نووسەرە کۆنەکان

باشترین و خراپترین سیناریۆکانی بەردەم ئایندەی عێراق ... بەهرۆز جەعفەر

لەناوەندی سیاسیی عێراقی و دەرەکی دا سیناریۆی جۆراوجۆر لەسەر ئایندەی عێراقی دوای هەڵبژاردنەکانی (١٠ی ئۆکتۆبەر ) باس ئەکرێت. بەگشتی عێراق سەرکەوتو بو لەوەی یاسایەکی هەڵبژاردن دابنات، لەوەشدا سەرکەوتو بو لە ڕووی تەکنیکی و ئەمنییەوە پرۆسەی هەڵبژاردن تاڕادەیەکی باش بە جێ بگەیەنێت. بەڵام سەرکەوتو نە بو لەوەی خەڵک بباتە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بە پێی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕێژەی بەشداری (٤١٪) ە. ئەمە ڕيژەی تەنها ئەوانەیە کە کارتی بایۆمەتری و دەنگدانیان بۆ کراوە یان وەرگرتۆتەوە. بۆیە ڕێژەی بەشداری لەوە کەمترە. ئەمەش ئەگەری دوبارە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی و توندوتیژیی لە شەقامی عێراقی دا بە کراوەیی بە جێ ئەهێڵێت.

لێرەدا، کورد بەشێکە لەوێنە گەورەکە، بۆ ئەوەی خۆی لەناو ئەم وێنەیەدا وون نەکات، چەند فاکتێکی گرنگ هەیە:

یەکەم/ مەرج نییە ئەوەی براوەی هەڵبژاردن بو ئەو حکومەت پێک بهێنێت،  لە هەڵبژاردنی پێشووتر سەدر زۆرترین کورسی بە دەستهێناو حکومەتیشی پێک نەهێنا، پێشوتریش لەسەردەمی عەلاویدا وابوە.

دووەم/ هەمیشە حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق بەڵێنیان بە کورد داوە و جێ بە جێیان نە کردوە، لە (ساڵی ١٩٢١ ەوە تا گفتوگۆکانی تایبەت بە مووچەی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٢١) . لە ڕێککەوتننامەی (١١ی ئازاری ١٩٧٠) سەددام نەک هەر دانی بە کوردستان و کەرکوک و تەواوی مافەکانی کورددا نا، بەڵکو خۆی هات بۆ مەکتەبەکەی ناوپردان و ڕێککەوتنە (١٥) خاڵییەکەی ئیمزاکرد. دواتریش هیچی جێ بەجێ نەکرا. ئەمە لە ئاستی نێودەوڵەتیش زۆرجار وابوە بۆ کورد!. بۆ ئەم جارەش کورد ئەکرێت پشت بەو لایەنە ببەستێت کە بەڵێنی ئاشکرا بە ئاگاداری لایەنی سێهەم و چوارەم وەربگرێت پاشان خۆی ساخ بکاتەوە.

سێهەم/ ئەنجامەکان ڕوونن، موقتەدا سەدر ( ٧٣) کورسی و تەقەدوم (٣٧) کورسی و دەوڵەتی یاسا (٣٤) و پارتی دیموکراتی کوردستان (٣٣) کورسی، فەتح (١٧) و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (١٦) و عەزم (١٤) و نەوەی نوێ (٩) کورسی و یەکگرتو (٤) و هاوپەیمانێتیەکەی حەکیم و عەبادیش (٤) کورسیان هێناوە. لە عێراق کاندیدە سەربەخۆکان (٤٠) کورسییان بەدەست هێناوە. لێرەو لەوێ کورسی -کورسی- دوان- دوانی دیکەش هەن بۆ باڵانس ڕاستکردنەوە پشتیان پێ ببەسترێت. بەڵام ئەمانە هیچیان ئەوەندەی ئەوە گرنگ نیین کە بپرسین ئێران پاڵپشتی کێیە و ئەمریکاو ئیمارات و تورکیاو سعودییە پاڵپشتی کێن؟.

ژمارەی کورسی گرنگە، بەڵام زۆر لەوە گرنگتر ئەوەیە بپرسین ئایا ئێران ئامادەیە دەستبەرداری عێراق ببێت؟. ئایا ئێران ئەتوانێت ببێتە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان؟. ئەمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو بەتایبەتی ئێرە عێراقە!.

چوارەم/ پەرتبونی ماڵی شیعی هۆکاری زۆری هەیە، سیان لەو هۆکارانە لە هەموی گرنگترن:

- دیار نەمانی قاسمی سولەیمانی لە گۆڕەپانەکەدا.

