نووسەرە کۆنەکان

ستراتیژە نوێیەكەی ئەمەریكا و لاوازكردنی ڕكابەرەكانی ... محەمەد عەلی

لە دوای ڕووخانی تاڵیبان و رژێمی بەعس، ئیدی كارەكتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی ڕكابەری ئەمەریكا، هەژموونیان زۆر فراوانتر بووە لە جاران، بۆیە دەكرێ رووداوەكانی ئەفغانستان بە سەرەتایەك هەژمار بكرێت بۆ گۆڕانكاریی جەوهەری لە ستراتیژیەتی ئەمەریكا بەرامبەر وڵاتانی ناوچەكە، بە دڵنیاییەوە دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەفغانستان لە لایەن بزووتنەوەی تاڵیبان، ئیدی ناوچەكە بە گشتی كراوە دەكات بە ڕووی گۆڕانكاریی چاوەڕوانكراودا.

گۆڕانكارییەكان لە عێراق زۆر خێران، ئەوەتا ڕەوتی سەدر لەمپەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست دەكات و كار بۆ بەردەوامیی حكوومەتی ئێستا دەكات، كە ئاراستەكەی زیاتر بەرەو چوارچێوە عەرەبیەكەیەتی و نێوماڵی شیعەش تەواو پەرتەوازەیە، لە بەرامبەردا داعش دووبارە بە شێوەیەكی بەرچاو چالاكییەكانی زیادی كردووە و جموجۆڵی بەعسییەكان جێگەی سەرنجە لەو كاتەدا، كۆكراوەی ئەم هەموو پێشهاتانەش، بە ڕوونی پێمان دەڵێت، كە ئەمەریكا خەریكی پلانێكە بە مەبەستی گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز لە بەغدا.

لەلایەكی ترەوە، دوای گەڕی چوارەمی گفتوگۆكان بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ڕازیبوونی ئەمەریكا بە كشانەوەی هێزە سەربازییە شەڕكەرەكانی لەو وڵاتە، ئەگەر لایەنە شیعییەكان پێداچوونەوە بە هەڵوێستە دژەكانیان نەكەن لە بەرامبەر ئەمەریكادا، ئەوا هەنگاوی دواتر شەڕی تائیفییە بە بوونی داعش و بەعسییەكان لەلایەك و میلیشیا شیعییەكان لە بەرامبەردا، هەموو ئەم ئەگەرانەش بە ئاراستەی لاوازكردنی هەژموونی وڵاتە هەرێمییەكانە كە بەردەوام بەربەست بوون لە بەردەم هەنگاوەكانی ئەمەریكا بۆ بنیاتنانی عێراقێكی دیموكراتیی فیدراڵیی سەقامگیر.

لە سووریاش ئاماژەكان بە ئاراستەی ڕۆڵی زیاترن بۆ ئەمەریكا، بە شێوەیەك سەرۆكی ئەمەریكا (جۆو بایدن) ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە مەترسیی تیرۆر لە سووریا زیاترە لەسەرئەمەریكا نەك لە ئەفغانستان، بە جۆرێك بەرژەوەندییە دێژخایەنەكانی ئەمەریكا كە خۆی دەبینێتەوە لە نەوت و باڵادەستی لە شام، كە بە دڵی ناوچەكە هەژمار دەكرێت، بەردەوام لە مەترسیدایە، بە هۆكاری مانەوەی رژێمی سووریای هاوپەیمانی ئێران و پێگە فراوانەكەی توركیا و ڕووسیا لەم وڵاتەدا، لە بەرامبەردا هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا زۆر لاوازن، بە شێوەیەك ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووری نزیكە لە سفر و، لەولاشەوە هێزی باڵادەست لەم بەشەی كوردستان نەیتوانیوە سیاسەتێكی دوور لە هەژموونی قەندیل پیادە بكات و پەرتەوازەیی نێوان هێزە سیاسییەكانیش خالێكی نێگەتیڤە بۆ پێگەی كورد لەم پارچەیەدا، بۆیە دەكرێ كورد سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و بە خۆگونجاندن لەگەڵ ستراتیژە نوێیەكەی ئەمەریكا، بتوانێت مانەوەی كیانە ساواكەی زامن بكات.

ئەوەی تایبەتە بە هەرێمی كوردستانیش، بە دڵنیایەوە هەولێر تاكە نموونەی سەركەوتنی ئەمەریكایە لە عێراق، هاوكات لە ماوەی 18ساڵی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا، تاكە سەربازێكیش لە هەرێم بریندار نەبووە، لەلایەكی ترەوە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ماوەی ڕابروودا كارامەیی و قارەمانیەتیی خۆیان پیشانداوە لە شەڕی دژی تیرۆر، هاوكات هەرگیز هەرێم نەبۆتە بەشێك لە میحوەری دژەبەرژەوەنییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، بۆیە دەكرێ بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەوانەی كە پێیان وایە ئەم گۆڕانكاریانە مەترسین لەسەر هەرێم، وەك دەرفەتێك بۆ هەرێم هەژمار بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەبەرامبەر لاوازبوونی هەژموونی كارەكتەرە هەرێمییەكان، وەك كارەكتەرێكی نێدەوڵەتی پێگەی خۆی تەواو بەهێز بكات و بتوانێ لە داهاتوودا زۆرترین سوود لەم گۆڕانكاریانە وەربگرێت، ئەمەش بە دڵنیاییەوە لە ڕێگەی هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بەدیدەكرێت لە پاراستنی یەكڕیزیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان و كۆكردنەوەی گشت هێزە چەكدارەكان لە ژێر سایەی وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوامیدان بە چاكسازی، كە هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گشت پێشهاتەكان.

دواجار پێویستە بگوترێت، ئەم ستراتیژە نوێیەی ئەمەریكا، خەریكە گۆڕانكاریی تەواو لە ناوچەكەدا دێنێتە ئاراوە، بە شێوەیەك لە بەرامبەر دوورخستنەوەی پرسی یەمەن لەسەر شانۆی جیهانی، لە ئێستادا لە ڕێگەی قووڵكردنەوەی قەیرانەكانی لوبنان كە بە تەواوی لەژێر هەژموونی (حیزبوڵڵا)ی هاوپەیمانی ستراتیژی ئێرانە، مەبەستیەتی هەژموونی ئێران لەم وڵاتە لاواز بكات و هاوپەیمانە كۆنەكانی لە لوبنان بگەڕِێنەوە بۆ دەسەڵات، لە لیبیاش پاش دەستێوەردانی فراوانی توركیا و زیادبوونی هەژموونی كارەكتەرە نێودەوڵەتییەكان لەم وڵاتەدا، ئەمەریكا بە یارمەتیی وڵاتە ئەورووپیەكانی هاوپەیمانی، سەرقاڵی هەمان سیناریۆیە، كە پشتبەستنە بە كەسایەتییە كۆنەكانی رژێمی پێشوو، ئەمەش ئەو ڕاستییە ڕوون دەكاتەوە كە ستراتیژە نوێیەكەی ئەمەریكا خەریكە ناوچەكە بە شێوەیەك دادەڕێژتەوە، كە هاوسەنگیی هێز بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەكە، بە شێوەیەك گەرەنتیی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی بكات.

 

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە