چاوەڕوان بن سەختتر لە ئەمساڵیش هەیە ... هیوا سەید سەلیم

لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە بە ناوخۆی كوردستانیشە دەتوانین بڵێن ساڵی 2016 سالێكی سەختی پڕ لە قەیران بوو، قەیرانی سیاسی و ئابووری تەنانەت كۆمەڵایەتیش، لە پێنج ساڵی رابردوو ئەوەی ناونرا بەهاری گەلان و دواتر كرایە بەهاری عەڕەبی نەك هەر بوو بە پایزی گەلان، بگرە كارەساتی گەورەی وەك درووستبوونی رێكخراوی تیرۆرستی داعشی لێكەوتەوە، كە ساڵانێكە جیهان و ناوچەكەی گیرۆدەی شەڕێك كردووە كە بەشی زۆری بارە قورسەكەی ئەو شەڕەش كەوتە سەر شانی كورد لە رۆژئاوا و باشووری كوردستان، هەموومان دەزانین كە شەڕ جگە لە زیانە بەشەریەكەی هەمیشە زیان و قەیرانی ئابووریش بە دواوەیە، قەیرانی ئابووری ئەوجارەیان جگە لە دەرەنجامی شەڕی داعش چەندین هۆكاری تری جیهانی وەك دابەزاندنی نرخی نەوتی لە پشت بوو، ئەو وڵاتانەی كە زیاتر ئابووریەكەیان پشتی بەستبوو بە داهاتی نەوت لە نموونەی دەوڵەتی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە زیاتر لە هەر وڵتێك كەوتنە بەر كاریگەری ئەو قەیرانە .

ئێستا كە بەرەو دەستپێكی ساڵی تازەی 2017 دەچین، بەهەمان شێوەی ساڵانی رابردوو بگرە زیاتریش لە ساڵی پار، گۆرانی جدیتر لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە بەرێگاوەیە، ئەو گۆرانكاریانە چەندە باری سەختی سەر شانمان سووك دەكات، سووكی دەكات یان قورستری دەكات ؟

بە خوێندنەوەمان بۆ ئەو پێشهاتانەی كە چاوەڕوانكراون لە ناوچەكە رووبدەن، بەتایبەت لە دەوروبەری ئێمە، هیچ پێناچێت ساڵی داهاتوومان باشتر بێت لە ساڵی پار، بگرە ئەوەی پێشبینی كراوە زۆریش سەختتر و خرابتر بێت .

لە بواری ئابووری ئەگەر دابەزینی نرخی نەوەت هۆكارێكی سەرەكی ئەو قەیرانە ئابووریە بێت كە رووی لە ناوچەكە كردووە هەموو پێشبینیەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە بۆ سالی داهاتووش نرخی نەوەت لەوەی ئێستا رابووەستێ و لە دەوری 50$ بخولێتەوە ئەمەشیان دیارە وڵاتانی بڕیار بەدەست وایان مەبەستە، ئەمە چ جای ئەوەی كە نەوتی عێراق و كوردستان چەندین گرفتی ناوخۆیی و دەرەكیان هەیە لەگەل یەكتر و هەردووكیشیان لەگەڵ بازاڕی دەرەوەیان .

لە بواری سیاسیش یەكلانەكردنەوەی شەڕی داعش لە هەریەك لە شارەكانی (رەقە و موسڵ و حەویجە ) و ناڕوونی لە هەڵوێستی ئەمەریكا و رووسیا بۆ ئایندەی ناوچەكە، جەمسەر بەندیە نوێكەی (روسیا و توركیا و ئێران ) نیشانەی قوڵبوونەوەی زیاتری كێشەكانی ناوچەكەن، لە نێو ئەو كێشمەكێشانەش ناو كورد لە كوێ خۆی دەبینێتەوە ؟ ئەوەیان هەم دیار نیە هەمیش بێ كێشەو و مەترسی نابێت .

چونكە كورد جگە لەو دوو قەیرانە سیاسی و ئابووریەی كە تووشی بووە لە ناوخۆی خۆی وەك خۆشی ئاڵودەی چەندین كێشەی ناوخۆی خۆیەتی، واشبڕوات هی تریش چاوەڕوانیەتی .

ساڵی پار بۆ هەرێمی كوردستان سەخترین ساڵی ئابووری بوو كە لێرەشدا بارە قورسەكە لەسەر شانی خەڵك و چین و توێژی مووچە خۆرانی بوو، لە بواری سیاسی دەتوانین ناوی بنێین ساڵی ترازان و پەكخستنی دامودەزگای شەرعی، ئەمەیان ساڵی پاربوو بۆ ئەم سال چی ؟

بەو پێیەی هۆكارەكانی قەیرانەكانی ڕابردوومان هەر ماون، كێشەی سیاسی و ئابووریمان هەیە، ترازان و رێكنەكەوتن هێشتا بوونی هەیە، خەڵك برسی و حكومەت بێ پلان و ناشەفافە، بۆیە ئەگەر بڵێین ساڵی سەخت چاوەڕيمانە نەرەشبینیە نە ترساندنی خەڵكیشە، لەپاڵ هەموو ئەمانەش لە رووی سیاسی میللەتێكین ئایندەمان رۆشەن نیە، سیاسیەكان و حزبە باڵا دەستەكان فێل لە میللەت دەكەن، هەرجارێك بە درووستكردنی ئەزمەیەك میللەت سەرقال دەكەن، ئەوەی كە زۆریش جێگای مەترسیە ئەوان دەرس لە ڕابردوو وەرناگرن و ئەوەی كە بەڵێنیان دابوو لەوەی تەحریمی شەڕی كورد و كورد دەكەن خەریكە وا دەرناچێت، بۆیە چاوەڕوانی سالی سەختتر لە ئەمساڵ بن .

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu