نووسەرە کۆنەکان

نووسەرە کۆنەکان

منداڵەکانمان نەوەی ئەمڕۆن و هـیوای داهـاتووی کوردستانن. . بەنرخترین و گرنگترین سامـان و سەرمایەی گەلەکەمانن. . بۆ ئەوەی نەوەیەکی بڕوابەخۆ و گەشبین و هیوادار پێبگەیەنین. . بۆ ئەوەی داهاتوویەکی شیاوتر و گەشتر بۆ کورد کوردستان دابینبکەین. . نەوەیەکی دڵسۆز گۆش و پەروەردەبکەین کە هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان هەبێت. . نەوەیەک رابهێنین و ئاراستەیان بکەین کە لە داهـاتوودا بتوانن بەرپرسێتی هەڵبگرن و چارەنووسی گەلەمان لە ئەستۆبگرن. . نەوەیەک کە رانەمێنن و بتـوانن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی رۆژگاردا هەڵبکەن و دەربەرن، لەگەڵ داهێنانە تازەکانی تەکنۆلۆژیادا دانەمێنن. . نەوەیەک کە بتوان ئاڵای زانست و زانیاری و پێشکەوتن و داهێنان و تازەگەری بەرزبکەنەوە. . ئەم ئامانجانە و بە دەیان هیوا و ئامانجی تریش.

پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی خوازیاری واش، دەکەوێتە ئەستۆی دایکان و باوکان و مامۆستاکان و نووسەران و هونەرمەندان و میدیا و راگەیاندنەکان و کۆمەڵگا و حکوومەت و هەموو کەسانێکی ئاواتەخـوازی داهـاتوویەکی باشتر و گەشتر بۆ کورد و کوردستان.

زۆر گرنگ و پێویستە کە رێز لە را و لە رادەربـڕینی منداڵەکانمان بگرین. . لێیانگەڕێین و هانیان بدەین و گوێیان لێبگرین با بە ئەوپەڕی ئازادییەوە گوزارشت لە هـزر و را و لە بۆچوونەکانیان بکەن. . بە ئازادی و بەبێ ترس ئەوی لە دڵیان دایە دەریان ببڕن.
لێیانگەڕێن با چێژ و خۆشی لە منداڵێتییان ببینن، جیهانی خەیاڵ فراوانیان لێتێکنەدەین، جیهانێکە سەرتاسەر لە پاکی و لە بێتاوانی و لە سادەیی و ساوێلکەیی. . پڕە لە هـیوای شیرین و لە خۆزگە و لە خەونی سەوز و لە گەشبینی. . منداڵان دڵیان وەکو پەڕەی گـوڵ وایە. . راستگۆن و درۆ و فـڕوفـێل و خەڵەتاندن و پێچ و پەنا نـازانن. . رق و کینە و بوغز و گێچەڵ و تۆڵەسەندنەوە نازانن. . منداڵان بە پاکی و بێتاوانی لەدایک دەبن. . هـەچ رەفتارێکی ناپەسەند و ناشیرین و نەرێنیش فـێربن. . بێگومان لە گەورەکانەوە فێریان دەبن. . وەکو کورد دەڵێ:" گـەورە ئـاو دەڕێـژێ و بچووک پێی تێدەخـا"

نابێت فەرامۆش و پشتگوێ و پەراوێزیان بکەین و لێیان نەپرسینەوە، پێویستە پرسیان پێبکەین. . را و خواست و رەخنە و پێشنیارەکانیان بە هەند وەربگرین، بە تایبەتیش لەو پرس و بڕیارانەی کە کاریگەریان لە ژیانی ئەمڕۆ و لە چارەنووسی داهاتوویانەوە هەن. . پێویستە رەنگ و دەنگ و ئامادەبوونیان هەبێت. . بەشداربن لە گفوگۆ و لە بڕیارەکان دا . . رێزگـرتن لە ئـازادی رادەربـڕینو گوزارشتکرن سادەترین مـافی رەوای منـداڵانە.

پێویستە فەزایەکی فروانی ئـازادی بۆ منداڵەکانمان بڕەخسێنین. . تا بە ئازدی گوزارشت لە خەیاڵ و لە رای خۆیان بکەن. . شایەنی ئاماژە و باسیشە ئازادی رادەربڕینی منداڵان مافێکی رەوای دانپێنراوە، لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە.
رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵ، بڕیارنامەی(٢٥، ٤٤) لە (٢٠ی/ نۆڤەمبەر/١٩٨٩) کە لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراو لە (٢ی/سێپتەمبەر/١٩٩٠) دا، کەوتە بواری جێبەجێکردن و پابەندبوونی وڵاتانی واژۆکردووی ئەم رێکەوتننامەیە.

لە دەقی ـ بەندی دوانـزەیەم ـ لە بڕگەی یەکەم دا:" وڵاتانی ئەندام لەم رێکەتننامەیەدا، دەبێ مـافی ئـازادی دەستەبەربکەن بۆ ئەو منداڵەی کە توانـای رێکخستنی بـیروڕای تایبەتی خۆی هەبێت، مافی ئەوەی هەیە کە بە ئـازادی راکـانی دەربڕێت، سەبارەت بە هەموو ئەو پرسانەی کە کاریگەرییان بە ژیانی منداڵەوە هەبێت، پێویستە بەپێی تەمەن و گەشەکردنیئەو منداڵە راکانی بە هەند وەربگيرێن"

لە دەقی ـ بەندی سیانـزەیەم ـ لە بڕگەی یەکەم دا، جەخت لەسەر ئەوە دەکات :" منداڵ دەبێ مافی ئازادی هەبێت، ئەم مافەش ئازادی داواکردنی هەموو جۆرەکانی زانیـاری و بیروڕاکان وەرگرتنیان و بڵاوکردنەوەیان دەگرێتەوە، چ بە زارەکی بن یا بە نووسراوبن یا چاپکراوبن یا هـونەری بن، یا لە رێگای هەر راگەیاندنێکی تروە بن، کە منـداڵ خۆی هەڵییبژێرێت"

پێویستە ئەوەش بزانین کە، منداڵان هەستیارن و توانایەکی زۆریان لە هەستکردن بە رووداو و شتەکانی دەوروبەریان. . هەندێ جار وشەگەلێکی قوت و جوان و سەیریان لێدەبیستین، ئەم قسانەش لە خۆتەن و لە بۆشییەوە نایەن، ئەوە دەگەیەنن کە منداڵان تا چ رادەیەک لە رووداوەکانی دەوروبەریان تێگەیشتوون. . ئەوان راستن و بە راشکاوی راستییەکان دەدرکێنن. . ئەوەی لە دڵیان دایە، هەر ئەوەیە کە لەسەر زاریان دایە.

