چوار مانگە گەورەکەی هەسارەی موشتەری کە بە مانگە گالیلیۆییەکان ناسراون، ناودارترین مانگەکانی سەرتاپای کۆمەڵە خۆرەکەمانن، لە نێو ئەو چوار مانگە گەورەیەی هەسارەی موشتەریدا لەم ڤیدیۆیەدا، باسی مانگی کالیستۆ دەکەین کە سێیەم مانگی گەورەی کۆمەڵەخۆرەکەمان و دووەم گەورەترین مانگی هەسارەی موشتەرییە و کۆمەڵێک زانیاری سەرنج ڕاکێشی لەسەر دەخەینە ڕوو، لەم ڤیدیۆیەدا سەرنجێکی قوڵ لەسەر نهێنییەکانی مانگی کالستۆ دەدەین.

 

مانگی کالیستۆ سێهەم مانگی گەورەی کۆمەڵە خۆرەکەمانە، بەپانتایی 4820 کیلۆمەتر و کەمێک لە هەسارەی عەتارد بچوکترە کە ئەو 4879.4 کیلۆمەتر درێژبۆتەوە، بەو مانایەی تیرەکەی 58.4 کیلۆمەتر لە هەسارەی عەتارد بچوکترە، مانگی کالیستۆ یەک لەسەر سێی بارستەی هەسارەیی هەیە، واتا هێزی کێشی زۆر لاوازە و  وەک وتمان دووەم مانگی قەبارە گەورەی هەسارەی موشتەرییە، 628.3 ملیۆن کیلۆمەتر لەزەویەوە دوورەو لە سێ مانگەکەی تر دوورترە لە موشتەرییەوە، بەدووری نزیکەی 1.9 ملیۆن کیلۆمەتر لەهەسارەکەوە لەماوەی 16.7ی رۆژی زەویدا خولگەیەک بەدەوری هەسارەکەدا دەخولێتەوە، هاوشێوەی مانگەکەی هەسارەی زەوی مانگی کالیستۆ بە جۆرێک گیربووە بە هەسارەکەیەوە کە هەمیشە یەک ڕووی مانگەکە لە هەسارەی موشتەرییە، ئەم دیاردەیە کالیستۆ بەوەجیادەکاتەوە لەمانگەکانی تری موشتەری بەوەی کە بەتەنها بەهۆی خولگەکەیەوە گیر نەبووە بە هەسارەکەیەوە بەڵکو گیربونەکەی تری بریتییە لەوەی کە وەک باسمان کرد هەمیشە روویەکی ئەو مانگە لە هەسارەکەیەتی.

 

مانگی کالیستۆ بەرگەهەوایەکی زۆر لاوازی هەیە و بەزۆری پێک هاتووە لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، بەشێک لە توێژەرەوان پێیان وایە لەبەرگەهەواکەیدا گازی ئۆکسجینیش سەرنجدرابێت، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی گازی ئۆکسجین لە بەرگە هەوای مانگی کالیستۆدا بە تەواوەتی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

 

 وەک باسمان کرد کالیستۆ بەرگەهەوایەکی زۆر لاواز و تەنکی هەیە بۆیە گەردەکانی ناو بەرگەهەواکەی وێکناکەون و پیاکدادان ئەنجامنادەن، مانگی کالیستۆ لەماوەی هەر چوارساڵ جارێکدا بەهۆی کردارەکانی لەدەستدانی بەرگەهەواوە کە کۆمەڵێک کردار و هۆکارن بەرگەهەواکەی لەدەست دەدات، بەڵام توێژینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە مانگەکە لەڕیێ توێکڵی زەوییەکەیەوە کار بۆ نوێبوونەوەی گەردە ونبووەکانی دەکاتەوە لەڕێگەی سابلیمەیشن کە وەرگێرانێکی کیمیکەڵی دۆخی مادەیە و ڕاستەوخۆ ماددە لە دۆخی ڕەقییەوە بە سوود وەرگرتن لە چینە گازە دووەم ئۆکسیدە بەستووەکەی سەر ڕووپۆشەکەی، دەگۆڕێت بۆ گاز.

