مەخڵەتێن! هەڵبژاردن تەنیا بۆ پەڕلەمانە؛ ئەمیش بە پێوانەی چایخانەیەك کاریگەرە لەسەر دەستگاکانی دیکە.

پەڕلەمان چایخانەیەکە، کۆمەلێك گەندەڵی تێدایە چوار ساڵ لە گۆشەیەکدا دادەنیشن بۆئەوەی هاتاهەتایە بە چەند ملیۆن دینارێك خانەنشین بکرێن. هەندێکیان لە بیستەکانی ژیانیانەوە خانەنشینن. لە هیچ وڵاتێکدا سیستمی لەوجۆرە نیە. ئێستا لە بەغداد پەڕلەمان هێندە بێ بەهایە، حزب و کەسی دەستڕۆیشتوو، دەیفرۆشنەوە.

حزبەکانی کوردستان بە درێژی ٣٠ ساڵ پەڕلەمانیان لە دەسەڵای جیا کردەوە، کردیان بە چایخانە.

گەر هەموو ئەندامانی پەڕلەمان، بۆ نمونە لە سۆشیالست دەربچێ، هیچ بەسەر دەسەڵاتی هەولێر و سلێمانیدا نایەت. تەنانەت کاریگەریش نابێ لەسەر شەڕی ئەمۆزاکان. لەبەغداش لە پشت پەردەوە، حکومەتی نوێ هەڵدەبژێرن کە هیچ گۆڕانکاری بەسەر گروپ و کەسانی دەستڕۆیشتوودا نایە، لە بەغدا تەنیا سەدر، مالیکی، جەعفەری، تد بۆ دەردەچێ. لە کوردستانیش، با مژەدەتان بدەمێ، هیچ کەسێك کە ئێستا لە دەسەڵاتدایە ناگۆڕێ.

گەر قەناغەتت وایە، دەنگت بە قەدەر سەردەرزیەك گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا دەکات، دەنگ بدە!

هۆشمەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە خەڵك بگاتە ئەو قەناعەتی ئیدی بەسە. با خۆیان بسەپێننەوە، نەك خەڵك شەرعەیت بدات بە دکتاتۆر. گەلێك، پاش ٣٠ ساڵ گەندەڵی و ستەمکاری، دەرکی بەوە نەکردبێ، کە بەشداری لە هەڵبژاردندا شەرعیەتە بە ستەم و گەندەڵی، هەق نیە جێی لەم سەرزەمینەدا هەبێ. "لە خەو هەڵسن، میلەتی کورد!"

دەنگیان پێ مەدەن! با شەرعیەت بە خۆیان نەدەن!

لە ڕۆژی هەڵبژاردندا، لە ماڵەوە مەچنە دەر! با شەقامەکان و بنکەی هەڵبژاردن چۆڵ بێ. ئەمە باشترین خەباتی مەدەنیە لەمڕۆدا.