نووسەرە کۆنەکان

بارزانی ناسنامه‌ی كورده‌ ... محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی وه‌ك كوڕی بارزانیی نه‌مر و بنه‌ماڵه‌یه‌كی شوَڕشگێڕ كه‌ سه‌د ساڵه‌ به‌رده‌وامن له‌ خه‌بات و قوربانیدان له‌پێناو به‌دیهێنانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بۆ گه‌له‌كه‌یان، به‌هۆی خه‌بات و سیاسه‌ت و دیپلۆماسییه‌تی حه‌كیمانه‌ی و درێژه‌پێده‌ری رێبازی بارزانیی نه‌مر، وه‌كو نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌و گه‌لێكی چه‌وساوه‌و تینووی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، رۆژ به‌ڕۆژ ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌دیدێنێت و زیاتر ناوبانگی به‌ جیهاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سایه‌تی و كاراكته‌ره‌ هه‌ره‌ دیار و كاریگه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان، زیاده‌رۆیی نییه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین بارزانی له‌سه‌رئاستی هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی كوردستان و له‌ ناوچه‌كه‌ و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا به‌گشتی بێوێنه‌یه‌، ئه‌مه‌ش راستییه‌كی شیرینه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان و دۆسته‌كانمان و هه‌روه‌ها تاڵیشه‌ بۆ دوژمنان و نه‌یارانمان، چونكه‌ ئه‌و نه‌ك هه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ڵكوو تاكه‌ مه‌رجه‌عی نه‌ته‌وه‌ی كورد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئایین و ئایینزاكانی تره‌ كه‌ له‌كوردستاندا و له‌گه‌ڵ كورد به‌ ته‌بایی و برایانه‌ ده‌ژین، هه‌مووان له‌سه‌ر هه‌ر رووداوو گۆڕانكارییه‌ك كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا رووبدات، چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێست و بڕیاری سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ را و بڕیاری ئه‌و، دوایین قسه‌ش هه‌ر بۆ بارزانییه‌.

 له‌گه‌ڵ ناوی بارزانی، ناوی پێشمه‌رگه‌ وه‌كو سیمبوڵی ئازایه‌تی و خۆڕاگری و پارێزه‌ری مرۆڤایه‌تی، بووه‌ته‌ ناوێكی جیهانی و هه‌موو دونیا شانازی پێوه‌ده‌كات، به‌تایبه‌تی له‌ شكاندنی هه‌یمه‌نه‌ و ئه‌فسانه‌ی داعش پێشمه‌رگه‌ تاكه‌ هێزی زه‌مینییه‌ كه‌ به‌درێژایی نزیكه‌ی 1500كیلۆمه‌تر رووبه‌ڕووی داعش جه‌نگاوه‌و تێكیشكاندووه‌. داعشێك كه‌ هیچ پره‌نسیپ و رێساو یاسایه‌كی سه‌ربازی په‌یڕه‌و ناكات و به‌بیرێكی تاریك و وه‌حشیگه‌ری و به‌په‌یامی مه‌رگ و تۆقاندن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیدا ده‌كات، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر هێز و توانا و ئیراده‌ی پێشمه‌رگه‌ خۆی نه‌گرت و خۆی راناگرێت. پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا به‌رگری له‌ حه‌قانییه‌ت و ئازادی و دیموكراسی كردووه‌. سه‌رۆك بارزانیش هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی كردۆته‌شان و تائه‌مڕۆش شانازی به‌ پێشمه‌رگایه‌تی و ناوی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كات و له‌شه‌ڕی دژی داعشیشدا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ سه‌رپه‌رشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كات و له‌ناو سه‌نگه‌ره‌كاندا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌شدا به‌رگری و پێشڕه‌وی ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش هێنده‌ی دیكه‌ وره‌ و ئیراده‌ی به‌ پێشمه‌رگه‌ به‌خشیوه‌ له‌سه‌ركه‌وتنه‌كانیدا به‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ تیرۆریستییه‌دا.

هه‌ربۆیه‌ ناكرێت پێگه‌و رۆڵ و كه‌سایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی بێنینه‌ ئاستی هیچ سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكێكی وڵاتان و نه‌ته‌وه‌كانی دی، چونكه‌ ئه‌وان سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتانی خۆیانن و خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ریی خۆیانن و، ئه‌وان دێن و ده‌ڕۆن و وڵاته‌كانیان هه‌ر به‌ پارێزراوی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی رێبه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كی چه‌وساوه‌و بی ده‌وڵه‌ت ده‌كات له‌پێناو وه‌دیهێنانی كیان و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و، ئه‌ركی ئه‌و قورستر و جیاوازتره‌ له‌ ئه‌وانی دی.

كه‌واته‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییانه‌ی سه‌ره‌وه‌، پێویسته‌ هه‌موومان دڵسۆزانه‌ پشتیوانی له‌ هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بكه‌ین و هه‌موو ناكۆكی و جیاوازییه‌ سیاسی و فیكرییه‌كانمان وه‌لاوه‌ بنێین و ده‌ست له‌ناو ده‌ست به‌ره‌و وه‌دیهێنانی مافی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان و ئامانجه‌ مه‌زن و پیرۆزه‌كه‌ هه‌نگاوبنێین، ئه‌و مافه‌ی كه‌ به‌درێژایی مێژوو لێی بێبه‌ش كراوین، ئه‌ویش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌.

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris