TPL_OFFCANVAS_EMPTY_ERROR
1826 Locust Street, Bainbridge support@templaza.com
×

Warning

Unable to find a user with the ID: 995

لە ئافرەتە ناودارەکانی کورد ئاشیناز بارزانی . . رەزا شوان

یەکێک لە ئافرەتە ناودارەکانی کوردی جوولەکە، زانا و دانا و مامۆستای گەورە و ناوداری کوردمان، خاتوو ( ئاشیناز بارزانی : ١٥٩٠ـ ١٦٧٠ز ) کە لە شاری (مووسڵ) ی کوردستانی لە باشووری کوردستان لە دایکبووە .

کوردستان لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، لانکەی ئـازادی و فـرە ئاینی و مەزهەبی و پێکەوەژیان و ئاشتی بووە . . نەیارانی کوردستان پێش دۆستەکـانمان دان بە ئەم راستییەدا دەنێن . . وەکو ئاینی زەردەشـتی، ئیسلام، ئێـزیدی، مەسیحی، جوولەکە، کاکـەیی، بەهـائی . . لە کوردستاندا، توندڕەوی و دەمارگیریی ئاینی نەبووە و نییە و کورد هەردەم گەلێکی کراوە بووە . . یەکێک لەو ئاینانەی کە تا ئەمڕۆش بە رێژەیەکی کەم لە کوردستاندا بوونی هەیە ئاینی جوولەکـەیە . . بـاوەڕدارانی ئەم ئاینە، بە ئەوپەڕی ئـازادییەوە، ئـازادن لە جێبەجێکردنی رێورەسمی ئاینی و جەژنە پیرۆزەکانیان، لە ئەمڕۆدا زیاتر لە (٤٠٠) خێزانی کوردی جوولەکە لە کوردستاندا هەن . . بە شێوەیەکی فەرمیش حکوومەت و پەڕلەمانی باشووری کوردستان دانی پێنان و . . ( شێرزاد عومەر مامسانی ) کرا بە بەڕێوەبەری جوولەکەکان، لە وەزارەتی ئەوقافی کوردسـتاندا . . لە رۆژی دوو شەممە ( ٣١ ی/ نۆڤەمبەری/ ٢٠١٥) بۆ یەکەمین جاریش لە پارکی شانەدەر لە شاری هەولێر، لە باشووری کوردستاندا، یادی تراژیدیـای سەربڕینی جوولەکەکـانی بەغـدا کرایەوە . . ئەوەبوو لە یەکەمین و دووەمین رۆژی ما نگی ( یۆنیۆ/ ١٩٤١) دا، لە شاری بەغدا، (١٠٠) جوولەکەیـان سەربڕی و کوشتیان و، سەروەت و سامانیشیان تاڵان کـردن . . ئەم تاوانە بە سەربڕینی ( فەرهــود ) ناودەبرێت . . کە تا هەتایە پەڵەیەکی شەرمەزاری و قێزەوەنە بە نێوچەوانی حکوومەت و سوپای عـێراقەوە . لە ساڵانی دواتریش بە تاوانی سیخوڕیکردن، رژێمی عێراق ژمارەیەک جوولەکەی لە سێدارە دا .

بێگومان بەشی هەرەزۆری جوولەکەکانی کوردستان، بە رەسەن کوردن و کوردستانین . . کوردن و بە ئارەزووی خۆیان چوونەتە سەر ئاینی جوولەکە . . بەشێکیشیان ئەو جوولەکە رەسەنانەن . . کە ( ٢٨٠٠) ساڵ بەر لە ئێستا . . لە لایەن ئاشوورییەکان و، لە شاڵاوەکانی یەخسیرکردن و دوورخستنەوەی جوولەکەکان لە لایەن ( بابلییەکان) ەوە، بە تایبەتیش لە سەردەمی شای بابلی ( نەبوخەز نەسر ) کە بە زۆر و زۆرداری، جوولەکەکانیان لە وڵاتی خۆیانەوە لە ( جوولەکەستان . . ئیسرائیل ) ەوە، هێنایانیان بو عێراق و، بە زۆریش بۆ کوردستان . . جوولەکەکان لە هەموو شارەکانی کوردستاندا بوونیان هەبوو، جوولەکەکان لە شارەکانی کوردستاندا، پەرستگای ئاینی و گۆڕستانی تایبەتی خۆیان هەبوو . . لەو شارانەش لە : مووسڵ، کەرکـوک، هەولـێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، ئامێدی، کۆیە، پێنجوێن، بارزان، رەواندوز، ئاکرێ، خانەقین، قووش، ئامەد، ئۆرفە، مێردین، سلۆپی، قامیشلو، سنە، ورمێ، کرمـاشان، هەمەدان، نەغەدە، شنۆ و . . لە چەندێن شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی تری کوردستاندا جوولەکە هەبوون . . جوولەکەکانی کوردستان بە زمانی کوردی و، بە زمانی ئارامی دەدوان . . بەپێی جۆر و ستایلی جلوبەرگی ژنان و پیاوانی ئەو شوێنانەی کە لە کوردستاندا لێی دەژیان، جلوبەرگی کوردییان لەبەردەکرد . . بە خشڵی زیو و بە تەتکە و موورووی کوردەواریش خۆیان دەڕازاندەوە . . نەریت و رەوشتی کۆمەڵایەتییان کوردەواری بوون . . زۆر بێوەی بوون .
بەشێک لەو خشڵ و ملوانکانە و لەو جلە کوردییانەیانەی کە جوولەکەکـانی کوردستان لە بەریان دەکردن و خۆیان پێدەڕازاندەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک وێنەی فۆتۆگرافییان و، لەگەڵ کۆمەڵێک کەرستە بەکارهێنراوەکانیان . . لە ئێستادا لە مۆزەخانەی شاری ( ئۆرشەلـیم ) ی پایتەختی ئیسرائیل دا، دانراون .                  
من قوتابی بووم لە ( قوتابخانەی شۆڕیجەی سەرەتایی ) لە کەرکوک، لە دووری سەد مەتر لە باکووری قوتابخانەکەمانەوە گوڕستانێکی جوولەکەکان هەبوو، گۆڕەکانیشیان لە شێوەیەکی شەش پاڵـووی سەنووقیدا بوون، لە گەچ و قایە دروست کرابوون . . بە داخەوە لە ساڵی (١٩٦٣) دا، لە لایەن رژێمی بەعسی شۆڤینییەوە ئەو گۆڕستانەیان بە شۆفڵ تەختکرد . . تا ئەمڕۆش لە گەڕەکی ( پیریـادی ـ کەرکوک ) کە بە ( گەڕەکی جوولەکەکان ) یش ناویان دەبرد . . کە گەڕەکێکی جوولەکە و کوردنشین بوو، هەندێ لەخانووەکانی جوولەکەکان تا ئەم دواییەش مابوونەوە و تێکنەدرابوون، کە هونـەر و نەقشسازی و بیناسازی تایبەتی جوولەکەکانیان پێوە دیاربوون . . بەڵکو ئەو قوتابخانەیەی من لە سەرەتایی لێمدەخوێند لە گەڕەکی ( شۆڕیجە ـ کەرکوک)، لە نزیکی گەڕەکی پریادی بوو . . دوو خانووی جوولەکەکان بوون دیوار لە نێوانیاندا نەبوو . . لەسەر دیـوار و کۆڵەکەکانیاندا، نەقشی جـوانیان بەسەرەوە بوون . . زۆربەی جوولەکەکانی کەرکوک و شارەکانی تری کوردستان لە ساڵی (١٩٤٨) دا، کە دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا، لە لایەن حکوومەتی عێراقـەوە، فشار خرایە سەر جوولەکەکانی کوردستان و عێراق . . ماڵ و سامان و دوکان و خانووەکانیان بەجێهێشتن و کۆچـیان بۆ ئیسرائیل کـرد . . بەشێکی زۆری جوولەکەکـانی کوردستان حەزیان ناکرد کۆچ بکەن، پێان خۆشبوو کە لە کوردستاندا بمێننەوە . . تا ئەمڕۆش چەندین خـێزانی کوردی جوولەکـەی کوردڕەسەن و، جوولەکەڕەسەن، لە شارەکانی رۆژهـەڵاتی کوردستاندا ماونەتەوە . . ژمارەیەکی زۆر کەمیان بوون بە ئیسلام .

تا ئەمڕۆش لە شارەکانی کوردستاندا، شوێنەواری پەرستگا و گۆڕی هەندێ لە پێغەمبەرەکانی جوولەکەکان ماونەتەوە، لەوانەش گۆڕی( دانیال ) پێغەمبەر لەسەر قەڵاکەی شاری کەرکوک، هەر بە تەنیشتی گۆڕێ دانیالەوە، گۆڕێ پێغەمبەر ( شادراخ ) یا (حەنین) هەیە . . گۆڕی یۆنان ( یونس ) پێغەمبەر لە شاری مووسڵ . . گۆڕی ( ناحـوم ) پێغەمبەر لە شارۆچکەی قـووش . . گۆڕی ( ناسانیل ) و، گۆڕی ( شمۆئیل لاوی بـارزانی ) لە شاری ئامـێدی، ( گەڕەکی جوولەکەکان ) لە شاری سلـێمانی، ( ئاستەر ) و ( مۆردوخای ) لە هەمەدان، ( حەباکۆک ) لە ( تویسرکان )، ( دوو پەرستگا ) ش لە شاری سنە، . . . هتد .

جوولەکەکان زۆر ئیشکەر و چالاک و دەست رەنگین بوون، دانامان و هەموو ئیشێکیان دەکرد . . کشتوکـاڵ، و شوانکاری، بازرگـانی، ئاژەڵـداری، پیشەزای، دارتاشی، دوکـانداری، بەرگدوووری، رستن و چنین و تەونکاری، . . . هتد . تێیاندا هەبوو فرۆشیاری گەڕۆک بوون، بابەتی منداڵان و ژنانیان دەفرۆشتن و، بە سواری ئەسپ دێ بە دێی کوردستان دەگەڕان و، شتەکانیان بە پارە و گەنم و جۆ دەفرۆشتن، پێیان دەوتن ( دێـوەرە ) . . جوولەکەکانی کوردستان، گەورەتـرین رەوەنـدی جوولەکە بوون لە جیهانـدا، لە دەرەوەی ئیسرائیل دا . بەشێکی تری لەو جوولەکانی کە لە کوردستاندا مابوونەوە، لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا بەشێکی تریان چوون بۆ ئیسرائیل . . لە ئێستادا زیاتـر (٢٥٠) هـەزا کوردی جوولەکە لە شارەکانی ئیسرائیل دا دەژین . . لەم ژمـارەیەش (١٢٥) هـەزاریـان، لە شاری ( ئۆرشەلیم ) ی پایتەختی ئیسرائیل دەژین . . تا ئەمڕۆش بە تەمەنەکانیان بە زمانی کوردی و ئارامی لە ماڵەوەدا دەدوێن و، لەسەر داب و نەریتی رەسەنی کوردی ماونەتەوە و، ساڵانەش بە جلوبەرگی کورییەوە، ئاهەنگی جەژنی نـەورۆز دەگێڕن و، گۆرانی و بـەزم و هەڵپەڕکێی کوردی سازدەکەن و. . خواردنی کوردیشیان زۆر بەلاوە پەسەندە. . شانازیش بە کولتوور و بە نەریتی کوردی و، بە یادەوەرییەکانی کوردستانەوە دەکەن . . شایەنی باسیشە بە دەیان سەرکردەی پایەبەرز و پلە باڵا و، ناوداری خـاوەن بڕوانامەی دکتۆرا و، سیاسەتمەدار و ناسراوی جوولەکەکان، لەو کوردە جوولەکانەن کە لە کوردستاندا لە دایکبوونە . . سەرۆکی دەوڵـەتی ئیسرائیل، لە لیدوانێکیدا وتی : ( جوولەکەکـانی کوردسـتان لە ئیسرائیلدا، شارەزاترین هۆزی جوولەکەن لە کشتوکاڵدا لە هەموو جیهاندا . . ) بەشێکی زۆری کوردە جوولەکەکانی ئیسرائیل حەزدەکەن بگەڕێنەوە بۆ کوردستان .

دێینە سەر سەرناوی باسەکەمان، زۆر بە کورتی ئافرەتێکی ناوداری کوردی جوولەکەتان پێدەناسێنین . . کە ناوی ( ئاشیناز بارزانی ) یە . . لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا بە ( ئاسینات بارزانی ) ناویان بردووە .

خاتوو ئاشیناز بارزانی کە لە ساڵی ( ١٥٩٠ـ ١٦٧٠ز ) ژیاوە . . لە شاری مووسڵ لە باشووری کوردستان لە دایک بووە . . ئاشیناز، کچی زانا و دانا و مامۆستای بە ناوبانگ رابـی ( شمۆئـیل ناسانیل لاوی بـارزانی ) یە . . کە کوردێکی جوولەکە بوو، پیاوێکی زۆر ئـازابوو، دانـا بوو، زانایەکی زۆر بە ناوبانگ و، مامۆستایەکی شارەزابوو لە ئاین و لە شەریعەتەکانی جوولەکەدا . . لە بارەی کتێبی تەوراتی پیرۆز و تیلمودا، زۆر شارەزابوو، ( تیلـمود : لە دوای تەورات، گرنگترین کتێبی ئاینی جوولەکەیە، کە کۆمەڵێک رێنمایی و شەریعەت و دەستوور و نەریتە باوەکانی جوولەکە و، فەلسەفەی ئاینی و ژیانی لە خۆ گرتووە، تیلمود کتێبێکە بۆ فێرکردنی بنەماکانی ئاینی جوولەکە) . . شمۆئیل بارزانی سەرۆک و خۆشەویستی هەموو جوولەکەکانی کوردستان بوو، دامەزرێنەری ( یەشیبا )ی واتە قوتابخانەی ( تیلمودی) بوو لە شاری مووسڵ، یەکەمین سەرۆک و یەکەمین مامۆستای قوتابخانەکەش بوو . شمۆئیلی زانا و مامۆستا، کە رابەرێ ئاینی جوولەکەکانی کوردستان بوو، زۆر بە شار و بە شارۆچکەکان و بە دێیەکانی باشووری کوردستاندا گوزەری دەکرد . . بۆ بەسەرکردنەوەی جوولەکەکان و رێنماییکردنیان . . جوولەکەکانی کوردستان شمۆئیل بارزانیان زۆر خۆشدەویست و، زۆر رێزیان لێدەگرت، بە میری خۆیان دەزانی . گۆڕی ئەم زانا کوردە جوولەکەیە لە شاری ئامێدی یە.

( ئاشیناز شمۆئیل بارزانی ) کچێکی جوان و، شیرین دوو بوو، زۆر زیرەک و و بلیمەت و دانا و زانا بوو . . ئاشیناز لە شمۆئیلی باوکییەوە فێری خوێندنەوە و نووسین و، بنەماکانی ئاینی جوولەکە و، خوێندنەوەی تـەورات و تیلـمود و بوو . . فێری شیکردنەوە و لێکدانەوەی پەند و نهێنییەکانی کابالا بوو ( کابالا : بیروباوەڕێکی رووحـانی و فەلسەفیـیە، ژیـان و گـەردوون و خـواوەنـدی شیدەکاتەوە، بڕوانـامەیەکە، کە هانی مرۆڤ دەدات بۆ کارکردن، یا دینداری کردن، یا شتێکی لەم بابەتانە . . )، ئاشیناز وەکو زیرەکترین قوتابی هەر لە قوتابخانەکەی باوکیدا درێژەی بە خوێندن دا . . لە باوکییەوە فێری زانیارییەکی زۆر بوو . . تا رادەیەک کاریگەریی باوکی لە ژیانیدا رەنگی دایەوە .

حاخام ( یاکوب ئابراهام میزراحی ئامێدی ) ی کورە مامی ئاشیناز، کە خەڵکی ئامێدی بوو، مامۆستا و زانایەکی گەورە بوو . . سەرۆک و مامۆستای یەشیبا (قوتابخانە )ی ئامێدی بوو . . خوازبێنی ئاشینازی لە باوکی کـرد . . باوکی ئاشیناز، مەرجی رازی بوونی بۆ دانـا . . مەرجەکەشی ئەوە بوو، کە نابێت ئاشینازی کچی بە کار و، بە ماڵدارییەوە سەرقاڵ بکرێت . . پێویستە درێژە بە خوێندنەکەی بدات و، کابـالا و تیلمود بخوێنێتەوە، بە وانەوتنەوەش خۆی سەرقاڵ بکات . . ئاشیناز بەم مەرجە شووی بە ( یاکوب ئامێدی )ی پسمامی کرد . . کوڕێک و کچێکیان بوو . . حاخام ( یاکوب ئابراهـام ئامێدی ) بوو بە سەرۆکی قوتابخانەی( یەشیبا ) ی تیلمودی لە شاری مووسڵدا . . ئاشینازی هاوسەریشی لە هەمان قوتابخانەدا بوو بە مامۆستا و، وانـەی دەوتەوە .
لە تەمەنێکی بچووکدا ( یاکوب ئابراهام ئامێدی) کۆچی دوایی کرد . . ئاشیناز بەرپرسێتی خێزانی کەوتە ئەستۆ . . بووش بە سەرۆکی یەشـیبای مووسڵ . ئاشیناز یەکەمین ئافرەت بوو لە مێژووی هەموو جوولەکەکانی جیهاندا، کە بۆ یەکەمین جار لە کوردسـتاندا، بوو بە سەرۆکی یەشیبای تیلمودی بەناوبانگ . ئاشیناز قوتابخانەکەی زۆر پێشخست و، بوو بە زانستگایەکی ئاینی بـەرزی جوولەکەکان لە کوردستاندا، چەندین قوتابی لەسەر دەستی ئاشیناز پێگەیشتن و، کارگەریی لە سەریان هەبوو . . لە دوای مردنی باوکیشی، ئاشیناز هەموو کارە ئاینییەکان و زانستییەکانی باوکی بەڕێوەدەبرد .
ئاشیناز بە یەکەمین ئافرەتی مامۆستای تەورات لە کوردستاندا ناسراوە .

ئاشیناز، مامۆستایەکی گەورە و زانایەکی بلێمەت و شارەزایەکی بە توانا بوو لە راڤەکردنی تەورات و تیلمود و، لە شەریعەتەکانی ئایینی جوولەکەکان دا . . بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشە ئاینییەکانیان، راوێژیان پێدەکرد . . ئامۆژگاری و رێنمایی و چارەسەری پێویستی بۆ دادەنـان .
ئاشیناز وەکو باوکی، بێ ئەوەی گوێ بە مەترسی و، بە سەختی رێگاکان بدات، سەردانی زۆربەی شار و شارۆچکە و، ئەو دێیانەی باشووری کوردستانی کرد، کە رێژەیەکی زۆری جوولەکەیان لێبوون . . سەردانی پەرستگاکان و قوتابخانە ئاینییەکانیانی دەکردن و، ئامۆژگاری و رێنمایی پێویستی دەکردن . جوولەکەکان زۆر ئاشینازیان خۆشدەویست و، زۆر بە گەرمی و شکۆداری و، بە ئەوپەڕی رێزەوە پێشوازی شایستەیان لێدەکرد و، بەخێرهاتنیان لێدەکرد .
ئاشیناز بارزانی بە بۆنەی ( جەژنی سەری ساڵی جوولەکەکانەوە، سەردانی شاری ( ئامێدی ) لە باشووری کوردستان کرد . . شاری ئامێدی بە پایتەختی جوولەکەکانی کوردسـتان ناودەبرا . . خەڵکی ئامێدی پێشوازییەکی گەرمیان لە ئاشیناز کرد . . لە ئامێدی لە شەوی جەژنی جوولەکەکان دا، لەبەر تریفـەی مانگەشەودا . . بە بەشداری خاتوو ئاشیناز، جوولەکەکانی شاری ئامێدی، بە جلوبەرگی کوردییەوە، ئەو شەوە تا بەیانی زەماوەند و ئاهەنگێکی شایستە و زۆر خۆشیان لەگەڵ خاتوو ئاشینازدا گێـڕا . . گۆڕی باوک و گۆڕی باپیری ئاشیناز، هەر لە پەرستگای شاری ئامێدی دایە . . بەڵام دەربارەی شوێنی کۆچی دوایی ئاشیناز و گۆڕەکەی لە کوێ دایە . . هیچ زانیارییەکم بەرچـاو نەکەوت . . لەوانەیە هەر لە شاری مووسڵدا، کۆچی دوایی کردووبێت .

شایانی باسیشە ( ئاشیناز بارزانی ) شاعیرێکی بە تواناش بوو، لە شاعـیرە ئافرەتە هەرە لە پێشینەکانە . . ئاشیناز بە زمانی ئارامی شیعرەکانی دەنووسی ( ئارامی زمانی بەشێک لە جوولەکەکانی کوردستان بوو . . زمانی ئارامی پڕە لە وشەی تێکهەڵکێشی کوردی و عیبری و فارسی و عەرەبی ) ئاشیناز بەم زمانە شیعرێکی درێژی لاواندنەوەی نووسیوە . . نەک هەر لە کوردستان دا، بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتدا، لەو سەردەمەدا، ئەوە شتێکی دەگمەن بووە، کە ئافـرەت ببێت بە شاعـیر و، شیعر بنووسێت و . . بڵاوی بکاتەوە .

جوولەکەکان نازناوی ( تەنائیب ) یا ( رابی ) یان بە ئاشیناز بارزانی بەخشی . . ( تەنائیب : واتە مامۆستای تەورات، زانا و بلیمەت، توێژێنەر و، شارەزای تیلمود، ئاینـزانی ئاینی جوولەکە ) . . ئاشینازی کوردستانی، یەکەمین ئافرەتی جوولەکەیە، لە مێژووی هەموو جوولەکەکانی جیهاندا، کە ئەم نازنـاوەیـان پێبەخشیبێت . . چونکە ئەم نازناوە تەنها بۆ رابینە پیاوەکان ( بۆ مامۆستایانی زانا و باڵای ئاینی جوولەکە ) قورخکرابوو . . ئەو شتێکی جیاوز و دەگمەن بوو . . کە ئاشیناز شایانی ئەم نازناوە باڵایە بێت و پێیببەخشن . . تا ئێستاش تەنها ئافرەتەتی جوولەکەیە لە هەموو جیهاندا، کە ئەم نازناوەی پێدرابێت .

رەزا شوان
نەرویـج : (٥/ ٥/ ٢٠١٦)


    

Your Cart

{loadmoduleid ? string:260 ?}

Login

{loadmoduleid ? string:261 ?}