی کە ئاکامێکی نەرێنییان لێبکەوێتەوە . . کە هەر هەموومان لە ئاکامێکی نەخوازراوی وادا لێی بەرپرسین و، هەمووشمان باجێکی زۆری هەڵە و کەمتەرخەمییەکانمان دەدەینەوە . . پەشیمانیش بێهوودەیە .

( ئەلـیزابێس مـاخ ) دەڵێ : " لە کاتی ئەنجامدانی پەروەردەکردنی منداڵەکانماندا، هەر هەڵەیەک بکەین، دەبێتە هۆی دۆڕاندنی جەنگێک کە لە پێناوی پاشەڕۆژێکی باشتردا دەستمان داوەتی "

رەزا شوان
(*) رەزا شوان : نووسەرێکی بواری ئەدەبی منداڵانە . . لە ساڵی (١٩٤٦) لە ( کەرکوک ) لە باشووری کوردستان لەدایکبووە . . لە ساڵی (١٩٩٩) ەوە، لەگەڵ خێزانەکەیدا لە شاری ( بێرگـن ) لە وڵاتی نەرویـج دەژیـن .


ناودارانی تورک کە دژی سیاسەتەکانی ئەردوگانن . . . رەزا شوان

کەسایەتییە ناسراو و ناودارەکانی تورک لە، نووسەران، هونەرمەندان، سینەماکاران، وەرزشوانان، میدیاکاران، رۆشنبیران، سیاسەتمەداران، لە ناوەوە و لە دەرەوەی تورکیادا، زۆرن ئەوانەی کە بە ئەوپەڕی ئازایەتی و بوێری راشکاوییەوە، رەخنەیان لە سیاسەتە شکستخواردووکان و لە رەفتارە چەوتەکانی ( ئەردوگان ) ی لە خۆبایی گرتوون، کە لە پێناوی مانەوەی لە پۆستەکەیدا، دەسەڵاتی قورخکردووە و، تاکڕەوانە بڕیاردەدا و، ئازادی و دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤی لە تورکیادا تاساندوون . . ئەردوگان چارەنووسی تورکیای خستۆتە مەترسییەوە، لە سایەی دەسەڵاتی ئەردوگان و پارتەکەیدا، لە ئێستادا تورکیا خوێنی لێدەچۆڕێتەوە . . ئەردوگان لەژێر پەردەی ئاینی ئیسلامیدا، دەیەوێت خۆڵ لە چاوی خەڵکی بکات . . ئەوەی ئاگاداری قسە ژاراوییەکانی و کردارە قێزەوەن و خوێناوییەکانی ئەردوگان بێت، دەزانێت کە چەند کابرایەکی دووڕوو و درۆزنە، چەند خۆپەرست و دەسەڵاتپەرستە . . ئەوەی پێی بڵێت بەری چاوت کلی پێوەیە، ئەو بە ناپاکی دەزانێت . . ئەوەی داوای ماف و ئازادی وئاشتی و دیموکراتی و یەکسانی و دادپەروەری بکات، ئەو بە تیرۆریست تاوانباری دەکات . . تا ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان و، رۆشنبیران و، پارێزەران و، چالاکوانان و، تێکۆشەران، بە تایبەتیش ئازادیخوازان و ئاشتیخوازانی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستاندا، بە توومەتی ئەوەی کە داوای ئازادی و، ئازادی رادەربڕین و، دیموکراتی و ئاشتییان کردوون و، یا رەخنەیان لە سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی ئەردوگانی دیکتاتۆر گرتوون . . بەندکراون و، پیسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەدرێن، . . تاوانیشیان ئەوەیە کە بە رەشیان نەوتووە سپییەوە و، چەپڵەیان بۆ حەزرەتی ئەردۆگان و بۆ قسەکانی لێنەداون، لەبەر ئەوەی پێیان وتوون تۆ هەڵەی و. . دەستەکانت بە خوێنی هەزاران بێتاوانانی کورد سوورن . . خۆت لە سەرووی یاساوە دەزانیت .

زۆر بە کورتی باس لە هەڵوێستی ئازایەتی تەنها پێنج لە ناسراوانی تورک دەکەین کە رەخنەیان لە خۆبایبوونی ئەردوگان گرتوون . . کە لەپێناوی گۆڕینی دەسەڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی . . بەڵکو بۆ دیکتاتۆریەت . . ئەوەی نەشیاوە و ناشێ دەیکات . . ئەمانەش چەند نموونەیەک لە سەدان ناوداری تورک کە ناڕازین لە سیاسەتی شکستخواردووی ئەردوگان . . تەنانەت ئەردوگان لە پێناوی پۆستەکەی و تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا نزیکترین هاوڕێکانی خۆشی بە نەیار و ناپاک تاوانبارکردوون .

خاتوو ئێلیف شافاک، رۆماننوسی ناسراو :
ئێلیف شافاک، رۆماننووسێکی ناسراوی تورکە، بە زمانی تورکی و ئینگلیزی دەنووسێ و، تا ئیستا چەندی رۆمانی نووسیوە . . شافاک دەڵێ : " ئەردوگان بێلایەن نییە . . ئەو خاوەنی سیاسەتێکی دوژمنکارییە . . خۆهەڵکێشە و زمانێکی لە خۆبایی هەیە . . ئەوە توندوتیژی لە وڵاتدا نایەوە، بۆ ئەوەی بۆ سوودی خۆی بیقوزێتەوە . . زیاتر لە هەموو سیاسییەک خەڵکی لە یەک دابڕیوون "
شافاک لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ( لایپۆلیکا ) ی ئیتاڵی دەڵێت : " وڵات لە سایەی سیاسەتی دۆژمنکاری ئەردوگان دا، تووشی نەهامەتییەکی زۆر بووە . . با بەس بێت بۆ ئەم رەفتارانەی . . هەرگیز سیاسەتی سەرکوتکردنی هۆیەکانی راگەیاندن قبووڵ ناکەین . . هەرکەسێ بە ئازادی رای خۆی بنووسێ . . ئەو بە دوژمنی ناوخۆ ناوی دەبات "
شافاک لە سایتی ( دیکان ـ هەواڵەکانی تورکیا ) دەڵێ : " زۆربەی نووسەران و رۆژنامەنووسانی ئۆپۆزسیۆن، کارەکانیان لەدەست داون، بەڵکو لەسەر رای سیاسییان دادگایی کران . . وڵاتەکەمان وای لێهاتووە هەرکەسێک وێنەیەکی کاریکاتێری بکێشێت، یا گۆرانییەکی بەرهەڵستی بڵاوبکاتەوە دادگایی دەکرێن "
ئێلیف شافاک ئاماژەشی بەوە کرد : " بردنەوەی کوتوپڕی پارتی داد و گەشە، لێدانێکی بەهێز بوو بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان . . تا ئەو رادەیەی من وا هەست دەکەم کە دوورخراوینەتەوە . . نیوەی گەل هەست بە تەنیای و شکستی دەکات "
پێشتریش شافاک لە رۆژنامەی ( فاینانشیاڵ تایمز ) ی بەریتانیدا وتویەتی : " ئەردوگان سەرۆکێکی بێلایەن نییە . . هەر ئەوە کە هەموو هەوڵەکان لە پێناوی حکوومەتێکی هاوپەیمانی ( فرەلایەنی ) کە وڵات بە ڕێوبەرێت شکستپێهێنا . . بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی لە دڵیدا جێگیر بکات "
شافاک دەشڵی : " ئەردوگان ئاینی قۆستۆتەوە "
ئێلیف شافاک لە تازەتری رۆمانی چاپکراوی کە ناوی ( رسوابووەکەی ئەستەمبوڵ ) ە، کە زۆرترین لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی لەسەر کراوە، شافاک بە هۆی ئەم رۆمانەیەوە بە تاوانی ( لۆمەی تورکی ) تاوانبار کراوە . . شافاک لەم رۆمانەیدا، گەلی تورک رووبەڕووی رابردوویان دەکاتەوە . . لە راستی تێوەگلانی باپیرە عوسمانییەکانیان، لە کوشتنی ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی لە ساڵی ( ١٩١٥) دا دێنێتەوە یادیان . . " تا دێتە سەر ئەوەی کە : " هاوڵاتی تورکی لە ونبوونێکی بەردەوام دان . . نە رۆژهەڵاتین و نە رۆژئاوایین . . نەشیان توانیوە لە رابردووی خۆیان رزگاریان بێت . . نەشیان توانیوە هاوشێوەی رۆژئاوایی بن و لەوان بن . . " شافاک لەم رۆمانەیدا باسیش لەوە دەکات کە پارتی دەسەڵاتدار، بە تایبەتیش ئەردوگان، سەرکوتی راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن دەکەن . . "

بێرین سات، ئەستێرەی دراماکانی تورکی :
ئەستێرەی گەشی دراماکانی تورکی، ئەکتەری شۆخ و شەنگ، هونەرمەند خاتوو ( بێرین سات ) کەلە درامایەکدا، لە دۆبلاجکردنی بۆ عەرەبی بە ناوی ( سەمەر ) ەوە رۆڵی پاڵەوانێتی هەبوو . . بە زەردەخەنەیەکی ناسک و شیرین و گەشەوە . . لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەڕلەمانی تورکیادا، ئەو راستەوخۆ رەخنەی لە ئەردوگان و لە پارتە دەسەڵاتدارەکەی نەگرت، تەنانەت بە ئاشکراش ئەوەی رانەگەیاند، کە دەنگ بە پارتی دیموکراتی گەلان ( هە دە پە ) دەدات، کە زۆرینەی ئەندامەکانی کوردن . . بەڵام دەنگدانی بە ( هە دە پە ) و، لێدوانەکانی لەسەر ئەو کارەساتانەی لە ئەمڕۆدا لە تورکیادا روودەدەن . . گوزارشتن لە هەڵویست و لە سیاسەتی بێرین سات لە دژی ئەردۆگان و حکوومەتەکەی، گوزارشتن لە پشتگیریکردنی ئاشکرای بۆ خەباتی رەوای گەلی کوردمان .
لە پێشا بێرین سات، رەخنەی لە توندوتیژییەکان گرت، کە بەرانبەر خۆپيشاندەران دەکرێن . . لەسەر لاپەڕەی ( ئەنیستاگرام ) کە زیاتر لە ملیۆنێک بینەری هەیە . . بێرین سات نووسیوێتی : " پێویستە لە هەفتەیەکی وادا هەناسەیەکی قووڵ هەڵبکێشین . گەر بەراوردێک لە نێوان تورکیا و وڵاتانی تردا بکەن . . پێویستە لە دوورەوە بوەستن و لە تەواوی دیمەنەکە بڕوانن، پێش ئەوەی کە ئەوە بڵێن کە وڵاتەکەتان دیموکراتییە، پێویستە ئەوە ببینن کە چۆن وڵاتەکەتان ئازادییەکانی لووش کردووە . . ئەو هەواڵانەی پەیوەندییان بە توندوتیژییەوە هەیە لە دژی خۆپیشاندەران . . شەرمەزارمان دەکەن "
بە پێی سایتی ( میترۆسفار ) ی تورکی، خاتوو بێرین سات، باز بەسەر هیچ رووداوێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی نەداوە، کە رای گشتییان سەرقاڵ کردووبن، بێرین سات بە راشکاوی و بە ئازاییەوە رەخنەی گرتووە و، گوزارشتی لە رای خۆی کردووە .
بێرین سات، دەربارەی تاوانەکانی دەرهەق بە ژنان لە تورکیادا دەڵێ : " لە وڵاتەکەماندا، ژنان مافی ژیانیان نییە . . داوای سزای بەندکردنی تا هەتایی دەکەین لەسەر ئەو کەسانەی کە تاوانی توندوتیژی لە دژی ئافرەت ئەنجام دەدەن . . هێچ چاوپۆشی و سازشێکیش لەسەر ئەم تاوانانە نابێت بکرێت "

بێرین سات، کە شۆفێرێکی بێتاوانی کورد لە لایەن ئاسایشی تورکیاوە شەهید کرا دەڵێ " شۆفێری ئەو ئۆتۆمبیلەیان سووتاند، کە سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان بوو . . هەردەم دەڵێن تیرۆرییستن، تا گەل بووە بە تیرۆریسست . . چۆن ئەم هەموو رق و کینەیە دروست دەکەن . . ؟! ئەمانە تەنها سیاسەتی هەڵبژاردنن، دەبێت لەو دنیایەی کە زۆر لێی دەترسن، لەسەر ئەو تاوانانەی کە لێیان بەرپرسن . . لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت . . کە بەبی تاوان خوێنی منداڵان و، رۆژنامەنووسان و، شسۆفێرەکانیان رشت "

خاتوو بێرین سات هەر لەبەر ئەوەی کە رەخنەی لە پارتی دەسەڵاتدار گرت و، پشتگیری لە پارتی دیموکراتی گەلان کرد . . رۆژنامە بەکرێگیراوەکانی دەسەڵات زۆر بە توندی هێڕشیان کردە سەری و گەلێ توومەتی هەڵبەستراو و، قسەی ناشیرین و سووکایەتییان پێکرد . . بەڵام بێری سات، ئامادەبوو کە باجی ئەم هەڵویستە ئازاییانەی بدات و . . خۆڕاگربێت بەرانبەر بەو توومەتانەی خراونەتە پاڵی .

ئۆرهان بامۆک، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب :
نووسەری بە ناوبانگی تورک ئۆرهان بامۆک، براوەی ( خەڵاتی نۆبڵ ) ی ئەدەبی ساڵی ( ٢٠٠٦)، بە تووڕەترین نووسەری دژ بە دەسەڵاتی ئەردوگان و پارتەکەی دادەنرێت . . بامۆک ئەردوگانی سەرۆکی تورکیای بە ستەمکار و سەرکوتکەری ئازادی ناوبرد . . ئەوەی وت کە ئەردوگان ئازادیی رادەربڕینی بە ناخادابردووە .
بامۆک وتی : " من هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەم بەرانبەر بە سیاسەتی ستەمکارانەی ئەردوگان، ئەردوگانی تووڕە لە ئەنجامەکانی حەوتی یۆنیۆ، بڕیاری دووبارە هەڵبژاردنی پێشوەختی لە وڵاتدا دا چونکە لە بەدەستهێنانی دەنگەکانی کوردەکاندا شکستی هێنا . . وڵاتی دووچاری گێرەشێوێنی و شەڕ کردووە "
بە پێی رۆژنامەی ( بیرگون ) ی ئۆپۆزسیۆن، دەربارەی پەیوەندییەکانی ئەردوگان بە رێکخراوی داعشی تیرۆریستەوە، بامۆک دەڵێ : " گەل باش لە پلانەکانی ئەردوگان گەیشتووە . . لە سەرەتادا وەڵامی وڵاتانی هاوپەیمانی نەدایەوە بۆ بەشداری کردن لە لێدانی داعشدا . . بەڵام لە پڕێکدا رێی بە ئەمریکییەکان دا، کە بۆیان هەیە لە لێدانی داعشدا وڵاتەکەی بەکاربهێنن . . لە هەمان کاتیشدا کەوتە لێدانی کورد . . خەڵکی داماون و سەریان سوڕماوە . . چۆن لە گڤتوگۆی ئاشتیدابن و، لە هەمان کاتدا خۆیان لە شەڕی داعش و کورد دا دەبیننەوە . . من بە راستی هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەم . . چونکە ئەردوگان دەیەوێت تاکڕەوانە وڵات بەڕێوەبەرێت، چیش رووبدات و، هەر ئاکامێکیشی لێبکەوێتەوە بە لایەوە ئەوە گرنگ نییە . . ئەو نایەوێت لەگەڵ هیچ کەسێکدا بەشداری دەسەڵات بکات "

بە پێی ئەوەش کە لە رۆژنامەی ( زەمان ) ی ئۆپۆزسیۆندا بڵاوکراوەتەوە . . پێشتریش بامۆک پارتی داد و گەشەی بەوە تاوانبار کرد، کە گرنگی بە پارە کۆکردنەوە دەدەن، زیاتر لە گرنگی پێدانیان بە ئایین . . بەکارهێنانی وشەی ئیسلامیش، بۆ رازاندنەوەی وتارەکانیانە .

لێدوانەکانی بامۆک لە ساڵی ( ٢٠٠٣) دا، کە تایبەتن بە کوشتنی ( ملیۆن و نیوێک ) ئەرمەنی و، بە کوشتنی ( سی هەزار ) کورد لە باکووری کوردستاندا . . بوو بە سەرەتایەک بۆ ئەوەی کە پارتە ئیسلامییەکان و نەتەوەییەکانی تورکیا گڕیان تێبەربێ و دژایەتی بامۆک بکەن، تا گەیشتە ئەوەی کە هەڕەشەی کوشتنی لێبکەن . . ئۆرهان بامۆک بڕیاری دا، بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵبێت . . بەوەش تاونباریان کردووە کە ( سووکایەتی بە ناسنامەی تورکی ) کردووە و، چۆتە پاڵ ( لۆبی ئەدەبی جیهانی ) کە تایبەتە بە رێکخراوە ئەدەبییەکانی رۆژئاوا، بۆ ئەوەی رەخنە لە حکوومەتی تورکیا بگرن .

