دایه‌لایه‌ ... دڵشاد تاقانە

ۆدا ۆدا هۆدایه‌که‌م
تۆ په‌رستگای نزایه‌که‌م
گه‌ر بکرێ بۆ جارێکیش
منیش لایه‌ لایه‌ت بکه‌م
منیش لایه‌ لایه‌ت بکه‌م
+ + +
هۆلای لایه‌ هۆلای لایه‌
دایه‌ی شیرین خه‌وت نایه‌
شه‌ونخونی تۆ بابه‌س بێ
ده‌چاوان لێک نێ هۆدایه‌
به‌زاره‌وه‌ی تۆ من ده‌یڵێم
ده‌لالی که‌ ئۆخه‌ی دایه‌
+ + +
هۆدایه‌که‌ی له‌دووره‌که‌م
قه‌ڵاو سه‌نگه‌ر و شوره‌که‌م
ئاوێته‌ی هه‌ستی پاکتم
بۆیه‌ هه‌رده‌م له‌ناختم
سروشی تۆیه‌ شادایه‌که‌م
خه‌وهێنه‌ره‌ لای لایه‌که‌م
+++
بوونه‌وه‌ر و مرۆڤایه‌تی
ژیا به‌سۆزی دایکایه‌تی
دایه‌ پایه‌ی هێنده‌ به‌رزه‌
سه‌ری یاسا و ڕێسایه‌تی
به‌ئاوازێ تۆ پێت خۆشه‌
منیش ده‌که‌م لای لایه‌تی
+++
مامۆستای ڕێنوینی می
پارێزه‌ری نهێنی می
به‌پرسین و ئامۆژگاری
بۆ ژیانی پر به‌ختیاری
فێرت کردووین بخه‌وین
به‌لای لایه‌ی کورده‌واری
+++
له‌ئامێز و سینه‌ی نه‌رمت
به‌هه‌ناسه‌ی پاک و گه‌رمت
به‌کۆرپه‌ڵه‌ت ده‌ناسێنێ
بۆنی به‌رۆک ترپه‌ی دڵت
بۆ دڵنیایی له‌دنیای نوێ
ده‌ لای لایه‌ی که‌ با بنوێ
+++
به‌ئازاری شه‌ونخونی
کۆرپه‌ی خنجیله‌ ده‌نوێنی
به‌ئاوازی مه‌ست سۆزه‌وه‌
هه‌ستی هه‌ستدار ده‌بزوێنێ
به‌زمانی زمان نه‌زانێ
به‌لای لایه‌ ده‌دوێنێ
+++

ده‌نگت سۆڵۆی مۆسیقایه‌
به‌رزه‌ پله‌ی سه‌مفۆنیایه‌
ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ران
سه‌ریان له‌مه‌دا سوڕمایه‌
چ به‌هره‌کی بێ هاوتایه‌
خۆشخوانیه‌که‌ی لایه‌ لایه‌
+++
لایه‌ لایه‌ی دایکان سازه‌
بێ ڕه‌خنه‌یه‌ به‌ بێ ڕازه
مرۆڤ ده‌باته‌ نه‌رمه‌ خه‌و
گوێ گری بی له‌نیوه‌شه‌و
ئاوازێکی گڕ خه‌مناکه‌
شادی به‌خشێکی بێ تاکه‌
+++
نووسه‌ی سه‌کته‌ی نێو ئاوازه‌
قوڵپه‌ی گریانی هاوڕازه‌
پێست زیپ ده‌کا لاوانه‌وی
سازه‌ ده‌روون به‌دوانه‌وه‌ی
لای لایه‌ی پڕ له‌گه‌وهه‌ره‌
باجی سینگ و تاجی ساره‌‌
+++
شیری مه‌مه‌ت بوو به‌خه‌ڵات
گه‌وره‌ بووین و گچکه‌ین له‌لات
به‌م ‌هه‌ورازه‌ی ته‌مه‌نه‌وه‌
یه‌که‌ یه‌که‌ سه‌رمان ده‌خات
فه‌رموو ساده‌ی نیوه‌شه‌وه‌
دڵ خاوکه‌وه‌ تێر بخه‌وه‌
+++
شلکه‌ی ڕانی نه‌رم و نیانی
کاتێ سه‌رده‌خه‌مه‌ بانی
په‌نجه‌ت قژم داده‌هێنێ
خه‌و به‌سه‌رما ده‌بارێنێ
ده‌سا فه‌رموو تۆ خه‌وبکه‌
به‌و نه‌ریته‌ی که‌ دات هانی
+++
هه‌رفرمێسکێ ده‌یڕژێنێ
خه‌م له‌ناخدا ده‌شۆرێنێ
به‌لای لایه‌ی میهره‌بانی
وام له‌پۆپه‌ی کامه‌رانی
ده‌ی دایکه‌که‌م چاو له‌خه‌وه‌
خودا بم که‌ی به‌قوربانی
+++
هۆ دایه‌که‌م هۆدایه‌که‌م
داهێنه‌ری لای لایه‌که‌م
له‌ڕووگه‌تا کڕنۆش ده‌به‌م
بۆ به‌رزیتا دروود ده‌که‌م
خه‌مخۆرێکی بێ وچانی
تۆ به‌خشه‌نی هه‌ست و گیانی
تۆ په‌خشه‌نی هه‌موو ژیانی

دڵشاد تاقانه‌