نووسەرە کۆنەکان

تونس و یه‌كێتی له‌ نێوان كوده‌تاو هه‌مواركردنه‌وه‌دا ... عیماد عه‌لی

ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی راوبۆچون و هه‌ڵوێستی وڵاتانی بیێلایه‌ن و خه‌لكی ئازادیخوازی لیبڕال و میانڕه‌وی دوور له‌ ئایدیۆلۆجیاو و فیكرو عه‌قیده‌ی توند و لایه‌نگری ئایینی یان ته‌نانه‌ت به‌ده‌ر له‌ بۆونی بۆچونی عه‌لمانیش، بڕیاره‌كانی قه‌یس سه‌عید سه‌رۆكی تونس كه‌ به‌ كاری پێویست به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ستور ناوی برد و ئیسلامیه‌كانیش به‌ كوده‌تا و، ئه‌وه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی یه‌كێتییش كه‌ لایه‌ك به‌كوده‌تا و ئه‌ویتر به‌ چاكسازی و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و سه‌رانه‌ سه‌ندن و ڕیگری و پاوانكاری و قۆرخكردنی بازار و تاڵانی ناویده‌بات، باسی هه‌ردوو روداوه‌كه‌ بكه‌ین.

هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا هاوشێوه‌یه‌، یان بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌ و به‌ كرده‌وه‌یه‌كی لاوه‌كیی زانیوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ هه‌رێمی كوردستان یان وه‌ك له‌ هه‌ردوو روداوه‌كه‌دا باس ده‌كرێت، ته‌نها باس له‌ دیموكراسی و نیگه‌رانیه‌تی له‌ پێشێلكردنی ئازادی و له‌ به‌رامبه‌ردا پاڵپشتیان ده‌كات بۆ پابه‌ندبون به‌ دیموكراسی زیاتر و باشتركردنی ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان و تا ئێستا هیچ كه‌سی به‌ هه‌ڵه‌ دانه‌ناوه‌ و ئه‌ویتر به‌ڕاست، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و نیه‌.

زۆرێك له‌ئازادیخوازانیش به‌ شێلگیرانه‌ باس له‌ ژیانی ئاسایی خه‌لك ده‌كه‌ن و نایانه‌وێت كۆ‌مه‌لگه‌ بكرێته‌ قوربانی ئایدیۆلۆجیا و حزبایه‌تی و ركابه‌ری و كێبركێی هه‌مه‌جۆر، به‌كورتی چاویان له‌ سه‌ر باری ئابووریه‌وه ده‌ڵێن كه‌سی برسی به‌ خواردنی دیموكراسی تێرنابێت و ئازادی به‌ دیهێنانی ئامانجه‌كان و زامننه‌كردنی ئاینده‌ی گه‌ل بێ سه‌روبه‌ری ده‌هێنێت. قه‌ناعه‌تیزۆریان هه‌یه‌ به‌وه‌ی زۆر له‌و لایه‌نانه‌ سه‌ره‌تا خۆمسكێن ده‌كه‌ن تاوه‌كو جێگیرده‌بن و ده‌ستیان ده‌ڕوات و ئینجا پێشێلی هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن (یتمسكنون حتی یتمكنون) بۆیه‌ داوای سه‌پاندنی سیستم و دامه‌زراوه‌یی ده‌كه‌ن نه‌ك گۆڕینی ده‌موچاو و دانانی خه‌ڵكێك له‌ جیاتی خه‌ڵكێكی دیكه‌ و ئه‌مه‌ش بۆ هه‌ردوو لایه‌ن ڕاسته‌ چی یه‌كێتی بێت یان تونس وه‌كو ده‌وڵه‌ت.

ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ یه‌كێتی ئه‌و سه‌نگه‌ر گۆڕینه‌وه‌ی نێوان لایه‌نگرانی دووكه‌سایه‌تیه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌ تونس شتی وا له‌ئارادانیه‌، زۆرێك له‌ كادرانی یه‌كێتی به‌ بڕیاری مێژوویی له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن و خه‌ڵكیتریش به‌ گۆڕانكاری نێوخۆیی و هیتریش به‌ دانانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وشی خه‌لك ده‌یبینن و ئاواته‌خوازن رزگاركه‌ر بێت نه‌ك بێزاركه‌ر. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تونس بونه‌ته‌ دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌ واته‌ پاشخانی له‌ مێژینه‌ی عه‌لمانی گه‌لی تونس و و بیری هاورده‌ی ئیسلامی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ به‌رامبه‌ر وه‌ستاون و ده‌ستتێوه‌ردانیش له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌نیان كه‌وتۆته‌ هه‌ڵدێرانه‌وه‌ وه‌كو رێكخراوه‌ ئیسلامیه‌كان و ئه‌ردۆگان ده‌ستیپێكردووه‌. له‌ نێو یه‌كێتی ئه‌وه‌ی بیر و فیكر و فه‌لسه‌فه‌ بێت نابینرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت جیاوازی نێوان ئه‌و هێڵه‌ كه‌سیه‌بكه‌یت كه‌ زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ بۆچونی سیاسی كه‌سیه‌وه‌، ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌ره‌كی به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ده‌وروبه‌ری ناوچه‌كه‌ به‌ سوكی ده‌رده‌كه‌ویت، به‌لام تا ئێستا بێكاریگه‌ره‌ لێره‌دا.

 هه‌ردوولای بڕیارده‌ری یه‌كێتی و تونس له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕان كه‌ بڕیاره‌كانیان بۆ نه‌هێشتنی زیاتر داڕمانی تونس له‌وێ و یه‌كێتی و كارتێكردنی له‌سه‌ر كوردستانه‌ لێره‌دا.

ئه‌وه‌ی جیاوازی جه‌وهه‌ری له‌م دوو پێشهاته‌ هه‌بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قووڵایی ده‌وڵه‌ت له‌وێدا رۆڵی خۆی هه‌یه‌ و ده‌ركه‌وته‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئابووری زیاتر ده‌بێت و لێره‌ جگه‌ له‌ لێكه‌وته‌ی حزبی و كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر باری ئابووری كه‌سه‌كان وهه‌ندێ له‌ خۆبه‌ستوه‌كانی كه‌سایه‌تیه‌ حزبیه‌كانی ئه‌م زۆنه‌ شتی ئه‌وتۆی تێد نیه‌.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باسه‌ له‌ هه‌ردووشوین و لا، زۆرێك له‌ نوسه‌ر و رۆشنبیره‌ ده‌قخوێنه‌ دوور له‌ دیفاكتۆكه‌ باس له‌ دیموكراسی بێ زه‌مینه‌ و رۆشنبیری گشتی وكۆی بیری میله‌ت ده‌كه‌ن و ته‌نها به‌ هه‌مان شێوه‌ی زه‌مانی دوو بلۆكه‌كه‌ی سه‌رمایه‌داری و سۆشیالیست به‌ بڕیار و بۆچون و قه‌ناعه‌تی ێشوه‌خته‌ هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كه‌ن و ئه‌م جۆره‌ ره‌فتارانه‌ به‌ لادان له‌ یاسا و نادیموكراسی داده‌نێن و قازانجی دوورمه‌ودای هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ به‌ پابه‌ندبون به‌ شته‌زاره‌كیه‌ تێۆریه‌كان ده‌بینن. به‌زۆریش باس له‌ گفتوگۆی نێوان نه‌یاران و خه‌ڵكه‌ ناكۆكه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ قسانه‌ش له‌ كوردستان زیاتره‌ وه‌ك له‌ تونس.

جیاوازیه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی نێوان ئه‌وه‌ی له‌ نێوخۆی یه‌كێتی روویدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تونسدا. گه‌لی تونس پاشخانێكی رۆشنبیری پێشكه‌وتنخوازانه‌ی مێژوویی باشیان هه‌یه‌ و پشت به‌ عه‌قل ده‌بستن به‌ دوور له‌ سۆز و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت، به‌ڵام كادرانی یه‌كێتی له‌ ئاستی رۆشنبیریدا جیاوازن و ئه‌و كێبڕكێیه‌ی نێوخۆی یه‌كێتی زۆرێك له‌ نارۆشنبیر یان ته‌نانه‌ت له‌ بێسه‌وادیشی خستۆته‌ پۆستێكی هه‌ستیاره‌وه‌ كه‌ زۆر نه‌گونجاوه‌ و لێكه‌وته‌ی سه‌لبی گه‌وره‌ له‌ ره‌فتاره‌كانیان كه‌وتۆته‌وه‌ و ده‌كه‌ویته‌وه‌.

بۆیه‌، ئێستا به‌ پێی هۆكارگه‌لێك دیدگای خه‌ڵكی یه‌كێتی و تونس له‌مه‌ڕ ئه‌و رووداوانه‌ له‌ نێوان كوده‌تا و هه‌مواركردنه‌وه‌ گیریبه‌ستووه‌ و، زیاتر له‌ تونس ئه‌و جیاكاریه‌ به‌ زه‌قی دیاره‌، به‌ڵام له‌ نیوخۆی یه‌كێتی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌ كه‌سیه‌كان زۆر شتی متكردووه‌ و به‌ زۆری سه‌نگه‌ر گۆركێ ده‌ستی پێكردووه‌. هه‌ر بۆیه‌ ده‌كرێت ئه‌وه‌ی تونس به‌ راسته‌ڕیكردنی رێڕه‌وی حوكمداری و فه‌لسه‌فی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی دابنرێت و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌ڵ پاڵنه‌ری بێت و ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ریفۆرمێكی نوێ بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زه‌مانی فه‌رمانڕه‌وای مام جه‌لال، به‌ڵام نه‌بونی كاریزمای هاوشێوه‌ كاره‌كه‌یان قورس ده‌كات و دابه‌شبونه‌كانی دوای كۆچكردنی تاڵه‌بانی كۆسپێكی گه‌وره‌ی دروستكردووه‌ له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ی بۆ حزبه‌كه‌ پێویسته‌ به‌دیبێت، هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی هێزی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتیدا كارێكی زۆر پێویست و چاره‌نوسسازه‌. سه‌ركه‌وننی ئه‌م هه‌نگاوه‌ كرداریانه‌ی هه‌ردوو شوێن به‌نده‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی فه‌رمان و كرداریراست و ره‌وانی پاش رووداوه‌كه‌ زیاتر له‌ پێشتر و له‌ خودی كرده‌وه‌كه‌ش.

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

عومەر فارس