نووسەرە کۆنەکان

نووسەرە کۆنەکان
×

Warning

Unable to find a user with the ID: 228

بابەتی هەڵبژاردە

ڕێگای ڕاست ئه‌وه‌یه‌ بارزانی و به‌رهه‌م ساڵه‌ح پێكه‌وه‌ دانیشن ... به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

پێش هه‌موو شتێك ئه‌م نووسین و ئارگیۆمێنتانه‌گوزارشت له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناكات جگه‌ له‌ خۆم (هه‌ر خۆشم بووم) . له‌هه‌ر یاریگایه‌كدا پێویست ناكا یاریزانه‌كان سه‌یری یه‌كتر بكه‌ن گرنگه‌ په‌لاماری تۆپه‌كه‌ بده‌ن:

پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌ڵه‌ی كردووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ داهات و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی هه‌رێم، هه‌ڵه‌ی كردووه‌ له‌ میتۆدی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی ئابوری سه‌ربه‌خۆ و، بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی سیاسیشدا له‌ ئه‌رزی واقیعدا ده‌ركه‌وت خوێندنه‌وه‌ی دروستیان نه‌بو، هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌بو: تا هه‌نوكه‌ دوای 27 ساڵ له‌ حكومڕانی كوردی هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی زانستی و، هزری و، سیاسیی و، ئه‌منی و، ئابورییان له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپێ نه‌ خستووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌وری به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانی و، كوڕو برازاكانیان داوه‌، له‌سه‌رێك هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ به‌ ناوه‌ندی بڕیاری پارتی ئه‌كه‌ن و، له‌سه‌رێكیشه‌وه‌ له‌ په‌نایانه‌وه‌ هه‌ڵه‌ی جۆراوجۆر ئه‌كه‌ن. هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێش هه‌موو شتێك بڕستی ته‌نانه‌ت له‌ دۆست و لایه‌نگرانی خۆیان بڕیوه‌. به‌مدواییه‌ش پارتی و بارزانیان تووشی هه‌ڵه‌یه‌كی تر كرد كه‌ چۆنێتی مامه‌ڵه‌ كردن بو له‌ پرسی " سه‌رۆك كۆمار" دا، له‌ واقیعدا ئه‌و گێرمه‌و ئاڵۆزییه‌ی پارتی كردی، ده‌ركه‌وت شتێكی پێویست نه‌بو، كه‌چی ئاوها گه‌وره‌یان كرد!. ئه‌مه‌ش پێش ئه‌وه‌ی ناوبنرێت تێكشكانی نوێنه‌ره‌كه‌ی بارزانی، بریتی یه‌ له‌ له‌كه‌داركردنی ناوو ناوبانگی كوردبه‌وه‌ی كه‌ ناتوانن یه‌كڕیزو یه‌ك دیسكۆرسی سیاسیان هه‌بێت. هێشتا له‌سه‌روهه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان (به‌ هه‌موو ئه‌و قسه‌وباسانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌) هێشتا نوێنه‌رایه‌تی زۆرینه‌یه‌كی هه‌ره‌ زۆری سیاسییه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، هێشتا خاوه‌نی پاشخانێكی مێژوویین و، ئابوری هه‌رێم و ڕایه‌ڵه‌ی سیاسیی و میدیاییان هه‌یه‌، بارزانیش هه‌ر بارزانیه‌.

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌ (2014) ه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیه‌كه‌ی شه‌رعیه‌تی حیزبیان له‌ده‌ستداوه‌ (به‌ پێی په‌یڕه‌وو پرۆگرام)، كه‌سیش ده‌ستی نه‌گرتون كۆنگره‌یه‌ك بكه‌ن، كی ده‌ستی گرتبون ناوچه‌ی سوله‌یمانی و گه‌رمیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌ له‌كاتێكدا ساڵانه‌ بودجه‌ی سوله‌یمانی له‌ بودجه‌ی ووڵاتی ئه‌رده‌ن زیاتر بووه‌ یان هاوتای بووه‌. !. به‌ كورتیه‌كه‌ی ڕۆژێك، دوان، سیان، یه‌كێتی و یه‌كێتیه‌كان ئه‌توانن كه‌موكورتیه‌ ناوخۆییه‌كانیان به‌ دژایه‌تی و په‌لاماردانی ئه‌م و ئه‌و بشارنه‌وه‌، تۆ بۆ هه‌یت؟. بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بكه‌یت؟. ئی ئه‌مه‌ نه‌ سیاسه‌ته‌و، نه‌ ئه‌چێته‌ خانه‌ی به‌رده‌وامی یارییه‌كه‌وه‌ له‌ یاریگاكه‌دا، وه‌ ده‌ریش كه‌وت ئه‌مه‌ هیچ لایه‌ك به‌هێزو لاواز ناكات. كه‌وایه‌ ئه‌بێت به‌ دوای خیتاب و تیۆره‌یه‌كی تردا بگه‌ڕێن، هه‌روه‌ك له‌ مه‌له‌فی كه‌ركوك و 16 ی ئۆكتۆبه‌ر و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م ڕووداوه‌دا به‌ پله‌ی ئیمتیاز یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و، به‌رپرسه‌ بێده‌ربه‌سته‌كانی به‌رپرسیارن. له‌سه‌رووهه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ هێشتا یه‌كێتی حیزبیش نه‌بێت، چه‌ند گروپێكن و، سه‌رچاوه‌ی ئابورییان به‌ده‌سته‌و، هێزی سه‌ربازییان هه‌یه‌و، پاشخانێكی مێژووییشیان هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی ئه‌مێنێته‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستانه‌ له‌ گه‌نه‌ی جیۆپۆڵه‌تیك و گه‌مه‌ی بازاڕی ئابوریی عێراق و ناوچه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ی ئه‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌ی چی بكه‌ین بۆ پێشمه‌رگه‌؟. چی بكه‌ین بۆ كه‌ركوك؟ چی بكه‌ین تا ئه‌م جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌ هه‌رێمایه‌تیه‌ی له‌ناوچه‌كه‌ دروستبووه‌ لێكه‌وته‌كه‌ی كاره‌ساتێكی تری مرۆیی نه‌بێت بۆ خه‌ڵكی كوردستان و عێراق به‌گشتی. له‌ ڕاستیدا كێشه‌ له‌ سوریا بووه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ (1. 2) ملیۆنێك و دووسه‌ت هه‌زار سوری بگه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان، تێكشكانی ڕۆڵی حكومه‌ت له‌ عێراق بووه‌ مایه‌ی دروست بونی توندوتیژی و "داعش" ی به‌رهه‌م هێنا، ئه‌گه‌ر سبه‌ینی دۆخی عێراق تێك بچێته‌وه‌، گۆڕانكارییه‌ك له‌ ئێران ڕووبدات، قه‌یرانه‌كانی سوریا به‌رده‌وام بن، ئاخۆ هه‌رێمی كوردستان تووشی چی تر ئه‌بێته‌وه‌؟!. ئه‌م ڕووداوانه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسا هه‌یه‌، چۆن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كورد نابێت له‌ناوجه‌رگه‌ی هێڵه‌كانی به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كاندایه‌؟.

ئێستا دكتۆر به‌رهه‌م ساڵه‌ح، سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌، سه‌رۆك كۆمارێك به‌ ده‌نگی هه‌ره‌ زۆرینه‌ی عێراقیه‌كان، سه‌رۆك كۆمارێك كه‌ زۆرینه‌ی كورد له‌هه‌موو شوێنێكی دونیا پێیان په‌سه‌نده‌ جگه‌ له‌ پارتی كه‌ هه‌موو ڕۆژێك چه‌ند ڕاپۆرتێكی سه‌ره‌وخواری له‌سه‌ر بڵاوئه‌كه‌نه‌وه‌، جگه‌ له‌ هه‌ندێكی ناو یه‌كێتی كه‌ خه‌نجه‌ریان وا خستووه‌ته‌ (كا) دا كه‌ "به‌رهه‌م ساڵه‌ح" وه‌ك سه‌رۆك كاری نییه‌ ئه‌وه‌ نه‌بێت خزمه‌ت به‌ كوتله‌و به‌ باڵ و حاڵی ئه‌وان بكات!.

زیاتر له‌ سه‌ت ڕۆژی یه‌كه‌می ئه‌زمونی سه‌رۆكایه‌تیكردنی عێراق له‌لایه‌ن "د. به‌رهه‌م ساڵه‌ح" ه‌وه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جموجوڵێكی جه‌ماوه‌ری، میدیایی، دیبلۆماسی خستۆته‌ عێراق و ناوچه‌كه‌وه‌. ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ به‌گشتی باجی هه‌ڵه‌و كه‌موكورتیه‌كانی ناو یه‌كێتی ئه‌ده‌ین، كه‌ پێویسته‌ لێوه‌ی فێر بین ڕق و كینه‌ كه‌س ناگه‌یه‌نێته‌ جێگه‌ی خۆی، مه‌سه‌له‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی (2014) ه‌دا ململانێ و ڕێگریه‌ شه‌خسیه‌كانی ناو یه‌كێتی، هه‌روه‌ها ئه‌و خه‌نجه‌ره‌ی له‌ پشته‌وه‌ پارتی له‌ " به‌رهه‌م ساڵه‌ح" ی دا، نه‌بوایه‌و، "د. به‌رهه‌م ساڵه‌ح" ببوایه‌ به‌ سه‌رۆك كۆمار وه‌ك كه‌سێكی شایسته‌و كارامه‌ (كه‌ ئه‌وه‌تا دۆست و نه‌یار ئه‌یبینن) ئه‌وا ئێستا نه‌ دۆخی یه‌كێتی به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌بو، نه‌ پارتیش له‌م گۆڕه‌پانه‌ به‌ ته‌نها ئه‌هات و ئه‌چو نازانی له‌گه‌ڵ چی قوتبێكدا دوو قسه‌ بكات. وه‌ نه‌ دۆخی كه‌ركوكیش به‌م ئاكامه‌ ئه‌گه‌یشت، به‌دڵنیایی زروفی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستانیش به‌م شێوه‌ خراپه‌ نه‌ ئه‌بو.

ئێستا ده‌رفه‌تێكی تر هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، بارزانی خه‌ریكه‌ له‌ ته‌پوتۆزی هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو وانه‌یه‌كی دیكه‌ وه‌ربگرێت و، هه‌ر بۆخۆشی وجودی مه‌عنه‌وی له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا هه‌یه‌. به‌رهه‌م ساڵه‌حیش بۆ هه‌ر كوی بڕوات و، بگاته‌ هه‌ر كوی، پێش هه‌موو شتێك سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی كورده‌. چه‌ند جارم گوی لی بووه‌و، پێی وتوین " كه‌ بارزانی هاوكارێكی زۆر باشم بووه‌ كاتێك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمدا ویستومه‌ چاكسازی بكه‌م". به‌ شێوه‌یه‌كی ستاندارد سه‌ركرده‌ ئه‌بێت خاوه‌نی سێ سیفه‌ت بێت، یه‌كێكیان، ڕوئیایه‌، دووه‌میان پره‌نسیپه‌، سێهه‌میان ئه‌وه‌یه‌ توانای كۆكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانی هه‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی ڕووئیایه‌ك بۆ ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان دروست بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پره‌نسیپه‌ گشتیه‌كه‌ بریتی بێت له‌ پاراستنی كوردستان و عێراق، وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵسانه‌وه‌ی كوردستان له‌ناو كوره‌ی ئاگردا ببینن، پێویسته‌ بارزانی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ بكات و سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بكات و، به‌ چا خواردنه‌وه‌یه‌ك ئه‌م هه‌موو ته‌حه‌ددایانه‌ی هه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێت، هه‌روه‌ك چۆن "به‌رهه‌م ساڵه‌ح" پێش ئه‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ ئه‌مریكا پرسی به‌ بارزانی كوڕ كردووه‌و، له‌ هه‌رێم سه‌ردانی بارزانی كردووه‌ و ڕای وه‌رگرتووه‌.

ئینجا پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دیدگایه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: هه‌ریه‌كه‌تان چه‌ند په‌یج و سایتێكی سێبه‌ر بكه‌نه‌وه‌و، كۆمه‌ڵێ میرزا له‌خۆتان بئاڵێنن و، له‌ ئاسته‌ گه‌وره‌كه‌شدا هه‌ر هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی لایه‌ك بۆ دژایه‌تی لایه‌كی تر به‌كاربهێنێت، سه‌ت ساڵی تر پارتی و هه‌رچی میرزاكانی پارتی هه‌یه‌ ڕاپۆرت و هه‌واڵی چه‌واشه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ ناتوانن به‌ قه‌د خشه‌ی یه‌ك عه‌لاگه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر خودی "به‌رهه‌م ساڵه‌ح" دابنه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ " به‌رهه‌م ساڵه‌ح" یش كارو ئه‌جێنده‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ ئیش له‌سه‌ر دژایه‌تی و توانه‌وه‌ی مالًباتی بارزانی بكات. ئه‌مه‌ ناكری هه‌ر میرزایه‌ك یان كاراكته‌رێك له‌ناو حیزبه‌كاندا خۆی زروفی باش نه‌بو، بیه‌وی له‌سه‌ر حیسابی په‌لاماردانی ئه‌م و ئه‌و سۆزی حیزب و سه‌رۆكه‌كه‌ی به‌ده‌ست بهێنێت.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

div { text-align:right; }