نووسەرە کۆنەکان

نووسەرە کۆنەکان

پێشمەرگە بۆچی بچێتەوە بۆ کەرکوک؟ ... بەهرۆز جەعفەر

پرسیاری ئەوەی ئەبێت کوردێک ببێت بە پارێزگاری کەرکوک بەوەدا تێپەڕ ئەبێت بۆچی ببێتە پارێزگاری کەرکوک؟. ئایا پێشمەرگە ئەچێتەوە بۆ کەرکوک بەوێدا تێپەڕئەبێت بۆچی پێشمەرگە بچێتەوە بۆ کەرکوک؟.

کە جولەکەکان لە ستەمی زۆری دادگاکانی تەفتیش لە سەدەی حەڤدەو هەژدە ڕزگاریان بو، بیریان لەوە کردەوە بگەڕێنەوە زەوی باوباپیرانیان”الأرض الميعاد”. سەرەتا لەسەر ئاستی هەرە مرۆڤە ڕۆشنبیرو ئازاو دەوڵەمەندو خانەدان و بزنسە نیشتیمانپەرەوەرەکان گەڕانەوە. ڕێکخراوی ئەمنی و سەربازیی و دامەزراوەی ئێجگار بەهێزیان بۆ خستەگەڕ. کوردیش کە بە قودس و بە دڵ باسی کەرکوکیان کردوە. لەسەر ئاستی هەرە مرۆڤە چاوبرسی و دزو تاڵانچی و نەخوێنەوارو بێ ئەزمونەکان چونە کەرکوکەوە. لەو ماوەی (١٤) ساڵەدا دەیان کەس لەسەر پشکی کورد لە کەرکوک بونە پەرلەمانتار بێ ئەوەی ئەلف بای سیاسەتیان زانی بێت. هەر لەخۆیانەوە بە ڕێکەوت لە مەڵبەندو کۆمیتەو ناوچەیەکدا قووت کراونەتەوەو، ئیتر لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیشەوە خەڵکی کەرکوک بە سروشت ئەوەن کە “ عەلی وەردی” لە چوارچێوەی کۆمەڵگای عێراقی دا باسیان ئەکات، هەمیشە قوربانین و عاشقی جەللادەکانیان، کۆمەلگەیەکن ئەوەندە بە توندی دەست ئەگرن بەو پەتانەی دوایان ئەخەن پێیان بڵێیت دەست لەو پەتە بەردەن خەریکە پەلامارت بدەن!.

چواردە ساڵ (٢٠٠٣-٢٠١٧) حوکمی ناشیرینی کورد هەرچی دزێوی و پیاوکوشتن و بێسەروبەرەیی و قاچاخچێتی و داگیرکردنی زەوی و تەعەدای شەرەف لە تورکمان و عەرەب و کورد بڵێی تیایەتی، هەرچی مۆڵەتی نایاسایی و پاسەوانێتی کاری تاوانکاری و ئاودیوکردنی نەوت و خواردنی پارەی پیترۆ-دۆلارو فڕاندن و سەرنگوم کردن بڵیی تیایەتی. تەنها خزمەتی کوردو کەرکوک و پلانی نیشتیمانی و زانستی و ژینگەیی و ستراتیجی هەمەلایەنەی تیانییە. بەرپرسانی کورد لە هیچ کارێکی چەپەڵ سڵیان نەکردۆتەوە لە کەرکوکدا، کەسیش نەبوە لێپێچینەوەیان لەگەل بکات. ئەوانە ئەگەر جولەکە بونایەو ئاوها خیانەتیان لە سەرخاکی ئیسرائیل کردبایە، دڵنیابە ئەگەر ڕایان بکردایە بۆ باکوری بەرازیل یان باشوری یابان یان لەهەر سووچێکی دونیا بونایە ئەکەوتنە بەر تۆڵەی گەل.

بە سەدان کەس لەسەر حیسابی کوردو کەرکوک لە پڕبون بە ملیۆنێرو ملیاردێر. ئئتر خیانەتی وەهایان کردوە ئەمانە کە لە هیچ سوچێکی مێژوودا تەنانەت لەشفرۆشێکیش ئاوها بە جەستەی خۆی ناکات کە خاکی نیشتیمانە. ئینجا لەوسەریشەوە هەڵەو پۆخڵەواتی حیزبیی لەوشارە لەماوەی کۆی (١٤) ساڵەکەدا بوە هۆی ئەوەی کورد لە ڕووی یاسایی، هێزی سەربازی و ئەمنی، وە لەڕووی ئیداریشەوە کورد کەرکوک لەدەست بدات.

ئەم ڕاستیانە هەموو بەرپرسانی حیزبی شارەکە ئەیزانن، زۆرجاریش لە میدیاکان خۆیان باسی ئەکەن. تەنانەت سەت کوردی شارەکە بدوێنە نەوتو نۆ کەسیان دوعا ئەکات حوکمی هەرکەسێک هەبێت تەنها حوکمی ئەو چەند ساڵەی کورد لە کەرکوک دووبارە نەبێتەوە.

ئێستا کە داوا ئەکرێت، هاوار ئەکرێت لە لایەن چەندین بەرپرسی حیزبییەوە کە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، بۆچی پێشمەرگە بگەڕێتەوە؟ چۆن بگەڕێتەوە؟. بۆ هەمان تاس و حەمامی پێشوو بگەڕێتەوە؟. چی گۆڕانکاریی و موراجەعاتێک کراوە لە گۆڕینی دزو گەندەڵ و بەرپرساندا، چی گۆڕانێکی جۆریی بەسەر پێکهاتەو دامەزراوەیی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش دا هاتوە دوای (٢٠١٧) وا بگەڕێنەوە؟.

یانی چۆن کوردێک ببێتە پارێزگاری کەرکوک؟!. ئەوەی کە (٥٠٪) ئیش و کۆمپانیاو پارە و تاوانی ئابوریی بۆ ئیدارەی گشتی حیزب بکات و (٥٠٪) گەلەگورگ و دزو پیاوکوژ دەسودایەرەی بەرتیلخۆر لەدەوری خۆی بئاڵێنێت !.

هەیە (٨) ساڵە پەرلەمانتاری کەرکوکە، هەیانە (١٢) و هەشیانە نزیکەی (١٦) ساڵە لەسەر پشکی کەرکوک لە بەغدایە، چی بۆ کەرکوک کردوە!؟. بستێک خاکی گەڕاندۆتەوە سەرکوردستان!؟. ئاخەر میللەتی مردوو و بەستەزمان هەر بۆ ئەوە باشە ئەوانە یاری بە دەماخی بکەن!. ڕێژەی کورد لە ناو کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوک (٧٪) لەسەت کەس حەوتیان کوردن، زیاتر لە (١٤٠٠٠) چواردە هەزار فەرمانبەری هەیە. خەڵک هەیە ئەمجارە خۆی کاندید نەکردۆتەوە ( دڵنیام خۆی کاندید کردایە دەریشیان ئەچواندەوە) ئەو کەسە بە پلان کوردی دەرکردوە لە سلکی نەوتی کەرکوک و تورکمان و شیعەی داناوە!؟. ئەلوو…کاکە ئەوە تۆ بۆ وا ئەکەی!. بێگومان لەبەرئەوەی تورکیاو بەرەی تورکمانی و شیعە لە خۆی ڕازی بکات و بیکەن بە پارێزگاری کەرکوک !. ئەمە ئەوەشبو کە لە (١٦ی ئۆکتۆبەر٢٠١٧) کۆڵان بە کۆڵان کەوتبوە پێش دەبابەو ئۆتۆمبیلەکانی حەشدی شەعبی لە کەرکوک!.

بۆیە، کورد تاوەکو پیاچونەوەیەکی گشتی نەکات، پلانێکی ستراتیژیی گشتگیر بۆ کەرکوک دانەنات و ئەنجومەنێک لە پیاوی ژیرو ئازاو دەستپاک و بە ئەزموون دروست نەکات و، کەرکوک لەو پۆخڵەواتانە پاک نەکاتەوە، نابێت بچێتەوە کەرکوک. چونکە ئەنجامەکەی هەر ئەوە ئەبێت کڕین و فرۆشتن بە سەنگەرو بە گیانی پێشمەرگەوە ئەکەن. هەروەک ئەوە ئەبێت کە ئەو ناوچانەی پێشمەرگە پاکی ئەکردنەوە، برادەران تەلبەندیان ئەکردو ئەیانکرد بە غەسالەو بە باخ و …تادوایی. هەر وەک ئەوج(١٤) ساڵە هەرکەسەو هێزێکی ڕەش و بۆر دروست ئەکات بۆخۆی، هەر بەرپرسێکی حیزبی کۆمەڵێک چەک بەشانی نابوت و ناحاڵی لە خۆی گردئەکاتەوەو، دەست ئەکەنەوە بە بەزمەکانی خۆیان. یەڵڵا لە تەلەفزیۆن پەیامنێرەکە بۆمان باس بکە؛ ئەوە ڕەشوڕووتەکە لە ڕەحیماواو تەپەو شۆرجە هەڵئەپەڕن …تەپ. . تەق. . تۆق…ی خۆشیە کورد کەرکوکی گەڕاندەوە سەرخاکی کوردستان!!. فڵان کەس یەک کوڕی هەبو ئیمشەو بوێتە گوللەی وێڵەوە…ئەمە ئەنجامی سیاسەتە بەمانا کوردیی و کەرکوکییەکەی. ئا. . ئینجا هەندێک لەو بەرپرسانەو پاسەوانەکانیشیان بە حەرامی دەرچووی زانکۆن! و قانونیان تەواواکردوە بێ ئەوەی ئەو چوارساڵە چل ڕۆژ دەوامیان کردبێت و،  یەک تاقیکردنەوەیان نەکردوە!. تەنانەت ناوی ئەو وانانە نازانن کە گوایە خوێندویانە لە زان. . کۆ.

 

 

 

عومەر فارس

div { text-align:right; }