فاتیح ئاکین، دەرهێنەری سینەمایی :
دەرهێنەری سینەمایی ئەڵمانی فاتیح ئاکین کە بە رەگەز تورکە . . لە نامەیەکیدا کە بۆ ( عەبدوڵڵا گول) ی سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیای ناردووە، نامەکەی راسترین بەڵگەیە، تێیدا سیاسەتی ئەردوگان رەت دەکاتەوە، فاتیح ئاکین نووسیوێتی : " ئەردوگان سەرکوتکەرە و، زۆر دوورە لە پرانسیپەکانی دیموکراتییەوە "
لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ( گیزی پارک ) ی ساڵی ( ٢٠١٣) لە تورکیا دا، فاتیح ئاکین نامەیەکی بۆ عەبدوڵڵا گول نارد، تێیدا نووسیوێتی : " گەورەم سەرۆک، لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی توندوتیژی لە لایەنە هێزەکانی ئاسایشەوە، لە ئەنجامی بەکارهێنانی فیشەکی راستی و گازەوە، بە سەدان کەسیان پێکا، فیشەکی راستییان نایە منداڵێکی تەمەن (١٤) ساڵان، مێشکی خوێنی لێدەچۆڕێتەوە . . گەورەم سەرۆک، ئەو پزیشکانەش گیران کە خۆبەخشانە تیماری بریندارەکانیان دەکرد، گوایە ئەمانە تیرۆریستن و نابێ تیماربکرێن . . تەنانەت ئەو پارێزەرانەش بەندکران کە داکۆکییان لە مافەکانی خۆپیشاندەران کرد " . . هەر لە هەمان نامەدا ئاکین : " گەورەم سەرۆک، پۆلیس چەندین تۆن گاز و فیشەکی راستی بەکاردەهێنن، دەست ناپارێزن و جیوازیش ناکەن . . ئێوەش بێدەنگن، ئایا ئەوە مافی گەل نییە کە تێبگات لە ئێستادا چی روودەدات . . ؟ گوایە ئێوە و پارتەکەتان دە ساڵ پێش ئێستا داکۆکیتان لە پرانسیپەکانی ئازادی و دیموکراتی دەکرد ! "

فاتیح ئاکین لە ساڵی ( ٢٠١٤) دا، لە فیلمێکی سینەماییدا، کە لە نووسین و دەرهێنانی خۆیەتی، ماوەی درێژی فیلمەکە (١٣٥) خولکە، باس لە ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەکات، کە لە ساڵی
( ١٩١٥) دا، لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە شەهید کران، زیاتریش لە ملیۆنێک ئەرمەنی لە تورکیادا دەربەدەرکران و، ئاوارەی وڵاتە دراوسێکان بوون . . ئەم فیلمە و هەڵوێستی ئازایانەی فاتیح ئاکین، بەرپاکردنی جەنگێکە لە دژی تورکیا، بە تایبەتیش ئەردۆگان کە تا ئەمڕۆش نکووڵی لە ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەکات . . تا ئەمڕۆش دان بەم توانە نامەردی و قێزەوەنە رەگەزپەرستییەی باپیرە عوسمانییەکانیدا نانێت.
ساڵی رابردوو لە فیستیڤاڵی بیست و شەشەمینی سینەمادا، کە لە ( قاهیرە ) ی پایتەختی میسر سازکرا، دەستپێکی فیستیڤاڵەکە بە نمایشی فیلمەکەی ئاکین دەربارەی ( ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان) دەستی پێکرد . . ئەمەش چەمۆڵەیەکی شەرمەزاری بوو، کە لە ئەردوگان و لە رژێمەکەی نرا .

هاکان شکور، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا :
هاکان شکور یاریزانی بە توانای پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا، خاوەنی خێراترین ماوەی تۆمارکردنی گۆڵی مۆندیال، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ئەردوگان و هاکان شکوردا هەبوو . . ئەمە وایکرد کە هاکان شکور ببێت بە ئەندامی پارتی داد و گەشە . . لە لایەن ئەم پارتەشەوە، هاکان بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی ( ٢٠١١) ی تورکیا کاندید کرا . . بەڵام بارودۆخەکە و پەیوەندی نێوان ئەردوگان و هاکان شکور زۆری نەخایاند . . لە ساڵی (٢٠١٣) دا، هاکان خۆی لە پارتەکەی ئەردوگان کێشایەوە . . بە هۆکاری گەندەڵی لە ریزی ئەم پارتە و، تێوەگلانی کوڕەکەی ئەردوگان بە بەرتیل وەرگرتن، هاکان وازی لەم پارتە هێنا . . لەو کاتەوە شەڕێکی ئاشکرا لە نێوان هاکان و ئۆردوگاندا هەیە . . دواترین شت کە هاکان شکور دەربارەی ئەردوگان وتی لە دوای خنکانی ( ئالان کوردی ) بوو، هاکان توانجە پەخشانێکی بە ناوی ( کارەسات ) ەوە، لە رۆژنامەی ( سەبـاح ) ی سەر بە ئەردوگان بڵاوکردەوە، کە تێیدا نووسیوێتی : " رەجەب تەیب ئەردوگان، لە سێپتەمبەری ساڵی ( ٢٠١٢) دا، وتی : " رۆژی هەینی لە شام نوێژی هەینی دەکەم " بڕوانن ئێمە واین لە سێپتەمبەری ساڵی ( ٢٠١٥) دا، لاشەی منداڵانی سوریا لەسەر کەنارەکانی دەریاکاندا کەوتوون "
هاکان شکور شکاتی لێکراوە و لە لایەن دادگاوە لێپێچیەوەی لەگەڵدا دەکرێت . . بەوە تاوانبار کراوە کە ( سووکایەتی بە سەرۆکی تورکیا کردووە ) .
هاکان سەرسەخترین بەرهەڵست بوو، دژی کاندیدکردنی ئەردوگان بوو، بۆ سەرۆکی وڵاتەکەی . . هاکان لە نووسینێکیدا دەڵێ : " کاندیدکراوێکی سەرۆکایەتی، ئایین دەقۆزێتەوە . . کاندیدکراوێکی سەرۆکایەتی، قسە لە بارەی بەرتیل و قەدەغەکردنی دزی لە مزگەوتەکاندا دەکات، کاندیدکراوێکی سەرۆکایەتی، لە جیاتی خۆشەویستی و باوەشگرتنەوە بۆ گەل، رق بڵاودەکاتەوە . . "

رەزا شوان
نەرویج: ( ٢٧ی/ یونی / ٢٠١٦)

{pdf=http://www.p-deren.com/pdf/nawdarani-turk.pdf|1000|600}

 


میکافیلی دەڵێ : " ئەگەر دەتەوێت نەیارانت لە ناوبەریت و، هێزت بۆ هەمووان دەربخەیت، کودەتا دروست بکە و لە ناویان بەرە " ئەو کودەتایەی لە چەند رۆژی پێشوودا لە تورکیادا روویدا، جیهان بەم کودەتا شکسخواردووەوە سەرقاڵبوون . . هەر لە ساتی یەکەمی دەستپێکردنییەوە، جیهان لە شرۆڤەکردن و بۆچووندا دابەشبوون . . ئەوانەی لایەنگری سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان نین هەڵهەڵەیان لێدا، ئەوانەن کە زۆربەیان بە ئاگری ئەم کەسایەتییە فێڵباز و درۆزن و تەڵکبازە داخکراون، کە لە پێناوی هێنانەدی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا گوێ بە نزیکترین کەسی خۆشی نادات.

دوای خوێندنەوەتان بۆ ئەم بۆچوون و بیرۆکانەی کە دەیخەمە بەردەمتان، دەزانم کە بۆچوونەکانمان وەکو یەکنین، بەڵام ئازادی رادەربڕین مافی هەمووانە ( بێگومان تەنها لە تورکیادا نەبێت )، چونکە من هاواڕانیم لەگەڵ هەموو ئەو هەڵسەنگاندن و را و شرۆڤانەی کە دەربارەی ئەم کودەتایە کراون، گەرچی بەشێکی زۆری ئەو شرۆڤەکار و شارەزایانە خۆیان بە شارەزای کاروبار و سیاسەتی تورکیا دەزانن . . لە پڕێکدا رووبەڕووی ئەو هەموو کەسانە بووینەوە، کە لە زۆر شوێنی جیهاندا، تاوتوێ و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو کودەتایە کرد . . هەموویان بە شێوەیەکی ئەوتۆ، گوزارشتیان لە رای خۆیان دەکرد هەروەکو ئەوەی لە تورکیادا بژین و، هاوژینێکی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی تورکیابن . بەڵام لە راستیدا، ئەمانە وەکو ( تووتی ) ئەوە دووبارە دەکەنەوە، کە پێشتر لە کەناکێکی کەدا، باسکراوە و گویان لێبووە . . بە هەرحاڵ من نامەوێت لەسەر ئەم بابەتە بدوێم .

کودەتاکە ( شانۆگەرییەکە ) لە نووسین و دەرهێنانی سەرۆکی تورکیا ( رەجەب تەیب ئەردۆگان ) کە بە شێوەیەکی نایاب دایڕشتووە و دەریهێناوە . . بە شێوەیەکی تەکنیکی بەرزیش رۆڵەکانی دابەش کردووە، کە تێدا تەکنیکی تەکنۆلۆژیا و، سایتە کۆمەڵایەتییەکانی بە شێوازێکی گەورە بەکارهێناوە، سەکۆی شانۆگەرییەکەشی شاری ئەستەمبوڵی شوێنی لە دایکبوونی سەرۆکی تورکیایە، کە بە باشی شارەزایەتی ( ماوەیەکیش سەرۆکی شارەوانی ئەم شارە بوو )، لەگەڵ ( ئانکرە) ی پایتەختیش، کە بارەگاکانی دامەزراوە حکوومییەکانە .
ئەو پرسیارە خۆی دەسەپێنێت، بۆ سەرۆکی تورکیا پەنای بۆ ئەم شانۆگەرییە برد ؟ بە تایبەتیش ئەو سەرۆکی وڵاتێکە، ئەوەی کە ناکرێت کەسانی تر بیکات، ئەو بۆی هەیە کە بیکات . . دەتوانێت بەبێ پرس و لێپێچینەوە هەر بڕیارێک دەربکات . . ئەمەش دۆخی راستی ئەو وڵاتانەیە کە دیکتاتۆرەکان حوکمڕانی تێدا دەکەن . . ( شانۆگەری کودەتاکەی تورکیا ) لە چوار بەشدا چڕدەکەینەوە :

