نووسەرە کۆنەکان

دکتۆر تەها ڕەسوڵ پێکهاتەیەک لەخاک و مرۆڤایەتی ... کارزان کۆیی

من دکتۆر تەها ڕەسوڵ وەک کەسایەتیەکی تایبەت و کوردێکی ڕەسەن دەیبینم، لەبەر ئەوەی هەموو بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی و مەردایەتی و کوردایەتی و بەخشینی تێدا بەرجەستە بووە و سەرجەم وێستگەکانی ژیانی و گیرفانی و تەمەنی خۆی بەخشیەوە بەنیشتیمان و هەڵگری ئاڵای شۆڕشی بەنەتەوەبون بووە، لەهەمان کاتدا وەک بزنسمانێکی ڕۆشنبیری نەتەوەیش بۆتە سمبوڵی بەرخودان و بەخشین، "د. تەها ڕەسوڵ" هەمیشە دژی خۆبردنە پێشەوە و خۆدەرخستن بووە و مەبەستی نەبووە هەڵوێست و بەخشینەکانی بکاتە منەت بەسەر خەڵکیەوە و خۆی وەک کەسێکی خێرخواز نمایش بکات، لەبەرئەوە هەر هەموو هاوکاری و بەخشینەکانی یا بەنهێنی بووە یابەناوی دەزگا و دامەزراوەکانەوە بەخشیوە نەک بەناوی خودی خۆیەوە، ئەو کارە مەزنانەی ئەنجامیشی داون وەک خزمەتکارێکی ئەم نیشتیمانە بەئەرکی سەرشانی خۆی زانیووە، بەڵگەش بۆ ئەوە تائێستا نەبینراوە رۆژێک لەڕۆژان لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە یا لەکۆڕ و کۆبوونەکاندا ئاماژەی بەکارێکی چاکخوازی خۆی دابێت، ئێمەش لە هەستی مرۆڤایەتی و بەرپرسیارێتی ڕەوشتی نوسینمانەوە، بەبێ پرس و ئاگاداریی خۆی و بێ هیچ بەرژەوەندیەکی تایبەت، وەک لەکتێبەکەدا ڕونمانکردۆتەوە، بڕیارمدا کتێبێک لەسەر کارە مەزن و چاکخوازیەکانی ئەم مرۆڤە بێ پلەو پۆست و کورسیە بەچاپ بگەیەنم لەسەر ئەرکی خۆم، مەبەستیشمان لەبەرز ڕاگرتن و ستایشکردنی ئەم مرۆڤە ماندونەناسەدا کەبەکردەوەکانی واتایەكی جوانی بەژیان بەخشیووە بۆ ئەوەیە تادەوڵمەندەکانی دیکەی نیشتیمان چاوی لێبکەن و خزمەتکردنی نیشتیمانیش ببێتە کلتور و لەهەمانکاتدا پێشمان نەڵێن ((ئێمە گەلێکی مرد و پەرستی زیندو کوژین)) لەهەمووی گرنگتر مەبەستمە بیکەمە دیاری سەرکردە و بەرپرسان و بەچکە بەرپرسانی ئەم هەرێمە، بەڵکو شەرم لەخۆیان بکەن و چیتر تەزبیحی چاکسازی نەهۆننەوە بۆ گەوجاندنی ئەم میلەتە، کەبەهەر هەموویان و حیزبەکانیانەوە نەیانتوانیوە نیو هێندەی ئەم مرۆڤە خۆنەویستە خزمەتی ئەم نیشتیمانە بکەن، بۆ ڕاستی و دروستی ئەوەی ئاماژەمان پێداوە، دەتوانن ئەم کتێبە بخوێنەوە ( دکتۆر تەها ڕەسوڵ پێکهاتەیەک لەخاک و مرۆڤایەتی).

کتێبی ناوبراو لەم شوێنانە دەست دەکەوێت:

 

١/ ناوەندی ڕەهەند سلێمانی، شەقامی مەولەوی، تەلاری سیروان نهۆمی چوارەم

٢/ کۆشکی ڕێبین بەردەرکی سەر.

سەرنج: بەهەڵە لەکتێبەکەدا ئاماژەمان داوە گوایە پەیکەری پرۆفیسۆر "د. جەمال نەبەز" لەسەر ئەرکی کەسێکی دیکە ئەنجامدراوە، لەڕاستیدا ئەو پەیکەرە لەسەر ئەرکی نیعمەت خانی خوشکی ئەنجامدراوە، دواتر لەوتارێکدا هۆکاری ئەو هەڵەیە دەخەینە ئەستۆی ئەوو سەرچاوە و ئەو بەڕێزانەی ئێمەیان بەهەڵەدا بردووە و دەبێت هەر ئەوانیش پۆزش بۆ ئێمە و نیعمەت خانی خوشکی"د. جەمال نەبەز" بهێننەوە.

 

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

عومەر فارس