نووسەرە کۆنەکان

پترۆشنبیرانی* كورد له‌ دۆڵی حزبایه‌تیدا ... عیماد عه‌لی

دوكتۆر عاتیف ئه‌لعراقی له‌ كتێبی (گه‌ران به‌دوای ماقوڵدا) ده‌ڵێت، رۆشنبیر و رۆشنبیریی له‌م كاته‌دا له‌ چه‌ته‌ و چه‌ته‌گه‌ری ده‌چێت، ته‌نها مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ شتێكیان له‌ به‌رهه‌می رۆشنبیری راسته‌قینه‌ و ره‌سه‌نی تر ده‌ستكه‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی بیدزن و بیرفێنن. لای ئه‌وان گرنگ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌خۆیان خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ئه‌و كارانه‌ بن، به‌ڵكو گرنگی لای ئه‌وان له‌وه‌دا ده‌بیننه‌وه‌ كه‌ ته‌نها مه‌به‌ستیان له‌ دانانی ناوه‌كانیانه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ دزراوه‌كان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، جا به‌رهه‌مه‌كان كۆن بن و كه‌س به‌لایدا نه‌چوبێتن یان هی سه‌رده‌مه‌كه‌ بن و گۆرانكاریه‌كی روكه‌شیان تێدا كردبێت.

جا ئه‌مه‌ وامان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ فرتوفێڵه‌ هه‌ر له‌ كوردستانی خۆماندا نیه‌ كه‌ به‌ ناوی جۆراوجره‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵكو زیاتر ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ زیاتر زه‌ق و باوه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ناوی سیاسه‌ته‌وه‌ لافی رۆشنبیرێتی لێده‌ده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك له‌ مه‌یدانی رۆشنبیریه‌وه‌ نزیك بن، به‌و واتایه‌ی، له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی شه‌خسیدا، رۆشنبیری راسته‌قینه‌یان به‌ پاره‌ و پۆست و سیاسه‌ت گۆریوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش یان خه‌ڵكێكی وا ده‌یكات كه‌ فری به‌ رۆشنبیریه‌وه‌ نیه‌ و خۆی به‌ رۆشنبیر له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، یان حزبه‌كان خه‌ڵكێكیان به‌ ناوی رۆشنبیره‌وه‌ له‌ پێناو ئامانجی حزبی و دوور له‌ رۆشنبیری ره‌سه‌ن زل وقه‌به‌ و به‌رز كردۆته‌وه‌، كه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا له‌ باری رۆشنبیریدا عه‌قڵێكی زۆر كورته‌بنه‌یان هه‌یه‌.

 له‌م چه‌ند ساڵه‌ی پاش په‌یدابونی پاره‌ی پترۆدۆلار وی كه‌نداوی عه‌ره‌بی ئاسادا له‌ كوردستانی خۆمان، چه‌ندین جۆر به‌ناو رۆشنبیر په‌یدا بوون، خه‌ڵكانێك پێشتر زۆر رێزی تایبه‌تیان هه‌بوو لای خه‌ڵك، ده‌ركه‌وت توانای ئه‌ده‌بیپوچه‌ڵ و قسه‌لوسیان پێیه‌ نه‌ك رۆشنبیری ره‌سه‌ن و كوردستانیان ته‌نیوه‌، به‌ڵام پاش ده‌ركه‌وتنی پترۆدۆلاری رۆشنبیری له‌ لایه‌ن حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌، ئه‌مانه‌ی كه‌ خۆیان به‌ كه‌ڵه‌ رۆشنبیر له‌قه‌ڵه‌م ده‌دران خزانه‌ نێو ئه‌و كایه‌وه‌ و، وا تا پترۆشنبیرێكی عه‌یار بیست و چواریادن لێده‌رچوو، ته‌نانه‌ت داهێنانیان له‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵكدا له‌م باره‌وه‌ ده‌كرد نه‌ك له‌ باری رۆشنبیری دروسته‌وه‌.

عه‌باس مه‌حمود ئه‌لعه‌قاد له‌ یه‌كێك له‌ كۆربه‌نده‌كانیدا ده‌ڵێت، رۆشنبیری راسته‌قینه‌ نه‌ك هه‌ر وابه‌سته‌ی به‌رهه‌مه‌ كه‌له‌پوریه‌ نێگه‌تیفه‌كانی میله‌ته‌كه‌ی نابێت به‌ڵكو ده‌توانێت خۆی له‌ ته‌وژمی خراپی به‌ناورۆشنبیریی و رۆشنبیرانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی و سیاسه‌ت و سیاسه‌تمه‌داران قوتار بكات و به‌ عه‌قڵانیه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كان بنوارێت به‌ كۆن و نوێوه‌ و دوور بێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی شه‌خسی و كاریگه‌ریه‌ نیگه‌تیڤه‌كانی.

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت لێره‌دا گوزه‌ری تێدا بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ناو رۆشنبیر و هه‌ڵتۆقیوی بارودۆخی ناله‌باری كوردستان و حزبه‌كان وحزبایه‌تی، ته‌نها كاریان تێكه‌ڵ كردنی نێوان رابوردوو به‌ باش وخراپیه‌وه‌یه‌ به‌وه‌ی ئه‌مرۆ هه‌یه‌، بێ ئه‌وه‌ی به‌ وردی له‌ بنج و بنه‌وانی بروانن و دیدوبۆچونی سه‌رده‌میانه‌ی خۆیان هه‌بێت و، ته‌نانه‌ت له‌وباره‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ره‌كانی سبه‌ینێش ناخوێننه‌وه‌ و فڕیان به‌هیچ پێشبینیه‌كه‌وه‌ نیه‌ و فرچكیان به‌ لاساییكردنه‌وه‌ و كۆنه‌خوازیه‌وه‌ گرتووه‌. ئه‌مه‌ش بێگومان جگه‌ له‌ بارودۆخه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌ ناله‌باره‌كه‌، هۆكاری رۆشنبیری و ره‌فتار و عه‌قڵیه‌تی خودی رۆشنبیرانیشن كه‌ ئه‌م واقعه‌یان فه‌رز كردووه‌.

دوكتۆر فوئاد زه‌كه‌ریا له‌وكاته‌ی سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری (فیكری سه‌رده‌م) بووه‌ نوسیویه‌تی، دوو جۆر قسه‌ و نوسین هه‌یه‌، یه‌كێكیان هه‌ر له‌بنه‌ره‌تدا كه‌ ده‌ست پێده‌كرێت مردووه‌ و به‌كه‌ڵكی نه‌ك رۆشنبیری به‌ڵكو وتنیش نایه‌ت، به‌ڵام ده‌توانرێت له‌ بیروبۆچون و عه‌قڵیه‌تی به‌ناو رۆشنبیران یان رۆشنبیرانی سیاسه‌تمه‌دار یان سیاسه‌تمه‌داری رۆشنبیر مه‌ڵاس بدرێت و له‌ كاری تایبه‌تی خۆیدا كه‌ به‌ناو رۆشنبیریه‌وه‌ ده‌رده‌خرێت، له‌ رێره‌وی كاری حزبی و شه‌خسیدا پێیدا ده‌رۆن و كاری پێده‌كه‌ن و، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌رۆشنبیریه‌وه‌ نیه‌ و ته‌نها ئاماجانیان ئه‌وه‌ی قازانجی لێبكه‌ن و باش ده‌زانن كه‌ زه‌ره‌ر به‌ فكر و عه‌قڵی میله‌ت و بیری پێشكه‌وتنخوازی ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌و جۆره‌كه‌ی تریشیان زیندووه‌ و به‌زیندوێتی ده‌مێنێته‌وه‌ و خه‌ڵكی رۆشنبیری ره‌سه‌ن قازنجی لێده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ هۆكارگه‌لێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری خه‌ڵكانی كه‌م له‌ ده‌وری ئه‌م جۆره‌ رۆشنبیریه‌ ره‌سه‌نه‌ ده‌خولێنه‌وه‌.

وا ئه‌مرۆش له‌ كوردستانی خۆماندا نمونه‌ی زۆر ده‌بینین، كه‌ به‌ به‌رهه‌مه‌ مردووه‌ كه‌له‌پوریه‌كانه‌وه‌ مه‌شغولن و ته‌نها مه‌به‌ستیان رازیكردنی بیری موحافزكاره‌كانه‌ و، به‌ ئامانجی سیاسی رووته‌وه‌ خۆیان له‌ قه‌ره‌ی رۆشنبیریه‌وه‌ ده‌ده‌ن. ئه‌مانه‌ش ئیستیغلالی وه‌زعه‌ رۆشنبیری و كۆمه‌لایه‌تیه‌ گشتیه‌كه‌ لاوازه‌كیان كردووه‌ و روكه‌شانه‌ باس له‌ رۆشنبیری وكاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و، بابه‌ته‌ قووڵه‌كان ده‌پروزكێنن و هه‌موو مه‌به‌ستیان خۆده‌رخستن و ناوبانگ ده‌ركردنه‌ و، هه‌ر ئه‌مانه‌ن كه‌ حزب و سیاسه‌تی باو وه‌ك رۆشنبیری عه‌ملاق ده‌ریان ده‌خه‌ن و به‌ تیۆریست و دانا و زانای رۆشنبیری ده‌یانخوێننه‌وه‌ و مه‌به‌ستی ته‌سكی حزبی و شه‌خسی خۆیان به‌مانه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و، هه‌ر به‌م رۆشنبیره‌ ساختانه‌ ململانێی حزبی ده‌كه‌ن و كاریگه‌ری نێگه‌تیفانه‌ له‌سه‌ر نه‌وه‌ی تازه‌ به‌جێده‌هێڵن. ئه‌م رۆشنبیره‌ ساختانه‌ش له‌به‌ر ته‌ماحی مادی و پاره‌ و پول و پۆست ئه‌م ره‌فتاره‌ دزێوانه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ خۆیشیان له‌ بنه‌ره‌تدا باوه‌ریان به‌ خودی بۆچونه‌كانی خۆشیان نه‌بێت. هه‌ر ئه‌مانه‌ن كه‌له‌پوری واده‌به‌سه‌رچووی ئیكسپایه‌ری زیانبه‌خش به‌ نرخی ئه‌مرۆ به‌خه‌ڵك ده‌فرۆشنه‌وه‌ و ته‌نهاو ته‌نها له‌ پێناو قازانجی حزبی و شه‌خسی خۆیان و به‌س ئه‌م ره‌فتاره‌ تا سه‌ر قێزه‌ونه‌ ده‌كه‌ن.

دوكتۆر عه‌بدولره‌حمان به‌ده‌وی له‌ كتێبی (له‌زه‌مانی بونگه‌ریدا) ده‌ڵێت، ره‌هه‌ندو دینامیكیه‌تی كاری رۆشنبیری قازانجبه‌خش زۆر له‌ بیر و فكر له‌ پێشتره‌ و له‌و پێناوه‌ی رۆشنبیری راسته‌قینه‌ له‌ بۆچونی بونیادگه‌رانه‌وه‌ جێگه‌ی خۆی ده‌گرێت و ده‌بێت ئه‌و به‌رهه‌م رۆشنبیریه‌ راسته‌قینانه‌ به‌ عه‌قڵ و سۆز و ویست له‌ یه‌ك كاتدا به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌ و به‌رهه‌م بێت.

لای خۆمان هیچ بنه‌ما و مه‌رجی فه‌لسفه‌ی زانستیی رۆشنبیری له‌سه‌ر كار و كرده‌وه‌ی هه‌ندێك به‌ناو خۆهه‌ڵواسیو به‌ رۆشنبیریه‌وه‌ ناگونجێت و، ته‌نها ئه‌و قسه‌یه‌ی دوكتۆر زه‌كی نه‌جیب مه‌حمود له‌سه‌ریان ده‌سه‌پێت كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌مانه‌ هه‌موویان ته‌نها پیاوی قسه‌لۆجیان نه‌ك مه‌به‌ستیان به‌رهه‌می راسته‌قینه‌ بێت وله‌ كاری رۆشنبیریاندا گرنگی به‌ به‌رهه‌می ته‌كنولۆجیا بده‌ن و ژیانی ئاسان بۆ خه‌ڵك مه‌یسه‌ر بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له‌ كوردستانی خۆماندا روویداوه‌، خه‌ڵكانێك بونه‌ته‌ فه‌یله‌سوفی سه‌رده‌م كه‌ كتومت به‌ خه‌ڵكی یترۆشنبیر ناسروان و پێناسه‌كشیانه‌ پر به‌ پێستی خۆیانه‌ و هه‌ر حزبه‌و بۆته‌ ئه‌كادیمیای رۆشنبیری وبۆ مه‌رامی حزبی و وه‌ك ئامرازێكی ململانێی حزبی، به‌رهه‌می ناره‌سه‌ن و رۆشنبیریی نادروست دێنێته‌ كایه‌وه‌!. واته‌ به‌رهه‌می رۆشنبیری له‌سه‌ر پترۆدۆلار بنیاتنراو و قسه‌ی لوس و پیاهه‌ڵدان به‌ ده‌سه‌ڵات. له‌به‌رامبه‌ردا خه‌ڵكی سه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆن و نارازی و زیانگه‌ده‌ی ده‌ستی ئه‌م و ئه‌و، به‌ناوی رۆشنبیریه‌وه‌ ململانێی حزبی ده‌كه‌ن و ره‌خنه‌ ده‌گرن و بێ ئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری هه‌ڵوێستی بیروراكانیان له‌م باره‌وه‌ له‌ قازانجی رۆشنبیریی و رۆشنبیرانی راسته‌قینه‌ی دوور له‌ سیاسه‌تی رووت بێت. ته‌نانه‌ت نه‌ك هه‌ر قازانج به‌ رۆشنبیریی گشتی ناگه‌یه‌نن به‌ڵكو وا ده‌كه‌ن نه‌وه‌ی نوێش له‌سه‌ر خواروخێچی ده‌رۆن و راست ودرۆ له‌یه‌ك جیاناكه‌نه‌وه‌، ئه‌گینا مه‌عقوله‌ تۆیه‌ك كه‌ باوه‌رت به‌ رۆشنبیریی پاك و بێگه‌رد و راست و دروست بێت كه‌چی به‌ قسه‌ و ره‌فتاریش ئیدیعای بیری كۆنه‌پارێزی بكه‌یت، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ قازانجی ململانێ سیاسیه‌كه‌ی تۆ و حزبه‌كه‌ی تۆدا دێته‌وه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ندێك وشه‌سازی بكه‌یت و بیری نه‌گونجاو به‌ناو ئۆپۆزسیۆن بونه‌وه‌ ده‌ربخه‌یت، یان وشه‌یه‌ك بجویته‌وه‌ كه‌ به‌هه‌موو لایه‌كیه‌وه‌ زیانی تا سه‌رئێسقان به‌كۆی گشتی كایه‌ی رۆشنبیری میله‌ت و تاكی ئه‌م كوردستانه‌ ده‌گه‌نێت و نه‌خۆشی ترسناك له‌ عه‌قڵ و بیروبۆچون و زیهنی رۆشنبیرانی وڵاته‌كه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه‌.

به‌ڵێ له‌م كوردستانه‌ی خۆماندا، سیسه‌تمه‌داران و حزبه‌كان و خه‌ڵكانی رۆشنبیری وابه‌سته‌ی حزب و به‌رژه‌وه‌ند خواز و عاشقی پاره‌ی پترۆدۆلار له‌ لایه‌ك و خه‌ڵكی دوور له‌ رۆشنبیری و هه‌ڵواسراو به‌ رۆشنبیریه‌وه‌ خۆیان به‌ زانا و فه‌یله‌سوف و رۆشنبیری به‌توانا و تاك و ده‌گمه‌ن له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ننكه‌چی واخه‌ریكه‌ هه‌ر هه‌مووان بروایان پێ بكه‌ن. ئه‌م شێوازه‌ كاره‌ له‌ بواری رۆشنبیریدا به‌هه‌مان شێوه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌ ئیداری و سیاسی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تریی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان چاڵێكی قوڵی یه‌كجار گه‌وره‌ی بۆ نه‌وه‌ی نوێ هه‌ڵده‌كه‌نن، كه‌ هه‌ر هه‌موومان تێیده‌كه‌وین و له‌م ژیانه‌دا و به‌ڵكو ئه‌مرۆ نوقم بوین تێدا و ئاسۆیه‌كی بچوكیشیان بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م گیرۆده‌بون و ئاڵوده‌بونه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌. ئه‌وه‌ی خه‌ته‌رناكه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵیه‌ رۆشنبیریه‌كان له‌ شێوه‌كانی تر خه‌ته‌رناكتره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئه‌وانیش هه‌یه‌. بۆیه‌ یترۆشنبیرانی ئه‌مرۆی كوردستان به‌خۆیان بزانن یان نا، له‌ پێشه‌وه‌ی تاوانبارانن له‌ وه‌زعی ئه‌مرۆی كوردستان و بگره‌ له‌ تاوانی سیاسه‌تمه‌داران زیاتریش.

*پترۆشنبیر: پترۆدۆلار +رۆشنبیر

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris