نووسەرە کۆنەکان

نووسەرە کۆنەکان

فلاشباک. . لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە. . . ستیڤان شەمزینی

Pin It

بەشی چوارەم

ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکمان لە هۆڵی "میدیا" ئەنجامدا، "بورهان ئەحمەد، کوردۆ" لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون. بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد، لەسەر پێشکەشکردنی شانۆگەرییەک بۆ ئەو گەنجانەی دێنە میدیا. پێشنیاری من بۆ شانۆگەرییەک کە دەمێکە بیری لێدەکەمەوە، شکستی هێنا. بڕیاردرا "رۆمیۆ و جولێت"ی شکسپیر پێشکەش بکەین و ئەوەی پەسەند کرا ئەوەبوو من رۆڵی "رۆمیۆ" ببینم. کاک فەرەیدوون حەسەن بەسەر گفتوگۆکەدا هات و سەیرێکی کردم، بە زەردەخەنەوە وتی "ئەم گەنجە جوان و چاو سەوزە بە راستی رۆمیۆیە، بەڵام هیوادارم جولێت بەو جۆرە بدۆزنەوە کە وەک چۆن ئەم ئەتوانێ رۆمیۆ بێت، ئەویش جولێت بێت".

دوو کاتژمێر پێش ئێستا لە خوێندنەوەی دەقی شانۆیی "رۆمیۆ و جولێت" بوومەوە، لە رۆڵەکەی خۆم دەترسم، بەڵام ئیرادەم هەیە بتوانم سەرکەوتووانە ئەدای ئەو کارەکتەرە عاشقە بکەم. بە گشتیی حەزم لە تراجیدیا هەیە، لەبەرئەوەی هەموو چرکەساتە سۆفت و خۆشەکانی ژیان بە تراجیدیای گەورە گەورە گەمارۆ دراون، هەموو ساتە شادەکانمان لە کۆتادا مەحکومن بە تراجیدیا. بەدەر لەمە هەست بە گۆڕانێک ئەکەم لە خۆمدا لە چەشنی ئەو گۆڕانەی بەسەر کالیگۆلادا دێ لە شانۆمانەی "کالیگۆلا"ی ئەلبێر کامۆ، کە مێژووی ئەو شانۆنامەیە بۆ کۆتایی سییەکان دەگەڕێتەوە. بۆیە زۆربەی جار هاوڕێکانم هەست بەوە دەکەن کەمدوو بووم، زیاتر بەسەر خۆمدا دەتەقمەوە و شتێک لە ناخەوە دەمخوات، لەم دۆخەدا رستەیەکم لە "الغریب"ی کامۆ بیر دێتەوە کە دەڵێ "لەبەرئەوەی شتێکی گرنگم نییە بۆ باسکردن، بەم هۆیە هەمیشە بێدەنگم".

من کەسێکی چەپڕەوم، نامۆییەکانم پەیوەندیی بەهێزیان هەیە لەگەڵ دیدە مارکسییەکەم لە روانین بۆ دنیا. هاوکاتیش ئیدراکێکی زۆرم هەیە، هەمیشە دەمەوێ شتێک بگۆڕێت، کەچی هیچ ناگۆڕێ، هەموو شت لە شوێنی خۆیدا مراوەحە دەکات. مارکس لە تێزەکان دەربارەی فویەرباخ دەڵێت "فەیلەسووفەکان بەشێوەی جۆراوجۆر دنیایان شی کردەوە، بەڵام قسە لەسەر گۆڕینێتی". ئێمە دەمانەوێ دنیا بگۆڕین، گۆڕینی دنیا بووە بە ئەرکێک لەسەر شانی ئێمەی چەپی مارکسی، ئەو بەشدارییەشم لەهونەردا تەنیا بەشێکە لە هەرەوەزییەک بۆ پێشخستنی هۆشیاریی خەڵک، خەڵکێک کە هێشتا مەحکوومە بە مەفهومە کلاسیکییەکانی ناسیۆنالیزم و لە دیسپۆتیزمی ئاینی و خێڵ نەیتوانیوە دەرباز بێت. ئەگەرچی لای هاوڕێکانم هونەر بۆ هونەرە، لای نەوەی پێشووش هونەر بۆ جەماوەرە، بەڵام وەک خۆم لە نێوەندی ئەو دووجۆرە دنیابینییە راوەستاوم. ئەوەش هەر بە وتن ئاسانە. لەبەرئەوەی ئەم بابەتە جێگەی مشتومڕی دوو گۆشەنیگا و دوو تێڕوانینی دژ بە یەک بووە لە دێرینەوە تاکو ئەمێستا.

ئێستا دوو بەرنامەم هەیە کە دوای نووسینی ئەم چەند دێڕە پەنای بۆ دەبەم، یەکێکیان لە هۆڵی "میدیا" سەیری فیلمێکی "تارکۆفسکی" دەکەم، کە ئەم ناوە تازە ئاشنایە بە ئێمە و کەچی ئەستێرەیەکی گەورەی بواری سینەمایە. دوێنێش سەیری فیلمێکی دیکەم کرد کە "نیکولاس کەیچ و رۆبن دی نیرۆ" هەردووکیان رۆڵی تێدا دەبینی. جیا لەوەش ژمارەیەکی نوێ "ژمارە 6"ی گۆڤاری "هانا"م لە سویدەوە بەدەست گەیشتووە و نووسینێکی "حەمەسەعید حەسەن"ی تێدایە بەناوی "کتێبێکی بەخوێن نووسراو" لە پێشدا ئەمە دەخوێنمەوە و پاشا دێمە سەر نووسینەکانی دیکە.

2-9-1997

-------------

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 18-21 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.

Omar Faris Aziz

We have 36 guests and no members online

div { text-align:right; }