نووسەرە کۆنەکان

ره‌تكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی بنه‌ماڵه‌یی به‌ چی ده‌كرێت؟ … عیماد عه‌لی

مه‌گه‌ر له‌م كوردستانه‌ دواكه‌وتوه‌دا تائێستا باسی كار و ره‌فتار و سیاسه‌ت و سه‌پاندنی بیربۆچونی بنه‌ماڵه‌یی بكه‌ین (باسی خێڵه‌كانی دارستان و جه‌نگڵستانه‌كانی ئه‌فریقیا و ئه‌مازۆن ناكه‌م) ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تان بۆ ماوه‌یه‌كیش به‌ره‌و ئه‌و ره‌فتار و بۆچونه‌ چوبن یان نزیك كه‌وتبنه‌وه‌، ئه‌وه‌ زیانێكی گه‌وره‌یان كردووه‌، هه‌رچه‌ند خه‌ڵكانێك به‌ ناوی بنه‌ماڵه‌وه‌ یه‌كبونیان پاراستووه‌ نه‌ك وڵات دابه‌ش بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌. ئه‌وه‌تا ته‌ماشای بنه‌ماڵه‌كانی حافز ئه‌سه‌د و حوسنی موباره‌ك و قه‌زافی و زیه‌ینولعابدین بن عه‌لی بكه‌ن كه‌ له‌ به‌ناو وڵاتانێكی كۆماریدا بوون و قۆناغێكیان بریبوو، كه‌ ویستیان بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی پاشكۆماری و خستنه‌ پێشه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان، بینیمان به‌ چی ده‌ردێك چوون.

ئیمرۆش له‌ كوردستان باس له‌سه‌ر ره‌فتار و بۆچون و كرده‌وه‌ی هه‌ندێك بنه‌ماڵه‌ گه‌رمه‌، ئه‌گه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ پێچه‌وانه‌ی ئیدعائاكانیانه‌وه‌ وا خه‌ریكه‌ پاش ئه‌وه‌ی به‌ نهێنی ئه‌و بۆچونه‌یان رایی ده‌كرد ئه‌مرۆ ده‌یانه‌وێت به‌ ئاشكرا له‌ كوردستاندا كار به‌و تێزه‌ بكه‌ن و به‌ناوی په‌رله‌مان و دیموكراسی و سیستمی پێشكه‌وتنخوازی و دونیای سه‌رده‌مه‌وه‌ حوكمی بنه‌ماڵه‌ بسه‌پێنن، كارێكی یه‌كجار خراپ ده‌كه‌ن، به‌ڵكوده‌بێت باش بزانن له‌ وه‌زعێكی رۆشنبیری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌م جۆره‌ی كوردستاندا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتو نابن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كاری خراپ به‌ هه‌مان خراپه‌ وه‌ڵام نادرێته‌وه‌ و چاك نابێت و هه‌ڵه‌ به‌ هه‌ڵه‌ چاك ناكرێته‌وه‌. ناكرێت ململانێی سیاسی بخرێته‌ نێو دوو یان سێ بنه‌ماڵه‌وه‌ وچه‌ق ببه‌ستێت و خه‌ڵكیتر ته‌ماشاكه‌ر بن و كوێبیست و ئه‌ڵقه‌ له‌مستی لایه‌كیان بن و به‌و جۆره‌ كوردستان بگه‌رێنرێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانی ژیانی دوور له‌ مه‌ده‌نیه‌ت.  

ئه‌وه‌ی بیروبۆچون و عه‌قڵیه‌ت و رۆشنبیری كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك برایم ئه‌حمه‌د بخوێنێته‌وه‌ باش ده‌زانێت كه‌ ئه‌م پیاوه‌ پر مه‌عریفه‌ته‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووه‌ رۆژێك بنه‌ماڵكه‌ی ببێته‌ كۆڵه‌كه‌ی حوكمرانی كوردستان، به‌ڵكو له‌دژی ئه‌و ره‌فتاره‌ی خه‌ڵكیتر هه‌ڵوێستی نواندووه‌ و كاری كردووه‌. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ خۆبردوویی و رۆشنبیری ئه‌م پیاوه‌ بخوێنینه‌وه‌ ئه‌وه‌ باش ده‌زانین كه‌ ئه‌گه‌ر له‌م كاته‌دا ژیاندا بوایه‌ نه‌یده‌هێشت به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ نه‌وه‌كانی ده‌سه‌لاتی كوردستان قۆرخ بكه‌ن و له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانیدا برابه‌شی بكه‌ن و دوور بن له‌ شه‌فافیه‌ت و گومان له‌وانیش بكرێت كه‌ بارزانیانه‌ ره‌فتار ده‌كه‌ن. بۆیه‌ باشترین رێزلێنان له‌و كه‌ڵه‌ پیاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ بیرو بۆچون و عقڵیه‌تی و تێزو فكره‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كه‌ی پیاده‌ بكه‌یت و بیسه‌پێنیت، نه‌ك دوور له‌ دونیای سه‌رده‌م و به‌ناوی دژایه‌تی كاری به‌نه‌ماڵه‌ییه‌وه‌ ره‌فتاری خۆت بنه‌ماڵیی بێت و بۆخۆت حه‌ڵاڵ بێت و، ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك په‌یوه‌ندی بنه‌ماڵه‌ییت له‌گه‌ڵدابێت پۆستێكی دیاری له‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردستاندا پێ ببه‌خشیت. بۆیه‌ باشترین ره‌فتاری هه‌مووان به‌ سه‌رجه‌م بنه‌ماڵه‌كانه‌وه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌مووان بنه‌ماڵه‌ شۆرشگێرو خۆفیداكاره‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ دژی زاڵبونی ره‌فتار و بۆچونی كاری بنه‌ماڵه‌یی كارێك بكه‌ن به‌ خۆیان و ره‌فتاری پێشكه‌وتنخوازانه‌ی خۆیانه‌وه‌ ئه‌و ره‌فتاره‌ به‌ كرده‌یی ره‌تبكه‌نه‌وه‌ و له‌ خودی بنه‌ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ئه‌و دژه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌ پیاده‌بكه‌ن، نه‌ك ئه‌و كاره‌ بۆ خه‌ڵكی تر حه‌رام بكه‌یت و بۆ خۆت حه‌ڵاڵ بێت.  

جا ئه‌گه‌ر تۆ وه‌ك بنه‌ماڵه‌ شوێنێكی باڵات داگیركردبێت و له‌وه‌زعێكی ئابووری جاواز له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا بژیت و زۆر جومگه‌ی هه‌ستیاری حوكمرانیت له‌ پێناو زاڵبونی بنه‌ماڵه‌ و داروده‌سته‌ و نه‌وه‌كانت به‌كار هێنابێت و باس له‌ خراپه‌كاریه‌كانی بیر و ره‌فتاری بنه‌ماڵه‌ بكه‌یت و خۆت پیاده‌ی بكه‌یت، ئه‌مه‌ چه‌واشه‌كاریه‌كی عه‌یار بیست و چواره‌ نه‌ك دژایه‌تی كاری بنه‌ماڵه‌یی و دژه‌ سیاسه‌تی بنه‌ماڵه‌یی بێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بنه‌ماڵه‌ی خوالێخۆشبوو برایم ئه‌حمه‌د بیانه‌وێت شوێن باوكیان هه‌میشه‌ روناك بێت، ده‌بێت خۆیان له‌قه‌ره‌ی پۆست و پایه‌ و پاره‌ و قۆرخكاری نه‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر بۆ مانه‌وه‌ی رۆڵ و مێژووی ئه‌و پیاوه‌، تاكه‌كه‌سێكیان ته‌خویل كردبایه‌ بۆ سیاسه‌ت و شوێنگرتنه‌وه‌ی باوكیان نه‌ك وه‌ك بنه‌ماڵه‌ ره‌فتاریان بكردایه‌ و دوو بنه‌ماڵه‌ و نه‌وه‌كانیان تێكه‌ڵ بكردایه‌ و ئه‌وانه‌ی خۆیان هه‌ر چۆنێك بێت له‌ خه‌ڵكی تر پێ باشتر بێت، ئایا یه‌كێتی له‌ قوبادی به‌ مه‌عریفه‌ت و توانا و سیاسیتر نه‌بوو ببێت به‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت یان له‌ بافیل یان له‌ لاهوری شێخ جه‌نگی یان له‌ شاناز و محمد سابیر یان چه‌ندینی تر، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و به‌ به‌راورد به‌ تاكه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی هیچ جیاوازیه‌كیان نه‌بێت. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ ئاشكرا و راسته‌وخۆ كاری بنه‌ماڵه‌یی ده‌كه‌ن ئه‌وا ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌ش له‌ رێگه‌دان بۆ زاڵبونی بنه‌ماڵیی خۆیان له‌كوردستاندا ركابه‌ری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش رێخۆشكه‌ره‌ بۆ زاڵبونی ته‌وژم و هه‌ژمونی بنه‌ماڵه‌ و هیچ جیاوازیه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ماڵه‌دا نیه‌ دیاره‌ ئه‌گه‌ر ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی سه‌ره‌كی سیاسه‌تی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ بروات، له‌م به‌ینه‌دا خه‌ڵكی تر له‌ولاوه‌ ده‌سته‌وه‌ستان راده‌وه‌ستن و هیچیان پێ ناكرێت، تاوه‌كو ئه‌م بنه‌ماڵانه‌ش به‌هه‌مان بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆكه‌كانی شۆرشی به‌هاری عه‌ره‌بی توشی نه‌هامه‌تی و راپه‌رین نه‌بن و كۆتاییان نایێت. ئه‌و بنه‌ما و بیروبۆچونه‌ پێشكه‌وتنخوازانه‌ی برایم ئه‌حمه‌د باوه‌ری پێبوو به‌م بۆچون و ره‌فتارانه‌ ده‌سرێنه‌وه‌ نه‌ك بچه‌سپێن. بۆیه‌ گه‌ر بپرسین سیاسه‌تی بنه‌ماڵه‌یی به‌چی بنبر ده‌كرێت، ده‌توانین بڵێین به‌ هاوكاری سه‌رجه‌م بنه‌ماڵه‌كان له‌ نه‌هێشتنی زاڵبونی ئه‌و بیره‌ ته‌سكه‌ دواكه‌وتوه‌ ده‌بێت نه‌ك ته‌نها به‌ دژایه‌تی كردنی تاكه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ك، هه‌مان ره‌فتار بكه‌یت و خۆت بێبه‌ری بكه‌یت.  

 

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris