ئەوەی کە بینیتان خۆشی و هەیەجانی زانایان و کارمەندانی ئاژانسی ئاسمانی ناسای ئەمریکی بوو لە کاتی نیشتنەوەی کەشتی یاخود گالیسکەی گەڕۆکی پێرسەڤیرەنس. "/>

ئەوەی کە بینیتان خۆشی و هەیەجانی زانایان و کارمەندانی ئاژانسی ئاسمانی ناسای ئەمریکی بوو لە کاتی نیشتنەوەی کەشتی یاخود گالیسکەی گەڕۆکی پێرسەڤیرەنس.

گالیسکەی گەڕۆکی پێرسەڤیرەنس Perseverance ی بێ مرۆڤ کە لەهاوینی پار لە 30/7/2020 دا بەرەو هەسارەی مەریخ هەڵدرا و پاشان گەیشت بە خولگەیەک بەدەوری هەسارەکەدا و رۆژی 18 ی ٢ی 2021 لەسەر ڕووی هەسارەکە بەسەرکەوتویی نیشتەوە.

ئەم گەشتەی ئەمجارەی ناسا بۆ سەر هەسارەی مەریخ، گرنگترین گەشت و پشکنینە تاوەکو ئێستا ئەنجام بدرێت و کاری چەندەها ساڵە، کەشتی و گالیسکەی گەڕۆکی پێرسەڤیرەنس Perseverance چەند ساڵێکە لەلایەن ئاژانسی ئاسمانی ناساوە ئامادەکاری بۆدەکرێت.

کەشتی و گالیسکەی پێرسەڤیرەنس بەنەرمی یاخود بەهێواشی لەسەر هەسارەی مەریخ نیشتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لەقۆناغی کۆتایی نیشتنەوەکەیدا تەنیا بەهێزی پاڵنەرەکانی نیشتۆتەوە.

پێرسەڤیرەنس لەناوچەیەکی هەسارەی مەریخ نیشتەوە کەبە Jezero.  Crater ناسێندراوە و بەمانای چاڵی جێزێرۆ دێت، ئەم شوێنە پاشماوەی دەریاچەیەکە کە پێش پتر لە سێ ملیار ساڵ ئاوی ڕۆیشتووی لێبووە و لەدۆخێکی گونجاودا بووە بۆ دروستبوونی ژیان، نیشتنەوەی نەرم لەسەر ڕووی مەریخ لە کاتی گەیشتنی کەشتیەکە، نزیکەی چوار خولەکی رووناکی دوور بوو لە ئێمەوەو بە کارە هەرە قورس و وردەکان دادەنرێت کەئەنجامدرابێت لە مێژوی مرۆڤایەتیدا.

کەشتیەکە یەک بەشە و بارستاییەکەی یەک تەن و 25 کیلۆگرامە و لەسەر ڕووی هەسارەکە، کەشتییەکی گەڕۆک دەبێت، گرنگی زۆری ئەم گەشت و کەشتیە لەوەدایە، کە تاقیگەیەکی زۆر پێشکەوتووی لەگەڵدایە، دەتوانێت نمونەی بەرد و گڵی هەسارەکە لە قوڵایی 9 مەترەوە هەڵبکەنێت و پشکنینیشیان بۆ بکات، دواتر نمونەکان لە سندوقی داخراودا هەڵدەگرێت بۆ ئەوەی لە گەشتێکی داهاتوودا، کە دوای چەند ساڵێک ئەنجام دەدرێت بهێنرێنەوە سەر زەوی.

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا هیچ شوێنەوارێکی بوونی ژیانی سەرەتایی لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخ بەدی ناکرێت، بەڵام جارێ نازانین ئایا لە چینەکانی ژێرەوەی هەسارەکە، ژیانی سەرەتایی یەکخانەیی هەیە یاخود نا، یان پێشتر ژیان دروستبووە و هەبووە یخود نا، ئەم پشکنینە زۆر گرنگە، مەبەست لێی دڵنیابونەوەیە لە هەبوون یاخود نەبوونی ژیانی سەرەتایی لە چینەکانی ژێرەوەی هەسارەکە.

لەگەڵ ئەم گالیسکەیەشدا ئاژانسی ئاسمانی ناسا، هەلیکۆپتەرێکی زۆر بچوکیشی ناردوە و دواتر لەبەر گەهەوای هەسارەکەدا تاقی دەکرێتەوە، فڕینی ئەم هەلیکۆپتەرە، دەبێتە یەکەم فڕین لەنێو بەرگە هەوای هەسارەیەکی تر جگە لە هەسارەی زەوی.

بەرگە هەوای هەسارەی مەریخ نزیکەی 100 هێندەی بەرگە هەوای هەسارەی زەوی تەنکترە، ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ ئەوەیە بزانرێت بەرگە هەوای هەسارەی مەریخ چەندە گونجاوە بۆ فڕینی فڕۆکە و هەلیکۆپتەر، ئامانجەکەش بەو مەبەستەیە کاتێک لەداهاتوودا و نزیکەی دوای 15 ساڵی تر کە ئاژانسەکە کەشتیوانی ناردە سەر هەسارەکە، بتوانن بە هەلیکۆپتەرێکی بچوک کاری فڕین ئەنجام بدەن لەو ماوەیەی کە لەوێدا دەمێننەوە.

جگە لەم پشکنینەش گالیسکەی پێرسەڤیرەنس کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی گرنگی تریش ئەنجامدەدات، لەوانە ئامادەکردنی گازی ئۆکسجین لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە پێکهاتەی سەرەکی بەرگە هەوای هەسارەکەیە.

هەروەها تاقیکردنەوە لەسەر هەندێک جۆر لەکەرەستە دەکات کە بۆ دروستکردنی بەرگی کەشتیەوانان بەکاربهێنرێت لەگەشتەکانی داهاتوودا بۆ سەر هەسارەکە.

پێرسەڤیرەنس لە ماوەی کارکردنیدا لەسەر هەسارەی مەریخ، تێکڕای وزەی پێویستی بۆ کارکردن و جوڵە و پەیوەندیکردن، لەڕێگەی بڕێک لە ماددەی تیشکدەری پلۆتۆنیۆمەوە دەست دەکەوێت، بەهۆی وزەی ناوەکی پلۆتۆنیۆمەوە، بۆ ئەنجامدانی هەموو کارەکانی بەردەوام وزەی کارەبای پێویست دروست دەکات، پێشبینیش دەکرێت وزەی پلۆتۆنیۆمەکە، بۆ ماوەی نزیکەی 14 ساڵ بەردەوام بێت.

هەروەها پێرسەڤیرەنس 23 کامیرای دیجیتاڵی زۆر پێشکەوتووی پێوەیە، هەندێکیان مایکرۆسکۆپین، واتە وێنەی زۆر گەورەکراوی وردیلەکانی بەرد و گڵی سەر هەسارەی مەریخ دەچرکێنێت.

لەوەش گرنگتر ئەوەیە، ئەو کاتانەی کەشتیەکە ڕووی لە گۆی زەویە، دەتوانێت بۆیەکەم جار ڕاستەوخۆ دەنگی سەر ڕووی هەسارەکە لەڕێگەی مایکرۆفۆنێکەوە بگوازێتەوە بۆمان، کەشتییەکە بەردەوامی پەیوەندی بە بنکەی پەیوەندیکردنەوە دەکات کە لەنێو سەنتەرێکی ئاژانسی ناسایە لە کالیفۆڕنیا، بەڵام بەشی زۆری ئەو داتایانەی کۆیدەکاتەوە و دەینێرێتەوە بۆ ئاژانسەکە، لەڕێگەی مانگی دەستکردی MRO وە دەبێت کە بەردەوام لە خولگەیەکدا بە دەوری هەسارەی مەریخدا دەسوڕێتەوە.

ئالان عەلی