ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: 

به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبونی (25)ساڵ به‌سه‌ر خیانه‌تی 31ی ئابدا

بیست و پێنج ساڵ به‌سه‌ر خیانه‌تی 31ی ئاب تێپه‌ڕ ده‌بێت و هێشتا برینه‌كانی ئه‌م تاوانه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌ ته‌واوی سارێژ نه‌بوه‌. ئه‌مه‌ش دوای چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ هێرشی سوپای رژێمی سه‌ددام حسێن به‌ هاوكاری هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌ختی خه‌ونی ئازادی گه‌له‌كه‌مان كه‌ بوه‌ هۆی شه‌هیدبونی ده‌یان پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی ئازا و به‌ جه‌رگی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و تێكۆشه‌رانی رێی رزگاری .

ئه‌و په‌لاماردانه‌ دڕندانه‌یه‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سوپای به‌عس ته‌نها پاش تێپه‌ربونی شه‌ش ساڵ بو كه‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ دژی ڕاپه‌ڕیبون، ته‌نها شه‌س ساڵ بو میلله‌ته‌كه‌مان ئه‌زمونێكی دیموكراتی بۆ خۆی بنیاتنابو كه‌ جێی پشتیوانی و هاوسۆزی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بو.

ڕاسته‌ گه‌له‌كه‌مان به‌ قوربانیدان و سوربونی له‌سه‌ر درێژه‌پێدانی خه‌بات و به‌ له‌خۆبردوی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پشتیوانی دۆستان، توانی به‌سه‌ر ئه‌م ئازاره‌ كه‌مه‌ر شكێنه‌دا زاڵبێت و رێگه‌ی ئاشتی و لێبورده‌یی بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌زمونی كوردستان بدۆزێته‌وه‌ و رێی ئاوه‌دانی و ئاسۆی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رێی تۆڵه‌ و ناكۆكی و گرژی سه‌ربخات، به‌ڵام هێشتا دوای چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌و كاره‌ساته‌ به‌ده‌ست ئاسه‌واره‌ خراپه‌ ده‌رونی و مه‌عنه‌وییه‌كانییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ كه‌ پایته‌خت و ته‌واوی كوردستانی خسته‌ به‌رده‌م مه‌حه‌كی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و تێكه‌ڵبونی به‌ كاغه‌ز و ئه‌جینده‌ی سه‌پاندنی دیفاكتۆی هێز و ده‌ست تێكه‌ڵكردن و ده‌ست تێوه‌ردانی ئیقلیمی ناجۆر و تێكدانی هاوسه‌نگی هێز و ململانێ سروشتی سیاسی .  .

یه‌كێتی به‌تایبه‌تی و گه‌له‌كه‌شمان به‌گشتی به‌ پێویستی ده‌زانێت كه‌ برینی تاوانی 31ی ئاب به‌ یه‌كجاری سارێژ بێت، ئه‌ویش به‌ وازهێنان له‌ فه‌رهه‌نگی خۆسه‌پاندن، دیفاكتۆی ناڕه‌وا و به‌گرتنه‌ به‌ری بژارده‌ی دیموكراسیی و ئازادی و دادپه‌روه‌ری راسته‌قینه‌، دور له‌ سته‌می گرتن و ئازاردانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك.

سڵاو له‌ شه‌هیدانی به‌ره‌نگاری سوپای به‌عس و تێكرای شه‌هیدانی گه‌له‌كه‌مان.

سڵاو له‌ سه‌بر و خۆراگری میلله‌ته‌كه‌مان كه‌ چاوی له‌ ئاینده‌ و دوارۆژی گه‌شتره‌.

سڵاو له‌ خه‌ڵكی خۆراگری هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان.

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

 

بابەتی زیاتری پارتە سیاسییەکان