نووسەرە کۆنەکان

نووسەرە کۆنەکان

پارتە سیاسییەکان

روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ڤاڵانی (ی. ن. ك) و خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كوردستان

ئه‌مڕۆ ١١-٢-٢٠١٧، ئازاد عبدالوهاب جوندیانی ئه‌ندامی پێشووی یه‌ده‌گی مه‌كته‌بی سیاسی (ی. ن. ك) نامه‌یه‌كی ناڕه‌وای دژ به‌ حزبی شه‌هیدان بڵاوكرده‌وه ‌.

ئازاد جوندیانی سه‌ره‌ڕای په‌لامار و چه‌واشه‌كاری و هه‌ڵبه‌ستنی درۆ و دروستكردنی تۆمه‌ت و ته‌خوینكردنی هه‌ڤاڵه‌كانی و ناوزڕاندنی هه‌ڤاڵان جێگرانی سكرتێری گشتی، به‌م نامه‌یه‌ پێگه‌ و شانازیی سیاسی خۆیشی به‌ با دا كه‌ پێشتر به‌ رابه‌رایه‌تی براى گه‌وره‌مان هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ پێناو دابینكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین و سه‌ربه‌خۆیی راسته‌قینه‌ ده‌ستی كه‌وتبوو. .

چه‌ند زانیاری و روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر نامه ‌كراوه‌كه‌ی ئازاد عبدالوهاب محمد علی جوندیانی :

١. به‌ پێی ئه‌و مێژوه‌ی له‌سه‌ر نامه‌كه‌ تۆمار كراوه‌، ئه‌م نوسراوه‌ی ئازاد جوندیانی رۆژی ٩-٢-٢٠١٧ نووسراوه‌ و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئاراسته‌ی جێگرانی هه‌ڤاڵ سكرتێری گشتی یه‌كێتیی كراوه ‌. ئه‌گه‌ر ئازاد جوندیانی مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی نامه‌ی وازهێنان بووایه‌ له‌ كاری حزبی و ئه‌جێندای تری نه‌بووایه‌ ده‌یتوانی دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر نامه‌كه‌ی بڵاوبكاته‌وه‌ و له ‌ساته‌وه‌ختی كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی دا كه‌ به‌سه‌رپه‌ره‌شتی هه‌ڤاڵ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت نه‌یته‌قێنێته‌وه ‌.

٢. ده‌قی نامه‌كه‌ی ئازاد جوندیانی به‌وه‌ كۆتایی دێت كه‌ "بۆ یەكلاكردنەوەو پاكتاوكردنی هێندێ كاروباری ئیداری، كە بەهۆی دەست لەكاركێشانەوەم دێنە پێشەوە، دواتر نوێنەرێكی خۆم دیار ئەكەم تا لەگەڵ لایەن و ئۆرگانە پەیوەندیدارەكانی یەكێتیدا هاوئاهەنگی بكا".  

ئه‌م بڕگه‌یه‌ی كۆتایی نامه‌كه‌ جه‌هه‌ری نامه‌كه‌ پێكده‌هێنێت و هۆكاری راسته‌قینه‌ی وازهێنانه‌كه‌ی له‌ یه‌كێتیی ئاشكرا ده‌كات . له‌م بڕگه‌یه‌دا به‌ ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئازاد جوندیانی وازی له‌ یه‌كێتیی نه‌هێناوه‌ به‌ڵكو له‌ ترسی لێپێچینه‌وه‌ی‌ یاسایی و حیزبی و ئه‌خلاقییه‌كانی له‌ حیزبه‌كه‌ی راده‌كات و له‌ جیاتی خۆی نوێنه‌رێك دیاری ده‌كات بۆ پاكتاو كردنی كاروباره‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی .

٣. هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی (ی. ن. ك) به‌ڵگه‌یان له‌ به‌رده‌سته‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنن له‌ پاش خیانه‌تی ٣١ی ئاب (فه‌یلی) برای ئازاد جوندیانی په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ پاراستنی پارتی و دواتر (هه‌ڵگورد)ی برایان په‌یوه‌ندی تایبه‌تی بۆ دروستكراوه‌ و له‌گه‌ڵ نه‌خۆشكه‌وتنی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال دا په‌یوه‌ندییه‌كانی پاراستن و ئازاد جوندیانی چوونه‌ته ‌پێشه‌وه‌ و كه‌ پاراستن لێی دڵنیابوون خزمه‌تیان ده‌كات ئه‌وجا ئازاد جوندیانی سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی بۆ رێك خراوه ‌. له‌و دانیشتنه‌ ژێربه‌ژێره‌‌دا، ئازاد جوندیانی داوای له‌ بارزانی كردووه‌ هاوشێوه‌ی عارف روشدی، راژه‌كه‌ی بۆ ناو پارتی بگوازێته‌وه ‌. به‌ڵگه‌ی ته‌واو له‌به‌ر ده‌ست ئێمه‌ و هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تیدایه‌ كه‌‌ ئازاد جوندیانی له‌سه‌ر داوای مه‌سعود بارزانی له‌ناو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی دا ماوه‌ته‌وه‌، كنه‌ی كردووه‌ و دنه‌ی هه‌ڤاڵانی تری داوه‌ یه‌كێتیی ناو یه‌كێتیی بشێوێنن و په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌كبخه‌ن و یه‌كێتی له‌ پاشكۆیه‌تی پارتیدا بهێڵنه‌وه‌. . نووسینه‌كانی ئه‌و هیچ جیاوازییه‌كیان له‌گه‌ڵ تانه‌ و تۆمه‌ت و ته‌خوینه‌كانی پارتی دا نه‌بوونه‌ كه‌ به‌رده‌وام ئاراسته‌ی هه‌ڤاڵانی یه‌كێتیی و خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی كوردستانیان كردووه‌ .   

٤. ئه‌گه‌ر خۆڕاگریی هه‌ڤاڵانی جێگرانی سكرتێری گشتیی (ی. ن. ك) و رێكخستن و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی نه‌بووا‌ ئه‌وا ئازاد جوندیانی و هاوكاره‌كانی پیلانی ره‌شی پاراستنی پارتیان بۆ له‌تكردنی یه‌كێتیی جێبه‌جێ ده‌كرد . ئازاد جوندیانی له‌ نامه‌كه‌یدا به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌م راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت و باسی ده‌كات كه‌ گروپه‌كه‌یان به ‌هۆی هه‌ڵه‌كانی خۆیان و بوونی نه‌زعه‌ی ته‌صفییه‌كردنی به‌رامبه‌ره‌كانیان، نه‌یانتوانی له‌ ئامانجه‌كانی بۆیان دیاریكرابوو، سه‌ركه‌وتوو بن .

٥. بۆ كه‌سێكی وه‌كو ئازاد جوندیانی كه‌ ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دا بردۆته‌ سه‌ر و له‌به‌رده‌می دا هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی كوردپه‌روه‌ری یه‌كێتیی له ‌پێناو مافی چاره‌ی خۆنووسین و سه‌ربه‌خۆیی دا شه‌هیدبوون. . ئه‌مه‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی پیرانه‌ی زۆر ناشرینه‌ كه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی خیانه‌ته‌كانی و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ بارزانی و پاراستن و پاساو هێنانه‌وه‌ بۆ هه‌ڵاتنه‌كه‌ی له‌ یه‌كێتی و خۆ قوتاركردن له‌ لێپرسینه‌وه‌ حزبی و ئه‌خلاقییه‌كان په‌نا بۆ ته‌خوین كردنی حزبی شه‌هیدان بباتن و وه‌كو راگه‌یاندكارێكی روو زه‌رد بنووسێت "هه‌ڵوێستی یه‌كێتیی ته‌ماوی و ناڕۆشن و گوماناوییه‌ به‌رامبه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان" .  چاوی خۆی دابخات له‌ به‌رامبه‌ر له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر باكور و رۆژئاوای كوردستان و ته‌سلیمكردنی سامان و ئیداره‌ و ئیراده‌ی زۆنی زه‌رد به‌ توركیا نه‌بینێت و له‌و پێگه‌ لاوازه‌وه‌ كوردایه‌تی و نه‌زعه‌ی سه‌ربه‌خۆیی به‌ ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیمان بفرۆشێته‌وه ‌.

٦. ئازاد جوندیانی نه‌شونما كردنی به‌رژه‌وه‌ندیخواز و بازرگان و دروستبوونی كارتێڵی سیاسی و بازرگانی ده‌كاته‌ بیانوو بۆ هه‌ڵاتنه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م دادوه‌ریی دادپه‌روه‌رانه‌ی یه‌كێتی به‌ڵام بۆ خه‌ڵكی روون نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌ڤاڵه‌كانی ناو گروپه‌كه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی ناو كۆبوونه‌وه‌ سیخوڕییه‌كان هه‌مان ئه‌و كارتێڵه‌ خوێنمژه‌ن كه‌ له‌بازرگانیی نه‌وت و غاز و ده‌رمان و چه‌ك و بیناسازی و قاچاغ و راگه‌یاندن و سه‌رانه‌ وه‌رگرتن ده‌ستی باڵایان هه‌یه‌ و ئه‌مێستا به‌ چاكساز و كوردپه‌روه‌ر له‌ قه‌ڵه‌می داون. .

٧. نامه‌كه‌ی ئه‌ندامی پێشووی یه‌ده‌گی مه‌كته‌بی سیاسی ره‌خنه‌ له‌ یه‌كێتی ده‌گرێت و باس له‌ زیاد بوونی رۆڵی بنه‌ماڵه‌ ده‌كات بێ ئاگا له‌وه‌ی خۆی له‌ په‌نا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی دا له‌نگه‌ری گرتووه‌ و له‌به‌رئه‌وه‌ی سۆرانییه‌ له‌ ته‌نزیمی خێلگه‌رایی پارتی دا، له‌ عارف روشدی كه‌ بادینی بوو، كه‌متری به‌رده‌كه‌وێت. .

٨. ئازاد جوندیانی له‌ نامه‌كه‌یدا باس له‌ نه‌خۆشكه‌وتنی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال ده‌كات كه‌ نه‌ده‌با بیكات و به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا و دوور له‌ هه‌ر هه‌ڵوێستێكی مرۆڤانه، كه‌یسی نه‌خۆشكه‌وتنی هه‌ڤاڵ سكرتێری گشتیی یه‌كێتی كه‌ وه‌كو باوك پارێزه‌ر و پشیوانیی ئازاد جوندیانی بووه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی دا به‌كارده‌هێنێت بۆ په‌لاماردانی یه‌كێتی و خانه‌واده‌ی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و هه‌ڤاڵان جێگرانی سكرتێری گشتی و ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گرێت كه‌ راپۆرتی تیمی چاره‌سه‌ری نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست ئۆرگانه‌ باڵاكانی یه‌كێتیی . به‌وه‌ش ناوه‌ستێت و گومان ده‌كات كه‌ خۆ بێده‌نگ كردنی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ نه‌خۆشكه‌وتنی فه‌خامه‌تی سه‌رۆكی عێراق په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌ رێكه‌وتنی گوماناوی پشت په‌رده‌ی نێوان لایه‌نه‌كانی به‌غداوه ‌. ئه‌مه‌ش له‌م كاته‌دا ته‌نیا بۆ تێكدانی هه‌وڵه‌كانی هه‌ڤاڵ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیه‌ له‌ پێناو یه‌كخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی (ی. ن. ك).

ئازاد جوندیانی خه‌یاڵی بۆ ئه‌وه‌ نه‌چووه‌ كه‌ ده‌شێت فراكسیۆنه‌كانی به‌غدا وه‌فا و ئه‌خلاقیان به‌رامبه‌ر هه‌ڤاڵ مام جه‌لال مرۆڤانه‌تر بێت له‌ ئه‌ندامێكی یه‌ده‌گی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی. . پێده‌چێت به‌هۆی خیانه‌ته‌كه‌ی بێت كه‌ جوندیانی له‌ بیری چۆته‌وه‌ فه‌خامه‌تی سه‌رۆك تاڵه‌بانی دوای ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كی توند و ئاڵۆزی له‌گه‌ڵ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو باری ته‌ندروستی تێكچوو . جوندیانی پێش ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ له‌ كه‌سه‌ دڵسۆزه‌كانی تاڵه‌بانی بگرێت كه‌ بۆچی له‌ راپۆرته‌ پزیشكییه‌كان ئاگاداریان نه‌كردۆته‌وه‌ زۆر جوانتر بوو ئاشكرای بكات ئه‌گه‌ر ئه‌و راپۆرتانه‌ی ده‌ست بكه‌وتایه‌ ده‌ست به‌جێ چه‌ند كۆپی بۆ چه‌ند لایه‌نی سیاسی به‌ نهێنی لێ ره‌وانه‌ ده‌كرد. .

٩. خه‌ڵكی كوردستان و هه‌ڤاڵانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ پشتیوانیی كه‌سوكاری شه‌هیدان و وره‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ماندونه‌ناسیی رێكخستنه‌كان و سیاسه‌ته‌ كوردستانییه‌كی یه‌كێتی كۆبونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌ سه‌رپه‌ره‌شتی به‌ڕێز جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی درێژه‌ی ده‌بێتن و یه‌كێتیی نیشتمانی له‌ پێشڕه‌وایه‌تیكردنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ره‌و به‌دی هێنانی مافی چاره‌ی خۆنووسین و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی گه‌ل و خاكی كوردستان له‌ خه‌بات به‌رده‌وام ده‌بێت .

نه‌مری بۆ شه‌هیدان

بژی یه‌كێتیی ناو یه‌كێتی

سه‌ركه‌وتوو بێت هه‌وڵه‌كانی نزیكبوونه‌وه‌

وته‌بێژی 

جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی

١١-٢-٢٠١٧

Omar Faris

We have 116 guests and no members online

div { text-align:right; }