لە٨/٧/٢٠٢١وە و دوای زیاتر قوڵبونەوەی ناکۆکی لەسەر دەستەڵات و غەنیمەت و دزییەکانیان لەپارێزگای سلێمانی و لەنێوان هەردو ئامۆزادا، ئێمە دەزانین هەردولا قاچاخچین و لاهور جەنگیش بەهۆی زۆری دەستەڵاتەکانیەوە لەناو بنەماڵەدا بڕ و ڕێژەی دزی و قاچاخچییەکانی زیاتر بون و ستەمکاری بنەماڵە لەسەردەمی ئەودا گەیشتبوە لوتکە و شایانی لێپرسینەوە و سزادانە، هەر خۆیشیان کۆمەڵێک فایل و دۆسیەی لەو جۆرەتان لەسەری هەڵدایەوە و ددانتان بەوەدا نا تاوانبارە.
بەڵام بڕیارەکەی ئەمڕۆی کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی ی ن ک هەر لەو بڕیارەی ڕەوانەکردنی سەرۆکجاش و تاوانبارەکانی جینۆساید دەچێت و وەک ئەوەی بتانەوێت لەسزادان و دادگاییکردن ڕزگاری بکەن، مانگێکە دۆسیەی تاوانەکانی هەڵدەدەنەوە و گوایە دژی ئەو کارانەی بون، کەواتە بۆچی لەسزادان دەیدزنەوە و ڕەوانەی زیندانی ناکەن و بۆچی دادگایی نەکرێت؟.
ئەم بڕیارە ئەگەر سەربگرێت و بۆ دەرەوەی بنێرن، کەواتە پێچەوانەی وتەکانی خۆتان ڕەفتار دەکەن و بڕیارێکی گوماناوییە...
بەهیوام تاوانبار لەئێستاوە ببرێتە بەردەم دادگا و لەزینداندا بیبینین، نەک ڕەوانەی ئەوروپای بکەنەوە و بە ئیسراحەت و بێ کێشە لەتاوانەکانی دەرباز ببێت، ئەگەر بڕوایشتان بە دادوەرە بە کرێگیراوەکانی خۆتان نیە و لەوە دەترسن هەمان چارەنوس توشی خۆیشتان ببێتەوە، کەواتە باسی کام چاکسازییە دەکەن؟؟، کە لەڕاستیدا ئێمە دەزانین نە چاکسازی بە ئێوە دەکرێت و نە دادگا و دادوەر و یاسا سەربەخۆ و دادپەروەرن، ئەوەی دەیکەن هیچ پەیوەندیەکی بە چاکسازی و ژیان و بەرژەوەندی میللەتەوە نیە، ئێستا قەیرانەکان زۆر زیاتر بون و ئێوە هەر ئاگاداری ڕەوش و نەهامەتیەکانی میلەت نین و ئێمە تەنیا لەتێکچونی ڕەوشی سلێمانی و ڕوبەڕوبونەوەی بە ئاژاوە و شەڕ دەترسین و غەممانە، ئەگەرنا ئەوەی ئێوەی سەرقاڵ کردوە غەمی خەڵک نیە و خەڵک بیر و هۆشی لەشوێنێکیترە.
بۆیە دەبێت خواستی ئێستای میللەت ئەوە بێت، کە پێیان بڵێین ناکۆکیەکانتان لەسەر دەستەڵات و تاڵانی لەم شارە کۆتایی پێبهێنن و بیبەنەوە دەرەوە و سنوری خۆتان، لەوە زیاتر مەبنە مایەی ئاشوب و بەڵا بۆ پارێزگای سلێمانی و خەڵکەکەی...