له‌هاتوباتی ڕۆژانه‌ ئه‌وه‌ی باس ده‌کرێ له‌و هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ له‌زاری خه‌ڵکی سڤیل سیاسه‌ت نیه‌ به‌ڵکو باسی به‌ڕێوه‌بردنه‌ و له‌خراپترین ئاستیدا مێشکیانی جه‌نجاڵ کردیه‌ بێ سود و به‌رهه‌م، قورتقورتۆکی گرتیین ناهێلی هه‌ناسه‌ی ئاسوده‌یی بده‌ن! ده‌توانین بڵێین: خه‌ساندنی هۆش و توانای بیرکردنه‌وه‌ی دروسته‌.به‌ڵام ئه‌وان واده‌زانن هه‌رهه‌موویان سیاسین و له‌سیاسه‌ت ده‌گه‌ن! له‌ڕاستیدا سیاسه‌ت پێڕه‌وپڕۆگرامه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌ری داهێنان بۆ باشترین داهات و به‌ڕێوه‌بردن له‌لایه‌ن که‌سانی ئه‌کادیمی له‌سه‌نته‌ری زانستیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێ له‌چێوه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی شۆڕنابێته‌وه‌ به‌رده‌ستی هه‌مووان به‌ڵامێک لێره‌ چی ده‌گوزه‌رێ؟

سیاسه‌تی برسی کردن..

کورد له‌باشور له‌و چه‌ندساڵه‌ی ڕابردوو باری دارایی باش ببوو به‌ڵام پاره‌که‌ی نه‌دا به‌فێربوون و ‌پیشه‌سازی و پێشکه‌وتن یا وه‌به‌رهێنان به‌ڵکو دای به‌که‌ڵکه‌ به‌ردی خانوو دروستکردن! له‌ده‌ست کۆمپانیای سیاسی و کرێکاری فارس و تورکی کرد! که‌ هات تۆزه‌ک تێربن ویستیان بیگۆڕن به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، که‌س نه‌ما گازه‌نده‌ی نه‌بێ هه‌تا مه‌کته‌ب سیاسی و سه‌رۆک حیزبه‌کانیش به‌دبه‌ختانه‌ ده‌ناڵانه‌وه‌ که‌ له‌کێشه‌دان! خۆ کۆمه‌ڵگا خۆی به‌ڕێوه‌ نابات لۆ ئه‌و چار پێنج ملیۆنه‌ش ده‌بێ چه‌ند سه‌د که‌سانێک هه‌بن ئاڕاسته‌یان بکات به‌ڵام لێره‌ ئه‌وانه‌ کێن؟

سه‌رۆکی عه‌شیره‌ته‌کان..

پێکه‌نینتان نه‌یه‌ ئه‌و وراته‌ی ئێمه‌ سه‌ره‌ک عه‌شیره‌ت و تایفه‌ و بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌با به‌ڕێوڕه‌سمی عه‌قلی عه‌ره‌بی ئاینیه‌وه‌ واته‌ زانکۆ و زانست و ئه‌کادیمیا نیه‌! ده‌جاوه‌ره‌ له‌قوڕاوێ وه‌رمه‌چوو؟ سه‌رۆک و سکرتێر نیه‌ له‌داوی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان ده‌ربازی ببێ و نه‌بته‌ خۆراکی حه‌زیان! ئه‌وان ‌له‌گه‌ڵ سیسته‌می تۆلیتاری چه‌وسێنه‌رانه‌ و دیموکراتیش ده‌گونجێن به‌خزمخزمێنه‌ له‌ده‌نگدان هه‌رده‌یبه‌نه‌وه‌.چونکه‌ خێڵه‌کی بوون گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی داگیرکاران به‌جاشایه‌تی، به‌ئاسانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیی قۆڕغ ده‌که‌ن، له‌شۆڕشکردن ڕیشسپین پێشده‌که‌ون، له‌ئاین ده‌بنه‌ مه‌لابه‌خێوکه‌ر، جارێ له‌حیزبیش براوه‌ن به‌ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆییه‌وه‌‌.شه‌ڕی ناخۆ هه‌رئه‌وان به‌ڕێوه‌یان ده‌برد زستانان گه‌رمیان ده‌کرد کاتی دروێنه‌ش ڕایان ده‌گرت تا خه‌له‌ و خه‌رمانیان به‌ئاگردارێک نه‌سوتێ ئاخر سیسته‌م چۆن ده‌گۆڕێ؟

له‌باخچه‌ی ساوایان..

تاکی کورد تاکی جوتیاری به‌رهه‌متڕێنه‌ وه‌ک کرێکار نیه‌ له‌وڵاتانی سه‌رمایه‌داری له‌چل سعات کاری هه‌فته‌یه‌کدا به‌ڕێکخراوی به‌رهه‌می هه‌بێت وه‌ک دروستکردنی سعاتیك، ماشێنێک...تاد.به‌ڵکو ده‌روونناسی کورد بێ به‌رنامه‌ی کار و به‌رهه‌مه‌، ئیشی ئه‌وڕۆ ده‌خاته‌ سبه‌ینێ و به‌که‌مترین ڕازیه‌ له‌به‌ر ئاینه‌که‌ی له‌لایان هه‌رخوا که‌ریمه‌! جوتیار ڕۆژه‌ک باران بی کار ناکا و له‌بن دیواری مزگه‌وتێ مۆر ده‌بی، مه‌ڕوماڵات گاوگۆلیش به‌ژنه‌که‌ی خزمه‌ت ده‌کا تاده‌گاته‌ قوڕسواغی خانی ماڵ له‌پایزان جگه‌ له‌مێوان به‌ڕێکردن.ئه‌وانه‌ی مامۆستا و کارمه‌ندن ...تاد له‌ڕۆژێکدا دوو تا سێ کاتژمێر کار ده‌که‌ن، ماوه‌که‌ی دیکه‌ بێ به‌رهه‌می عینادی و پۆز و خۆپفدانه‌.ئینجا گۆڕینی سیسته‌م هێنده‌ گران نیه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌باخچه‌ی ساوایانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا بۆ وه‌به‌رهێنانی مرۆیی.

سه‌رمایه‌ی مرۆیی..

له‌کوردستان دوایین شته‌ بیری لێ بکرێته‌وه‌ یا پارێزگاری لێبکرێ هه‌تا سه‌رمایه‌ی نه‌وت و گه‌نده‌ڵکاری کۆی پڕۆژه‌ بازرگانیه‌کان هه‌بێ! واته‌ تاکی کورد لاوازه‌ و هه‌رده‌م له‌ئاغا و سه‌رکرده‌ ده‌گه‌ڕێ، پێشه‌نگی ده‌وێ هه‌ره‌می یه‌ پێشڕه‌وی ده‌وێ و دروست ده‌کا ئه‌گه‌ر کاریشی نه‌بوو ده‌رێ: شه‌ڕ له‌به‌تاری باشتره‌ واته‌ خودی خۆیان شه‌ڕه‌کان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن لۆ ئاغاکانیان.له‌ده‌سدان و بێ نرخی سه‌رمایه‌ی مرۆیی دوو هۆکار چه‌وسێنه‌ر و له‌باربه‌رین ئاین و خێڵه‌کێتیمان باسکرد.

ئاین..

چه‌قبه‌ستوی بازنه‌یه‌کی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئاینه‌که‌ سه‌پاو و خوازراوه‌ بێت واته‌ له‌ئازادی هۆشی کورده‌وه‌ هه‌ڵنه‌قوڵابێ که‌چی له‌عاره‌بستانه‌وه‌ هه‌نارده‌کرابێ به‌شه‌ق و خوێن دارێژرابێ و په‌روه‌رده‌ بکا.نه‌ده‌گۆڕێ و نه‌گه‌شه‌ ده‌کا که‌واته‌ بۆ داهاتووی هیچ سه‌رده‌مێک ناگونجێ ئه‌گه‌ر بادانه‌وه‌شیان تێداکرد که‌واته‌ له‌ئاین ده‌رچوونه‌ بووه‌ به‌سیاسه‌ت و پاوانی به‌رژه‌وه‌ندی خودا‌نه‌کانیان له‌مه‌زهه‌ب و ته‌ریقه‌تی شێخ و سۆفیگه‌ری...تاد.ئه‌وجا بانوقته‌کتان لۆ بگێڕمه‌وه‌ له‌شاری هه‌ولێر سواری ته‌کسی بووم پێمگۆت: ئه‌وکاته‌ت باش؟ کابرای ده‌م بۆگه‌نی له‌بن زگیه‌وه‌ نه‌ڕه‌ی عه‌ره‌بی لێوه‌هات گۆتی: عه‌له‌یکم الســــــــــــــــــلام و ڕه‌حمه‌توڵاهی وه‌به‌ڕه‌کاتوهــــــــوو.گۆتم: کاکه‌ ئه‌من به‌کوردی پێمگۆتی: ئه‌وکاته‌ت باش لۆ به‌عه‌ره‌بی وه‌ڵام ده‌ده‌یه‌وه‌؟ گۆتی: داتبه‌زێنم؟ گۆتم ئا به‌س یه‌ک دینارت ناده‌مێ؟ پێکه‌نی گۆتی: نا نا مامۆستا ده‌تگه‌یه‌نم چونکه‌ قسه‌ت خۆشه‌.ئینجا به‌پاره‌که لغاویم کرد!

زۆرگۆتن چاره‌سه‌ر خۆشه‌..

به‌ئاینداری و عه‌شیره‌تگه‌ری وڵات به‌ڕێوه‌نابرێ چونکه‌ هه‌موو سته‌مکاریه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانیه‌کان به‌و دوو ڕێگه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێ.دامه‌زراندنه‌وی تاکی کورد له‌باخچه‌ی ساوایانه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌موو داموده‌زگاکانیش ئازاد بکرێن له‌سیاسیه‌کان وه‌رگیرێته‌وه‌ بدرێته‌وه‌ ده‌ست تایبه‌تمه‌ده‌ ئه‌کادیمیه‌کان واته‌ دکتۆری بۆ دکتۆران، مامۆستایه‌تی بۆ مامۆستایان و هه‌تا دوایی، مه‌لاکادیره‌ حیزبیه‌کانیش به‌بێ جیاکاری له‌عیلمانی و سه‌له‌فی بێ سێ و دوو ته‌قاویت بکرێن چونکه‌ زۆربرێی بێ به‌رهه‌من وه‌ک مه‌لای گوندێک بێ ئیشوکار هه‌ر لۆ پێشنوێژی مه‌ڕ و بزن و قه‌ل و سه‌رفتره‌ و زه‌کات وه‌رده‌گرن کۆمه‌ڵگایان له‌به‌عرێ کرد هاهاهه هه‌موو هه‌ر به‌قسه‌ی وان داده‌مه‌زرێن به‌بندیواره‌کانیشه‌وه‌! ده‌رێن قسه‌ قسه‌ی ڕاده‌کێشی، ده‌زانم مایتی با ئه‌منیش لێره‌وه‌ بیبڕمه‌وه‌ وابزانم له‌ڕاوی قازه‌که‌دا ته‌قاندم و چیدی مێشکتان نه‌به‌م خۆ ده‌رێی به‌بێژینگێ ئاوێ ده‌کێشمه‌وه‌!

دڵشاد تاقانه‌