- توانای تەمەن و تەندروستی ئایەتوڵلا سیستانی ڕێگەی پێ نادات لە ئاست بەرەنگاربونەوەی ئاڵەنگارییەکاندا بێت وەک مەرجەعیەتی حەوزەی نەجەف. بەتایبەت سەیدسیستانی ناتوانێت وەک جاران ململانێ بکات لەگەڵ مەرجەعیەتی قووم، ئەوەش وایکردوە لەلایەک موقتەدا سەدر بیر لەوە بکاتەوە جێگەی سیستانی بگرێتەوە، لەلایەک ئێران بە نیازی گواستنەوەی مەرجەعیەتی نەجەفە بۆ قووم، یان لە ئێرانەوە هێنانی کەسانی وەک ئایەتوڵڵا وەحید خۆراسانی، ئایەتوڵڵا مکارم شیرازی، ئایەتوڵڵا نوری هەمەدانی‌و ئایەتوڵڵا سافی گلپایکانی بۆ جێگرتنەوەی ئایەتوڵڵا سیستانی لە عێراقدا. بەپێی شارەزایانی فیقهی شیعی مەرجەع هاوردەو هەناردە ناکرێت بەڵکو مەرجەع لە شوێنی خۆیدا دروست ئەبێت، واتە ئەبێت لە عێراقدا کەسێک وەک جێگرەوەی ئایەتوڵلا سیستانی دابنرێت، بەم پێیە تەنها دوو کەس لە نەجەف هەن ئەو پێگەیە بگرنە ئەستۆ؛ شێخ ئیسحاق فەیاز کە ئێستا لەشاری نەجەفەو لەبنەڕەتدا خەڵكی ئەفگانستانە، شێخ بەشیر نەجەفی کە خەڵکی پاکستانە، بەڵام ئەمانەش لە لایەک تەمەنیان هەڵکشاوە، لەلایەکی تریش بەلایەنی کەمەوە مەرجەعی نوێ (١٠) دەساڵی پێویستە بۆ ئەوەی کاریگەری خۆی بسەلمێنێت!. بە گشتی نەمانی ئایەتوڵڵا سیستانی لەگۆڕەپانەکەدا بێ ئەندازە کاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق ئەبێت، کاریگەریی خراپی لەسەر ماڵی شیعە لەلایەک، ناکۆکی سوننەو شیعە لەلایەکی تر ئەبێت. بە پێی ڕاپرسییەکان، سیستانی كە گەورە مەرجەعی باڵای شیعەیە لە نەجەف بانگەوازی كرد خەڵك بەكۆمەڵ بچن بۆ دەنگدان، ئەگەرنا ڕێژەی بەشداری کەمتر و لە دەوری (٣٠٪) دا ئەبو.

- هۆکاری سێهەمی پەرتبونی ماڵی شیعی لە عێراقدا، لەتبون و لاوازبونی حیزبی دەعوەیە لە عێراقدا، حیزبی دەعوە لەساڵی (١٩٥٦) ەوە هەیە نەک شیعەکان بەڵکو سەردەمێک شیوعییەکانیشی لەگەڵدا بوە، لەدوای پرۆسەی سیاسیشەوە (١٣) ساڵ حیزبی دەعوە فەرمانڕەوایەتی عێراقیان کردوە، بەڵام ئێستا لە گۆڕەپانەکەدا بە لاوازیی هەن.

پێنجەم/ هیچ لایەنێک بە تەنها ناتوانێت حکومەت پێک بهێنێت. ئەوەی تا ئێستا ساخ بۆتەوە سەدر و حەلبوسی پێکەوەن کە (١٠٠) کورسییان هەیە. سەدر لێرەدا بە ئاسانی ئەتوانێت ژمارەکە لەگەڵ چەند لایەنێکدا بگەیەنێت بە (٥٠+١) واتە (١٦٧) کورسی بۆ پێکهێنانی حکومەت. لە ئایندەشدا بە بێ سەدر حکومەت یان پێک نایەت، یاخود ئەگەر پێک بێت ئەو حکومەتە سەرکەوتوو -ئارام نابێت.

شەشەم/ نوری مالیکی ژمارەیەکی قورسە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، خۆی بە باوکی دامەزرێنەری حەشدی شەعبی ئەزانێت. کەسێتیەکی جیڕو پێداگیری هەیە. ئێران پاڵپشتییەکی بێ چەندوچونی مالیکی و حەشدی فەتح ئەکات، ئەگەرچی ئەم هەڵبژاردنە تا ئەندازەیەکی باش مالیکی ژیاندوەتەوە کە (٣٤) کورسیە، بەڵام هێشتا ژمارەی کورسیەکانی نیو هێندەی ڕکابەرەکەیەتی کە موقتەدا سەدرە، هەرچی فەتحی هادی عامریە 

 (١٧) کورسی و عەزمی خەمیس خەنجەر (١٤) کورسی و چەند ژمارەیەکی تری دیکە کە لەبەرەی مالیکیدان. .  

حەوتەم/ لیستەکەی مالیکی و حەشدییەکان پاڵپشتی تەواوی ئێرانیان هەیە، زیاتر نوخبەوین، هێزی سەربازییان هەیە، چەک و داهاتیان لەبەردەستە. هەرچی موقتەدا سەدرە (٦٠٠) شەش سەت هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و زۆرینەی دەنگە، زیاتر دەنگی خەڵکە ڕەشوڕووتەکەو شەقامی ناڕازییە. موقتەدا هێزێکی پۆشتەو پەرداخی بەناوی سەرایا سەلام هەیە. خاڵی هەرە خراپ کە موقتەدای پێ ئەناسرێتەوە ئەوەیە تا چرکەی کۆتایی کەس لێی دڵنیا نییە چی ئەکات، ئەمڕۆ بڕیارێک ئەداو سبەی لێی پاشگەز ئەبێتەوە، ئەمڕۆ هاوپەیمانێتی ئەکاو سبەی هەر لەخۆیەوە پێشێلی ئەکات. لەناو هێزەکەی خۆشیدا هەرئاوا مامەڵە ئەکات!.