گۆزارشتکردنی منداڵان بە ئازادی لە سۆز و هەست و لە را و لە راز و نیـازیان، لە گرنگترین پێویستییە تەندروستییەکانی دەروونـی و جەستەیی منـداڵان و گەورەکانیشە. . بەڵام بۆ منـداڵان کردارێکی زۆر گرنگە و هۆکارێکی گونجاوە، چونکە منداڵان هێشتا کامڵ نەبوونە، کە بتوانن ئەڵتەرناتیڤێکی تەندروستی بدۆزنەوە، تا بتوانن لە میانەیەوە سۆز و هەڵچوونی متبووی دەروونیان دەرببڕن.

گەر خێزانەکان دۆخێکی ئەوتۆ بۆ منداڵەکانیان نەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی بە ئازادی سۆز و خرۆش و هەڵچوونیان دەرببڕن. . دووچاری فشار و متبوون و تێکچوونی دەروونی دەبن. . ناچاردەبن رەفتار لەگەڵ سۆزداری پەنگخواردووی دەروونیان بکەن. . ئەمەش دەبێتە هۆی بەردەوامی دڵتەنگی و تێکچوونی دەروونییان. . هەست و سۆزداییەکانیان بە نەستی و بە ناتەندروستی دەجووڵێن و دەورووژێن.
کەواتە زۆر گرنگ و پێویستە، کە گرنگی و بایـەخ بەوە بدەین، کە چی هۆش و بیری منداڵەکانمانی سەرقاڵ کردوون. . دەبێ هانیان بدەین بە ئازادی و بەپێی ترس و شەرم، بە قسەکردن یا بە نووسین یا بە وێنەکێشان ئەوەی دەیانەوێت دەریان ببڕن. . نابێت
قسەکانیانپێببڕين. . فێری ئەوەشیان بکەین کە چۆن ئازادی دەربڕین بە خۆیان رەوا دەبینن. . ئاوهاش گـوێ لە کەسانی تر بگرن و رێـز لە ئازادی و لە رای و بۆچوونی جیاوازی هاوڕێکانیان بگرن. . هەستی کەسیش بریندارنەکەن. . دەبێ هەر لە منداڵییەوە ئەوە لەهۆشیان دا بچێنین، کە ئازادی مانای بەرەڵڵای و ملهوڕی نییە. . ئازادی پێوەر و سنووری هەیە. . مـرۆڤ تا ئەو ئاستە ئـازادە، کە پێشێلی ئـازادی و مـافی کەسانی تر نەکات و سنوور نەبەزێنێت.

بە تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە، ئەو ساغ بۆتـەوە، کە رێزگرتن لە ئـازادی دەربڕینی منداڵان هۆکارێکی گرنگە لە هۆکارەکانی باڵادەستی و پێشکەوتنی منداڵان. . منداڵان بەوەش ناسراون کە خۆهەڵقورتینن و خۆبەرەپێشەوەن و خۆدەرخەرن. . زۆر دەپرسن، جار و باریشبە پرسیاری سەیر رامان و دامانمان دەکەن. . بەڵام ئەمە خاڵێکی ئەرێنی و نیشانەی زیرەکییانە، هەرگیز نابێت پرسیارەکانیان وەڵام نەدەینەوە. . یا بە وەڵامێکی ناراست و سەقەت بەڕێیان بکەین. . ئەوان دەیانەوێت ئەوانەی نایانزانن، بیانزانن.

هەندێ لە منداڵان، گـرفتی بێتوانایی رادەربـڕین و گوزارشتکردن و نەبوونی ئـازایی ئەدەبییان هەیە. . ئەمەش پەیوەندی بە ترس و شەرم و گۆشەگیری و دەسەڵات سەپێنی دایکان و باوکانیانەوە هەیە. . کە توندوتیژ و تووڕە و رەقـن لەگەڵیان دا، سەرکـوێر و سەرکوت و دەمکوتیان کردوون. . بە شێوازی فەرمان وسکت و بیدەنگیان کردوون. . بـەری ئـازادی رادەربڕینیان لێگرتوون. . بە لای ئەمانەوە، دەبێت منداڵان لە رووی گەورەکان دا، دەمیان دابخەن و قسەنەکەن، تەنها گوێبگرن و گوێدێـربن.
(یۆ نامات) دەڵێ:" تاتەمەنی سیانـزە ساڵیم، وامدەزانی کە ناوم ـ دەمت داخـە ـ یە"
ئەم هەڵەیەی دایکان و باوکان. . لە ئەمڕۆ و لە داهاتووش دا، زیـان و کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی خراپیان لەسەر کەسایەتی و ژیانی منداڵان دەبێت.

لەم پێودانگەوە، پێویستە هەموومان ئەوە بزانین، کە ئازادی رادەربڕینی منداڵان چەند گرنگ و پێویستە. . چ کاریگەرگەرییەکی ئەرێنی لەسەر گەشەکردنی تواناکانی منداڵان هەیە. . نەک تەنها ئەم مافەی منداڵەکانمان بە رەوا و پێویست بزانین. . بەڵکو پێویستە بوار و زەمینەیان بۆ بڕەخسێنین. . هانیان بدەین و ئافەرین و دەستخۆشیان لێبکەین.

رەزا شوان
نەرویـج: ٩ی/ئادار/٢٠١٨

کەروێشکێکی کێوی، لە سەیرانگایەکدا، کەروێشکێکی سپی بینی، چوو تا تاوێک یاری لەگەڵـدا بکات، کە لێی نـزیک بۆوە، سەیـریکرد هیـچ ناجـوڵێتەوە. . بۆی دەرکەوت کە کەروێشکێکی راسـتی نییە، لە کوتـاڵی قـەدیفەی سپی دروستکرابوو. . کەروێشکە پەڕۆینەکەی لەگەڵ خۆیدا هێنا و لە دووری کونەکەیدا داینا. . جاروبار بە رۆژ دەچوو تاوێک یاری پێدەکرد.

رۆژێک لەوبەر جۆگا ئاوەکەوە، رێوییەک لە دوورەوە هەردوو کەروێشکەکەی بینی. . لەبەر خۆیەوە وتی: دەزانم ناتوانم هەردووکیان پێکەوە بگرم. . بەڵام دەتوانم یەکێکیان بگرم. . ئەمڕۆ خۆم مەستی خواردنی گۆشت کەروێشک دەکەم. . پێویستە بیر لە پلانێک بکەمەوە، تا بتوانم لێیان نزیک ببمەوە و رانەکەن.

رێوییەکە پێشتر لە نزیکی رێگاکەدا، چاوێلکەیەکی رەشی فـڕێدراوی بێنيبوو. . چوو چاوێلکەکەی دۆزییەوە، کردییە چاوی. . دارێکی باریكیشی دۆزییەوە، دارەکەشی گرت بە دەستییەوە. . بە تەقـە تەقـی دارەکە بە ڕێگاکەدا هات. . کەروێشکەکە رێوییەکەی بینی. . بە وردی سەرنجی دەدا. . رێوییەکە تا وا خۆی پێشان بدات کە نابینایە، جاروبار بە ئەنقەست لە رێگاکەدا لای دەدا و دووبارە دەهاتەوە سەر ڕێگاکە، بەڵام کە گەیشتە پـردە تەسکەکەی سەر جۆگا ئاوەکە، بە خێرایی و بە ئاسانی بەسەریدا پەڕییەوە.

کەروێشکەکە رای کرد و چووە ناو کونەکەیەوە، کە کەوتبووە نێـوان کۆمەڵێک دار و دەوەنی چڕەوە، بە ئاسانی نادۆزرایەوە. . رێوییەکە دیسان لەبەرخۆیەوە: ئەوەیان هێچ، بەڵام وا دیارە کەروێشکە سپيیەکە منی نەبینيوە. . ئای کە قەڵەو و جـوانە.

کە لە کەروێشکە سپییەکە نزیک بۆوە. . چاوێلـکەکەی و دارەکـەی دەستی فـرێدان و پەلامـاری کەروێشکە سپییەکەی دا و بە قـەپ هەڵیگرت. . کە زانـی کەروێشکێکی پەڕۆیینە. . فڕێی دایە سەر زەوییەکە و وتی: ئەی کەروێشکی زۆرزان، چۆن زانیت کە من چاوساغم و نابینانیم. . راتکرد و خۆت رزگـارکرد.

بەشێکی زۆر لە کەڵە نووسەرانی جیهانی (هۆنراوەنووسان، چیرۆکنووسان، رۆماننووسان، شانۆنووسان) منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون، بەشێک لە نووسینەکانیان، بە تایبەتی بۆ منداڵان نووسیوون، بە شێوازێکی ئاسانتر و کورتتر و بەزمانێکی شیرین بۆیان داڕشتوون، لەوانەش (تۆڵستۆی، چارلـز دیکنز، ڤیکتۆر هۆگۆ، پۆشکین، ئۆسکارد وایڵد، تاگوور، مەکسیم گۆرگی، ئەحمەد شەوقی، . . . ) لە هۆنراوەنووسانی کوردیشمان (ئەحمەدی خانی، فایـق بێکەس، پیرەمـێرد، زێـوەر، گـۆران، هـەژار موکریانی، قـانیع، . . . )

(ئەلیکسی ماکسیمۆڤیتش بیشکۆڤ) کە بە نازناوی ئەدەبی (مەکسیم گـۆرگی) ناسراوە و نووسینەکانیشی هەر بەم ناوەوە نووسیون و بڵاوی کردوونەتەوە.
کەڵە رۆماننووس و چیرۆکنووس و شانۆنووس و وتارنووس و چالاکوانێکی سیاسی روسییە، خاوەنی شاکارە رۆمانی جیهانی (دایـک: ١٩٠٧)ـە. مەکسیم گۆرگی بە دامەزرێنەری قوتابخانەی راستیی ئەدەبی و بە سەرکردەی شۆڕشیکی ئەدەبی لە روسیا دەزانرێت.

مەکسیم گۆرگی لە (٢٨ی/ ئادار/١٨٦٨) دا، لە شاری(نێژنی نۆڤگورۆد) لە رووسیا لەدایکبووە. . تەمەنی پێنج ساڵان بوو، باوکی (مەکسیم پیشکۆڤ) کۆچی دوایی کرد. . دایکی ( ڤارڤارا کاشیرنیا) دووبارە شووی کردەوە، نەنکی و باپیری (باوک و دایکی باوکی) ئەرکی پەروەردەکردن و بەخێوکردنیان گرتە ئەستۆیان. . باپیرەی پیاوێکی رەق و توندوتیژ و گرژ بوو. . بەڵام نەنکی ئافرەتێکی بەسۆز و میهرەبان و نەرم بوو، مەکسیم گۆرکیی زۆر خۆشدەویست. . شەوانە بە شێوازێکی شیرین چیرۆکی فۆلکلۆری خۆشی بۆ دەگێڕایەوە. . ئەم چیرۆکانە بوونە ئیلهام بۆ ئەوەی گۆرگی هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی چیرۆک نووسین بکات. . بە هۆی دەستکورتی ماڵی نەنکییەوە، مەکسیم گۆرگی لە تەمەنی هەشت ساڵێیەوە ناچاربوو کاربکات. . چەندین کاری قورس و سەختی کرد کە لەگەڵ تەمەنی دا ناگونجان وەکو ئشکردن لەنانەوەخانە، مانگی بە دوو رۆبل. . تەمەنی نۆ ساڵان بوو دایکیشی کۆچی دوایی کرد. . دوایش نەنکیشی کۆچی دوایی کرد. . گۆرگی بە مردنی دایکی و، بە تایبەتیش نەنکی کە زۆر خۆشەویستی و پێگەیەکی تایبەتی لە دڵیدا هەبوو، غەم و ناخۆشی و کەسەرێکی زۆر چووە دڵییەوە، کاریگەرییەکی زۆر تێکردن. . ژیـان بۆ منداڵێکی بێنازی بێ دایک و بێ باوک زۆر ناخۆش و سەخت بوو. . چونکە هێچ داڵدەیەکی ئەوتۆی نەبوو رووی لێبکات. . ماوەیەک وێڵ و سەرگەردان و دەربەدەربوو. . بە روسیادا دەسوڕایەوە. . شوێنێکی نەبوو تیا بسرەوێت. . لە تەمەنی نۆزدە ساڵان دا، لەبەر هەژاری و نەبوونی و بێ پارەیی و بێکەسی، هەوڵی خۆكوشتنی دا. . خۆی بریندارکرد و خەریک بوو بمرێت.
بەڵام زۆر جار ژیانی سەخت و تاڵ و پڕ لە مەینەتی و کارەسات، وا لە مرۆڤ دەکات کە زیاتر بڕوای بە خۆی هەبێت و خۆڕاگربێت و بێ هیـوا و نائومـێد نەبێت. . دۆخە ناخۆشەی بە کۆتایی ژیان و جیهان نەزانێت. . بە گەشبینییەوە بگەڕێت بۆ دۆزینەوەی دەرگایەکی تری بەختەوەری و خۆشی. . بۆیە مەکسیم گۆرگی پەشیمان بۆوە، کورد وتەنیش:"لە دوای تەنگانە شێنەیی دێت"
گۆرگی دەڵێ:" تا مرۆڤ زیاتر تاڵی بچێژێت. . زیاتر برسیی خۆشییەکانی ژیان دەبێت" دەشڵێ:" جیهان وەک شەوێکی تارێک وایە. . هەموو کەسێک دەبێت چرای خۆی داگیرسێنێت. . "

مەکسیم گۆرگی لە ساڵی (١٨٩٢) لەگەڵ (کاترینا بیشکۆفا) دا کە چالاکوانێکی بواری مافەکانی مرۆڤ بوو، هاوسەرگیرییان کرد. . دوو کوڕیان بوو.

مەکسیم گۆرگی بە منداڵی زۆر حەزی لە قوتابخانە و لە خوێندن بوو، دەڵێ:
"ئەگەر پێمیان بوتایە، پێتدەخوێنی، بەو مەرجەی هەموو رۆژانێکی شەممان لە گۆڕەپانی (نیکۆڵا یێڤسکی) دا، چینی دارکاریت دەکەین، بێگومان رازی دەبووم" زۆرحەزیش دەکرد کە بچێتە زانکۆ و خوێندنی باڵا تەواوبکات. . بەڵام هەژاری و سەرگەردانی رێگربوون لە رووی ئەم حەز و هیـوایەی.

زۆریش لە قوتابخانەدا بەردەوام نەدەبوو، بچڕ بچڕ دەچوو. . بەڵام زۆری دەخوێندەوە. . یەکێک لەو پەرتوکانەی کە خوێندییەوە و سەرسامی بوو، پەرتوکی (زەردەشت وای وت" لە نووسینی بیرمەندی ئەڵمانی (نیتشە).

گۆرگی لە ساڵی (١٨٩٠) دا بە نووسینی کـورتە چیرۆک، دەستی بە نووسین کرد و بڵاویانی کردنەوە. . لە ساڵی (١٨٩٢) دا، یەکەمین چیرۆکی خۆی نووسی و بڵاوی کردەو کە لەژێر ناونیشانی (ماکـار چـۆردا) دایە. . چەندین چیرۆکی تری بە دوای ئەم چیرۆکەدا نووسسی و بڵاوی کردنەوە. . دوایش دەستی بە رۆمان نووسین کرد، چەند رۆمانێکی بەرزی هەیە. . زیاتریش بە رۆمانی (دایک) ناوبانگی دەرکرد کە بەیەکێک لە شاکارە رۆمانە جیهانییەکان و کراوە بە فیلمی سینەمایی. . کە وەریان گێڕاوە بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان نووسەر رووناکبیر و سیاسەتمەداری کوردمان خوالێخۆشبوو مامۆستا (کەریمی حیسـامی) رۆمانی (دایک)ی لە زمانی فارسییەوە وەگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی. . هەروەها گۆرگی چەند شانۆیەکی سەرکەوتووشی نووسیوون، زۆربەیان لەسەر تەختەی شانۆدا نماییش کران. . بە دەیان وتار و رەخنەی ئەدەبی و سیاسیشی نووسیوە. . هاوڕێتیشی لەگەڵ لینین و ستالین دا هەبوو.

شایەنی باسیشە وشەی (گۆرگی) لە زمانی روسیدا، مانای (تـاڵ) دەگەیەنێت. . هەڵبژاردنی ئەم نازناوەش لە لایەن مەکسیم ەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژیانە تاڵ و سەخت و ناخۆش و پڕ کارەسات و کوێرەوەری و مەینەتییەی کە گەلی روسی لە سایە دەسەڵاتی قەیسەری دا دەیان چێشت. . ئەم راستییەشی بە چاوی خۆی بینی. . هەروەها بۆ ژیانی تاڵ و سەختی منداڵی و هەرزەکاری خۆی. . بۆ ژیانی تاڵی دایکە بەدبەختەکەی کە بە دەست مێردی دووەمییەوە، گیریخواردبوو. . کە پیاوێکی مەیزەدە و هەمیشە سەرخۆش و توندوتیژ بوو، دەستی لە دایکی دەوەشاند و هـەر خەفەتیشەوە مرد. . ئەم هەموو تاڵییانە، وای لە مەکسیم کرد کە وشەی (گـۆرگی: تـاڵ) بکات بە نازناوی ئەدەبی و بەم ناوەوە بنووسی و بڵاوبکاتەوە.
گۆرگی سەرگوڕشتەی ژیانی خۆی لە سێ بەشدا نووسیوەتەوە، دوو بەشیان باس لە تاڵییەکانی قۆناغی ژیانی منداڵی و لە قۆناخی هەرزەکاری و لە ژیانی سەخت و تاڵی خەڵکی دەکات.
مەکسیم گۆرگی لە تەمەنی (٦٨) ساڵیدا لە ساڵڕۆژی(١٨ي/ یونی/١٩٣٦) دا لە شاری مۆسکۆدا کۆچی دوایی کرد. . لە گۆڕەپانی سوور، لە بن دیواری کرملین دا، لە ریزی شۆڕشگێڕان و نەمرەکانی روسیادا بە خاکیان سپارد.

ئەدەبی مـنداڵان لە روانینی مەکسیم گۆرگییەوە:
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە ئاوڕدانەوە و روانینی مەکسیم گۆرگییە لە ئەدەبی منداڵان. . کە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەبوو لە گەشەکردنی و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی روسی دا. . داواشی لە نووسەرانی ئەدەبی منداڵانیش کرد. . کە هەوڵی داهێنان و تازەگەری بدەن لە ئەدەبی منداڵان دا.