بەشی یەکەم / دەزگاکانی راگەیاندنی تورکیا، چەند رۆژێک لە پێش کودەتاکە، ئاگادارییان دا، کە لەوانەیە کودەتایەکی سەربازی رووبدات، ئەمەش بە راستی رووی دا . . بەڵام سەیر لەوەدایە، کە ئەمە یەکەمین کودەتای سەربازییە لە مێژووی ئەم سەردەمەدا، کە بەم شێوە ئارامییە چارەسەر بکرێت، سەرکردەی کودەتا لە هیچ کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا دەرنەکەوت، بۆ ئەوەی کودەتاکە رابگەیەنێ و بەیاننامەیەک بخوێنێتەوە . . هەروەکو لە هەموو کودەتاکاندا باوە، تەنانەت لە سۆمالیشدا وامان بینیوە . . !، کودەتاچییەکان لە چەند گۆڕەپانێکدا بڵاوبوونەوە . . فرۆکەخانەی ئەتاتورک و پردی بسفۆریان داخست . . تەلەفزیۆنی تورکیا، رایگەیاند کە سوپا بە تەواوی دەسەڵاتی گرتەدەست ( کچە هەواڵخوێنەکەی تەلەفزیۆنی تورکیا، کە بەیاننامەکەی خوێندەوە، لە دواییدا بوو بە ناسراوترین کەسایەتی لە تورکیادا ) دوایش تەلەفزیۆنی تورکیا داخرا . . بەڵام کودەتاچییەکان، لە هەموو کەناڵەکانی تردا ئاگادارییان بڵاودەکردەوە .
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتژمێری یەکی شەودا، لە ناکاودا شاسواری مەزن ( پاڵەوانی شانۆگەرییەکە)
رووبەڕووی کودەتاچییەکان بووەوە، بە تەلەفۆن پەیامێکی لە رێی تۆڕی تەلەفزیۆنی (سی ئێن ئێن) ی تورکییەوە بڵاوکردەوە، دوایش بەبێ ئەوەی کە هیچ سەرکردەیەکی سەربازی لەگەڵدابێت، رووی لە فرۆکەخانەی ئەتاتورک کرد، لە کاتێکدا کە فرۆکە هێلیکۆپتەرەکانی کودەتاچییەکان بە ئاسمانەوە دەسوڕانەوە . . بەبێ ئەوەی کە رووبەڕووی فرۆکەکەی ئەردۆگان ببنەوە .
ئەردۆگان کە لە نێوان کۆمەڵێک لە لاوان خۆی ئاشکراکرد، بەڵام ئەو لاوانە لە راستدا پیاوانی میت و هەواڵگری تورکیا بوون . . چاویان بە هەموولایەکی دەوروبەری ئەردۆگاندا دەگێڕا و نەک روانین لە سەرۆکی مەزنیان و گوێگرتن لە قسەکانی . . بەڵکو لە ترس ئەوەی نەک شتێکی چاوەڕوانەکراو رووبدات، بە تایبەتیش کۆمباریس ( قبلەنامەکان ) هەموو وردەکارییەکان شانۆگەرییەکە نازانن .

بەشی دووەم / پردی بسفۆر داخرا، دوای ئەوەش هەندێ تەقەکرا، کەس نازانێت کی ئەو تەقانەی کرد و لە کێیان کرد . . ؟ فرۆکەی هێلیکۆپتەریش بە ئاسمانی ئەستەمبوڵ و ئانکرەدا دەسوڕانەوە . . کودەتاچییەکان دەستیان بەسەر چەند بینایەیەکی حکوومی و پەڕلەمان و کۆشکی کۆماری دا گرت، کە گەورەکانی چۆڵیان کردبوو، تەنها بارەگای هەواڵگری نەبێت . . هەر وەکو لە هەواڵە بە پەلەکاندا هات، وازیان لێهێنابوو چونکە بەرگری گەورەی لێبوو . . پرسیارێک ژمارەی بەرگریکارانی بارەگای هەواڵگری چەند بوون ؟؟ لەو بڕوایەداین کە ژمارەیان لە دە کەس زیاتر نەبوون، با وا دابنێین کە نزیکەی بیست کەسێک بوون . . ئەمە چۆن کودەتایەکە، کە نەتوانێت چەند پاسەوانێکی کەم لە ناوبەرێت ؟؟؟ بە تایبەتیش لەم بارودۆخەدا، کە چەکی بەرگریکاران دەمانچە و رەشاش و، لە باشترین شێوەشدا با چەکی ( ئاڕ پی جی ) شیان پێ بووبێت، بەرانبەر بە تانک و بە زرێپۆش و دۆشکە کە بە دەستی کودەتاچییەکانەوە بوون چییان پێدەکرا ؟؟

سێیەم / یەکسەر لە ناوەڕاستی ئەم رووداوانەدا، خەڵکی رژانە سەر شەقامەکان، بۆ ئەوەی لە پێناوی سەرۆکی مەزنیان و لەسەر بنەمای ( بە روح و بە خوێن ـ بالروح بالدم) قوربانی بە گیانی خۆیان بدەن . . بەڵام سەیر لەوەدایە، کە هەموو ئەوانەی چوونە سەر شەقامەکان، لە لایەنگرانی ئەردۆگان بوون ! هیچ کەسێکی تر دەرنەکەوت، تەنانەت گەر سواڵکەرێک یا شێتێک یا ڕێبوارێک هەر خۆیان بوون .
گەرچی لە سەرەتای کودەتاکەوە تا کۆتایی، هەروەکو ئەوەی، کە ئەستەمبوڵ خۆپێشاندنی گەورەتری لە دژ سیاسەتەکانی ( سوڵتان ) ی بەخۆیەوە نەبینیبێت .

بەشی کۆتایی / بۆ ئەوەی پەردە لەسەر ئەم شانۆگەرییە کۆمیدییە دادرێتەوە، سوپای تورکیا لە لایەن پیاوانی میت و پاراستنەوە شەرمەزار و رسواکران و، بە رووتی کۆیان کردنەوە، تا ببێت بە پەند بۆ ئەوانەی لە داهاتوودا، گوێدێری سەرکردە سەربازییەکانیان دەبن . . بۆ تەواکردنی ئامانج لە سیناریۆی کودەتا دروستکراوەکە، سەرۆکی تورکیا بەبێ دادگا و بەبێ فرمانی دەستگیریکردن لە لایەن دادگاوە ( گوایە ئەوان لە وڵاتێکی دیموکراتین ) دەستیان بە گرتنی هەموو ئەوانەکرد، کە ئۆپۆزسیۆنن و سەر بە پارتە سیاسییەکانی ترن و هەر هاوڵاتییەکی تر کە دژی سیاتەکانی ئەردۆگان بن . . بە هەلیشی دەزانێت بە توومەتی تێوەگلان بە کودەتاوە رقی لە کێ بێت تاوانباریان بکات و، لە ناویان بەرێت .

سەرەڕای ئەوەی کە (٢٧٠٠) دادوەریان لەسەر کارەکانیان دەرکردن، تا ئەمڕۆش (٦٠٠٠) ئەفسەر و هاوڵاتییانی بەند کردوون، هەروەهاش (٢٥٠٠٠) هاوڵاتییش نادیارن و بێ سەروشوێنن، کە لە دژی حوکمڕانی سەرۆکی تورکین . . بە توومەتی سەر بەگروپێکی نەیار تاوانبار کراون .

ئامانج لە نینۆکبڕینی سوپا، ئەویە کە سوپا وەکو ئێسقانی ماسی لە قوڕگی ( ئەردۆگان) گیربووە، لە لە ئەمڕۆوە چۆنیشی بوێت وا رەفتاریان لەگەڵ دەکات . . خۆشی لە سەرەوەی سوپا و یاسا و هەموو کەسێکەوە دەزانێت .
بۆ ئەوەی ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن و ناحەزی ئەردۆگانن، نەتوانن لە ئایندەدا، بەرهەڵستی ببنەوە، بە تایبەتیش سوپا و دادوەرەکان، کە دژی ئەوەن حوکمڕانی لە پەڕلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی، لە جێی سستەمی پەڕلەمانی ئیستای حوکمڕانی . . بۆ ئەوەی هەرسێ دەسەڵاتەکە
( یاسایی، دادوەری، جێبەجێکردن ) لە یەکتر دابڕێت . . دەسەڵاتەکان قەدەغە بکات کە چاودێری یەکتری بکەن . . سوڵتەی یاساییش مافی دادگایی کردنی سەرۆکی نەبێت لە کاتی پێشلکردندا و، لە زۆر کێشەکانشدا دەسەڵاتی رەهای هەبێت و، قسە قسەی ئەمبێت . . بە واتەیەکی تر، قورخکردنی دەسەڵات لە لایەن ئەردۆگانەوە، یاسایەکی تازە کە دیکتاتۆر دروست دەکات . . لەگەڵ ئەوەشدا، ئۆپۆزسیۆن وەکو بەرد و کۆسپی لە رێی خۆی دەزانێت، دەیەوێت واش لە خەڵکی بگەیەنێت کە ئۆپۆزسیۆن رقیان لە خودی ئەردۆگانە، و دژایەتی ئەو دەکەن . . ئۆپۆزسیۆن باش لەوە گەیشتوون کە ئەردۆگان چی لەبن سەردایە و دەیەوێت چی بکات، ئەرۆگان دەیەوێت خۆی بکات بە سوڵتانێکی عوسمانی و بە دیکتاتۆرێکی سەرکوتکەر .

(*) ئەم بابەتە لە نووسینی، نووسەری عێراقی ( کریم المظفر ) ە، کە لە بەرواری (٨ ی / یولی/ ٢٠١٦) دا لە سایتی ( کتابات ) دا بڵاوی کردۆتەوە . . لە عەرەبییەوە وەرم گێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردیمان .    

تا ئیستا دوو جاری تر . . باسم لەوە کرد کە پیلانێک لە دژی دابڕانی کەرکوک لە کوردستان لە لایەن نەیارانی کوردەوە لە ئارادایە . . لە (١١ ی/ مای/ ٢٠١٥) دا، لە ژێر ناوی ( پیلانێک لە دژی کەرکوک لە ئارادایە ) لە سایتە کوردییەکاندا بڵاوم کردەوە . . ئاماژە بەوە کرد، کە نەیارانی دژی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان، بە پاڵپشتی دەوڵەتە ناوچەییەکان پشتگیری لە بیرۆکەی ( هەرێمی کەرکوک ) ی سەربەخۆ دەکەن . . ئەوە بوو ( حەسەن تۆران ) جێگری بەرەی تورکمانی و ئەندامی پەڕلەمانی عێراق، پار (٢٠١٥ ) ئەم باسەی وروژاند، عەرەبە شۆڤێنییەکانی کەرکوکیش پاڵپشتی لەم پرۆژەیە دەکەن . . ئێستا ئەم پرۆژەیە ( هەرێمی کەرکوک ) ی سەبەخۆ بە ئاشکرا باسی لێدەکرێت، پرۆژەكەش، پرۆژەیەکی تورکییە و پاڵپشتی لێدەکات، بۆ دابڕینی کەرکوک لە کوردستان .

کوا دەنگ و هەڵوێستی ئەو پارتە کوردییە دەسەڵاتدارانەی کوردستان، کە لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکاندا، درۆشمی ( کەرکوک دڵی کوردستانە ) و ( کەرکوک قودسی کوردستانە ) یان بە گوێی خەڵکی کوردستان، تایبەتیش بە گوێی کەرکوکییەکاندا دەدا ؟! . . ئەی ئێوە نەتان دەوت کەرکوک هێڵی سوورە ؟ ئەی سەرکردەکانی کورد ئێستا بۆ پشتان لە کەرکوک کردووە ؟ لە ئاستی کەرکوک قوڕوقەپاتان لێکردووە ؟ سەرۆکی کۆماری عێراق کە کوردە و لەسەر حیسابی کورد ئەم پۆستەی وەرگرتووە . . تا ئێستا چی کردووە بۆ گەڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان ؟! داوای ئەوەی کردووە کەقەزا و ناحییە دابڕاوەکانی کەرکووک بگەڕێنەوە سەر پاڕێزگایک کەرکوک ؟! ئایا داوای جێبەجێکردنی ماددەی ( ١٤٠) ی کردووە ؟
جا گەر نەوێری و نەتوانی و دەستی نەڕوات ؟ ئەو پۆستە چی سوودێکی بۆ کورد هەیە ؟ ئەی زیاتر لە (٦٥) پەڕلەمانتاری کوردمان لە پەڕلەمانی بەغدا هەیە . . ئەوان لەم خولەدا چییان بۆ کەرکوک کردووە ؟ . . وێراویانە داوای ئەوە بکەن یا بپرسن بۆ ماددەی ( ١٤٠) جێبەجێ ناکرێت . . ؟ لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکاندا . . گایەک بە قوڕگیانەوە دەچوو . . سەری شایان دەپەڕان و. . بە قسەی زل و دروشمی بریقەدار کەرکوکیان کردبوو بە بەهەشت . . مایەی پێکەنینیشە کە ناوی خۆیان نابوو خولی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان . . . ئای کە وا نەبوو ؟ . . ئەوە راستە کە بە دروی کاربەدەستانی باڵا دەڵێن سیاسەت . . ئەی وزیرە کوردە لە بە غەدا چییان پێدەکرێ وتا ئێستا چییان بۆ کورد . . بۆ کەرکوک کردووە ؟؟

ئەوەی کە جێی داخ و نیگەرانییە ئەوەیە، کە خودی پارێزگاری کەرکوک، ( نەجمەدین کەریم ) کە کوردە و کەرکوکییە و، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و مانەوەی کورسییەکەی . . پاڵپشتێکی سەرسەختی بیرۆکەی بە هەرێم کردنی کەرکوکە . ئێمە وامان زانی کە کوڕی شارەکەیە، زیاتر لە هەموو کەسێک داوای گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان دەکات . . کەچی بۆ مەرامی تایبەتی خۆی و، مانەوەی کورسییەکەی ئەو بە نهێنی و بە ئاشکرا پاڵپشتی لەم پرۆژەیە دەکات . . ؟؟

باشووری کوردستان زیاتر (٥٥) ساڵە، لە شۆڕشی ئەیلوولی (١٩٦١) ەوە، تا ئەمڕۆش شەڕ لەسەر کەرکوک دەکات . . چونکە کەرکوک کێشەیەکی چارەنووسازی نەتەوەییمانە . . کێشەی هەموو کوردستانە . . ئەگەر دەستمان لە کەرکوک هەڵبگرتایە، نە ئەنفال دەکراین و، نە کیمیاباران دەکراین و، نە پێنج هەزا گوند و شارۆچکەشمان وێران دەکرا و، نە بە سەدان رۆڵەی قارەمانی گەلەكەشمان شەهید دەبوون، هەموو ئەم قوربانییانەمان لە پێناوی کەرکوکدا داوە . . کەچی کەسانی دەسەڵاتداری خۆپەرست و پەرژەوەندی پەرست و کورسی پەرست و هەلپەرستی کورد لە کەرکوک کە لە پۆست پایەی باڵادا دەیانەوێت ئەو هەموو قوربانییانەمان بە فێڕۆ بدەن و، بمان هێننەوە سەر هیچ .

نەجمەدین کەریم وەکو پارێزگار و بەڕێوەبەرێکی بەڕیوەبردن . . نابەڵەدە و شکستی هێناوە .
گەورەترین گەندەڵیش ئەوەیە، کە کەسانی نەشیاو، پۆست و پایە باڵاکان قورخ بکەن . . بە توانای خۆیان و، بە پەیژەی شارەزایی و ئەزموون و لێهاتوویدا سەرنەکەوتوون، بە داخەوە لە کوردستانی ئێمەدا ( نە نان لە لای نانەوایە و . . نە گۆشتیش لە لای قەساب ) ە .
زۆریشن ئەو کەسانەی کە مامە حەمەیی دەکەن و ماستاو دەکەن و شان دەتەکێنن و پێڵاو دادەنێن . . شایانی ئەو پۆستە باڵایانە نین کە پێان سپاردوون . . بەڵام لەسەر بنەمای بنەماڵەیی و مەحسووبیەت و مەنسووبیەت و لەسەر شانی کەسانی تردا سەرکەوتوون . . ئەم گەندەڵییەیە کە باشووری کوردستانی گەیاندووە بەم بارودۆخە نەخوازراوە . . خەریکە کەرکوکیش بە دەردی مووسڵ لە دەست بدەین . . ململانی حیزبە سیاسییەکان و پایە و کورسی پەرستن کوردی ماڵوێران کردوون .

سازشکردن لەسەر کەرکوک گەورەترین ناپاکییە و هەرگیز لێبووردنی نییە . . ئەو کوردەی پاڵپشتی لە بە هەرێم بوونی کەرکوک بکات ناپاکە و، هەرگیز مۆری ناپاکی لێنابێتەوە . . چونکە پاڵپشتیکردن لە بە هەرێم کردنی کەرکوک، واتە فرۆشتن و لە دۆڕاندنی کەرکوکە . . دابڕانی کەرکوکە لە کوردستان . . بە فێڕۆدانی خوێنی شەهیدان و ئەنفالەکانمانن . . بە داخەوە پێشتر سەرکردەکانی کوردمان، لەسەر مێزی گفتوگۆدا کەرکوکیان دۆڕاند . . چونگە گەمەکەری سیاسی نابەڵەد بوون . . ئەگینا کەرکوک کە بەشێکە لە خاکی کوردستان بۆ رازی بوون کە ریفراندۆمی لەسەر بکرێت . . ؟ دەوڵەتی کوردیش بەبی کەرکوک دەوڵەت نییە . . چونکە لەش بەبێ سەر ناژی .

کەرکوک کوردییە و خاکی خۆمانە
بێ کەرکوک دەوڵەت ئارا چەمانە

نەجمەدین کەریم بۆی نییە بە ناوی کەرکوکییەکانەوە، پشتگیری لە بە هەرێم کردنی کەرکوک بکات . . هێچ کوردێکی دڵسۆز و کوردستان پەروەر . . هیچ کەرکوکییەک لە گەڵ بە هەریم بوونی کەرکوکدا نییە . . مەگەر تەنها نەجمەدین کەریم و کەسانێکی هەلپەرست و کورسی پەرست و بەرژەوەندی پەرست ئەمەی بوێت .
کەرکوک شارێکی کوردستانیە و، تا کوردێکی دڵسۆز بمێنێت دەست لە کەرکوک هەڵناگرین .

(*) ئەو دێڕە شێعرە . . یەکەمین دێڕی گۆرانییەکی هونەرمەندی کوردمان ( سەعدی فەیلی ) یە. . دەربارەی کەرکوک کە لە ساڵی (٢٠١٤) دا، بە عەرەبی و کوردی تۆماری کردووە .
( ٢٠١٤) دا بە عەرەبی و کوردی تۆماری کردووە .