هەشتەم/ بەتەماشای نیەتەکانی ووڵاتانی کەنداو، تورکیا، ئەمریکا، ئێران دا، بەو سەرەتاتکێیەی ئیسرائیل لەناوچەکەدا ئەیکات و، سووننەکان داوای هەرێمێکی سەربەخۆ لە عێراق ئەکەن، بە تەماشای وێنە گەورەکەی عێراق و تەقینی باڵۆنەکە لەناوخۆدا، توێژەر ئەکرێت سوێند بخوات ئەمە کۆتا هەڵبژاردنە لە عێراقدا ئەکرێت.

 

دەرئەنجام

سەدر لە شیعەو حەلبوسی لە سوننە و بارزانی لەکورد یەکەمی پێکهاتەکانی خۆیانن، لەگەڵ ئەمەشدا مالیکی دووەمی نێو شیعەکانە، ڕاستە مەرجەعیەت وتویەتی " مجرب لا يجرب"، بەڵام پێ ناچێت مەرجەعیەتی باڵا ئەوەندە دڵخۆش بن بەوەی سەدر حکومەت پێک بهێنێت، ئەستەمە سەدر ڕێگە بدات مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران .

سێ سیناریۆ لە ئارادایە:

یەکەمیان/ زۆر خراپ، کە ناو ماڵی شیعی تێک ئەچێت و ئەم گروپانە هەمویان فڕۆکەو درۆن و دەبابەو چەکی قورس و سووک و ئامرازەکانی دەوڵەتیان لەبەر دەستە. عێراق دەوڵەتێکی فشۆڵ و لە بەریەک هەڵوەشاوە بەو مانایەی کە هێزی شەرعی - ڕێگە پێدراوی دەوڵەت لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نییە. بۆیە ئەبێت کورد خۆی بۆ ئەمە ئامادە بکات؟. هەر کە شەڕی شیعە- شیعە دەستی پێکرد ئیتر ئەوە کۆتایی عێراقە (State De-formation). خۆ- ئامادەکردن بۆ ئەم سیناریۆیە، لەوەڵامی ئەم پرسیارەوە دەست پێ ئەکات، ئایا کورد چی کردوە بۆ ئەوەی کارەساتەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دووبارە نەبنەوە؟. ١٦ ی ئۆکتۆبەر تەنها بەرئەنجامی ڕێککەوتنی گروپێکی ناو حیزبێکی کوردیی نەبو لەگەڵ میلیشیاکاندا، بەڵکو لە پشت پەردەوە بەرئەنجامی ڕێککەوتنی قاسمی سولەیمانی و برێت مەکگۆرک بو، کەواتە کورد پێویستە هەواڵگرییەکی بەهێز و سوپایەکی یەکگرتوو، لەگەڵ لۆبییەکی بەهێز لەدەرەوە سەرپێ بخات. هەروەها بۆشایی- نێوان هاوڵاتیان و دەستەڵاتی سیاسی نەهیڵێت.

دووەمیان/ کورد ئەبێت پەلە نەکات، موجامەلەی هەموو هێزو لایەنەکان بکات، بەرژەوەندییەکانی خۆی دەست نیشان بکات، لە کۆتاییدا کام لایەنە گرەنتی زیاتری بە کورد دا بچێتە پاڵ ئەو لایەنە. بۆ ئەمەش وا دەرئەکەوێت بەرەی مالیکی بەرژەوەندی و بەڵێنی پتر بۆ کورد لە خۆ-بگرێت. مالیکی زۆرترین بەڵێنی بە کوردو سووننە داوە، زۆرترین چاوەڕوانی ئەوەی لێ ئەکرێت بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات. ئەگەر کورد پێکەوە بن (٦٤) کورسییان هەیە، پێشوەختە بەشێک لە کێشەکانی کورد چارەسەرئەکرێت و ئەوەی دیکەش بخرێتە کارنامەی حکومەتی ئایندەی عێراقەوە. کورد بەباش و خراپ زۆرترین و باشترین ئەزمونی لەگەڵ مالیکی هەیە.

سێهەمیان/ نە سەدر نە مالیکی بەڵکو بازەکە بەسەر کەسێکی بێ کورسی و بێ حیزبی وەک کازمیدا بنیشێتەوە. لێرەدا کورد ئەبێت ڕێگە نەدات دۆخەکە بگاتە ئەوەی بە بێ ئامادەبونی ئەو پێکهێنانی حکومەتە یەکلایی ببێتەوە وەک ئەوەی لەدانان وسەردەمی عەبادیدا ڕوویدا.

بەهرۆز جەعفەر/ ئەم بابەتە بۆ پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS نوسراوە.

 

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە