نووسەرە کۆنەکان

سوڵتانی بەختەوەریی ...!!! .بەشی یانزەهەم ... حەمید عەزیز

ئەگەر وشەکانت لەجوانیدا خونچە بن خۆت بێستانی کامەرانیی و باخچەی هەست پاکیی و دونیای ئاسودەیی دەبیت ئەگەر کردارەکانت لەقەدو باڵات جوانتربوون گوڵ بوون بەڕێزو گەورەو خۆشەویست دەبیت ئەگەر جێگای متمانەی خەڵک و دەوروبەرت بویت دەبیتە سوڵتانی بەختەوەریی بۆیە ئەم هەست و جوانیانە لەمرۆڤبوونیدا جێگای دەبێتەوە لەخۆشەویستی و عەشق و پێکەوە ژیان و میهرەبانیدا شوێنی شایستە دەگرن نەک لەشەڕو دەعواو نامیهرەبانیدا کەکارەساتن بۆ مرۆڤ و ژیان و دەوروبەرمان .

دەتەوێت ناخت ئارام و شادبێت هەمیشەش ئاسودەو دڵخۆش بیت دەبێت واخۆت ڕابێنیت خەڵکت خۆش بوێت و ناحەزو تاڵ نەبیت بەرامبەر هیچ کەسێک شیرین و جوان و خۆش قسەو هیوابەخش بیت بۆ خەڵکانیتر .ڕک و کینە لەژیانی مرۆڤەکاندا شتێکی زیادەو لەتەمەن و جوانیی و هەست و بیری خۆت دەبات بۆیە پێویستە هەتا دەتوانیت چرکە ساتەکانی ژیانت بەعەشق و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان لەگەڵ مرۆڤهای میهرەبان ببەرەسەر لەوەش گرنگتر عەشق و خۆشەویستیت بۆ ژیان و کەسانیتر بێ بەرژەوەندی بێت چونکە لەعەشقدا لەجوانیی و خۆشەویستیی و میهرەبانیدا بەرژەوەندی نی یە تەنها شەیدابوون هەیە خەونی ئاوات و ژیانی ڕەنگاوڕەنگ هەیە هیواو سبەینێی جوانترو مرۆڤبوونیی هەیە .

بەشی ئەم وتارەم تێکەڵ بەکورتە چیرۆکێکی کۆن دەکەم کەنزیکە لەم بابەتەو باس لەمیهرەبانیی و سۆزو وەفاداری کەسە جوانەکان دەکات تەنها بۆ چێژ لێ وەرگرتن بۆ خوێنەری ئازیزو خۆشەویستم .

پیاسەیەکی خۆشی ئێوارانیی توی مەلیک بەیادی جارانەوە تام و چێژی خۆی هەیەو هەتا نزیک تانکی ئاوەکە بۆی ڕۆیشتین بەدەم ڕێگاوە لەگەڵ هاودەمێ بێ تاقەت و دڵشکاو کەوتینە قسەو گفتوگۆو کەمن قسەکانم تەواو کرد ئەویش کەوتو گلەیی و گازەندەو هەرلەبەر خۆیەوە قسەی دەکردو فەرمووی :

- هاوڕێ گیان زۆر شەکەت و ماندووم پێویستم بەپشویەکی باش هەیە بۆیە بەدرێژایی ڕۆژو وەکو پیشەی هەمیشەییم ئەمڕۆ کۆڵان بەکۆڵان و ماڵ بەماڵی ئەم شارە گەڕاوم و گوڵم فرۆشتووە بەڵام مخابن هیچ ...!!! .

من گوێم گرتبوو بێدەنگ سەیری ناوچەوانی ئەوم دەکردو هاوڕێکەشم بەردەوام بوو لەسەر  قسەکانی و وتی :

- من چەندە هیلاک بم بەزۆری نازانم و هیوایەک لەهەنگاوەکانمدا هەیەو هەر بەردەوام دەبم و ناوەستم بەڵام ئەوەی ئازارم دەدات قسەی خەڵکیی یەو ئەمڕۆش کەسێکی نەفام سەرو دڵی گرتم و ناڕەحەتی کردم و هاتە پێشم و لێێ پرسیم :

- ئەرێ کابرا بەم ڕۆژگارە ئەسوڕێیتەوە چیت دەست دەکەوێت و ئەبێ قازانجی گوڵ فرۆشتن چی بێت و ماڵ و منداڵ چۆن بەم کارە بەڕێوە دەچێت و ..هتد .زۆری وت و لەکۆتاییدا بەسەرسوڕمانەوە سەیرێکی کردم و وتی :

- ئەرێ کاکە کەی دەبیتە خاوەن ماڵ و سامان بەم ئیشە من عەقڵم نایبڕێت تۆ خەریکی چیت بۆ پێم ناڵێیت .؟.

منیش سەرم بۆ لەقاندو سەیری بەرپێی خۆمم کردو بەدڵێکی شکاوەوە پێم وت :

- کاکە گیان من گوڵ نافرۆشم و کاریشم گوڵ فرۆشی نی یە بەڵکو ئەمە بیانوە من ئەم کارە دەکەم .

کابرای گێلیش چاوی چوە پشتی سەری و وتی :

- بەخوا سەیرە بڕوابکە تێناگەم ..!! .

منیش پێم وت :

- کارو پیشەی من گوڵ فرۆشیی نی یە بەڵکو ساڵانێکە دڵ شکاوو بریندام ماڵ بەماڵی ئەم شارە بۆ گوڵەکەم دەگەڕێم ...!!! .

حەمید عەزیز

٢٠١٧/٠١/٢٥

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris