(٢)

قەرارە تاڵیبان لە چوارچێوەی شەرعدا، مافی ژنانی ئەفغان دابین بکات، بەڵام ئاخۆ شەرعێک کە چواردە پازدە سەدەیەک لەمەوبەر سەری هەڵدابێت، هیچ لەگەڵ مافەکانی مرۆڤی هاوچەرخدا کۆی دەکاتەوە؟ ئەوە وەخت بەفیڕۆدانە ئەگەر بانگەشە بۆ ئەوە بکەین، شەرع ستەمی لە ژن نەکردووە، یان بەو پاساوە قایل بین کە ژنی سەردەمی کاڵفامی، ستەمی زیاتری لێ کراوە. شەرعێک لە بواری مافەکانی ژندا لە کەلێن تژی بێت، ناکرێت بە بیانووی ئەوەی لە ئاسمانەوە هاتووە، یان وەختی خۆی کۆمەڵێک ستەمی لەسەر ژن لا بردووە، هەتا هەتایە ڕەچاو بکرێت. ئەگەر بەراوردێک لەنێوان ئەو مافانەی شەرع بە ژنی ڕەوا بینیون و ئەو مافانەدا ساڵانێکی زۆرە، ژنانی وڵاتانی پێشکەوتوو پێیان گەییشتوون، بکەین، دەبینین ژن لە سایەی شەرعدا لە کۆیلەیەک بەولاوە، هیچی دیکە نییە و ڕۆژانە سووکایەتیی پێ دەکرێت.

فرەژنی کە شەرع ڕێی پێ داوە، سووکایەتیکردنە بە ژن و لەوە ناچێت، فەرمانی خوایەکی دلۆڤان و دادپەروەر و یەکسانیخواز بێت، ئاخر ئەوە ڕێزدانان نییە بۆ ئەم ژنی، پیاو بە تەنیا جێی بهێڵێت و بچێت لە ئامێزی ئەو ژنیدا بخەوێت، یان هەر کە لە ئەمیان زویربوو، پشتگوێی بخات و بخزێتە باوەشی ئەویانەوە. وەکوو چۆن لەمێژە، شەرمە و قەدەغەیشە، پیاو کەنیزەکی هەبێت، کە شەرع حەڵاڵی کردووە، ئەوەیش هەر شەرمە و پێویستە قەدەغەیش بکرێت، پیاو فرەژنی بکات. دەمێکە وەختی ئەوە هاتووە ڕیفۆرم لە شەرعدا بکرێت و گەلێک لە بەردە جێگیرەکانی بلەقێندرێن، وەک دەیان ساڵە لە توونس کە وڵاتێکی زۆرینە موسوڵمانە، لەقێندراون.

کە ژنی بەسەردا دەهێنن، ژنی یەکەم بەرەو ڕووی دوو بژارە دەبێتەوە، یان دەبێت پێ بە شکۆی خۆیدا بنێت و بەو چارەنووسە تاریکە قایل بێت، یان جودا ببێتەوە و بە پاساوی ئەوەی تەڵاق دراوە، کۆمەڵ سووک تێی بڕوانێت. ژنی جیابووەوە بەدەگمەن هەلی شووکردنەوەی بۆ دەڕەخسێت، بە تایبەتی ئەگەر منداڵی هەبێت، ئاخر لە دۆخێکی وادا، یان هیچ پیاوێک پێی ڕازی نابێت، یان لە پێناوی منداڵەکانیدا، قوربانی بە خۆشییەکانی خۆی دەدات.

مەگەر هەر خودا خۆی بزانێت، چەندان ژن لە ترسی ئەوەی نەوەک تەڵاق بدرێن، بە ئەشکەنجەی ئەو دۆزەخە ڕازی دەبن، کە مێردیان بە هێنانی ژنی دووەم بۆی ساز کردوون. ئەوە پاساوێکی لاوازە کە دەڵێن: فرەژنی چارەسەری کێشەی (قەیرەکچ) و (بێوەژن) دەکات، ئاخر ئەوی فرەژنی بکات، نزیکەی هەمیشە بەدوای کچێکی جوان و جەحێڵدا دەگەڕێت، چونکە شەرع ئەو مافەی بە پیاو ڕەوا بینیوە، با پیریش بێت، کچێکی گەنج بخوازێت. پارادۆکس ئەوەیە هەرچەندە بەپێی دەقی قورئان، مەحاڵە پیاوی فرەژن، بتوانێت دادپەروەری لەنێوان ژنەکانیدا ڕەچاو بکات، کەچی فرەژنی ڕێگەپێدراوە، ئەمەیش هەڵکردنی چرای سەوزە، بۆ ستەمکردن لەو ژنەی، ژنی بەسەردا دەهێنرێت.

لە واڵی بەڕێزیانەوە وەرگیراوە.