نووسەرە کۆنەکان

پەكەكە لە شنگال دەكشێتەوە؟ ... ئومێد بابان

گوتە و لێدوانەكانی ئەم دواییەی موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان سەبارەت بە كشانەوەی پەكەكە لە شنگال، جێگای ڕێز و هەڵوەستەیە.

هەڵوێستەكەی قەرەیلان بۆیە جێی ڕێزە، چونكە لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەیی و لە دەلاقەی دنیابینیی و قاڵبوونەوە لەنێو دنیای سیاسەت بە گشتی و بە تایبەتیش سیاسەتكردن لە رۆژهەڵاتی ناوین و تایبەتتریش ئەو پارچەیەی باشووری كوردستان، ئەو بڕیارەی داوە.

موراد قەرەیلان، هەر لەخۆڕا و بێ وردبوونەوە لە دۆخی سیاسی و تەناهیی هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارەی وەرنەگرتووە، بەڵكە پاش هەڵسەنگاندنی بارە هەستیارەكەی باشووری كوردستان و بە تێهزرین لە جەمسەربەندی و بلۆكبەندییەكەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەرهەق بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستتر سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، دارێكی خستووەتە سەر بەردێك كە دیرۆك دەینووسێتەوە.

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی بەڕێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان، كە دۆخی سیاسی و دیپلۆماسیی هەر چوار پارچەی كوردستانی گەورەی لەبەر چاوە، بۆیە سڵ لە كشانەوەی هێزەكانیان لە شنگال ناكاتەوە، تا لە هەموو ئەو هاوكێشانەی دێنە پێشەوە، تەنیا كورد قازانج بكات و نەیاران هەم زیانمەند و هەم خەیاڵپڵاو بن لەوەی كە كورد یەكدەست و هاوئاهەنگ نییە.

قەرەیلان، بەو بڕیارەی، موژدەیەكی خۆشی بە گوێی كوردستانیان دادا كە ئیدی، بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانەوەیە و لە هەر پارچەیەكی كوردستانی گەورەدا، كورد لە پێناو پارچەیەك لە پارچەكان، سازش لەسەر مافەكانی خۆی دەكات.

سازش لە پای سەربەخۆیی و داننان بە مافە سرووشتی و سەرەتاییەكانی كوردستانیان لە هەر پارچەیەك، لە پێناو پێشكەوتنی دۆزی ڕەوای نەتەوەیی كورد لە یەكێك لە پارچەكاندا.

ئەو دۆزەی، ساڵەهایە كورد لە پێناویدا هەزاران شەهید و قوربانیی بەخشیوە و یەك لە دوای یەك، شۆڕشی بۆ بەرپا كردوون و بەوپەڕی تواناوە و لە شاخ و لە شار، بەرەنگاری نەیار و دوژمنان بووەتەوە.

لێدوانەكەی قەرەیلان، بۆیە جێگای هەڵوەستەشە، دەكرێ بپرسین، ئایا سەركردایەتیی پارتی كرێكارانی كوردستان تا چەند زرووفی هەنووكەیی هەرێم لە بەرچاو دەگرن و بە گوتەكانییەوە پابەند دەبن؟

پارتی كرێكارانی كوردستان كە ڕۆڵی بەرچاوی لە ئازادكردنەوەی بەشێكی خاكی كوردستان لە چنگ تیرۆریستانی داعش هەبووە، جێدەستیان دیارە و خەڵكی كوردستانیش هەڵوێستەكەیان بەرز دەنرخێنێت.

لەبەر ئەوە، حەق وایە هەرچی زووە شنگال چۆڵ بكەن و ناوچەكان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەنەوە، تا بیانوو نەدرێتە وڵاتانی دەوروبەر چیدیكە دەست لە كاروباری هەرێمی كوردستان وەربدەن و ئەم و ئەو بۆ شكاندن، لەكەداركردن و بە نەیارزانینی یەكدی بقۆزنەوە.

**This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.**

07504302755

   

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris