TPL_OFFCANVAS_EMPTY_ERROR
1826 Locust Street, Bainbridge support@templaza.com
×

Warning

Unable to find a user with the ID: 995

تورکیا لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانەوە بۆ کۆمەڵكوژی کورد . . رەزا شوان

  لە زۆر شوێنی جیهاندا، تاوانی کۆمەڵکوژی ( جینۆساید ) و، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، لە دژی گەلانی ئازادیخـوازی ماف زەوتکراو و، خـاک داگیرکراو ئەنجام دراون، کە تا هەتایە ئەو تاوانانە پەڵەی شەرمەزارین، بە تەوێڵی ئەنجامدەرانیان، بە تەوێڵی رژێمە میراتگرەکـانیشیانەوە، لەوانەش : جینۆسایدی ئەرمـەنییەکـان، جینۆسایدی جوولەکەکان ( هۆڵـۆکۆست )، جینۆسایدی کورد لە باشووری کوردستان ( ئەنفـال و کیمیابـاران )، کۆمەڵکوژی لە باکووری کوردستاندا لە ( دێرسـیم، ئامـەد، ئاگـری داغ، دۆڵـی زیـلان، رۆبـۆسکی ) کۆمەڵکوژی لە روانـدا، لە یوگسلاڤیا لە ( بۆسنە، هێرسک، سربیا )، لە سودان لە ( دارفـۆر )، لە فەلەستین ( سەبرا و شاتیلا )، لە کەمبۆدیـا، کۆمەڵکوژی برایانی کوردی ( فـەیلی ) مان، کۆمەڵکوژی برایانی کوردی ( ئێـزیدی ) مان . . . هتد . ئەم تاوانانەش لە لایەن رژێم و دەسەڵاتـدارانی داگیرکەری رەگەزپەرست و توندڕەوە و دامارگیری ئاینییەوە ئەنجام دران، بە ملیۆنان خەڵکی بێتاوانیان بە ناڕەوا شەهیدکرد .

یەکەمین تاوانی جینۆساید ( تاوانی کۆمەڵکوژی ) لە سەدەی بیستەمینی رابردوودا بوو، لە نێوان ساڵانی ( ١٩١٥ ـ ١٩١٨) دا، لە لایەن خوێنڕێژە تورکە عوسمانییەکانەوە، لە دژی گەلی ئەرمەنی بێتاوان ئەنجام درا . . کە زیاتر لە ( ملیۆن و نیوێک ) ئەرمەنی بە دڕندەترین شێوە، لە لایەن تورکەکانەوە شەهیدکران . . ژمارە ئەرمەنییەکان لە تورکیادا لەو سەردمەدا، دوو ملیۆن دووسەد هەزار ئەرمەنی بوون، کە خەڵکی رەسەنی تورکیا بوون، کەچی لە ئێستادا تەنها شەست هەزار ئەرمەنی ماونەتەوە . . بەشێکی زۆریان بە هەڕەشە و بە زۆر و زۆرداری ناچاریان کردن کە خۆیان بە تورک بنووسن، ئەگینا هیچ مافێکی ئەوتۆیان لە تورکیادا نابێت . . دڕندەییەکانی تورکیا دەرهـەق بە ئەرمەنییەکان زۆر لە دڕندەییەکانی جەنگیزخـان و تەیمورلەنـگ دڕندەترن .

بەر لە ساڵی ( ١٩١٥)، یەکەمی کومەڵـکوژی ئەرمەنییەکان، لە لایەن سوپای دڕندەی دەوڵەتی رەگەزپەرست و ئیمپریالیزمی عوسمانی لە نێوان ( ١٨٩٤ـ ١٨٩٦) لە لایەن سوڵتانی خوێنڕێژ ( عەبدولحەمیدی دووەم ) ەوە ئەنجام درا، کە بە هەزاران ئەرمەنییان کوشت . . تەنها لەبەر ئەوەی کە تورک نین و، ئایینیان مەسیحییە .

کە ( یەکیتی و پیشکەوتن : ئیتیحاد و تەرەقی ) لە تورکیادا بە کودەتایەک دەسەڵاتیان گرتە دەست، لەلایەن خوێنڕێژ ( تەلعەت پاشا ) وەزیری ناوخۆ و، ( ئەنوەر پاشا ) ی وەزیری جەنگ و، خوێنڕێژ ( جەمال پاشا ) ی بێڕەوشتی سەرلەشکرەوە، بڕیـاری کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانیان جێبەجێکرا . . ئەم تاوانە، تاوانێکی ئەنجامدراوی کوتوپڕ نەبوو، بەڵکو بەپێی پلانداڕێژی پێشوەخت جێبەجێکرا . تورکیا بە تاوانی هەڵبەستراو و بێ بنەمای جیابوونەوەخوازی لە تورکیا، ئەرمەنییەکانیان تاوانبارکرد و. . جینۆسایدیان کردن، بەڵام لە راستیدا تا ئەمڕۆش رژێمی رەگەزپەرستی تورکیا . . داواکردنی ئازادی و یەکسانی و دیموکراتی و ژیـان، لە لایەن گەلانی بێجگە لە تورکەوە، بە تایبەتیش گەلی کوردمان . . بە تاوان و، بە ( ناپاکیی گەورە ) لە دژی تورکیا تاوانبار دەکەن . . سزای کوشت و لەسێدارەدان دەیانگرێتەوە . . ئەوان دونیا بە تورک دەزانن و، لە تورک زیاتر دان بە بوونی هیچ نەتەوەیەکی تردا نانێن .

خوێنڕێژ ( تەلعەت پاشا ) کە وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی تورکیا بوو، لە بڕوسکەی ژمارە (١١٨١) دا کە لە بەرواری ( ١٦ی/ سێپتەمبەری/ ١٨٩٦) دا، بۆ فەرمانڕەوای ویلایەتی ( حەلەب ) ی نارد، فەرمانی پێکرد، کە دەبێت لە ماوی (٢٤) کاتژمێردا، بە تەواوی ئەرمەنییەکان بکوژن و قڕیان بکەن . . دەقی ئەم بڕیارەش لە کتێبێکدا بە ناوی ( بیـرەوەرییەکانی نەعـیم بەگ ) لە نووسینی ( ئـارام ئەنـدریان ) دا هەیە .

