نووسەرە کۆنەکان

ئاڵای كوردستان تەنیا موڵكی میله‌ته‌ ... عیماد عه‌لی

پێش هه‌موو شتێك، وه‌ك هه‌موو پرس و شته‌ پیرۆزه‌كانی تر، با ئاڵای كوردستان نه‌كرێته‌موڵكی هیچ حزب و لایه‌نێك و موزایه‌ده‌ی حزبی پێوه‌ بكرێت. مێژووی دروستبون و به‌رزكردنه‌وه‌ و شه‌كاوه‌یی ئاڵای كوردستان، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ به‌ سروشتی له‌دایكبووه‌ و به‌ فه‌رمانی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر رای جیاواز له‌ سه‌ر چۆنێتی هه‌ڵكردنی ئه‌م ئاڵایه‌ له‌ ئارادابێت به‌ڵام جێگه‌ی دڵخۆشیه‌ كه‌ راكان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی لایه‌ن رێكخراوێكی مه‌ده‌نیه‌وه‌ دروست كراوه‌ (له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی كورد له‌ ئه‌سته‌نبول له‌ ساڵی 1920 چنراوه‌) و دواتر حزبی خۆییبونیش له‌ ساڵی 1927 هه‌لیكردووه‌ و، دواتریش له‌ لایه‌ن جه‌لاده‌ت به‌درخان له‌ ساڵی 1932 هه‌ڵكراوه‌ و، ئینجا له‌ كاتی كۆماری مه‌هاباتدا به‌ فراوانی گرنگی پێدراوه‌، ئه‌وا دواتر ئه‌م ئاڵایه‌ی به‌م شێوه‌ و ره‌نگه‌ی ئه‌مرۆی جێَََََگه‌ی خۆی له‌ مێژوودا گرتووه‌ و له‌ لایه‌ن میله‌تی كورده‌وه‌ دانیپێدانراوه‌ و بۆهیچ كه‌س و لایه‌نێك نیه‌ یاری به‌م سومبوله‌ مێژووییه‌ی كورد و كوردستان بكات.

ئه‌گه‌ر له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری بابه‌تی و خودی، ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌م رووبه‌ره‌ جوگرافیایه‌ی كه‌ كورد تێیدا ده‌ژی وه‌ك ده‌وڵه‌ت خۆی فه‌رزنه‌كردووه‌ و، سه‌ره‌رای چه‌ندین هه‌وراز و نشێوی له‌ به‌رزنرخاندنی ئاڵای كوردستان له‌ ره‌وتی مێژووی خه‌باتی گه‌لی كرودستاندا و، له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری فكری و فه‌لسه‌فیی باوی سه‌رده‌مه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی كوردستان و، هه‌ندێ بیروبۆچونی هاورده‌و ئاماده‌كراوی ده‌ره‌وه‌، ئه‌و گرنگیه‌ پێویسته‌ی به‌ ئاڵای كوردستان نه‌دراوه‌ و، ته‌نانه‌ت تا ئه‌م دواییه‌ش له‌به‌ر خاتری وڵاتانی خۆسه‌پێن به‌سه‌ر پارچه‌كانی كوردستان و، به‌ تایبه‌تی حزبه‌كانی باشوور، سڵیان له‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان كردۆته‌وه‌ و تا ئێستاش زۆرێك لێیان له‌به‌ر هه‌ندێك فكری به‌ناو نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌ك خۆی ته‌ماشای ناكه‌ن و، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌و حزبانه‌ی خۆیان به‌ نه‌ته‌وه‌یی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر رازیكردنی داگیركه‌ران بێت یان وه‌ك سۆزداریه‌ك و خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ی ناوه‌ندی وڵاتانی خۆسه‌پێن و موجامه‌له‌ی رووت بێت، ئاڵای كوردستان لای ئه‌وان هه‌ر مه‌سه‌له‌ نه‌بووه‌. پاش گۆرانكاریه‌ گشتیه‌كه‌ی بارودۆخی كوردستان و هاتنه‌ ئارای هه‌لی زیاتر بۆ خۆناساندنی گه‌لی كوردستان، ئه‌م پرسه‌ش په‌ره‌یسه‌ند و بۆ دواجار وای لێهات كه‌ ئه‌مرۆ و پاش بارودۆخێكی گۆراو هه‌ندێك كه‌س و حزب كه‌ ته‌نانه‌ت سازشیان له‌سه‌ر كورد و كورستان به‌گستی كردووه‌، ده‌یانه‌وێت خۆیان وا پیشان بده‌ن له‌خه‌می ئاڵای گه‌لی كوردستاندان.

به‌ڵام له‌ مێژوودا، سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو گرفتانه‌ی له‌به‌رده‌م مانه‌وه‌ی ئاڵا و شه‌كاوه‌ییدا له‌ ئارادا بوون، نه‌وا به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ ئاڵاكه‌ی كوردستان وه‌ك سومبولێك و یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌ر میله‌تێكی زیندوو تا ئه‌مرۆ به‌ شه‌كاوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆ هه‌ندێك حزبی باشوری كوردستان ده‌یانه‌وێت خۆیان وا پیشان بده‌ن دڵسۆز و هه‌ڵگری ئاڵای كوردستانن، ئه‌وا تاوه‌كو دوێنێش هه‌ڵگری شیعاری خودموختاری بوون و ته‌نها ئاڵای عیراقیان به‌ ره‌سمی ده‌ناساند له‌گه‌ڵ په‌رۆ حزبیه‌كانیان.

بۆیه‌ یادی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ هه‌ر رۆژێكدا بێت كه‌ تا ئێستا نه‌سه‌لمێنراوه‌ له‌ چ كاتێك رۆژێكدا بووه‌، رێزلێگرتنی ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی تاك به‌ تاكی گه‌لی كوردستانه‌ و، ئه‌مه‌ش ناچێته‌ هه‌گبه‌ی هیچ كارێكی حزبایه‌تیه‌وه‌ و پێویسته‌ له‌سه‌ر میله‌ت رێگه‌ نه‌ده‌ن ته‌نانه‌ت ئاڵای پیرۆزی كوردستان بخه‌نه‌ نێو ململانێی قێزه‌ونی حزبایه‌تی له‌ كوردستاندا له‌ لایه‌كه‌وه‌ و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان فه‌رزه‌ رێز له‌ مێژووی ره‌سه‌نی گه‌لی كوردستان و سومبول و پیرۆزییه‌كانیان بگرن و هیچ لایه‌ك خودپه‌رستی له‌ هیچ بوارێكدا نه‌كات و، به‌ تایبه‌تی بابه‌تێكی گرن و هه‌ستیاری وه‌ك ئاڵای میله‌تێكی ژێرده‌سته‌ و به‌ش خوراو.


 

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris