نووسەرە کۆنەکان

نووسەرە کۆنەکان

بابەتی هەڵبژاردە

ئایا په‌كه‌كه‌ كوردایه‌تی ده‌كات یان بووه‌ته‌ حه‌س حه‌سی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات ... محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د

په‌كه‌كه‌ چه‌ندین جار له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی به‌ئاشكرا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ دوای 2006ه‌و باوه‌ڕیان به‌ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان نه‌ماوه‌، ئێستا به‌ كرده‌ییش ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌وان ده‌بینین، ئه‌وه‌تا له‌ رۆژاوای كوردستان سێ كانتۆنی درووستكردووه‌و هیچیان ناوی كوردستانیان پێوه‌ نییه‌ (كانتۆنه‌كانی جه‌زیره‌ و كۆبانێ و عه‌فرین)، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌بینین كه‌ دژی ئاڵای كوردستان و ناوی پێشمه‌رگه‌ن.

واتا په‌كه‌كه‌ وازی له‌ خه‌باتی كوردایه‌تی هێناوه‌ كه‌ له‌راستیدا گومان ده‌كرێت له‌رابردووشدا په‌كه‌كه‌ خه‌باتی كوردایه‌تی كردبێت جگه‌ له‌ درووشمی قه‌به‌و باق و بریق و فریوده‌رانه‌، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ هه‌یه‌، بۆ نموونه‌: په‌كه‌كه‌ له‌سه‌رده‌مێكدا درووشمی كوردستانی سەر‌به‌خۆی به‌رزكردبۆوه‌ كه‌ هیچ ئاسۆیه‌ك به‌دی نە‌ده‌كرا بۆ هاتنه‌دیی ئه‌و درووشمه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وكاته‌ زه‌مینه‌ی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ كورد له‌بارنه‌بوو، ئه‌و كاته‌ په‌كه‌كه‌ گه‌نجانی كوردی به‌درووشمی ئازادكردنی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌زنی كوردستانی فریوده‌دا، چونكه‌ په‌كه‌كه‌ به‌دوای ئه‌ڵته‌رناتیڤێكدا ده‌گه‌ڕا بۆ ره‌واجدان و جۆشدانی خه‌ڵك تا له‌ده‌وری كۆببنه‌وه‌، ئه‌و درووشمه‌ش به‌لای په‌كه‌كه‌وه‌ له‌ ئامانجه‌كه‌ی نزیكده‌كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وكاته‌ په‌كه‌كه‌ ره‌خنه‌ی له‌ پارته‌ كوردییه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان ده‌گرت كه‌ گوایه‌ به‌دوای خه‌باتی كوردایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ نین، چونكه‌ درووشمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی گه‌وره‌یان به‌رزنه‌كردووه‌ته‌وه‌!. به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا چونكه‌ ئه‌و درووشمه‌ له‌ واقیعه‌وه‌ نزیكه‌و زه‌مینه‌ی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی تاراده‌یه‌كی زۆر له‌بارو گونجاوه‌و گۆڕانكاریی گه‌وره‌ به‌سه‌ر هاوكێشه‌ی سیاسی و سه‌ربازیی ناوچه‌كه‌و نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه‌و روانگه‌ی وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی كورده‌وه‌ گۆڕانی به‌سه‌رداهاتووه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندیی كورده‌، هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ پشتیوانی و دۆستایه‌تی و هاوسۆزییه‌كی گه‌وره‌ بۆ كورد هه‌یه‌ و، كورد ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ هاوپه‌یمانیكی به‌هێزو دیاری نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی له‌شه‌ڕی دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانیش بووه‌ته‌ سه‌نته‌ری بریاری ستراتیژی و گرنگی نێوده‌وڵه‌تی، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بووه‌ته‌ سوپایه‌كی رێكخراو و نیزامی و به‌هێز و توانای رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی به‌ره‌یی هه‌یه‌. كه‌چی ئێستا و دوای ئه‌و هه‌موو وه‌رچه‌رخان و گۆڕانكارییه‌ مه‌زنانه‌، په‌كه‌كه‌ تازه‌ به‌تازه‌ و له‌م سه‌رده‌مه‌دا وازی له‌ درووشمی سه‌ربه‌خۆیی هێناوه‌و به‌ڵكو دژایه‌تیشی ده‌كات! به‌ڵكو ئێستا خۆی خزاندۆتە ناو ململانێی مەزهەبیی ناوچەکە و بووەتە داشی دامەی دەستی ئێران و دەسەڵاتی شیعەی عێراق و سووریا و گەمەیەکی بێمانا دەکات کە جگە لە زیان، هیچ سوودێکی بۆ هیچ پارچەیەکی کوردستان نییە. ئێستا پەکەکە ناوچه‌ی شنگالی داگیركردووه‌و شەڕ بە هەرێمی کورستان دەفرۆشێ و بووه‌ته‌ پاسه‌وان و حه‌س حه‌سی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات و دەیەوێ شەڕی کورد بەکورد هەڵگیرسێنێ. ئایا ئه‌و هه‌ڵوێست و ده‌لاله‌ته‌ی په‌كه‌كه‌ چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ؟! بێگومان ئه‌و مانایه‌ ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ په‌كه‌كه‌ هێزێكه‌ له‌ په‌راوێزدا ده‌ژیت و له‌گه‌ڵ واقیع و سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا هه‌ڵناكات. هه‌ربۆیه‌ نه‌یهێشت هه‌ده‌په‌ رۆڵی سیاسی خۆی له‌ باكوری كوردستان ببینێت و نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كورد له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان بكات، بۆ ئه‌مه‌ش شكستی به‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌و وڵاته‌ هێنا. سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وا چونكه‌ خۆی هیچ رۆڵێكی له‌ ده‌ستكه‌وت و شانازییه‌كان نییه‌، دژایه‌تی ئاڵای كوردستان و ناوی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات و گێچه‌ڵ به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. هەندێ لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش هەرچەندە باش ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئەوەی پەکەکە دەیکات ناڕەوایە و دوژمنایەتییە، بەڵام لە ڕقی پارتی، چاو لەو هەڵوێست و ڕەفتارەی پەکەکە دەپۆشن، له‌به‌رامبه‌ریشدا میدیاو راگه‌یاندنه‌كانیان ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه‌ر شان و باڵی په‌كه‌كه‌ و كلك و سێبه‌ره‌كانی په‌كه‌كه‌دا هه‌ڵده‌ڵێن، نیو ئه‌وه‌نده‌ باسی قاره‌مانێتی و قوربانییه‌كانی هێزی پیشمه‌رگه‌ ناكه‌ن! ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌یته‌ میدیاكانی ده‌ڤه‌ری سلیمانی، هه‌ستده‌كه‌یت كوردستان ته‌نها سێ پارچه‌یه‌ و به‌رادده‌یه‌ك خه‌باتی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان په‌راوێز خستووه‌، هه‌رده‌ڵێی هیچ كوردێك له‌ ئێران ناژیت، بەڵکو هۆکارێکی دیکەش ڕەنگە ئەوەبێ کە ئەوانیش هاوشێوەی پەکەکە خۆیان بۆ به‌ره‌یه‌ك ساغ کردووەتەوە له‌دژی به‌ره‌یه‌كی دیكه‌، كه‌ ئه‌وه‌ ئامانج و ستراتیژی كورد نییه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك، به‌ڵكو ئه‌و رێڕه‌وو ئاراسته‌یه‌، خه‌بات و ئامانجه‌ ره‌واكانی نه‌ته‌وه‌كه‌شمان له‌كه‌دارده‌كات.

Omar Faris

div { text-align:right; }