رژێمی تورکیا فاشستی لە رۆژی ( ٢٤ی / ئاپریل /١٩١٥) دا، بە ناوی ( الجهاد ) وە، کوشتنی بە کۆمەڵی ئەرمەنییەکانی رەوا کـرد . . لە ساڵی ( ١٩١٥ـ تا ـ ١٩١٨)، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامـەردانە و، بێویژدانانە و بێبەزەییانە، بێ دەست پاراستن لە کوشتن و سەربڕین و سووتاندن و زیندەبەچاڵ کردنی منداڵان و ژنان و گەنجان و پیران زیاتر لە ( یەک ملیۆن و نیو) ئەرمەنیان لە تورکیا و سوریادا جینۆساید کرد، ئەم تاوانە بە ( قەسابخانەی ئەرمـەنییەکان ) یا بە تاوانی ( دۆزەخی ئەرمەنییەکان ) یا بە ( تاوانی گەورە ) ناودەبرێت . . کە بە شێوەیەکی سەرتاسەریی و، بە دڕندەترین شێوە، لە لایەن سوپا و جەندرمەی دڕندەی تورکیای فاشست و رەگەزپەرستەوە، زۆر بێشەرمانە و بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجامدرا . . تاوانێکی قێزەوەنی ئەوتۆیە، کە مێژوو بە شەرمەوە دەیان گێڕێتەوە . . لەشکر و جەندرمەی نامەرد و بەدڕەوشتی تورکیا، بە هەزاران کچ و ژنانی بێتاوانی ئەرمەنییان رووتکردنەوە و ئابڕوویان بردن . . لە دوایشدا، یا سەریان دەبڕین، یا لە شێوەی لە خاجدانی پێغەمبەر عیسای مەسیح، بە راژەی دارەوە هەڵیان دەواسین و، بە شمشێر یا بە رم و دار دڕندانە دەیان کوشتن . . ئەم تاوانە قێزەوەنانەی تورکەکان لە لایەن رۆژانامەنووسێکی ئەڵمانییەوە وێنەگیراوە و، لە ئەرشیفی ڤاتیکاندا پارێزراوە . . بە هەزاران منداڵی کۆرپەی ناو لانک و بێشکیان سەربڕین . . بە هەزاران ئەرمەنییان بە زۆر لە زێدی خۆیان بە پێی پەتی و بەسەر رووتی دەربەدەرکردن . . لە هەموو رێگاکانیشدا، بۆسەی سەربازییان بۆ دانابـوون، بەشێکی زۆریـان لە رێگاکاندا لێکوشتن . . یا لە برسـان و لە توینـیا و لە سەرمـاو و لە ترسـا مردن . . تەنانەت ئەو سەربازە ئەرمەنیانەی کە لە سوپای تورکیادا سەرباز بوون، هەموویانیان گرتن و، بە زینـدووی زینـدەبەچاڵـیانیان کردن . . بۆ نموونە، تەنـها لە یەک رۆژدا، لە شاری ئامـەد ( دیاربەکەر ) دا، ( دوانـزە هـەزار ) سەربـازی ئەرمـەنی، کە سەربـاز بوون لە سوپای تورکیادا، چاڵەکانیان بە خۆیان پێهەڵکەندن، دوایش هەموویانیان کوشتن و خستیانیانە ناو ئەو چاڵانـەوە . . لە مەش قێزەوەنتر تورکیا فاشستی ( قەسابەکانیان ) بەکرێ گرتن، کە رۆژانـە یەک لـیرەی تورکییان پێـدەدان، لە کـرێی ئەو ئەرمەنیـیانەی کە سەریـان دەبڕین . . بە هـەزاران ژن و پیر و منـداڵ و گەنجی ئەرمـەنی، بە دەستی قەسابەکـانی تورکیای قەسابخانە سەربڕان . . ئەمانەش بوختان و قسەی هەڵبەستراو نین، بەڵکو بە بەڵگە و بە وێنەوە لە لایەن ئەو بیانییانەوە گیراون، کە لەو کاتەدا لە تورکیادا بوون .
بەشێکی کەمی ئەرمەنییەکان، بەبێ منداڵەکانیان زۆر بە زەحمـەتی، خۆیـان گەیـاندە سوریا و عێراق و لوبنان و میسر و یۆنان . . منداڵەکانیان بەجێهێشتن . . تەنانەت زیاتر لە ( ١٠) هەزار منداڵ لە لایەن خێزانەکانی شارەکانی رۆژئاوای کوردستان و شارەکانی سوریاوە، ئەو منداڵە ئەرمەنییانەیان بەخێوکردن . . بێ ئەوەی گوێ بدەنە هەڕەشەکانی تورکیا . . تورکیا هەڕەشەی ئەوەیان لە خەڵکی کرد، ئەگەر هەچ ماڵێک ئاشکرابێت کە داڵدەی ئەرمەنییە هەڵهاتووەکانیان داوە، یا منداڵەکانیان گرتوونەتە خۆیان، ئەوانیش وەکو ئەرمەنییەکان سزادەدرێن و دەکوژرێن . . بەڵام لە گەڵ ئەمەشدا، خەڵکی سۆزدار و ویژدان زیندوو، هەموو مەترسییەکیان خستە لاوە و، گوێان بە هەڕەشەکانی تورکیا نەدا . . ئەو منداڵە ئەرمەنییانەیان بردنە لای خۆیـان و . . هەر وەکو منداڵی خۆیان بن بەخێویانیان کردن و، بە منداڵ خۆشیان ناونووسیانیان کـردن و . . لە مردن رزگاریانیان کردن . . لە ئەمڕۆدا لە شاری ( دێـر الـزور ) ی سوریا دا (٢٥) هـەزا ئەرمەنی هەیە . . کە ئەو منداڵانە و وەچەکانیان کە لە لایەن خەڵکی شاری ( دێـرالـزور ) ەوە، بە نهێنی بەخێوکران و، لە دڕندە تورکەکان رزگاریان کردن . 

تورکیای رەگەزپەرست، تاوانی بە کۆمەڵکوژییان تەنها لە دژی ئەرمەنییەکان ئەنجام نەداون . . بەڵکو تاوانی کۆمەڵکوژیان، دەرهەق بە گەلانی کورد و یۆنانی و ئاشووری و عەرەبیش ئەنجام داون . . بۆ نموونە کە تورکیای فاشست کە بۆ ماوەیەک یۆنانیان داگیرکرد، بە هەزاران خەڵکی سڤیلی یۆنانیان کوشت و، ئابڕووی بە هەزاران ژنیانیان بردن، بە هەزاران کچان و ژنانی یۆنانی لە ترس ئەوەی، کە نەکەونە دەست سوپای دڕندە و بێڕەوشتی تورکیا، لە سەر شاخە بەرزەکانیانەوە، بە کۆمـەڵ خۆیان هەڵـدایە خوارەوە و خۆیـان کوشت . . یەکێک لەو شاخانەش ( شـاخی شـوولی ) ی نزیک شاری ( کۆمۆنیزیا ) یە کە ژمارەیەکی زۆری یۆنانی و گەشتیاری بیانی بۆ یادی ئەو کچ و ژن و منداڵە شەهیدانەو، بۆ بە بیرهێنانەوەی تاوانە دڕندەییەکان و نامەردییەکانی لەشکری بەدڕەوشت و خوێنڕێژی تورکیا، دەچنە سەر ( شاخی شوولی ) و، تـف و نەفـرەتیش لە تورکیای فاشستی دەکەن . . کە لە رابردوو و لە ئەمڕۆشدا میـژوویەکی خوێناویان هەیە . . مێژوویەکی سەرتاپای پڕ لە تاوان و کوشتن و خوێنڕشتن و بێڕەوشتی و بەدکاری . تورکیا بەشێکی زۆری کەنیسەکان مەسیحییەکانیشیان کرد بە مزگەوت . . یەکێک لەو مزگەوتانەی کە لە پێشا کەنیسە بوو، مزگەوتی ( سوڵتان ئەحمەد ) ە لە ئەستەمبوڵ .

تورکیا راستە مێژوویەکان و تاوانەکانیان چەواشە کردوون . . لە پرۆگـرامی قۆناخەکانی خوێندنی قوتابخانەکانیاندا . . لە کتێبە مێژووییەکانیاندا، ئەرمەنییەکان و کورد و یۆنانی و عەرەبەکان بە تاوانبار کردوون و . . منداڵەکانیان بە درۆ و بە چەواشەکاری گۆش دەکەن . . تا ئەمڕۆش نکووڵی لە هەموو تاوانەکانیان دەکەن .

ئەوەی باسمان کرد، تەنها مشتێکن، لە چەندین خەرواری تاوانەکانی تورکیا، دەرهەق بە گەلانی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی وەک، کورد و ئەرمەنی و یۆنانی و ئاشووری .
جا نازین ( ئۆروگان پاشا )ی وچەی ئەو خوێنڕێژانە، بە چ کردەوەیەکی باوباپیرانییەوە شانازی دەکات . . ؟ بە خوێنڕێژی و بەدڕەوشتییانەوە . . ؟ بە جینوسایدی ئەرمەنییەکان . . ؟ بە کۆمەڵکوژی کورد و یۆنانییەکان . . ؟ بە ئابـڕووبردنی کچــان و ژنــان . . . ؟ یا بە سەربڕینی هەزاران منداڵی ناو لانک . . ؟! بە مێژووی خوێناوی رەشیان . . ؟ بە . . . ؟!
تورکیا تا ئەمڕۆ، رەگەزپەرسترین و . . خوێنڕێژترین . . دەوڵەتە لە هەموو جیهاندا .

( ئەحمەد خەیری ) ئەندامی باڵای پارتی ( الاحـرار ) ی میسر لە پەیجی خویدا لە توێتەر وتی : " رەجەب تەیب ئۆردوگان سەرۆک وەزیرانی رژێمی تورکیا، لە تورکیادا تاوانی دەرهەق بە کورد ئەنجام دا، بە کەمترین شت باسی تاوانەکانی بکەین، ئەوەیە کە تاوانن دژ بە مرۆڤایەتی . . " وتیشی : " باس لە چ مافێـکی مـرۆڤ دەکـەن ؟! درێژەی بە قسەکانی دا و، وتی : " ئەگەر من لە حکوومەتی میسردا بوومایە، کارم بۆ ئەوە دەکرد کە یاسایەکم دەربکردایە، کە پرۆتستۆی سەربڕینی ئەرمەنییەکان لە لایەن عوسمانییەکان و، تاوانەکانی ئۆردوگانم لە دژی کورد دەکرد " .

ئۆردۆگان هەڵگری هەمان ڤایرۆسە و، بە ئایدۆلـۆژیای رەگەزپەرسیتی و خوێنڕێـژی، گۆش و پەروەردە کراوە . پارتە بە ناوە ئیسلامییەکەشی ( پارتی ناداد و ناگەشەکردن) دەیەوێت بە درۆ و بە دروشمی ئیسلامی، خۆڵ لە چاوی گەلان بکا و، رەگەزپەرستییان پەردەپۆش بکەن . بەڵام ئەوە ئەستەمە کە بتوانن بە بێژنگ بەر لە تیشکی خۆر بگرن.
  

ئوردوگانی تۆرانیی رەگەزپەرستیش، پاشای داعشە عوسمانییە تازەکانی ئەمڕۆ . . دەیەوێ کۆمەڵکوژییەکەی (١٠١) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ کە باپیرە دڕندە عوسمانییەکانیان لە دژی گەلی ئەرمەنی ئەنجامیان دان . . ئەمیش هەمان تاوان دەرهەق بە گەلی کوردی ئازادیخواز و ئاشتیخوازمان بکات . . ئەو کۆمەڵـکوژییەی کە لە ئەمڕۆدا لە لایەن سوپا خوێنڕێژەکەی تورکیای ئۆردوگان و، لە لایەن میتە زۆڵ و بێڕەوشتەکانیانەوە، لە شار و لە شارۆچکە و لە گوندەکانی باکووری کوردستان دا، دەرهەق بە منداڵان و ژنان و پیرانی بێتاوانی کوردمان، بە رۆژی رووناک و بە ئاشکرا، بە بەرچاوی وڵاتـانی جیهان و، نەتـەوە یەکگرتووەکان و رێخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان، ئەنجامیان دەدەن . . تاوانی کۆمەڵکوژین و، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتـین و . . دژ بە مافەکـانی مرۆڤ و، منـداڵانن . . بەڵکو دژی هەموو یاسا و رێسایەکی نێودەوڵـەتین . . شەرمەزاریشە بۆ کۆمەڵگای جیهانی و، بۆ پەڕلەمانی ئەوروپا کە لە ئاستی ئەم تاوانە قێزەوەنانەی تورکیادا، خۆیـان کوێـر و کـەڕ و لاڵ کـردوون . . بەرژەوەندییە ئابوورییەکـانیان، لە سەرووی مرۆڤـایەتی و ویـژدان و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ و منداڵانەوەن .

رۆژی یەکشەممە ( ٢٤ی/ ئاپریل/ ٢٠١٦) یادی ( ١٠١) کەمین ساڵـڕۆژی تراژیدیـای سەربڕینی ( یەک ملیۆن و نیو ) ئەرمەنییە . . یادی ( دۆزەخی ئەرمەنییەکان ) ە، کە لە لایەن تورکیای عوسمانیی رەگەزپەرست، تورکیای ئیسلامی و عیلمانییەوە ئەنجام درا . لە رووی ژمارەی قوربانییانەوە . . لە دوای هۆڵۆکۆستی جوولەکەکانەوە، بە دووەمین کۆمەڵکوژی دادەنرێت . . ئەڵمانیا دانی بە هۆڵۆکۆستدا نـاو، داوای لێـبووردنیان لە ئیسرائیل کرد و . . قـەرەبووی مـادی و مەعنەوی جوولەکە قوربانییەکانی ئەم تـاوانە گەورەیەیان کرد، کە زیاتر لە (٦) ملیۆن جوولەکەیان سوتاند و کوشت . . بەڵام رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا . . تا ئەمڕۆش نکووڵی لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکـان دەکەن و. . ئامـادەنین کە بە فەرمی دان بەم تاوانەیان بنێن . . یا داوای لێـبووردن لە ئەرمینیا بکەن . . تورکیا دان بە هیچ تاوانێکیدا نانێت . . ئامادەش نین کە قەرەبووی مادی ئەرمەنییە قوربانییەکانی کۆمەڵکوژییەکەیان بکەنەوە . . تورکیا دژی بڕیاری پەڕلەمانەکانی ئەو دەوڵەتانەشە، کە بە فەرمی تاوانی ئەرمەنییەکانیان بە کۆمەڵکوژی ناساند . . تا ئێستا زیاتر لە بیست وڵاتی جیهان بە فەرمی دانیان بە پاکتاوی رەگەزی و بە کوشتنی ئەرمەنییەکانیان نا و، بە ( تاوانی کۆمەڵکوژی ) ناساندیان . . لەوانەش :
( فەرەنسا، بەریتـانیا، رووسیا، لوبنـان، هوڵـەندا، یونـان، نەمسا، دانیمارک، سـوید، کەنـەدا، میسر، ٤٣ولایەت لە ولایەتەکانی ئەمریکا، پەڕلەمانی ئەوروپاش ) . . هەر بۆ هەمیشە لە بەرچاوبوون و . . لە یادبوونی . . ئەم کۆمەڵکوژییەی ئەرمەنییەکان، لە پایتەختەکانی ( یریڤان ـ ئەرمینیا ) و، ( برۆکسل ـ بەلچیکا ) و، ( کۆبنهاگن ـ دانیمارک ) پەیکەری یادەوەری، بۆ کومەڵکوژیی ئەرمە ییەکان و. . بۆ ئاماژەکردن بەم تاوانانەی تورکیا کراون، بێ ئەوەی گوێ بە ناڕەزاییەکانی تورکیا بدەن .

ئەگەر بەراوردێک لە نێوان کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان ( قەسابخانەی ئەرمەنییەکان ) لە تورکیا و، کۆمەڵکوژی کورد لە باشوری کوردستاندا ( تـاوانی ئەنفـال ) بکەین . . دەبینین زۆر لە یەکەوە نزیکن . . هەردووکیشیان لە مانگی ئاپریل دا ئەنجام دراون . . من بۆ ئەوەش دەچم، کە هەر لەلایەن تورکیاوە، پیلان وپلان و نەخشەی کۆمەڵکوژی کورد ( تاوانی ئەنفال ) داڕێژرابێت و، خرابێتە بەردەستی رژێمی بەعەسی فاشستی عێراقی هاوئایدیۆلۆژیایان . . پەیوەندی و هاوکارییەکی سەربازی و سیخوڕی تەوا لە نێوان تورکیا و بەعسی رەگەزپەرستی گۆڕبەگۆڕدا هەبوو، تاوانی (ئەنفالی شەنگال) یش، کە لە لایەن ئیسلامییە داعشەکانی هاوپەیمانی تورکیاوە ئەنجام درا . . بێگومان هەر لە لایەن تورکیاوە نەخشەی بۆ کێشرا بوو . . چونکە برا ئێزیدییەکانمان کوردن و، ئاینی خۆیان هەیە . . گومانیشم نییە، کە گرتن و وێرانکردنی شاری( کۆبانی پاڵەوان ـ رۆژئاوای کوردستان ) لە لایەن داعشی جاشی تورکیاوە . . هەر لەلایـەن تورکیای ئەندازیـاری پیلانگـێڕی و تـاوان و جینۆسایـدەوە، نەخشەیـان بۆ داڕشتبوو . . تورکیا تا ئەمڕۆش بە ئاشکرا لە دژی خەبات و خواستەکانی گەلی کوردمان، یارمەتی لۆجستی و سیخوڕی و چەک و تەقەمەنی پێشکەش بە داعش دەکات و . . تورکیا پردێکی دڵنیایی داعشە بۆ پەڕینەوە بۆ عێراق و سوریا و لیبیا و میسر .

ئەرمەنییەکان هەرگیز، کۆمەڵکوژی گەلەکەیان لەیادنەکردووە و لە یادی ناکەن و، تا ئەمڕۆش لەەژێر دروشمی ( یادکـەرەوە و داوابـکە ) دا، سوورن و وازن ناهێنن لە مافەکانی خۆیان . . تا تورکیا ناچاردەکەن، کە بە فەرمی دان بەم تاوانە قێزەوەنانەیان بنێن و . . داوای لێبووردن لە گەلی ئەرمینی بکەن و . . قەرەبووی مادییان بکەنەوە .

لە یادی ( ١٠١) ساڵەی جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا، من وەکو کوردێک، بە تونـدی پرۆتستۆی ئەو تاوانانەی تورکیا دەرهەق بە ئەرمەنییەکان دەکەم . . ئەو تاوانانەشیان کە لە ئەمڕۆدا تورکیای رەگەزپەرست لە باکووری کوردستاندا بە شێوەیەکی دڕندانە، دژی گەلی خۆڕاگری قارەمان و ئازادیخواز و ئاشتیخوازی کوردمان ئەنجامی دەدەن .

زووبێت یا درەنگ، سەرکەوتن بۆ گەلانی تێکۆشەر و خـۆڕاگر و کۆڵنەدەر دەبێت . .
رسوایی و شەرمەزاریش، بۆ داگیرکەرانی فاشست و رەگەزپەرست دەبێت .

رەزا شوان
نەرویـج : (٢٢ی/ ئاپریل/٢٠١٦)


Your Cart

{loadmoduleid ? string:260 ?}

Login

{loadmoduleid ? string:261 ?}