نووسەرە کۆنەکان

حه‌قه‌ پاش دانیشتنی كۆنفرانسه‌كه‌مان سه‌ردانی مه‌ولودنامه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره‌ش بكه‌ین! ... عیماد عه‌لی

ئه‌گه‌ر رێكه‌وت بوبێت یان به‌ پلان، كۆنفرانسی سۆشیالیسته‌كان و یادی رۆژی له‌دایكبونی په‌یامبه‌ری ئیسلام له‌ یه‌ك رۆژدا كرا و، جیاوازی سلێمانی و هه‌ولێر به‌ تایبه‌تی له‌ رووی زیاده‌ره‌وی له‌ هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌وه‌ زۆر به‌زه‌قی ده‌ركه‌وت.

واته‌، به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رپێی بیركردنه‌وه‌ و خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌ ره‌سه‌نایه‌تی و دابونه‌ریتی باوی كرودایه‌تی و پابه‌ندنه‌بون به‌ ره‌گو ریشه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ت و، هه‌ڵسان به‌ ره‌فتارێكی هاورده‌كراوی نامۆ له‌ پێناو مه‌به‌ستی حزبی و گرتنه‌به‌ری توله‌رێره‌وی ململانێی حزبیی رووت له‌لایه‌كه‌وه‌ و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌به‌رچاونه‌گرتنی وه‌زعی سیاسی و دارایی كوردستان له‌م كاته‌دا و باسكردن له‌ سۆشیالیزم له‌ هۆتیله‌ پله‌ پێنجه‌كان و دوور له‌و خه‌ڵكه‌ ره‌شوروته‌ی كه‌ سۆشیالیزم له‌ بنه‌ره‌تدا مه‌به‌ستێتی خزمه‌تیان بكات و هه‌ڵگری هه‌موو ئامانجه‌كانی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا بێت، به‌چی لێك بدلاێته‌وه‌.

با له‌هه‌ردوو دیوه‌كه‌وه‌ به‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌ بدوێین:

1-كۆمه‌ڵگای كورده‌واری له‌ بنه‌ره‌تدا و به‌ سروشت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی عاده‌تیه‌؟، واته‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ دابونه‌ریتی باوی خۆیه‌وه‌ و مه‌گه‌ر جارناجارێك له‌ لایه‌ن خه‌ڵكانێك یان شارو شارۆچكه‌یه‌كه‌وه‌ لاسایی شوێنه‌كانی تر بكرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئاینی ئیسلام له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ زه‌بری شمشێر و هێز به‌سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پێنرابێت، ئه‌وا به‌ شێوه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆ، سه‌رجه‌م بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی تێكه‌ڵی دابونه‌ریت و باره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیه‌كه‌ی كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و وه‌زعه‌ی كه‌له‌ تێكه‌ڵبونی دابونه‌ریتی كۆن و هاورده‌ی ده‌ستی ئیسلام سیاسی نوێ بارێكی جیاوازی نوێی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخ و ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و بیركردنه‌وه‌ی كلاسیكی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا ناگونجێت. به‌ڵام له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین، تا راده‌یه‌كی زۆر قووڵایی ره‌سه‌نایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد و بیروباوه‌ری گشتی له‌ زۆر شوێندا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌توانراوه‌ ریشه‌كێش بكرێت، بۆیه‌ كوردستان له‌م باره‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و به‌هیچ نیازێكی سیاسی و كرده‌وه‌ی رووكه‌شانه‌ گۆرانكاری به‌سه‌ردا ناسه‌پێنرێت.

2- كه‌ ئیسلامی سیاسی به‌ كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه‌ له‌ كوردستان سه‌ریهه‌ڵدا، وا ئێستا له‌ رێگه‌ی كاری حزبی و ململانێی ته‌سكه‌وه‌، حزبه‌كانیانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت كاریگه‌ری هه‌مه‌جۆر له‌ رووی فكر و فه‌لسه‌فه‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك دروست بكه‌ن و ململانێی ئه‌و حزبانه‌ بكه‌ن كه‌ خۆیان به‌ سكیولار ناوزه‌د كردووه‌.

