نووسەرە کۆنەکان

بۆچی‌ یه‌كێتی بۆ ئه‌به‌د حزبی شه‌هیدانه‌؟ ... مەریوان مەسعود

من هه‌میشه‌ چ له‌ ته‌مه‌نی‌ هه‌رزه‌كاریم و چ ئێستاش كه‌ ته‌مه‌نم له‌ چل ساڵاندایە‌، خه‌یاڵی‌ ئه‌وه‌م هه‌بووه‌ و له‌ ناخی‌ خۆمدا وتوومه‌ (یه‌كێتی) ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌ نه‌مره‌ی‌ هه‌یه‌، كه‌ من چیرۆكی‌ ژیان و شه‌هیدبوونی‌ كه‌مێكیان ده‌زانم، هه‌رگیز خۆری‌ ئه‌م حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌ ئاوا نابێت، چونكه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ (داری‌ ئازادی‌ و خوێن) لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، تۆ له‌پێناوی‌ نیشتمان و خاك و نه‌ته‌وه‌ و كوردایه‌تی‌ و سه‌ربه‌رزی‌ خێزان و خانه‌واده‌ تێده‌كۆشیت و دواجار شه‌هید ده‌بیت، بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كێتی له‌ قوربانیدان پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ به‌رده‌كه‌وێت، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌م خه‌یاڵ و لێكدانه‌وه‌ سایكۆلۆژیی و لۆژیكییه‌ی‌ ناخم راست ده‌رده‌چێ‌، چونكه‌ ده‌مێكه‌ هه‌موومان ده‌زانین یه‌كێتی حزبی هه‌وراز و نشێوه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌به‌د حزبی شه‌هیدانه‌ و ئه‌مه‌ش ناسنامه‌ راسته‌قینه‌كه‌یه‌تی‌.

رۆژی‌ شه‌هید-ی‌ یه‌كێتی، ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ پێموایه‌ ده‌بێت هه‌موومان ئه‌و دوو شته‌ تێكه‌ڵ نه‌كه‌ین، ئه‌ویش تێبینی‌ و ره‌خنه‌یه‌ له‌ ئه‌زموونی‌ حوكمڕانی‌ ئێستای‌ هه‌رێم و خه‌بات و گیانفیدایی‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان، چونكه‌ نیشتمان و خاك و نه‌ته‌وه‌ و تێكۆشان زۆر له‌ ئه‌زموون و حكومه‌ت گه‌وره‌تره‌ و ده‌بێت رۆحی‌ نیشتمانپه‌روه‌ریی‌ تێكه‌ڵ به‌ هه‌ندێك ناقۆڵایی ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێستا نه‌كه‌ین و په‌تی‌ سێداره‌ و شه‌هیدبوون به‌ پێوه‌ و داستانه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌مان له‌ یاد بێت كه‌ من خۆم بۆ ئه‌به‌د گه‌وره‌ییانم له‌به‌ر چاو ناكه‌وێت.

له‌م ماوه‌یه‌دا نامه‌یه‌كی‌ زۆری‌ زیندان و ژووری‌ ئیعدامم خوێندۆته‌وه‌، كه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی‌ كوردایه‌تی‌ رووبه‌ڕووی‌ بوونه‌ته‌وه‌ له ‌سه‌رده‌می‌ به‌عس، له‌گه‌ڵ رێز و وه‌فاداریم بۆ هه‌موو شه‌هیدانی‌ كوردستان، به‌ڵام چ له‌ په‌تی‌ سێداره ‌و چ له‌ شه‌هیدانی‌ سه‌نگه‌ر، دیسانه‌وه‌ یه‌كێتی‌ پشكی‌ شێری‌ هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش شانازییه‌كی‌ تره‌. له‌و نامانه‌، ئه‌وه‌ی‌ ده‌موه‌ستێنێت، و بیریی لێده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، مرۆڤ زۆر ئه‌سته‌مه‌ خۆی‌ ئیعلانیی مردنی‌ خۆی‌ بكات، له‌كاتێكدا شه‌هیده‌كانی‌ په‌تی‌ سێداره‌ زۆربه‌یان وا بوونه‌، چونكه‌ له‌ ژووری‌ ئیعدامه‌وە، چه‌ند سه‌عاتێكی‌ كه‌می‌ ماوه‌ بۆ ئیعدام و په‌تی‌ سێداره‌، كه‌چی‌ نامه‌یه‌كی‌ پڕ له‌ حه‌ماس و ناوه‌ڕۆك جوان ده‌نووسێت بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ و ئیعلانی‌ مه‌رگی‌ خۆی‌ ده‌كات!

له‌وانه‌ش سه‌رنجڕاكێشتر، پێشه‌كی‌ نامه‌كانه‌، زۆربه‌یان به‌ شیعر و كۆپله‌یه‌ك بۆ شه‌هیدان ده‌ستپێده‌كه‌ن و له‌ هه‌مووشیان كاره‌ساتبارتر ئیمزاكه‌یه‌تی‌ كه‌ ده‌نووسێت كوڕتان (شه‌هید)، وا لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌كی‌ كه‌متان وه‌كو خۆی‌ بۆ ده‌خه‌مه‌ڕوو:

شه‌هید (جه‌مال عه‌لی‌ مارف ناسراو به‌ جه‌ماله‌ ره‌ش) كه‌ له‌ زیندانی‌ موسڵ له‌ شه‌وی‌ 28 له‌سه‌ر 29/1/1978 له‌ سێداره‌ دراوه‌، نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی‌ باوك و دایك و كه‌سوكاری‌ ده‌كات، به‌رله‌ لەسێدارەدانی‌ و به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ستپێده‌كات:

«پێی‌ ناوێ‌ بۆ شه‌هیدانی‌ وه‌ته‌ن. . شیوه‌ن و گرین، نامرین ئێمه‌ له‌ دڵی‌ میلله‌تا ئه‌ژین

دوا وته‌م بۆ ئێوه‌ی‌ خۆشه‌ویست و هه‌موو خۆشه‌ویستانم

هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی‌ شه‌هیده‌ نه‌مره‌كانی‌ شۆڕشی‌ كورد و كوردستان و شۆڕشی‌ ئازادی‌ خوازانی‌ جیهان. . »

ئه‌مه‌ پێشه‌كی‌ نامه‌كه‌ی‌ ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مره‌یه‌، له‌ كۆتایی نامه‌كه‌شیدا كه‌ شه‌ش په‌ڕه‌یه‌، ئیمزایه‌كی‌ خۆی‌ كردووه‌ و نووسیویه‌تی‌ (كوڕی‌ شه‌هیدتان جمال ره‌ش).  .  .

یه‌كێكی‌ تر له‌و نامانه‌، نامه‌ی‌ شه‌هید عومه‌ر عه‌بدوڵڵا عوبێد ناسراو به‌ عومه‌ر سیروان-ه‌، وه‌كو خۆی‌ له‌نامه‌كه‌دا نووسیویه‌تی‌ له‌ ژووری‌ خنكاندن نووسراوه‌ كه‌ خۆی‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ شه‌وی‌ 30 له‌سه‌ر 31/1/1978 له‌ زیندانی‌ موسڵ له‌ سێداره‌ دراوه‌، نامه‌كه‌ كورت و پڕ مانایه‌ و له‌سه‌ری‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ نامه‌كه‌ نووسراوه‌:

«30-1-1978- ژووری‌ خنكاندن- كات 11. 5

بۆ خوشكی‌ خۆم شه‌یدا گیان. .

له‌ پێش هه‌موو شتێكدا هه‌ردوو چاوت ماچ ده‌كه‌م و ده‌ستت ماچ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر تۆش له‌برای‌ خۆت ئه‌پرسی‌ من زۆر باشم وه‌ باشی‌ تۆش له‌ خودای‌ مه‌زن داواكارم».

خوێنه‌ری‌ ئازیز. . . سه‌رنج بده‌ ئه‌و وره‌و گه‌وره‌ییه‌ی‌ شه‌هید. . . چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌كی‌ كه‌می‌ ماوه‌ بۆ په‌تی‌ سێداره‌. . به‌م هه‌موو وره‌وه‌ نامه‌ بۆ خوشكه‌كه‌ی‌ ده‌نووسێت و ده‌ڵێت (من زۆر باشم)، له‌ كۆتاییشدا ده‌نووسێت:

«پێی‌ ناوێ‌ بۆ شه‌هیدی‌ وه‌ته‌ن شیوه‌ن و گرین

نامرین ئێمه‌ له‌ دڵی‌ میلله‌تا ئه‌ژین

وه‌ داوات لێ ئه‌كه‌م كه‌ درواسێكانی‌ لای‌ ماڵی‌ خۆمان هه‌موویان گه‌رده‌نم ئازاد بكه‌ن و ئێوه‌ پێیان بڵێن هه‌موو. . . ئیتر خۆشیت

برای‌ شه‌هید عمر سیروان»

بۆیه‌ پێموایه‌ رۆژی‌ شه‌هید ده‌بێت هه‌میشه‌ به‌گه‌وره‌یی سه‌یر بكرێت و كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان به‌سه‌ربكرێنه‌وه‌ و ئاوڕی‌ زیاتر و زۆرتریان لێبدرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ڕاستی‌ هه‌ریه‌ك له‌ چیرۆكی‌ شه‌هیدبوونه‌كان داستانێكه‌ و ده‌بێت له‌ ئاستیاندا به‌ بێده‌نگیی و رێزه‌وه‌ بووه‌ستین.

 

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە