جارێکی تر چینی دەسەڵاتدار لە عێراق و کوردستان بە هەموو ڕەوتە ئیسلامی و قەومی و تایفەگەری و هێزە میلیشیاییەکانیانەوە، سیناریۆی گاڵتەجارێ هەڵبژاردنیان بۆ فریودانی خەڵک و پەلکێشکردنەوەیان بۆ نێو زەلکاوی پڕۆسەی سیاسی شکستخواردویان بەدەستەوە گرتەوە. ئەمەش لە دۆخێکدایە کە کۆمەڵگه‌ی عێراق سەراپا غەرقی فەوزایەکی ئەمنییە و ڕۆژانە دەستی تیرۆر و تۆقاندنی گروپە میلیشیاییەکان و هێزە ئەمنیەکان تا ئەوپەڕی خۆی درێژدەبێ بۆ سەر گیانی ژنان و لاوانی ناڕازی و هەڵسوراوانی سیاسی و جەماوەری. لە دۆخێکدا کە هێزەکانی ئەمریکا و ئێران و دەخاڵەتی دەوڵەتانی ناوچەکە و کێشە و ناکۆکی نێوانیان، ڕۆڵی کاریگەری هەیە لەسەر دیاریکردنی داهاتوی عێراق.

بەڵام ئەم هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەردا بەڕێوەبچێت لە بنەڕەتەوە بۆ دەربازکردنی چینی دەسەڵاتدار و حکومەتە فاشیلەکەیانە لەو قەیرانە سیاسی و ئابوریە قوڵەی کە تادێت کۆمەڵگای عێراق و جەماوەری بەشمەینەت ڕادەکێشێتە نێو دۆخێکی نائەمنی و شەڕ و پێکدادان و تیرۆر و هەژاری و برسێتی و بێکاریەوە. چینی دەسەڵاتدار و هەموو ئەو ڕەوتانەی کە لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشدارن دەیانەوێت لەڕێگای ئەم هەڵبژرادنەوە، جوڵانەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری زەحمەتکێش، بەلاڕێدا ببەن و ڕایانبکێشنە نێو ئەو یاریە سیاسیە پوچەوە کە ناویان ناوە "پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن" تا دەسەڵات و سیستەمەکەیان، لەو قەیرانەی تێیکەوتووە ڕزگاربکەن و دەنگی هاوڵاتیانی ناڕازی بکەنە پەنجەمۆری شەرعیه‌تدانەوە بە خۆیان و لە سایەیدا جارێکی تر کورسیەکانی دەسەڵات و سەرچاوەکانی داهات دابەشبکەنەوە و بۆ چوار ساڵی تر خەڵکی هەژار و برسی چ لە عێراق و چ لەکوردستان، لەنێو زەلکاوی نائارامی و گەندەڵی و تاڵانچێتی و نەبونی خزمەیگوزاری و بێکاری و هەژاریدا ڕابگرن. ئەمە لەکاتیکدایە کە کەس نازانێت ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە چ شەڕ و ناکۆکی و ئاژاوەیەکی بەدواوە دەبێت.

لەلایەکی ترەوە ئەم هەڵبژاردنە لە دەورەیەکدا دەستی بۆ براوە کە خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر و هاتنەمەیدانی بە کۆمەڵیان لە ناوەندی شارەکاندا پشت سەرناوە، کە توانی حکومەتەکەی عادل عەبدول مەهدی وەلابنێ و چینی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتەکەی بخاتە نێو قەیرانێکی حکومەتی بێچارەوە. ئەم جوڵانەوەیە کە تائێستاش درێژەی هەیە و هەر ڕۆژە یەخەی دەسەڵاتداران دەگرێ و هاوکات خواستی کۆتایی هێنان بە سەرتاپای پڕۆسەی سیاسی و سیستەمێک کە سەرچاوەی گەندەڵی و تاڵانچێتی و ناعەدالەتی و هەژاری و بێکاریە، لە دەرەوەی بازنەی هەڵبژاردن و سیناریۆی دەسەڵات و خانەوادەی چینی بۆرژوازی، بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و بۆ ئازادی و یەکسانی و باشبژیوی دەڕوانێ. بەمجۆرەش پرسیاری سەرەکی بەردەم خەباتی چینایەتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش بەشداری کردن و بەشداری نەکردن نییە لەم هەڵبژاردنە پوچ و فریوکارانەیەدا، بەڵکو پرسیارەکە چۆنیەتی بەدەستەوەگرتنی ئامانج و خواستەکانی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر و ناڕەزایەتیەکانی ئێستایە، بەرەو کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئێستا و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەریە لە شوراکانی خۆیاندا.

کرێکاران، زەحمەتکێشان، خەڵکی ئازادیخواز!

بژاردەی ئێمە خەڵکی ناڕازی، هەڵبژاردن نیە، بەڵکو فراوانکردنەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئێستامانە لە بەرامبەر سیناریۆی هەڵبژاردنی گەندەڵکاراندا. ئێمە ژنان و لاوان و جەماوەری زەحمەتکێش چ لە عێراق و چ لە کوردستان، ئەمنیەت و ئازادی و خۆشگوزەرانیمان دەوێت، سیستمێکمان دەوێت کە یەکسانی و مافی ئینسانی و هاوڵاتیبون ڕێزی لێبگیرێت، هەر بۆیە وەڵامی ئێمە بە سیناریۆی هەڵبژاردنی دەسەڵاتداران، توندکردنەوەی خەبات و ناڕەزایەتیەکانمانە لەپێناو ڕوخانی دەسەڵات و هەڵگەڕانەوەی ئەم سیستمە گەندەڵ و چەوسێنەرەیە کە ژیانی زۆرێنەی کۆمەڵگای هاڕیوە. ئەگەر چینی دەسەڵاتدار بۆ ئامانجی گڵاوی خۆیان و کۆتوبەندکردنی ئێمە لەم زەلکاوەی دەسەڵاتەکەیاندا بڕیاری دەهۆڵ بۆ دیموکراسی و هەڵبژاردن دەکوتن، ئەوا ئێمە دەبێ ڕۆژانی هەڵبژاردن بکەینە فرسەتێک بۆ هێنانە مەیدانی ڕیزی ناڕەزایەتیمان بەرامبەر بەو دۆخە ناهەموارەی ئێستامان. دەبێ لە درێژەی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەردا بە جوڵانەوەی ناڕەزایەتیەکانمان بۆ نان و کار و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی پەرەپێبدەین و لەم ڕێگایەوە سیناریۆی هەڵبژاردنەکەیان بە شکستدا بکێشین.

دیموکراسی و پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان، مایەپوچی و بێئاکامی خۆی ئەزمون کردووە و ئیتر نۆرەی بەدەستەوەگرتنی کۆمەڵگایە لەلایەن نوێنەرانی جەماوەری ڕیکخراو لە شورا و ئەنجومەنە شۆڕشگێڕیەکاندا.

ئەوانەی بایکۆتی هەڵبژرادنیان کردۆتە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بەم هەڵبژرادنە و داوادەکەن "خەڵک بەشداری دەنگدان نەکات"، لەگەڵ ئەوەدا پشت لە دەورەیەک لە خەبات و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ڕابردو و ئێستامان دەکەن و باز بەسەر ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر و ئامانجەکانیدا دەدەن، بەم یان بەو شێوەیە، بانگەوازی ئێمە دەکەن بۆ مانەوەمان لە چوارچێوەی هەمان پرۆسەی سیاسی و سیستمێکی گەندەڵ و شکستخواردوودا، بە تایبه‌تی کە چینی دەسەڵاتدار، بە هەموو دەستەوتاقمی ئیسلامی و قەم و تایفەگەری و میلیشیاییەکانیانەوە، بڕیاریانداوە ڕێز لە زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیان نەگرن و بە کەمترین ڕێژەی بەشداربوان دەسەڵاتی خۆیان سازبدەنەوە و شەرعیەتی پێبدەن. کەواتە با ڕۆژەکانی دەنگدان و هەڵبژاردن، بکەینە ڕۆژی درێژەدان بە ناڕەزایەتیەکانمان، ڕۆژی سازدانی کۆبوونەوە گشتیەکان و هەڵبژرادنی نوێنەرانمان، ڕۆژی کۆبوونەوە لەدەوری ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی، ڕۆژی خەبات بۆ دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتی گەندەڵکاران و هێنانە کایەوەی دەسەڵاتدارێتی جەماوەریمان.

هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، لە ڕیزی پێشەوەی جەماوەردا بۆ بردنە پێشەوە و بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم خەباتە و ئەم ئاڕاستەیە ڕادەوەستن. هاوکات چینی کرێکار و سەرجەم بێبەشان و جەماوەری زەحمەتکێش، بانگەوازدەکەن کە فریوی دەستی گەندەڵکاران نەخۆن و بە برەودان بە خەبات و ناڕەزایەتیەکانی خۆیان و کۆبونەوەیان لەدەوری ئەم سیاسەتە، شکست بەم سینارێۆ گاڵتەجاریە بدەن.

نا بۆ هەڵبژاردن. . نابۆ پڕۆسەی سیاسی!

بەڵی بۆ دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی جەماوەری!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

 ١٢/٩/٢٠٢١

 

بابەتی زیاتری پارتە سیاسییەکان