3-به‌رژه‌وه‌ندی حزبیی ئیسلامی سیاسی و ركابه‌ری و هه‌وڵی خۆسه‌پاندن و جێگرتنه‌وه‌ی بیری باوی كورده‌واری له‌ لایه‌ن ئه‌مانه‌وه‌، تا دێت به‌مه‌به‌ستی سیاسی به‌هێزتر ده‌بێت، هه‌رچه‌ند رووبه‌روی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ و گرفتی سروشتیی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ریتی باوی كورده‌واری ده‌بنه‌وه‌.

4- جیاوازیكردن له‌ نێوان شوێن و شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان له‌ كار و چالاكی ئیسلامی سیاسی و به‌ پێی پیلانرێّژی و مه‌به‌ستی ته‌سك، وای كردووه‌ جیاوازی گه‌وره‌ له‌ نێوانیاندا دروست بێت و زه‌ره‌ری له‌ دابه‌شبونی كوردستان به‌سه‌ر دوو زۆندا به‌ هۆی شه‌ری نێوخۆییه‌وه‌، كه‌متر نه‌بێت.

5-یه‌كێك له‌ دیارده‌ زه‌ق و تازه‌كانی ئیسلامی سیاسی، خۆهه‌ڵقورتانه‌ نێو ماڵی كوردیه‌ به‌ تۆبزه‌یی و له‌ ده‌رچه‌ی بیری ئایدیاڵی و له‌به‌رچاوگرتن و ئیستیغلال كردنی ئاستی رۆشنبیری و كزوكه‌می باری ئابووری و نزمی راده‌ی هۆشیاری و بیری واقعیانه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌.

6-به‌كارهێنانی یاده‌ ئاینیه‌كان له‌ لایه‌ن خه‌ڵكانی سه‌ربه‌حزبه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان، یان له‌ رێگه‌ی ئه‌ندام وكادرانی حزبه‌كان به‌ راسته‌وخۆ، بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری ته‌سكی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندخوازی ئیسلامی سیاسی دوور له‌ دابونه‌رتی ئیسلامی باو له‌كوردستاندا، وه‌ك چۆن ئیستیغلالی نه‌بوونی و ناله‌باری باری ئابوری خه‌ڵك و گرانی وقاتوقری بۆململانێ و مه‌به‌ستی حزبی ته‌سك له‌ لایه‌ن ئیسلامی سیاسیه‌وه‌ به‌كارهات.

7- هه‌وڵی به‌رده‌وامی ئیسلامی سیاسی بۆ سرینه‌وه‌ی ره‌سه‌نایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و شوێنگرتنه‌وه‌ی دابونه‌ریته‌ هاورده‌كراوه‌كانی دورگه‌ی عه‌ره‌ب.

8- به‌كارهێنانی یادو یاده‌وه‌ریه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی ئامانج و دیدوبۆچونی ناوه‌كی و دره‌ره‌كی به‌ فه‌رمانی ئیسلامی سیاسی ده‌ره‌كی و ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن هه‌ندێك ولاتیش كه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌نارده‌كردنی بیر و فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی سیاسین له‌پێناو مه‌به‌ست و ئامانجی سیاسی خۆیاندا، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری سه‌لبی گه‌وره‌ی له‌سه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌م یادكرنه‌وه‌ ئاینیانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ ره‌نگ و سروشتی كاری حزبی به‌زه‌قی پێوه‌ی دیاربێت و ته‌نها مه‌به‌ست ململنێی حزبیه‌.

9- به‌م شێوه‌ كرده‌وانه‌، ده‌یانه‌وێت زاڵبونی ئاینی ئیسلام به‌ روكه‌شه‌ سیاسیه‌كه‌یه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كدا بسه‌پێنن و ره‌نگی ئاین و ئاینزاكانی تر كاڵ بكه‌نه‌وه‌ به‌ ئاینه‌ ره‌سه‌نه‌كانی كوردستانه‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا، كۆمه‌ڵێك حزبی خۆ به‌ سكیولارزان، به‌ هه‌مان ره‌فتار و به‌ ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌ فكر و فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ریتی به‌ هه‌مان بزاوتی كۆنی جیهانی دوو دجه‌مسه‌ریه‌وه‌، له‌ زۆر رووه‌وه‌ كاره‌كانیان رایی ده‌كه‌ن و به‌ لاسایی كردنه‌وه‌ی دوور له‌ گونجان له‌ گه‌ڵ گۆرانكاریه‌ جیهانیه‌كان و دونییا جیهانگیریی ئه‌مرۆ و به‌ ده‌ر له‌ واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستانیش له‌ لایه‌كه‌وه‌ و، وه‌ك كار ز ئه‌ركی حزبی و ركابه‌ری و ململانێی هه‌مه‌چه‌شن له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی داموده‌زگا هه‌مه‌جۆره‌كانی به‌رده‌ست و به‌ كردار و درده‌وه‌ی حزبیی رووتوقوت و له‌ گۆشه‌یكی لاته‌ریك له‌كۆمه‌ڵگاوه‌، ئه‌و كۆر و كۆبونه‌وه‌ به‌ناو سۆشیالیزمیانه‌ به‌رێوه‌ده‌چن، كه‌ له‌ روبه‌ری كاری كۆبونه‌وه‌كان زیاتر بر ناكه‌ن، ئه‌گینا له‌ باری ئاوێته‌بون له‌گه‌ڵ بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌مه‌چه‌شنی خه‌ڵك هیچ قازانجێكی نیه‌ و، به‌ هه‌مان شێوه‌ی كاری زانكۆكان دوور له‌ تێكه‌ڵاوبون به‌ پێویستی و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و، ته‌نها بۆ وه‌رگرتنی بروانامه‌ی تیۆریره‌قوته‌ق و بێ فه‌ر و دوور له‌ كاری فیعلی به‌هه‌مهێن كاروباره‌كانیان به‌رێوه‌ده‌به‌ن. ئه‌گینا باری كۆمه‌ڵایه‌تی رێگه‌پێده‌ر نیه‌ بۆ وه‌رگرتنی راسپارده‌ و بریاریئه‌م جۆره‌ كۆرو كۆنفرانسانه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دروستیش بن له‌ كوردستاندا، هه‌رچه‌نده‌ زه‌مینه‌ له‌بار هه‌یه‌ بۆ كاری خودكرده‌ی ئاوێته‌ به‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كان و به‌كارهێنانی سیفه‌ته‌ له‌باره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری له‌وباره‌وه‌، وه‌ك:

1-به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری له‌سه‌ر هاوكاری و هه‌روه‌زی و پشتگیری یه‌كتر بنیاتنراوه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ش وا یكردووه‌ ئاستی گوزه‌رانی خه‌ڵك و هاوسه‌نگی و نزیكی له‌ باری ژیانه‌وه‌، خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنێت و تا راده‌یه‌كی باشیش گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دوور له‌ چینایه‌تی زه‌ق و، ده‌توانینبڵێین نزیك له‌ بیری سۆشیالیزمی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعیی تایبه‌ت و به‌ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری بره‌وی به‌خۆی داوه‌ و، ئه‌گه‌ر به‌ زانستیانه‌ هه‌ڵسه‌نگێنین ده‌توانین بڵێین بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌وتۆی له‌ نێوان چینه‌كاندا دروست نه‌كردووه‌، به‌ڵام نه‌زانی و لاساییكردنه‌وه‌ و پشت به‌ستن به‌ ئایدیاڵیزمی رووت، له‌م باره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تیۆری زه‌ره‌ری گه‌وره‌ی له‌ جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ش داوه‌.