گۆرگی دەڵێ:" منداڵ لە هەموو سەردەمێکدا هێمای بێتاوانی و پاکی و خێر و راستی و جوانییە. . " لە بارەی شێوازی نووسینیش بۆ منداڵان، دەڵێ:" پێویستە بە هەمـان شێوازی نووسین بۆ گەورەکان. . هەر بەو شێوازەش بۆ منداڵان بنووسین، بەڵام بە ئاستێکی باشتر" لە روانینی ئەوەوە، پێویستە نووسین بۆ منداڵان، بەپێی خواست و ئارەزووەکانی منداڵان بێت، نەک بەپێی ویستی نووسەران. . گۆرگی تەنها بە قسە پابەندی ئەم بیر و باوەڕ و روانینانەی نەبوو، بەڵکو زۆر جار لەگەڵ منداڵان خۆشیان دادەنيشت و لێی دەپرسین: حەزتان لە چ جۆرە نووسینێکە؟ جارێکیان بە فەرمی بە ناردنی نامە ئەم پرسیارەی ئاراستەی ژمارەیەک لە منداڵانی روسیا کرد:"ئـارەزووی خوێندنەوەی چی دەکەن. . ؟" لە زیاتر لە دوو هـەزار منداڵەوە وەڵامی پرسیارەکەی پێگەیشت، نووسیبوویان لە "هەمـوو شـتێک"
مەکسیم گۆرگی لەم وەڵامەوە، لە گرێ و لە رێنماییەکانی گەورەکـان وازیهێنا و دەستبەرداری فیز و خۆبەگەورەزانین بوو. . چووە نێو جیهانی وەنەوشەیی سەیر و سەمەرەی منداڵانەوە. . جیهانی راستی و پاکی و بێتاوانی، گوێی لە هیـوا و خواست و راز و لە خەونە شیرین و سەوزەکانیان دەگرت. . بۆیە مەکسیم گۆرگی فەلسەفەی خۆی لە دەستەواژەی "هەمـوو شتـێک"دا چڕکردەوە.

مەکسیم گۆرگی، ماڵەکەشی کردبوو بە ژوانگەیەکی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، زۆرجار لەگەڵیاندا دادەنیشت و گوێی لێدەگرتن. . باس و تاوتوێ نووسین و ئەدەبی منداڵانی لەگەڵ دەکردن. . بۆچوونەکانی و رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی پێدەوتن. . چەند جارێکیش کێبڕکێی بۆ ئەدەبی منداڵان سازکرد. . خەڵاتی رێزلێنانی بە نووسەرانی تێکستە باش و براوەکان دەبەخشی. . شایەنی باسیشە مەکسیم گۆرگی، گەورەترین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبی منداڵانی لە روسیادا دامەزراند. . کە هۆکارێکی گرنگ و هاندەربوو، بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی روسی.

لە تێڕوانینی گۆرگییەوە پێویستە ئەدەبی منداڵان، هاوڕەوت بێت لەگەڵ پـەروەردەی نوێدا. . پەروەردەش پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی بێت. . پەروەردەی کۆمەڵایەتیش بە لای گۆرگییەوە، ئەنجامدانی کاری شۆڕشگێڕانەیە. . رزگارکردنی مێشکی منداڵانە لە خەیاڵی پـووچ و لە داب و نەریتی بەسەرچووی سواو. . دەبێت منداڵان بە شێوازێک گـۆش و پەروەردە بکرێن، کە زیاتر لە داهـاتوو بڕوانن، وەک لەوەی ئاوڕ لە رابردوو بدەنەوە.
گۆرگی دەڵێ:"کاروانی رابردوو ناتگەیەنێت بە هیچ شوێنێک" مەبەستی گۆرگیش ئەوە نییە، کە هێڵی راست و چەپ بەسەر رابروودا بهێنین و لەبەر چاوی منداڵانی بخەین، یا لە رەگەوە رەگکێشی بکەین. . چونکە ئەمـڕۆ لە دوێنێ لە دایک بووە، سبەینێش لە ئەمـڕۆ لەدایک دەبێت، ئەوەی رابردووی نەبێت، ئەمڕۆ و داهاتووشی نابێت. . مەبەستی گۆرگی ئەوەیە، پێویستە بە شێوەیەکی راستگۆیانە و روون، بەبێ ئارایش و رتووش، باسی رابردوو بۆ منداڵان بکەین. . لەم رووەوە دەڵێ:"پێویستە زانیاری لە خزمەتی منداڵاندا بێت. . منداڵانیش وا رابهێنین کە بیر لە داهـاتوو بکەنەوە. . "

مەکسیم گۆرگی، جەخت لەسەر بایەخی چیرۆکە کۆنە میللیەکان دەکاتەوە، کە گرنگییان هەیە لە گەشەکردنی هۆش و هزری منداڵان، لە هەستکردنیان بە داهێنان لە هونەر و ئەدەب دا، لە دەوڵەمەنکردنی زمانیان، لە بەخشینی چـێژ و خۆشی و شادی پێیان.

رەزا شوان
نەرویـج: ١ی/ ئادار/٢٠١٨)

 

 (جـۆرج ئورۆیل) دەڵێ:" لە سەردەمی ئێمەدا، شتێک نییە بە ناوی دوور لە سیاسەت، هەموو کێشەکان کێشەی سیاسین". . بێگومان سیاسەت بە گرنگترین پایەکانی دەوڵەت هەژماردەکرێت. . بە سیاسەتێکی ئەرێنی و دروست دەوڵەتان بەڕێوەدەچن و دەتوانن بە ئاشتی و ئاسوودەیی لەگەڵ یەکتری دا هەڵبکەن و بژین. . هەر لە رێی سیاسەتیشەوە دەوڵەتان دەتوانن رێـز و پێگەی باشیان لە نێو نەتەوەکان دا هەبێت.

لە ئەمڕۆدا سیاسەت وەکو زانیارییەکی پێویستی سەربەخۆ، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی راست ودروست، لە زانکۆکانی جیهان دا دەخوێندرێ و کۆلـێژی تایبەتی زانیارییەکانی سیاسەت هەیە. . ساڵانە بە هـەزاران خوێندکـار لە جیهان دا لەم کۆلێژانە دەردەچن و لە لقەکانی سیاسەت دا، خوێندنی باڵا تەواودەکەن و وەکو پسپۆر و شارەزایەکی سیاسی لە جمگەکانی دەوڵەت دا کاردەکەن. . وزیاتـريش درێژە بە زانیاری و رۆشنبیری و شارەزایی سیاسییان دەدەن. . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زانیاری سیاسی چەند گرنگە لەم رۆژگـارەدا، بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی ئەم بوارەیان هەڵبژاردووە و سیاسەت بووە بە پیشەیان و بە مەیـدانی کار و خزمەتکردنیان. . تا ئەو رادەیەی کە سیاسی بە پـزیشکی کۆمەڵایەتی و بە ئەندازیاری بە ڕێوەبردنی دەوڵەت دەزانرێن. سیاسی دڵسۆز و پسپۆر و شارەزا رێزێکی تایبەتی لە لای گەلەکەی هەیە.

ئەوەی نەتوانێت، لە زانیارییەکان و لە هونەرەکانی سیاسەت شارەزابێت و نەتوانێت پراکتیکیان بکات. . یا ئەوەی رۆشنبیرییەکی سیاسی ئەوتۆی نەبێت. . شایەنی ئەوە نییە کە سیاسەت بکات بە پیشەی و لەم بوارەدا کاربکات و خۆی بە سیاسی بزانێت.

لە ئەمڕۆدا لە کوردستانی ئێمەدا، کەسانێکی زۆری نەزان و نابەڵەد خۆیان لە سیاسەت هەڵقـورتاندووە و خۆیان بە سیاسی ناودەبەن. . بەشێک لەم کۆڵکە سیاسییە نەزانانە خۆیان گەیاندۆتە پایەیەکی بەرز و هەستیاری دەسەڵات لە باشووری کوردستان دا. . کەسانێکی ناسیاسی و ناڕۆشنبیری هیچ لەبـارن. . بەڵکو هی وایان تێدایە، کە سێ شەو و سێ رۆژ لەمەنجەڵێک دا بیکوڵێـنیت، بڕواناکەم کە تنۆکێک سیاسەتی لێبێتە بەرهەم. . چونکە هیچ باگـراوند و زانیاری و شارەزاییەکی سیاسی و رۆشنبیرییان نییە.
(جۆرج برنادشۆ) دەڵێ:" ئەو هیـچ نازانێت، وا هەستـیش دەکات کە زۆر دەزانێت، کەواتە سیاسەت دەکات بە پیشەی"

زیادەرۆیی ناکەین ئەگەر بڵێین، ئەمانە شێرپەنجەی دەسەڵاتن و هۆکاری ئەو هەموو نەهامەتی و قوڕبەسەری و شکستی و ماڵوێرانیانەن کە بەسەر گەلەکەمان دا هاتوون. . هۆکاری ئەو هەموو قەیرانانەن کە رووبەڕووی کوردستان بوونەتەوە. . ئەمانەن کە چارەنووس و داهاتووی گەلەکەمانیان خستۆتە مەترسییەوە. . خەڵکـیان بێ هـیوا کردوون. . کورد وتەنیش:" بەردێک نەزان بیخاتە گۆمەوە. . بە سەد زانا دەرناچێت"
(غەمگین کوردستانی" دەڵێ:" سیاسی نـەزان، مەترسییە بۆ گەلەکەی، زیـاترە لەو مەترسییەی کە دوژمنەکانی بۆێ دروست دەکەن"

سیاسەتمەدار تا زیاتر بچێتە قووڵایی زانیارییەکانی سیاسەتەوە. . تا زیاتر خۆی رۆشنبیر بکات. . تا زیاتر شارەزای هونەرەکانی سیاسەت و گەمەی سیاسی بێت. . باشتر دەتوانێت کار لەم بوارەدا بکات و سەرکەوتووبێت. . بە پێچەوانەشەوە، تا نەزان و نەشارەزا و بێ ئەزموون بێت، ناتوانێت ببێت بە سیاسی و سەرکەوتووبێت لە راپەڕانـدن و لە جێبەجێکردنی ئەو کارانەی لە ئەستۆی دایە. . تووشی دۆڕان و شکستی و شەرمەزاری دەبێت. . زۆر جاریش ئەم ناسیاسییانە، دەستی چەوربوویان بە خەڵکی تردا دەسڕن و پاکانە بۆ شکستییەکانیان دەکەن و خۆیان لێ بتاوان دەکەن. . ئەم سیاسییە نەزانانە هەست بە ئاست نزمی و بە بێتوانایی خۆیان دەکەن، بۆیە رقیان لە رۆشنبیران و لە کەسانی خاوەن بڕوانامەی باڵا و لە ئاکادیمی پسپۆر و لە سیاسەتزانانی بە توانایە.

بەشێک لەم سیاسییە نەزانانە حەز بە خۆدەرخستن دەکەن، بە تایبەتیش لە کەنـاڵە تەلەفزیۆنییەکان دا. . بەڵام بینەر و گوێکرانی رۆشنبیرن دەزانن کە چـەند ئاستی رۆشنبیری و سیاسییان نزمە. . چەند قسەی نابەجێ و هەلەق و بەلەق دەکەن.

زۆر لەم سیاسییە نەزانانە، زۆر باش دەزانن کە سیاسی نین. . بەڵام دوای بەرژەوەندی خۆیان کەوتوون، بە تایبەتیش دەستکەوتی ماددی و پۆستی دەسەڵات. . هەموو ژیانیان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک تەرخان کردوون، ئەویش کورسی دەسەڵاتە، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەشیان رێگای نادروست و نەشیاو دەگرنەبەر. . ئەوان بڕوایان بە چەمکی (ئامانج پکانە بۆ هۆکارەکان دەکات) لە راستیش دا ئەمانە تەنها مەبەستیان گەیشتن بە کورسی و پۆست نییە. . بەڵکو ئەوان چاویان بڕێوەتە ئەو دەستکەوتانەی کە لە پشتی کورسییەوە دێنەدی، وەکو دزی و خۆدەوڵەمەندکردن و خۆسەپاندن و گەنـدەڵی و تۆڵەکردنەوە لە هەرکەسێک پێیان بڵێن ئێوە پێتان خوارداناون.

