هەر لە مناڵیمانەوە ئەوە فێربوین کاتێک کە خەیاڵی کۆمەڵەخۆرەکەمان دەکەین، بیرۆکەیەک دێنیینە پێشچاومان کە لە شێوەی دیسکێکی تەخت پێک هاتووە لە کۆمەڵێک ئەڵقە"/>

هەر لە مناڵیمانەوە ئەوە فێربوین کاتێک کە خەیاڵی کۆمەڵەخۆرەکەمان دەکەین، بیرۆکەیەک دێنیینە پێشچاومان کە لە شێوەی دیسکێکی تەخت پێک هاتووە لە کۆمەڵێک ئەڵقە یاخود بازنەی خولانەوەی هەسەرەکان لەیەک ئاستدا بە دەوری خۆردا، هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو فێرکراوین یاخود زانیومانە کە سەرجەم هەسارەکان بە یەک ئاڕاستە دەخولێنەوە بەدەوری خۆردا. هیچکات پرسیوتە بۆچی سەرجەم هەسارەکان بە یەک ئاڕاستە دەخولێنەوە بەدەوری خۆردا؟. . ئایە ئەو دیاردەیە ڕێکەوتە؟. . یاخود هۆکارێک هەبووە بۆ ئەوەی بەو جۆرەبێت، ئەی ئەگەر هۆکارێک هەبێت، ئایا بەڵگەی تری هاوشێوەمان لە شوێنێکی تری گەردوندا هەیە؟

دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە نەخێر دیاردەی خولانەوەی هەسارەکان بە یەک ئاڕاستە بە دەوری خۆردا ڕێکەوت نییە، چونکە مانگە ئاساییەکانیش هەر بە هەمان ئاڕاستە دەخولێنەوە بە دەوری هەسارەکانیاندا، هەموو هەسارە گازییە زەبەلاحەکان چەندین مانگی ئاساییان هەیەو هەر لەسەر یەک ئاست و یەک ئاڕاستە دەخولێنەوە، تەنانەت بازنەکانی دەوری هەسارەی زوحەلیش هاوشێوەی مانگەکانی تری هەسارەکە بەیەک ئاڕاستەو هاوشێوەی میلی کاتژمێر دەخولێنەوە، ئێستا زانیمان کۆمەڵێکی زۆر هاوشێوەی ئەو دیاردەیە هەیە. . بەڵام دەپرسین . . چۆن ڕویداوە؟

بابگەڕێینەوە بۆ بلیۆنان ساڵ بۆ پێش دروست بوون و پێکهاتنی کۆمەڵە خۆرەکەمان، لەناو قوڵایی نەبیلا یاخود تەمەئەستێری h2 یاخود دایەنگای ئەستێرەکان، دەبینین پێکهاتەیەکی زەبەلاحی گاز و تەم لەشوێنێکدا، تەنۆچکەکانی بەهۆی فشاری ناوەکییانەوە، خۆڕاگرن لەبەرامبەری هێزی کێشکردنی یەکتری، تاکۆ لەساتێکدا بەهۆکاری وزەیەکی دەرەکی هەروەک سوپەرنۆڤا یاخود تەقینەوەی زەبەلاحی ئەستێرەکانەوە کاریگەری بەهێز لەسەر تەنۆچکەکان دروست دەبێت و ئەوکات فشاری ناوەکیان لەکار دەکەوێت و دەرئەنجام تەنۆچکەکان گرددەبنەوە و بەریەکدەکەون.

پاشان هەر بەخێرایی ئەو بارستە پێکهاتووانە بە بارستە پێکهاتووەکانی ترەوە دەنوسێن و، قەبارە و هێزی کێشکردنی لەگەڵ هاتنەناوەوەی تەنۆچکەی تر زیاد دەکات، پاش چەند هەزار ساڵێک، بەهۆی کاریگەری چرڕبوونەوەی ئەو هەمو مادەو تەنۆچکانەوە چالاکی زیاد دەبێت و ئەمەش لە دەرئەنجامدا دەبێتە هۆکاری گەرمبوونی ئەو تەنەی کە لەناوەڕاستی بارستەکەدا پێکهاتووە.

پاشان ئەو بارستەیە بەهۆی دابارین و وەرگرتنی ماددە و تەنۆچکەی زۆرەوە لەڕێی نەبیلا یاخود تەمستێرەکەوە، لە ئەنجامدا تەنێک پێکدێت کە بە ئەستێرەی سەرەتایی دەناسرێت، یاخود دەتوانین پێی بڵێین ئەستێرەیەکی گەنجی بچوک کە هێشتا کارلێکی ناوەکی لە ناوەخنیدا دروست نەبووە، دواتر بەهۆی ڕاکێشانی ئەو مادەو گەردو تەم و تەپۆتۆزانەوە لە هەمولایەکەوە بۆ خۆی، دەوروبەرێکی جەنجاڵ لەدەوری ئەستێرە بچوکە گەنجەکە دروست دەبێت.

دەشێت بەشێوەیەکی بنچینەیی رێکخراو، بەریەککەوتن و پێکداکێشان لە نێوان تەنۆچکەکاندا ڕووبدات، بەهۆکاری یاسای گۆشە تەوژم، نەبێلا یاخود تەمەئەستێرەکە کاریگەری گۆشە تەوژمی تەواوەتی لەسەرە، بۆ زانیاریتان گۆشە تەوژم هێندێکە لە جوڵەی بەخولدا بەرامبەر بە تەوژمی بەهێڵە لە جوڵەی جێگۆڕ بەهێڵ، بۆیە تەنۆچکەکان ناتوانن بەشێوەیەکی رێک وپێک و یەک ئاراستە ڕێ بکەن، بەیەکدا دەکێشن تاکۆ لەکۆتایدا یەک ئاڕاستە دەگرنە بەر. .

 (دان بیرنز) مامۆستای فیزا بەم جۆرە نمایشی (کات شوێن – Spacetime) دەکات و شیدەکاتەوە:

لەم نمونەیەکدا لەسەر دەزگایەک کە کە بە ڕوپۆشێکی سترێجی کە ناسراوە بە لایکرا دروست کراوە، تیایدا تۆپێکی بارستە سەنگین لەناوەڕاستدا دادەنێت، تۆپەکە دەبێتە هۆکاری چەماندنەوەی کات شوێن Spacetime و هێزی کێشکردن دروست دەکات، هەمان ئەو کارەی کە هێزی کێشکردن، لە بۆشایی سێ ڕەهەندیدا لە گەردوندا دروستی دەکات، (دان بیرنز) کۆمەڵێک تۆپی بارستە سوکتر بە دوو ئاڕاستەی جیاواز بەدەوری تۆپەسەنگینەکەی ناوەڕاستدا دەهاوێژێت، تۆپەکان لەخولگەکانیاندا دەخولێنەوە تاکو بەر ئەو تۆپانە دەکەون کە ئاڕاستەی پێچەوانەیان هەیە، خولانەوە و بەر یەک کەوتن لەو دوو ئاڕاستە جیاوازەدا دەبێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای گۆشە تەوژم، جگە لەو تۆپانەی ئاڕاستەکانیان گۆڕدرا و ئەو تۆپانەشی کە بەر یەک نەکەوتن، هەمویان یەک ئاڕاستە دەگرنە بەر.

ئەو بەریەککەوتن و لێکخشانەی تۆپەکانی سەر لایکراکە، دەقاو دەقی دیاردەکە نییە لە گەردوندا، بەڵام بۆ ڕونکردنەوەی بابەتەکە کاتێک نواندنێکی ئاوها ٢ ڕەهەندی لە سەر ئاستی ٣ ڕەهەندی لە گەردونی 4 ڕەهەندیدا دەکەین، دەبێت وێنای ئەوە بکەین کە تەنۆچکەکان تەنها وەک ئەوەی سەر لایکراکە بە دوو ئاڕاستەدا ناجوڵێن، بەڵکو لە ئاراستەی تر و جۆراوجۆرەوە لە ئەستێرە گەنج و سەرەتاییەکە نزیکدەبنەوە و بەر یەکدەکەون و ئاڕاستەی یەک دەگۆڕن، تا لە کۆتاییدا ئاڕاستەیەکی جێگیر دەگرنە بەر.

دواتر لەپاش بەربونەوە و کەوتنە خوارەوەی مادەو تەنۆچکەکان بۆ ناو ئەستێرە گەنجە سەرەتاییەکە، ئەویش دەست دەکات بەخولانەوە بەهەمان ئاڕاستەی ڕێڕەوی تەنەکانی دەوروبەری کە ئاڕاستەیەکی جێگریان بە خێراییەکی گونجاو وەرگرتووە.

پاشان ئاستی بەربونەوە و کەوتنەخوارەوەی تەنۆچکە و مادەکان دوای دروستبونی ئەستێرە سەرەتاییەکە کەم دەبێتەوە، بەڵام لەخولگەی ئەستێرە سەرەتاییەکەدا جارێکی تر گرددەبنەوە و بەهەمان ڕێچکەی پێشوتر کەباسمان کرد ئەگەر هاتوو رێژەی پێویستی تەنۆچکەو مادە هەبوو ئەوا ئەستێرەی تری سەرەتایی و چەندانی تر بەپێی رێژەی تەنۆچکە و مادەکان دروسدەبن لەسەر هەمان ئاڕاستەی خولانەوە.

جگە لەوانە، بەشێکی تری ئەو مادە و تەنۆچکە و گەرد و تۆزانە بەهەمان شێوازی کە پێشتر باسمان کرد هەسارەی سەرەتای بە هەمان ئاڕاستەی خولانەوە پێکدەهێنن و دواتر دوای دروست بونی هەسارە سەرەتاییەکان بەهەمان شێوە مانگەکان بەهەمان ئاڕاستەی خولانەوە دروست دەبن.

تەنانەت ئێستاش دەتوانین گردبونەوەی ماددەو تەنۆچکەکان لەدەوروبەری هەسارەیەک کە تەپکە یاخود دیسکێکی بەهێزی هەبێت ببینین، هەسارەی زوحەل بەنمونە دێنمەوە، لە ئەرکەکەیدا کەشتی پشکنەری کاسینی، توانی چەندین مانگی قەبارە بچوک بدۆزێتەوە کە لەناو بازنەکانی هەسارەی زوحەل دا بەهۆی ئەو مادەو تەنۆچکانەوە و بەهۆکاری جیاواز جیاوزی هێزی کێشکردن دروست بوون، هەرچەندە هەندێکیان پاشماوەیەکی کەم داڕماون و لەناوچوون و بەشێکیشان تا کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی پشکنەری کاسینی مابونەوە و پێدەچێت ئەو مادەو تەنۆچکانەی بازنەکانی هەسارەی زوحەل لە کۆتاییدا مانگی تەواوەتی دروست بکەن و هاوشێوەی مانگەکانی تری هەسارەکە لەسەر هەمان ئاڕاستەی خولانەوەی هەسارەکە خولگە وەربگرن، دڵنیاین ئەم بابەتەش لە سەرەتای دروستبونی کۆمەڵە خۆرەکەماندا بەهەمان شێوە ڕویداوە.

لە ئێستا پانتایی ئۆربیتاڵ یاخود پانتایی خولگەیی کۆمەڵە خۆرەکەمان بەتەواوەتی تەخت نییە، بە هەندێک پلە هەندێک لە هەسارەکان جیاوازییان هەیە، بەڵام بابەتێکی جوانە لە سروشتدا کەلە ئاژاوەو جەنجاڵییەکی ئاوها گەورەوە، سیستەمێکی ئارام و ڕێکخراو پێکبێت، هەرچەندە تائێستاش گەرەستێرۆچکە و کلکدار و تەنی تر هەن لە کۆمەڵەخۆرەکەماندا کە بەهۆی کاریگەری هەسارەکانەوە بەردەبنەوە و دەبارێنە ناویانەوە، بەڵام بەپێی تێپەربونی کاتی ئەو بەرکەوتن و کەوتنە خوارەوانەش کەم بونەتەوە.

لەکاتی ئێستادا بەهۆی پێوانەکردنی تەمەنی ئەو چاڵانەی لەسەر رووی مانگەکان هەن، درک بەوە دەکەین کە ئاستی پیاداکێشانەکان رۆژ لەدوای ڕۆژ زۆر کەمی کردووە، هەر بەپێی ئەو توێژینەوە و لێکۆڵێنەوە زانستیانەش، لەو سەرەتا جەنجاڵ و ئاڵۆزەی پێکهاتنی کۆمەڵەخۆرەکەماندا، هەسارەکان ڕوبەڕوی بۆردومانی فراوانی هەسارۆچکە و گەڕەستێرۆچکەو تەنەئاسمانییەکانی تر بونەتەوە و پاشان لەدوای وەرگرتنی بڕی پێویستی مادە لە لایەن هەسارەکانەوە، وردە وردە بۆردومان و پیاداکێشانەکان کەمیان کردوە، تەگەیشتۆتە ئەم ڕۆژەی ئێستای کۆمەڵە خۆرەکەمان.

ئەم جۆرە لە دیاردە سروشتییەکان، دەچێتە ژێر ناوی بابەتێکەوە کەبە (نەخشە یاخود سیستەم و پەیکەرە گەنج و پێگەیشتووەکانی دەر ئەنجامی ڕێکخستنی خودی و خۆڕسک) ناسراوە، بۆ نمونە دروستبوون و پاشان گەشە سەندنی گەردەلولەکان کە ئەوانیش دەچنە ژێر ناوی هەمان بەبەتەوە.

پەیکەرە گەنج و پێگەیشتووەکان لە بنچینەدا ڕێخۆشکەرن سیستەمێکی هەڕەمەکی بگۆڕن بۆ سیستەمێکی ئاڵۆز و سەرنجراکێش و ڕێکخراو، لە بۆشایی ئاسماندا ئەو ڕێکخستنە خودی و خۆڕسکانە لە سەر ئاستی خولگەیی لە سیستەمی هەسارەکان و سیستەمی خۆرەکان و گەلەئەستێرەکان و پێکهاتنی ئەستێرەو هەسارەکان و تەنانەت لە بیگ بانگ یاخود تەقینەوە گەورەکەش دا بەدی دەکەین.

بە پشت بەستن بە هەموو ئەو بەڵگانە، دەکرێت وای دابنێین هاوشێوەی ئەو کردارانەی کەلەسەرەوە بە دورودرێژی باسمان کرد هۆکاری پێکهێنان و دروستکردنی زۆرێک لە سیستەمی ئەستەرەیی تربن، حاڵی حازر تەکنەلۆژیا گەیشتۆتە ئاستێک درکی بەوە کردووە کە هەسارەی تری زۆر هەن لە دەرەوەی کۆمەڵەخۆرەکەمان کە لەسەر یەک ئاست و یەک ئاڕاستە بە دەوری ئەستێرەکانیاندا دەخولێنەوە.