2-به‌كارهێنانی داموده‌زگا و رێكخراو ه‌ جیهانیه‌كان و حزبه‌كان به‌هه‌موو جۆر و پێكهاته‌كانیانه‌وه‌ به‌ سه‌رجه‌م بۆچون و فه‌لسه‌فه‌ و رێباز و ئایدیۆلۆجیا وه‌ له‌ ململانێی فكری و فه‌لسه‌فی و ئایدیۆلۆجیه‌ حزبیه‌كانیانه‌وه‌، دوور له‌ بنه‌چه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌ و نه‌خوێندنه‌وه‌ی واقیع و خۆخزاندنه‌ نێو ره‌فتاری واقعێكی تری كۆمه‌لایه‌تی كۆمه‌ڵگاكانی تری وه‌ك ئۆروپا و شوێنه‌كانی تر له‌ پێناو به‌دیهێنانی هه‌ندێك ئامانجی ته‌سكی سیاسی و حزبی و له‌وانه‌شه‌ شه‌خسی زیانه‌كانی له‌و یاده‌ ئیسلامینانه‌ كه‌متر نیه‌، كه‌ ئیسلامی سیاسی پێهه‌ڵده‌سێت و زیاده‌ره‌وی تێدا ده‌كات.

3- زیاده‌ره‌ی له‌ هه‌ردوولادا به‌ زیانێكی ئه‌كجار گه‌وره‌ بۆ میله‌ت به‌ گشتی له‌ رووی سیاسی و ئابووری و فكری و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ده‌كه‌وێته‌وه‌.

بۆیه‌، ئه‌م جۆره‌ كردارانه‌ی هه‌ردوو به‌ره‌كه‌، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن حزبه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان بێت یان به‌ ناو سكیولاره‌كان، كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ی ململانێی حزبیه‌وه‌ گوزه‌ر ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر لایه‌كی به‌ فه‌رمانی ده‌ركی بێت ئه‌وا لاكه‌ی تر له‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ده‌ره‌كی به‌ده‌ر نیه‌. ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی تیۆریه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و له‌ بارودۆخی هه‌مه‌لایه‌نی كورده‌اوریه‌وه‌ دوور بێت، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌و نێوه‌نده‌دا دروست ده‌بێت، كه‌ به‌زه‌ره‌ر بۆ ره‌وتی گه‌شه‌كردنی سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت، به‌ڵكو ئه‌م كاره‌ حزبیه‌ رووتانه‌، چ له‌ لایه‌ن ئیسلامیه‌كان یان له‌ لایه‌ن به‌ناوسكیولاره‌كانه‌وه‌ بێت، به‌ پله‌یه‌كی ئه‌وتۆ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ هیچ بارێكه‌وه‌ ناگۆرێت و بگره‌ مه‌ودای ركابه‌ری و ململانێی سه‌لبی زیاتر ده‌كاته‌وه‌ و جیاوزایه‌ زیانبه‌خشه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ فراوانتر ده‌كات و به‌ ره‌فتارێكی به‌ناو سۆشیالیزمانه‌وه‌ قازانج به‌ دونیای سه‌رمایه‌داری ده‌ده‌یت و جیاوازی نێوان چینه‌ تازه‌ دروستبووه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كه‌یته‌وه‌ و ئاسانكاری بۆ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ركیش ده‌كه‌یت. بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌بێت پێشنیاری ئاماده‌بویه‌كی كۆنفرانسی سۆشیالیسته‌كان له‌ نێوان خۆیاندا به‌ بیر دێنمه‌وه‌ كه‌ وتبوی، حه‌قه‌ پاش دانیشتنی كۆنفرانسه‌كه‌مان سه‌ردانی مه‌ولودنامه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره‌ش بكه‌ین.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris