لە دووری (١٨٠) کیلومەتری ئیستۆکهۆڵمی پایتەختی پاشایەتی ووڵاتی سوێد، لە سەر ئەرزیکی بەرین و سەر سەوز وەکو هەموو شارەکانی ئەم ووڵاتە دیموکراتییە لە باکووری کیشوەری ئوروپا، شاری (ئوربروÖrebro=) وەکو بووکیکی رازاوەی شارەکانی سوێد و ئەستێرەیکی گەشی هەرێمی "سڤەیالاند Svealand=" لە ناوەندی ئەم مەملەکەتە مرۆڤ دوستە کە لە ڕۆژەکانی دژوار و پڕ ئازار باوەشی بۆ ئیمەی کوردی چەوساوە و بێ ووڵات و دەربەدەر کرد و هەموو پێداویستیەکانمان بۆ دابین کرد بە ڕێزوخۆشەویستیەوە. ئێمەی کوردی ئەمەک دار و با ویژدان، هیچ کات بە هیچ شێوەیک ئەم مرۆڤایەتیە، کە گەلی سوێد لە ڕۆژی ڕەش تاڵ لەگەڵ ئیمەی کوردی چەوساوە کرد، هەرگیز لە بیر ناکەین هەتاهەتایە.

پاش ساڵی (١٩٨٠) کە شەڕی هەشت ساڵەی بێ ئەنجام لە نێوان عێراق و ئێران دەستی پێ کرد، لەکاتی ئەو شەڕە ڕژێمی بەعسی تاوانبار بە فەرمانی سەرۆکە گۆڕبەگۆڕەکەی شارەکان و گوندەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەو پەڕی بێ بەزەیی کیمیاباران کرد، لەسەر هەموویانەوە شاری هەڵەبجەی خۆبەختی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان. بەڵام، ئەعرابەکانی "داحس وغەبرا" لە سنووری ئەم تاوانە گەورەیەش نەوستان و پاشان ئەنفالی خەڵکی باشووری کوردستانیان کرد کە (١٨٢٠٠٠) کوردی بێ گوناح بێ سەروشوێن کردن و چوار هەزار شار و گوندی باشووری کوردستان وێران کردن بە یەک جاری، لە بەرامبەر ئەم هێڕشە نامرۆڤانەی بێ هاو هێزە     (غيرمتکافئ) هیچ چارە و ڕێگاییک لە بەر دەم ئەم خەڵکە ئاشتیخوازە و لێ قەوماوە نەما بێجگە لە هەڵبژاردنی مەرگ بە دەستی ئەعراب بە بۆمبی ژەهراوی، یا ڕێگای ئاوارە بوون و کۆچکردن هەڵبژێری بەروە هەندەران، ئەوە بوو زۆر لە خەڵکەکە کۆچکردنەکە هەڵبژارد و ڕووی کرد بەرەو ووڵاتانی ڕۆژئاوای ئوروپا و بەتایبەت ووڵاتی سوێد، لەبەرئەوەی کە ئەم مەملەکەتە ناوەندی دیموکراتییەتە لە جیهان دا، دیسانەوە ڕێز و حورمەتی تایبەت بۆ مرؤڤ دادەنێ. ئەوە بوو لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابڕدوو ڕەوەندی کوردی لە شارەکانی ئەم ووڵاتە مرۆڤ دوستە نێشتە جێ بوون.

لەسەرەتای نیشتەجێ بوونی ڕەوەندی کوردی لە ئیستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کوردانی وڵات پاڕێز، بەخێرا فدراسیونی کۆمەڵە کوردستانیەکان لەم شارە دامەزراندن، کە لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی دا وەکو باڵیۆزخانەیک بوو بۆ پێوەندی کردن لە گەڵ دام و دەزگای ئەم وڵاتە و دیسان وەکو خانووی گەل بوو بۆ هەموو پەنابەرانی کورد لە مەملەکەتی سوێد. بەڵام پاش سەرکەوتنی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی کوردی، لە هەرێمی کوردستان، ئیستا ئەو نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ئەکا لەم ووڵاتە و لە ووڵاتنی تری جیهان. فدراسیونی کوردستانیەکانیش ئیشی خۆی ئەکا لە خزمەت کردن بە داب و نەریتی کوردی و هەندی ئیشی تر کە پەیوەندی لەگەڵ پێوستیەکانی ڕۆژانەی ڕەوەندی کوردی دا هەیە. کۆمەڵەکەی ئێمەیش لە شاری (ئوربرو=Örebro) لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە هەۆل وهیمەتی کوردانی دڵ سۆزی ئەم شارە ناو براوە هاتە دامەزراندن، بەڵام چەند ساڵ تێ پەری بە سەر دامەزراندنی لۆکاڵی تایبەتی خۆی نەبوو، کەچی ئەمڕۆ بە هەوڵ و کوششی کوردانی خەبات گەر و تێکوشان کۆمەڵەکە بوو بە خاوەنی لۆکاڵی تایبەتی خۆی، کە هەموو ڕۆژ لە کاژێری پێنجی ئێوارە تا هەشتی شەو دەرگاکەی بازە بە ڕووی هەموو کوردستانیان. ئەمەیش ناونیشانەکەیە:" Karlslundsgatan18 70341 Örebro" دەستەی کارگێری کۆمەڵەکە، پاش سەرکەوتنیان لە کۆنگرەی ساڵانە لە بەرواری (١٣ ٠٢ ٢٠١٦) لەم کەسایەتیانە پێکهاتووە:١- هەڤاڵی بەڕێز (فەرهاد عەلی) بەرپرسی کۆمەڵە. ٢- مامۆستا (سابیر قادر)جێگری بەرپرس. ٣- مامۆستا (محەمەد وەیسی) سکرتێری کۆمەڵە. ٤- هەڤاڵ (محەمەد ئەمین) بەرپرسی دارایی. ٥- خوشکە (درەخشان محەمەد)بەرپرسی پەیوەندیەکان. ٦- خوشکە (ئاواز سابیر)بەرپرسی ژنان. ٧- هەڤاڵ (بەهمەن محەمەد) بەرپرسی لاوان. ٨-هەڤاڵ (حەسەن عەلی) بەرپرسی کەلتوور. چالاکی کۆمەڵەی کوردستانیەکان بە سەرپەرەشتی ئەو هەڤاڵانە بەم شێوەیەوە:١- بەشداری کردن بە سێ وتار بە کوردی و عەرەبی و زاراوەی فەیلی یا کەڵهۆری لە ڕۆژی خۆبەختەکانی فەیلی بەدەستی حکومەتی لەناوچووی عێراق. ٢- ڕێزلینان لە دەرچووانی قوتابیانی کورد و خەڵات کردنیان بە پێنج کۆمپیوتەر (داتە). ٣- ڕێزلینان لە مامۆستایانی زمانی کوردی. ٤- جەژن گرتن بۆ ڕۆژی ژنان لە لۆکاڵی کۆمەڵە. ٥- یاد کردنەوەی ڕۆژی کیمیا بارانی شاری هەڵەبجە لە لایانی رژێمی بەعسی تاوانبار. ٦- ساز کردنی ئاهەنگ و داگیرساندنی ئاگری ناورۆزی پیرۆز. ٧- سەیرانی خێزانی بۆ دوو ڕۆژ بە بێ بەرامبەر، لەسەر حسابی کۆمەڵە. ٨- پارە کۆ کردنەوە بۆ یارمەتی دانی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە کەمپەکانی هەرێم. ٩- بەرپا کردنی تەعزیە و ماتەم لە لۆکاڵی کۆمەڵە بە ئامادە بوونی دەستەی کارگێر یا کەسێک لیان. ١٠- ئامادە بوونی دەستەی کارگێری کۆمەڵەی کوردستانیەکان لە زۆربەی خۆشی و ناخۆشی ڕەوەندی کوردی لەم شارە. کۆمەڵەی کوردستانیەکان سوپاسی تایبەتی بەرپرسی پێشوی کۆمەڵەکە ئەکا هەڤاڵی بەڕێز (عەلی فەیلی) بۆ ئەو ئەرک و ماندووبوونەوەی کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو کێشا بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵەکە. خوێنەری هێژا، ئەمەی کە بەڕاشکاوی بۆتان باس کردین تۆزی بوو لە چاڵاکیەکانی دەستەی کارگێری کۆمەڵەی کوردستانیەکان لە ڕابردوو ئەخەینە بەر دیدەی ڕەوەندی کوردی لە پارێزگای (ئوربروÖrebro=) و هەر کوردێکی ئابڕوودار کە خۆی وەکو کورد و کوردستانی ئەناسێ؟.

تێبینی: ئێمە بە ناوی کۆمەڵەی کوردستانیەکان پێشنیار ئەکەین، لەبەر بوونی سەدها هەزار کورد لە هەندەران، هیوادارین حکومەتی هرێمی کوردستان وەزارەتیک داهێنی بە ناوی "وەزارەتی ئاوارەکان" تا ناوی هەموو ئاوارەکانی کورد لای خۆی تومار بکا و ساڵانەیش کۆنگرەی بۆیان بگری تا خۆیان باشتر ڕێکبخەن بۆ سەرکەوتنی کوردستانەکەیان. دیسانەوە، ناوی هەموو کۆمەڵە کوردیەکان لە لای ئەو وزارەت و وەزارەتی ناو خۆ تومار بکرێ تا وەکو ڕێکخراوە کۆمەڵگا سڤیلەکان حسابیان بکەن (منظمات المجتمع المدني) لە دەرەوەی ووڵات.

١٨ ٠٦ ٢٠١٦    

دەستەی کارگێری کۆموڵەی کوردستانیەکان