زۆر بەداخەوە، ئەو دەستکەوتانەی کە گەلەکەمان بە دەریایەکی خوێن و فرمێسک. . بە هـەزاران قوربانی ئەنفال و کیمیاباران. . بە کاولکردنی پێنج هـەزار دێهاتی کوردستان هاتنەدی. . سیاسییە نەزانەکانمان زۆر بە ئاسانی لەسەر مێزی گفتوگۆدا دۆڕاندیان. . هەر ئەمانەش پارێزگای کەرکوک و خانەقـین و ناوچە داگیرکراوەکـانی تری باشووری کوردستانیان دۆڕانـد. . چونکە گەمەکەرێ سیاسی نـەزانن. . لە زانیاری و لە هونەری سیاسەت دا نابەڵـەدن. . نەیان توانی ناخی بەرانبەرەکانیان بخوێننەوە. . نەزان بوون و پێشبینی ئەگەر و گریمانەکانیان نەکرد. . هیچ پەنـد و وانەیەکیشیان لە نەهامەتییەکان و لە هەڵە و لە هەڵخەڵەتاندن و لە شکستییەکانی رابردووی گەلەکەمان وەرنەگرتن. . (سوکرات) دەڵێ:" نەزان کەسێکە کە دووجار پێی لە بەردێک هەڵبکەوێت" تا ئێستا چەندین جار داگیرکەرانی کوردستان ئەم خاڵە لاوازەی سەرکردە ناسیاسییەکانی کوردیـان قۆستۆنەتەوە و توانیویانە زۆر بە ئاسانی بیان خەڵەتێـنن. . لە سیاسەتیش دا رەوشت و بەهـا و بەڵێن بوونیان نییە. . سیاسەت هونـەری هەڵخەڵەتاندنە، گەر تۆ نەتوانیت من بخەڵەتێنیت، من دەتـوانم تۆ بخەڵـەتێنم . . هەموو جـارێکیش گەلەکەمان باجێکی زۆری ئەم هەڵانەی سیاسییە نەزانەکانمانی داوەتـەوە. . کەچی ئەوان باکیان نییە و وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوونە.
ئەوەتا لە ئەنجامی نەزانین و نابەڵەدییان لە سیاسەت دا، گەلەکەمانیان رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار کردوون. . بە دەیان قەیـرانیان بۆ کوردستان دروست کردوون. . کەچی نە دان بە هەڵەکانیان دا دەنێن. . نە داوای لێبووردن لە گەلەکەمان دەکەن. . نە واز لە دەسەڵات دەهێنن. . نە تەڕیش دەبن. . بەزەییشیان بە هەژار و برسی و منداڵانی گەلەکەمان نایاتەوە. . بە هەوسی خۆیان، بە راست و چەپ دا، بە ئاشکرا و بەبێ شەرم سامانی گەلەکەیان دەدزن و. . خویـان بێدڵی ناکەن.  
 

شانۆ لقێکە لە ئەدەب، هونەرێکی درامی نوانـدە، بە دایکی هونەرەکان ناودەبرێت. شانۆ پەنجەرەیەکە بۆ داهێـنان. . سەکۆیەکە بۆ گوزارشتکردن لە خۆشییەکان و لە ناخۆشییەکانی مـرۆڤ. . شانـۆی منـداڵانیش لقێکی زۆر گرنگە لە ئەدەبی منداڵان، مەبەستیشمان ئەو شانۆیەیە، کە لە خـزمەتی منداڵان دایە و منداڵان خۆیان رۆڵی سەرەکی نواندنی تێدا دەبینن و نمایشی دەکەن.

(مـارک تووەین) لە بارەی شانۆی منداڵانەوە دەڵێ:" بـڕوام وایە کە شانۆی منداڵان، یەکێکە لە گەورەترین داهێنراوەکانی سەدەی بیستەم کە بلیمەتی ئادەمیزاد رێی پێبرد. . بەهـێزترین مامۆستای رەوشتە. . داکۆکیکەرە لە رەوشتی باش. . "

شانۆی منداڵان، پەیامێکە، خۆشی و شادییەکی زۆر و چێژی هونەری و جوانناسی بە منداڵان دەبەخشێت. . هۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەکردن و فراوانکردن و زاخاودانی بیر هۆش و ئەندێشە و هەست و سۆز و توانای دەربین و گوزارشتکردنی منداڵان. . بۆ گەشەکردنی بەهـرە و ئارەزووەکانی منداڵان. . بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانیان. . هۆکارێکە بۆ رۆشنبیری کردنیان. . هۆکارێکی زۆر گرنگیشە لە هۆکارەکانی فێرکردن و پەرەوەردەی نوێی منداڵان. . لە گەشەکردنی دروستی کەسایەتیان.
شانۆی منداڵان هۆکارێکی کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی گەلێ گـرێ و گرفت و فشارە دەروونییەکانی منداڵان، وەک (شەرم، گۆشەگیری، زمانگرتن، ترس، رارایی، پەشێوی دۆشدابردن، دڵتەنگی، خەمۆکی، گرژ و مۆنی، . . ) بنچینەی درامای منداڵانیش یارییە. . پەروەردەکاری بە ناوبانگ (جـان جـاک رۆسـۆ) فێرکردنی منداڵان لە رێی یاری و نواندنەوە، بە باشترین شێوازی فێرکـردن دەزانێت، ئەوەشی راگەیاند کە شانۆی منداڵان رێبازێکە بۆ فێرکردنی منداڵان.

دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان گرنگییەکانی (شانۆی گەڕۆکی منداڵان). . لە زۆربەی شارەکانی وڵاتانی جیهان دا، شانۆی گەڕۆکی منداڵان هەیە، کە منداڵان خۆیان رۆڵی سەرەکی نواندنی تێدا دەبینن. . کە لەسەر (لـۆری بارهـەڵگر)، یا یەکسەر بە شەلمان و تەختەدار دروستی دەکەن، بە دیکۆری جوانی سەرنج راکێش دەیڕازێننەوە، ساڵی چەند جارێک لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان دا، نمایشی شانۆی منداڵان دەکەن. . لەپاڵ نمایشی شانۆش دا، منداڵان چەندین گـۆرانی و هەڵپەڕکی و دانس پێشکەش دەکەن. . پێشتریش ریکلام و ئاگاداری بۆ شوێن و کاتی نماییشکردنی شانۆکە دەکەن. . میدالیا و خەڵات بە منداڵە بەشداربووەکان و بە دەرهێنەرەکانیش دەبەخشن. . بێجگە لەوەی کە لە زۆربەی شارەکان دا هۆڵی تایبەت بە شانۆی منداڵان هەن. . هەروەها بەڕێوەبەرێتی هونەری منداڵانیش هەیە، ساڵانەش لە شارەکان دا، فیستیڤاڵی پێشبڕکی شانۆی منداڵان سازدەکەن. . چەندین تیپی شانۆیی منداڵان بەشداری تێدا دەکەن.
منداڵان هیوای داهاتووی هەر گەلێکن. . بۆ گەلانی پێشکەوتوو بایەخێکی زۆر بە فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵان دەدەن. . بۆ نموونە لە (وڵاتی نۆروێـژ)دا، لە حکوومەت دا، وەزارەتێک هەیە بە ناوی (وەزارەتی منداڵان)

وادیارە هونەرمەندی عێراقیش (حوسێن عەلی ساڵح) کە پسپۆرە لە شانۆی منداڵان و زیاتر لە بیست ساڵە لە بواری (ئەدەبی منداڵان) دا کار دەکات، سوودی لە ئەزموونی (شانۆی گەڕۆکی منداڵان) ی دەوڵەتان وەرگرتووە. . دەستپێشخەری کرد و بۆ یەکەمین جار لە بەغدا، ئۆتۆمبیلێکی دوو تۆنی (پیک ئاپ)ی کردە شانۆی گەڕۆکی منداڵان و بە دیکۆرێکی جوان رازاندییەوە. . تا ئێستا لەسەر پشتی ئەم پیکاپەدا، چەند شانۆیەکی بۆ منداڵان ـ ئەکتەرەکانیش منداڵانن ـ لە باخچەکانی ساوایان و لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی بەغدا دا، بە سەرکەوتووییەوە نمایشی کردن. . دەستخۆشییەکی زۆریان لێکردووە.

چ دەرهێنەرێکی دڵسۆز و خەمخۆری منداڵانی کوردستان لە بواری شانۆی منداڵان دا، شانازی دەستپێشخەری پێدەبڕێت و. . بڕیاری دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) دەدات. . راستە پرۆژەیەکی گرنگی وا، پێویستی بە هاوکاری چەند لایەنێک و بە پشتگیری و دابینکردنی کەرەستە و پێدایستییە پێویستییەکانی شانۆی منـداڵان هەیە. . بەڵام هەموو پرۆژەیەک بە هەنگاوێکی سەرەتا دەست پێدەکات.

گەربێت (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) دابمەزرێت، دەتوانێت خزمەتێکی زۆری بواری ئەدەب و هونەری منداڵانی کوردمان بکات. . لە رووی پەروەردەیی و فێرکاری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و جەستەییشەوە خۆشی و سوودێکی زۆر بە منداڵانی کوردمان دەبەخشێت. . وەکو من بزانم تا ئەمڕۆ لە کورستان دا، شانۆی گەڕۆکی منداڵانمان نییە.

نابێت ئەو هونەرمەندە دڵسۆزانەمان لەیادبکەین، چ ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە، یا ئەوانەی تا ئەمڕۆش لە ژیان دا ـ تەمەن درێـژیان بۆ دەخوازم ـ کە زۆر دڵسۆزانە و خۆبەخشانە لە بواری شانۆی منداڵانی کوردستان دا خزمەتێکی جوانیان کرد و دەیکەن، جێ پەنجەیان دیارە و، کۆمەڵێک شانۆی جوانیان پێشکەش بە منداڵانی کوردمان کرد. . بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، لە چاو گرنگی شانۆ بۆ منداڵان، تا ئەمڕۆش شانۆی منداڵان لە کوردستان دا، لە ئاستی خواست و پێویستی منداڵانی گەلەکەمان دا نییە. . ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەک، یەکێک لەو هۆیانە، پشتگیرنەکردنی شانۆی منداڵان لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتییە گششتییەکانی پەروەردەی شارەکانی کوردستان، نەبوونی هۆڵی تایبەت بە شانۆی منداڵان. . ئەگەرچی لە شارەکانی باشووری کوردستان (بەڕێوەبەرایەتی هونەری منداڵان) و (بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان) هەن. . بەڵام لە راستی دا لە رووی مـاددی و پێویستی و مەعنەوی و هانـدانەوە، لە لایەن وەزارەتەکانی رۆشنبیری و پەروەردەوە، پشتگوێ خـراون وەکو پێویست ئاوڕیان لێنەداونەتەوە. تا ئەمڕۆش نە لە باخچەکانی ساوایان و نە لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان دا وانەیەک نییە بە ناوی (وانەی شـانۆ) وە، دەرچووانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانیش کە لە باخچەکانی ساوایان و لە قوتابخانەکانە بنەڕەتییەکان دا بە مامۆستای هونەر دایاندەمەزرێنن، نە وانەی تایبەتی شانۆ هەیە و نە هیچ پێویستی و پێداویستێکیشیان لە بەردەست دایە، تا سوود لە پسپۆری و لە تواناکانیان وەربگرن و بیانخەنە خـزمەتی شانۆی منداڵانی کوردستانەوە.

بۆیە دامەزراندنی شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان، زۆر گرنگ و پێویستە، گەر دابمەزرێت، تا رادەیەک دەتوانێت ئەم کەلێنە پڕبکاتەوە. . بۆ کڕینی چەند لۆرییەکی بارهەڵگر بۆ ئەم مەبەستە، پارەیەکی زۆر لەسەر حکوومەت ناکەوێت، بەڵام سوودێکی زۆری دەبێت. . لە ئەمـڕۆدا لە سایەی قەیـرانی ئابووری و بێ مووچەیی دا، بەشێکی زۆری منداڵانی کوردستان، تووشی گرفتی جەستەیی و دەروونی و بەدخـۆراکی و بێ بەرگی و بێنـازی بوونە. . بەشێکیش لە منداڵان لەبەر هەژاری و نەبوونی وازیان لە خوێندن هێناوە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، کاری قورس و نەشیاو دەکەن. . ئۆباڵی ئەم منداڵانەش لە ئەستۆی حکوومەتی باشووری کوردستان دایە.

شانۆی منداڵان، تا رادەیەک دەتوانێت لە ئازارە دەروونییەکانی منداڵان کوردستان کەمتر بکاتەوە و هیـوا و خۆڕاگریان پێببەخشێت. . شانۆی گەڕۆکی منداڵان دەتوانێت بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان لە ژمارەیەکی زۆری باخچەکـانی ساوایان و لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان و لە کەمپەکانی ئاوارەکان و لە نەخۆشخانەکانی منداڵان و لە گەڕەکەکان و لە باخچـە گشتییەکان و لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان و لە دێیەکانیش دا، شانۆی پەروەردەیی ئارەستەکراوی ئامانجدار، نمایش بکات و هیـوا و گەشبینی بخـاتە دڵی منداڵە بێنازەکانی کوردستانەوە.

پێشنیاری دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) ئاراستەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردەی کوردستان و بەڕێوەبەرێتی چالاکی قوتابخانەکانی شارەکانی کوردستان دەکەم، کە ئاوڕ لەم پێشنیارە بدەنەوە و مـژدەی دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) رابگەیەنن.

رەزا شوان
نەرویـج: ١٧ی/ فێبروار/ ٢٠١٨