 

هەندێک تایبەتمەندی سەر ڕووی مانگی کالیستۆ جێی تێڕامانە، سەر ڕووی مانگی کالیستۆ یەکێکە لە سەر ڕووە هەرە دێرینەکانی کۆمەڵە خۆرەکەمان، بە پێی بەڵگەکان، تەمەنی سەر رووی مانگی کالیستۆ دەگرێتەوە بۆ ٤ ملیار ساڵ لەمەوبەر، کە دیقەتی مانگەکە دەدەیت، تێبینی دەکەیت لە هەرتەنێکی تر زیاتر بەچاڵی بەرکەوتنی جۆراوجۆر رووپۆش بووە بەجۆرێک کە زۆربەی چاڵەکانی بە هۆی بەربونەوە و بەرکەوتنی دەرەکییەوە چاڵی تری تیادا هاتۆتەکەیەوە، بەبێ هەبوونی هیچ جۆرە چالاکییەکی بوارەکانی جیۆلۆجی، پێدەچێت بە درێژایی تەمەنی، ئەو چاڵانە هۆکاری سەرەکی بن کە کاریگەری گەورەیان لەسەر شکڵ و شێوەی مانگی کالیستۆ دروست کردبێت.

 

بۆچی سەر رووی مانگی کالیستۆ بەبەراورد بە زۆرێک لە تەنەکانی تری کۆمەڵەخۆرەکەمان لەمێژینە و کۆنترە؟

 

ئەو هەسارانەی لە ڕووی جیۆلۆجییەوە چالاکن، بۆ نمونە هەسارەی زەوی، هەندێک کردار لەسەر رووپۆشەکەی ڕوودەدەن کە دەکرێت هەموو بەڵگەمێژووییەکانی لەناو بردبێت، هەسارەی زەوی یەکێکە لەو تەنانەی کەخاوەنی کەمترین پاشماوەی چاڵی بەرکەوتنی دەرەکییە، روودانی گۆڕانکارییەکان هەر لە ڕێگەی کەش و هەوا و کاریگەرییەکانی ئاوو گڕکانەکان و رووەکەکان و دیاردەی هەڵکشان و داکشان و هەروەها زەمین لەرزە کە هۆکاری گۆڕانکاریی بووە لەسەر پلێتە تەکتۆنییەکانی هەسارەی زەوی، ئەمە جگە لە چالاکییەکانی کە بە درێژایی مێژوو تاکو ئەم چرکەساتە مرۆڤ ئەنجامیداون، سەرجەم ئەوانەی باسمان کرد کاریگەرییان لەسەر شێواندن و داخوران و بەرزبونەوە نزمبونەوەی چینەکانی توێکڵی زەوی کردووە، تەنانەت مانگە گالیلۆییەکانی تری هەسارەی موشتەری بۆ نومونە یۆروپا و ئایوۆ  بە هۆکاری دیاردەی هەڵکشان و داکشانەوە ئەو چاڵانەی بەهۆی بەرکەوتنی دەرەکییەوە تیایاندا دروست بوون وەک چالاکییەکی جیۆلۆجی، بە بەراورد بە مانگی کالیستۆ کەمترن.

 

سێ مانگە گالیلیۆییەکەی تر، کە بریتین لە ئایۆ و یۆروپا و گانیمەید لەژێر دیاردەیەک کە بەزرنگانەوەی خولگەیی (orbital resonance) 4: 2: 1 ناسراوە، کاریگەری هێزی کێشیان لەسەر یەکتری هەیە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کاتێک مانگی گانیمەید یەک جار خولگەیەک بە دەوری هەسارەی موشتەریدا دەخولێتەوە، ئەوا مانگی یۆروپا دوجار و مانگی ئایۆ چوار جار دەخولێتەوە بەدەوری هەسارەکەدا.

 

دیاردەی زرنگانەوەی خولگەیی (orbital resonance) کاریگەری هەڵکشان و داکشان لەسەر ئەو سێ مانگە گالیلۆیەی هەسارەی موشتەری دروست دەکات و هۆکارە بۆ ئەوەی ئەو سێ مانگە نەتوانن بەشێوازێکی بازنەیی تەواو خولگە وەربگرن، بەو مانایەی کە کاریگەری رێژەی هێزی کێشکردن لەسەر مانگەکان لە کاتی خولانەوەیاندا بە دەوری هەسارەی موشتەریدا، دەگۆرێت و زیاد و کەم دەکات، بەو هۆکارەش لە ڕێگەی هەڵکشان و داکشانەوە رووپۆشەکانیان دەکشێن و دەچنەوە یەک و هاوکات ناوەرۆکی مانگەکانیش بەهەمان هۆکار پلەی گەرمییان بەرزدەبێتەوە، لەدەرئەنجامدا چالاکی جیۆلۆجی تیایاندا هاتۆتەکایەوە و کاریکردۆتە سەر روپۆشەکانیان و بە درێژایی کات گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە.

 

ئەو دیاردەیە بەو ئاستو شێوازە لەگەڵ مانگی کالیستۆدا ڕوونادات، هیچ کردار و چالاکییەکی وەک گڕکان یاخود جوڵەی پلێتە تەکتۆنییەکانی لەسەر دەرنەکەوتووە تاکو گۆڕانکاری بەسەردابێت، هێزی هەڵکشان و داکشان تیایدا سنووردارە و بەشێوەیەکی گشتیش هیچ شاخ وچیایەکی بەرز لەسەر رووەکەی بوونی نییە تا ببنە هۆکار بۆ چالاکی و گۆڕانکاری جیۆلۆجی تیایدا.

 

لەڕابردوی دووری کۆمەڵەخۆرەکەماندا کاتێک مانگی کالیستۆ لەو مێژووە دوورەدا هاتۆتەکایەوە، گومان دەکرێت ئەوکات جیهانێک بووبێت لە ئۆقیانوس، دواتر بەهۆکاری بۆردومان و بەرکەوتنی لەلایەن تەنە دەرەکییەکانی وەک بەرد و بەردەنەیزەک و گەڕەستێرۆچکەکانەوە، گۆردرابێت بۆ ئەو شێوازەی ئێستای و لەو کاتەشەوە بەو شێوازەیەوە مابێتەوە.

 

با سەرنجێک لە بەشێک لەو چاڵانەی سەر رووی مانگی کالیستۆ بدەین، چونکە بەشێك لەو چاڵە گەورانە نەخشەو پەیکەری سەرسوڕهێنەریان پێکهێناوە، ئەم چاڵەیان بە Asgard ناسراوە، دووەم گەورەترین چاڵی سەر رووی مانگی کالیستۆیە کە تیرەکەی دەگاتە نزیکەی 1600 کیلۆمەتر، ئەمەشیان Valhalla یە گەورەترین چاڵی فرە بازنەییە لە تەواوی کۆمەڵەخۆرەکەماندا کەبەهۆی بۆردومان و بەرکەوتنەوە لەسەر مانگی کالیستۆ دروست بووە، تیرەکەی دەگاتە نزیکەی 3800 کیلۆمەتر، ئەم چاڵە دیمەنێکی ناوازەی بەخشیوە بە مانگی کالیستۆ و، جیاواز لەهەر تەنێکی تری کۆمەڵەخۆرەکەمان پێکهاتوە لە پاشماوەی چەندین جاڵی بازنەیی یاخود پاشماوەی شەپۆلی هێزی بەرکەوتنەکە بەدواییەکدا لەسەر مانگەکە بەڕوونی دیارە.

 

 بەپێی وردەکارییەکان لەسەر ئەو چاڵە گەورەیە، پێدەچێت پێکدا کێشانەکە هەێندە بەهێز بووبێت کە توانیبێتی رووپۆشی سەر رووی مانگەکەی شەقار کردبێت و بڕیبێتی، پاشان دوای ئەو بەرکەوتنە گەورەیە جارێکی تر لەو شێوە چاڵانەدا پلەی گەرمییەکەی دابەزیبێت و بەستبێتی هەروەک لەو تۆپەڵە خڕو ڕوناک و رۆشنانەدا دەیانبینین، ئەگەر ئەو ناوچەیە نزیک بکەینەوە، ئەوا بەڕوونی وەک ڕووپۆشێکی خاڵاوی هاتۆتە کایەوە و جیاوازییەکی زۆر تێبینی دەکەین لەوەدا کە سەر بەرزاییەکان بریتین لەو تۆپەڵە خڕە ڕۆشن و درەوشاوەنە و هەرچی نزماییەکانیشە تاریکو تۆختر دەردەکەون، دەتوانین بڵێین ئەو ناوچانەی سەر بەرزاییەکان کە ڕۆشن دەردەکەون، جارێکی تر پلەکانی گەرمایان دابەزیبێتەوەو بەرەو بوون بە بەستەڵک چوون، هاوکات تەمەنی ئەو ناوچە بەستوانە گەنج ترن بە بەراورد بە سەرلەبەری تەمەنی مانگی کالیستۆ.

 

هەروەها پێدەچێت ئەو بازنانە بریتیبن لە شکاوی لە روپۆشە بێ هێزەکەی کالیستۆدا، ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو تۆپەڵە خڕە ڕۆشنانە لەلێواری ئەو چاڵ و بازنانەدا لەڕێی تەلسکۆبی پێشکەوتووەوە بەڕوونی دەبینرێن.

 

بابزانین ئەو تۆپەڵە خڕو ڕۆشنانە چین...

 

چەند گریمانەیەکە لەسەر ئەو تۆپەڵە خڕە رۆشنانە هەن، یەکەمیان ئەوەیە پێدەچێت پاشماوەی ملیۆنان چاڵی گرکانی داڕماوی ڕابردووی مانگی کالیستۆبن، ئەو چاڵە گڕکانیانە بەپێی تێپەڕبوونی کات دووچاری دارمان و دارزان بوونەتەوەو تاکو ئێستاش نەزانراوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چی، هەروەها پێدەچێت بەهۆکاری ئەو بەرد و کۆمێتانەوە دروستبوبێتن کە توانیویانە بگەنە سەر روپۆشی مانگەکەو بوبێتنە هۆکار بۆدروستبوونی ئەو تۆپەڵە خڕە ڕۆشنانە لەو لێوارانەدا، یاخود بەهۆی کرداری سابلیمەیشنەوە کە وەرگێرانێکی کیمیکەڵییە و پێشتر باسمکرد، دۆخی مادە ڕاستەوخۆ ڵە ڕەقییەوە دەگۆڕێت بۆ گاز و  پاشان بەپێی تێپەڕبوونی کات هێواش هێواش ئەو تۆپەڵە خڕە ڕۆشنانەی لێدروستبوبێت، هەروەها پێدەچێت ئەو تۆپەڵە ڕۆشنانەی لێواری بازنەو چاڵەکانی سەر روپۆشی مانگی کالیستۆ بەهۆکاری ئەو پاشماوەیە لەوبەردو کۆمێتانەی بەربونەتەوەو بەپێی تێپەڕبوونی کات بۆتە هۆکاری دەرخستنی سەهۆڵی روون لە ترۆپکی لێواری بەرزاییەکانی ئەو بازنەو چاڵانەدا و رۆشنتردەربکەون.

 

لەلایەکی ترەوە زۆربەی چاڵەکانی سەر رووپۆشی کالیستۆ تەنکن یاخود زۆر قوڵنین بەبەراورد بە چاڵەکانی کە لەسەر مانگی هەسارەی زەوی هاتونەتەکایەوە، بۆنمونە چالی لۆفن کە فراوانییەکەی زیاتر لە 100 بۆ 120 کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام قوڵییەکەی دەگاتە نزیکی 600 مەتر، ئەمە لاکاتێکدایە کە چاڵی ئەیتکن لە جەمسەری باشوری مانگ 13 کیلۆمەتر قوڵە، هەر سەبارەت بە چاڵی لۆفن لەسەر مانگی کالیستۆ کە زۆر قوڵ نییە، بەشێک لە توێژینەوەکان دەریانخستوە کە پێدەچێت پێش بەرکەوتن و پیاداکێشانەکە ئەو تەنەی بەریکەوتووە پەرتبووبێت، بۆیە گەر دیقەت بدەین لە چوار دەوری چاڵەکە شوێنەواری بەرکەوتن یاخود پیاداکێشانی تری فراوان بەدیدەکرێت.

 

باوەڕوایە تەمەنی ئەو چاڵە لانیکەم یەک بلیۆن ساڵ بێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە مێژووی ئەو چاڵە هێندە کۆنە، کەچی هێشتا دەتوانین بەڕوونی پاشماوەی پیاداکێشانەکەی کە بۆتە هۆکاری دروستبونی ئەوچاڵە لە چواردەوریدا ببینین، ئەوەش بەڵگەی نەبوونی چالاکییە جیۆلۆجییەکانی ئەو مانگە ناوازەیە دەردەخات کە شوێنەوارەکان لەو ڕابردووە دوورەوە گۆارانکاری زۆریان بەسەردانە هاتووە.

 

هەندێک لەو چاڵانەی لەسەر مانگی کالیستۆ کە بەهۆی بەرکەوتنی تەنەکانی بۆشایی ئاسمانەوە دروستبوون، ناوازە و سەرنج ڕاکێشن، بۆنمونە چاڵی هاڕ، وەک دەبینین لە ناوەڕاستی چاڵەکەدا گومەز یاخود گومبەتێکی گەورە دروست بووە، هەمان دیاردە لەسەر مانگی هەسارەی زەوی هەیە بەنمونە چاڵی Tycho Crater کە ئەویش بەهەمان شێوە گومەز یاخود گومبەتێک لە ناوەڕاستەکەیدا دروست بووە.

 

لەلایەکی ترەوە بەپێچەوانەی چاڵی ‌هاڕەوە لەسەر مانگی کالیستۆ، چاڵی تر لەسەر ئەو مانگە دروستبوون کە بەپێچەوانەی ئەوەی گومەز یاخود گومبەت لەناوەڕاستی چاڵەکەدا دروست بوبێت، ئەوا هەر لەناو هەمان چاڵدا لە ناوەڕاستەکەیدا چاڵی تر دروست بووە.

 

بۆچی و چۆن ئەو چاڵە ناوازانە لەسەر مانگی کالیستۆ دروست بوون، پێدەچێت هۆکارە ڕاستەقینەکەی دروست بوونی ئەو چاڵە ناوازانە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە توێکڵی رووپۆشی ئەو مانگە نەک بەتەنها وشک و ناسکە، بەڵکو تەنکیشە، لەگەڵ هەبوونی سەهۆڵی نەرمەوە بوو یاخود زەریایەکی زۆر ساردی سوێر لەژێریدا، بەپێی خەمڵاندنەکان ئەستوری توێکڵی روپۆشەکەی مانگی کالیستۆ نزیکەی 80 بۆ 150 کیلۆمەتر دەبێت.

 

کەشتی پشکنەری ئاسمانی گالیلۆ لەماوەی چەند ساڵەی چاودێریکردنی هەسارەی موشتەریدا، بەشێکی زۆری کاتەکانی بۆ توێژینەوە لەسەر مانگە گالیلۆییەکانی ئەو هەسارەیە بەلێهاتووییەوە ئەنجامدا، کەشتی پشکنەری ئاسمانی گالیلۆ ئەوەی ئاشکرا کرد کە بواری ماگناتیکی هەسارەی موشتەری ناتوانێت مانگەکە ببڕێت، بەواتایەکی تر ناتوانێت توێکڵەکەی ببڕێت و بگاتە ناوەرۆکی کالیستۆ، بەهۆکاری ئەوەی چێنێکی ئەستوری زۆر گەیەنەری لە ژێر ڕوپۆشەکەیدا بە ئەستوری 10 کیلۆمەتر هەیە، هەروەها مانگی کالیستۆ ناوکێکی هەیە کە لە سلیکات پێکهاتووە و نیوەتیرەکەی نزیکەی 600 کیلۆمەتر دەبێت.

 

وەک دەزانین کەرەستە گرنگەکان بۆ دروستبونی هەر جۆرە ژیانێک پێویستی بە ئاوی شل و وزە هەیە، بۆیە لێرەدا دەپرسین ئایا دەگونجێت مانگی کالیستۆ پاڵپشتی جۆرێک لە ژیان بکات  لەژێر چینە بەستەڵەکەکەیدا؟

 

توێژینەوەکان ئاشکرایان کردووە لەژێر توێکڵە ڕوپۆشەکەی مانگی کالیستۆدا ئوقیانوسێکی سوێری تیادایە، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی نزیکەی 800 ملیۆن کیلۆمەتر دوورە لە خۆرەوە، بۆیە بەڕێژەیەکی زۆر کەم گەرمی پێدەگات، هەروەها کەمی و سنورداری رێژەی دیاردەی هەڵکشان و داکشان کە دەبێتە هۆی تیشکدانەوە و رێگایەکە بۆ گەرمبوون، لەسەر ئەو مانگە هاوکار نییە بۆ گەرمکردنی ئەو ئۆقیانوسەی ژێر توێکڵە ڕووپۆشەکەی.

 

تاکو ئێستا توێژینەوە و پشکنینەکان بۆ مانگی کالیستۆ بوونی هەر جۆرە ژیانێکی پشتڕاست نەکردۆتەوە، نمونەی مانگەکانی تری وەک یورۆپا و ئینسالەدس کە دەرچەیان هەیە بۆ پرژاندنی ئاو راستەوخۆ لە ئۆقینوسەکەی ژێرەوەیانەوە، هاوکار و کارئاسانییە بۆ توێژینەوەی هەبوونی ژیان تیایاندا بەبێ ئەوەی هەوڵی گەیشتن بە خودی ئۆقیانوسەکانیان بدرێت، بەڵام ئەو دەرچانە لە مانگی کالیستۆدا نییە، بۆیە بۆ توێژینەوە لە ئۆقیانوسەکەی مانگی کالیستۆدا، پێوسیت دەکات توێکڵە روپۆشەکەی تێپەڕێندرێت یاخود بە مانایەکی تر بۆ توێژینەوە لەسەر ئۆقیانوسەکەی پێویستە زانایان هەوڵی هەڵکەندن و کونکردنی توێکڵە ڕووپۆشەکەی بدەن.

 

هەموو بەڵگەکان لە ئێستادا، توێژەرەوان و زانایانی گەیاندۆتە ئەو باوەڕەی، کەباروودۆخی ژینگەیی پێویست بۆ ژیان لەسەر مانگی کالیستۆ بەبەراورد بە ژینگە بەستەڵەکییەکانی تەنەکانی تری کۆمەڵەخۆرەکەمان، کەمتر ڕەخساوە، لەگەڵ هەموو ئەم نائومێدیانەشدا نابێت گرنگی مانگی کالیستۆ پشتگوێ بخەین، گەر بێت و توێژینەوە لە دەرەوەی سیستەمی کۆمەڵە خۆرەکەماندا ئەنجامبدەین، ئەوە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە مانگی کالیستۆ دەستپێکی بنکە و سەرچاوەی نمونەیەکی وەدەستهێنانی زانیارییە، وەک زانیمان لەدووری نزیکەی 1.9 ملیۆن کیلۆمەترەوە لەهەسارەی موشتەری لەخولگەیەکدا دەخولێتەوە، کە دەکەوێتە دەرەوەی پشتێنەی تیشکدانەوە زیانبەخشەکانی ئەوهەسارەیەوە، ئەوەش ژینگەیەکە هەزاران جار لەبارترە بۆ دۆزینەوە و توێژینەوە لەلایەن مرۆڤایەتییەوە بەبەراورد بە مانگەکانی تری نزیک لە هەسارەی موشتەرییەوە.

 

مانگی کالیستۆ رێژەیەکی زۆر بەستەڵەکی ئاویی تیادا هاتۆتەکایەوە، کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەم هێنانی وزە کە ڕەگەزێکی سەرەکی مانەوەی ئادەمیزادە لە ژیاندا، هەروەها جیاکردنەوەی هایدرۆجین لە ئۆکسجین لەو بەستەڵەکە ئاوییانەدا، دەبێت هۆی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین کە گرنگە بۆ هەناسەدان، هەروەها بەهۆی جێگیری دۆخە جیۆلۆجییەکەیەوە، دەکرێت بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ باڵەخانە لەسەر روپۆشەکەی دروست بکرێت، هاوکات بەهۆی نەبوونی چیا و شاخی بەرزو چاڵو چۆڵی قوڵەوە، دەتوانرێت بەئاسانی و بە خێرایی تیایدا فڕین و گەشت ئەنجامبدرێت.

 

گەر دەستی مرۆڤایەتی لەئایندەدا بگات بە مانگی کالیستۆ، ئەوا دەتوانرێت توێژینەوە لە سێ مانگە گالیلیۆکەی تری نزیک لە موشتەری لەمەودایەکی پارێزراو لە تیشکە کوشندە سەرەکییەکانی هەسارەکەوە، بکرێت، یاخود کالیستۆ بکرێت بە وێستگەیەک بۆ گەشتکردن بەرەو دەرەوەی کۆمەڵەخۆرەکەمان، هاوکات بەهۆی کەمی هێزی کێش و تاودانیەوە کە رێژەکەی بریتییە لە 1.236 m/s² دا بەبەراورد بە هێزی کێش و تاودانی زەوی کە بریتییە لە 9.807 m/s² دا فڕین و نیشتنەوە لەسەر ئەو مانگا زۆر ئاسانتردەبێت.

 

بەهۆکاری ئەوەی مرۆڤایەتی لەهەوڵی پەلهاویشتندایە لەناوچەکانی دەرەوەی بۆشایی ئاسماندا، ئەوانەی باسم کرد ئەگەری روودانیان زۆرە لە داهاتوودا، هەرچەندە کەشتی پشکنەری گالیلۆ لەسەر مانگی کالیستۆ لەماوەیەکی کەمدا لەدەوری ئەومانگە، تۆیژینەوەی ناوازەی ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا گەلێک نهێنی زۆر هەن کە تائێستا پەی پێنەبراوە.

 

لەدا هاتودا لە ڕێگەی پشکنەر و دۆزەرەوەی مانگە سەهۆڵییەکانی موشتەری (JUICE) ی سەر بە ئاژانسی ئاسمانی ئەوروپا بەبەشێکی زۆر لەو نهێنیانە، ئاشنادەبین، کە بڕیارە پشکنەرەکە لە ساڵی 2022 دا بەمەبەستی توێژینەوە لەسەر هەر سێ مانگە گەورەکەی هەسارەی موشتەری (گانیمەید، کالیستۆ و یۆروپا) ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێت و بڕیارە لەساڵی 2030دا بگاتە سیستەمی مانگە گالیلۆییەکانی هەسارەکە.

 

هەروەها سەبارەت بە مانگی کالیستۆ، ئاژانسەکە پلانی بۆ چەند گەشتێکی ئاسمانی نزیک لە مانگی کالیستۆوە دانەوە، ئەو ئەرک و چالاکی و توێژینەوانەش، دەبنە وەڵام گەلێکی زۆر بۆ پرسیارەکانی وەک: ئایا ئۆقیانوس لەژێر توێکڵی ڕوپۆشەکەیدا سەد لە سەد بوونی هەیە؟ لە ئەگەری بونی ئۆقیانوسدا ئایا هیچ ژیانێکی سەرەتایی و ئۆرگانی بونی هەیە؟، لەگەڵ وەڵامی گەلێلک پرسیاری تر کە لەوانەیە هەر بیرمان لێنەکردبێتەوە.