ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٩/٧ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز فلیپۆ فابرۆ کۆماندەری هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێکی سەربازیی یاوەری کرد كە بەمەبەستی ماڵئاوایى سەردانی جێگری سەرۆكی كردبوو.

لە دیدارێکدا بەڕێز جێگرى سەرۆک هەوڵ و هاریكارییەكانی ئیتالیای لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان و دامەزراندنی بنکەی سەربازیی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان بۆ پێشمەرگە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە بەڕێز فابرۆ خۆشحاڵیی خۆی بە كاركردن لەگەڵ پێشمەرگە دەربڕی و بەردەوامیی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ پێشمەرگە دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پلانی داهاتووی کاری هاوبەش و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەمەبەستی بنەبڕكردنی داعش كرد.

 

بابەتی زیاتری حکومەتی هەرێمی کوردستان