نووسەرە کۆنەکان

ئایا كۆمه‌ڵی ئیسلامی و كه‌ناڵی په‌یام راستده‌كه‌ن، یان كاك عه‌بدولستار مه‌جید؟ ... محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د

كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌و رۆژه‌وه‌ی كه‌ به‌شداریی له‌كابینه‌ی هه‌شته‌می بنكه‌ فراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كردووه‌، گوایه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ به‌شداریی كردووه‌ كه‌ بایی سه‌نگ و پێگه‌و قورسایی خۆی، به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێت. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌وته‌ په‌ڵپ و بیانووگرتن به‌ حكومه‌تی هه‌رێم و نانه‌وه‌ی پشێوی و ته‌رخانكردنی میدیاكه‌ی بۆ هێرش و په‌لاماردانی حكوومه‌ت و پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆمه‌ڵی ئیسلامییش هاته‌پاڵی و، په‌رله‌مانتارانی و كادره‌كانی و میدیاكه‌ی خۆی به‌تایبه‌تی كه‌ناڵی په‌یامی خسته‌گه‌ڕ بۆ هه‌ڵبه‌ستنی درۆ و تۆمه‌تی ناڕه‌وا و شه‌ڕفرۆشتن به‌ حكوومه‌ت و پارتی، ته‌نانه‌ت تاڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بڵێن خراپترین جۆری حكوومه‌ته‌ له‌جیهاندا له‌رووی گه‌نده‌ڵی و بێكه‌ڵكی و، ته‌مه‌ننای رووخاندنیشی بكه‌ن، هه‌ربه‌جووته‌ش له‌گه‌ڵ گۆڕاندا سه‌رقافڵه‌ی هه‌موو پیلانگێڕییه‌كانی ماوه‌ی رابوردوو بوون، به‌ڵام كه‌ناڵی په‌یام چالاكییه‌كانی وه‌زیره‌كه‌ی له‌ناو هه‌مان كابینه‌ی حكومه‌تدا به‌ رێكوپێكی و ته‌نانه‌ت به‌ موباله‌غه‌شه‌وه‌ په‌خش و بڵاوده‌كاته‌وه‌!

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شێوازه‌ له‌هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌ی كۆمه‌ڵ و په‌یام، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه‌، كاك عه‌بدولستار مه‌جیدی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و زاوای ئه‌میری كۆمه‌ڵ كه‌ له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوه‌، شتێكی دیكه‌ ده‌ڵێت و روانگه‌یه‌كی جیاوازتری هه‌یه‌، ئه‌و له‌چه‌ندین دیمانه‌ و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌دا زۆر به‌ پۆزه‌تیڤ له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی و ره‌وشی سیاسی و ئیداری و ئابووری هه‌رێمی كوردستان دواوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت ناوبراو تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش كه‌سێكی واقیعیه‌و خۆی راستییه‌كان ده‌بینێت و نایه‌وێت خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكات و راستییه‌كان هه‌ڵگێڕێته‌وه‌ هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی گشتیی حزبه‌كه‌ی و میدیای حزبه‌كه‌ی ده‌یكه‌ن.
هه‌ر بۆنموونه‌ خۆم شایه‌دی ئه‌و راستییه‌م و به‌شداری یه‌كێك له‌و كۆڕانه‌ی كاك عه‌بدولستار مه‌جیدم كرد كه‌ له‌رێكه‌وتی 23/8/2016 له‌هۆڵی كۆڕوكۆبوونه‌وه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی 5ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌رانیه‌ بۆی سازكرابوو ده‌رباره‌ی قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم و شێوازی نوێی به‌ڕێوه‌بردن له‌حكوومه‌تدا. له‌و كۆڕه‌دا كه‌ نزیكه‌ی سه‌د كه‌س ئاماده‌بوون و زۆربه‌یان كادرو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ بوون، وه‌زیری كشتوكاڵ چه‌ند راستییه‌كی باسكرد كه‌ لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌یان پێبده‌م:
1-وه‌زیر وێڕای باسكردنی كه‌موكورتییه‌كانی شێوازی ئیداره‌دانی حكوومه‌ت (كه‌ هیچ كه‌سێك حاشایان لێناكات به‌خودی سه‌رۆكی حكومه‌ت و حزبه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تیشه‌وه‌)، هاوكات گوتی تكا له‌ ئاماده‌بووان ده‌كه‌م به‌تایبه‌ت كادران و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌مه‌ننای رووخانی حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌كه‌ن، چونكه‌ حكومه‌تی خۆمانه‌ و زۆر له‌ حوكمی بێگانه‌ باشتره‌ و ئێمه‌ خاوه‌نی پرسێكی نه‌ته‌وه‌یین نه‌ك ته‌نها كێشه‌یه‌كی ئیداری و ئابووری.
2-وه‌زیر گوتی حكومه‌ته‌كه‌مان و گه‌له‌كه‌مان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی سه‌ختی دارایی و ئابووری بووه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی دابه‌زینی زۆری نرخی نه‌وته‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی داهاتی ئێمه‌یه‌ و هه‌روه‌ها به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ خه‌رجییه‌كی زۆرمان كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك درك به‌و راستییه‌ بكه‌ین و پشوومان درێژبێت بۆچاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی به‌شێوازی دیكه‌و زیادكردنی داهات و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی داهات به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی خزمه‌تگوزاری و داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت، گوتیشی ئه‌وا ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌ت له‌ كه‌رتی كشتوكاڵدا بۆزیادكردنی به‌رهه‌می ناوخۆو دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كان ده‌ستمان به‌ پلان و به‌رنامه‌ی خۆمان كردووه‌.
3-وه‌زیر گوتی له‌ئه‌دای سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رازیم و هه‌موومان چ له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و چ له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كه‌مدا وه‌ك یه‌ك تیم كارده‌كه‌ین و هیچ به‌ربه‌ست و رێگرییه‌كمان بۆ درووستنه‌كراوه‌و كه‌س ده‌ست له‌كاره‌كانمان وه‌رنادات.
4-وه‌زیر گوتی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران( كه‌ پارتییه‌) و جێگره‌كه‌ی (كه‌ یه‌كێتییه‌) تائیستا هیچ فشار و بڕیارێكیان به‌سه‌ردا نه‌سه‌پاندووم، به‌ڵكوو گوێ له‌ سه‌رنج و ره‌خنه‌و پیشنیاره‌كانیشم ده‌گرن و چه‌ندین جار به‌گوێشیان كردووم.
كاك عه‌بدولستار مه‌جیدی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مانه‌و چه‌ندین راستیی تری له‌ كۆڕه‌كه‌یدا باسكرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنج و كاره‌ساته ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوای ته‌واوبوونی كۆڕه‌كه‌ی، چه‌ند كادرو ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵ قسه‌یان كرد، به‌ڵام جگه‌ له‌ ستایشی وه‌زیر، ته‌نها یه‌كێكیشیان هیچی نه‌گوت و له‌ وه‌زیریان نه‌پرسی : كه‌ تۆ به‌و شێوه‌ واقیعییه‌ باس له‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كه‌ت ده‌كه‌یت، ئه‌ی بۆ سیاسه‌تی گشتیی حزبه‌كه‌مان و میدیاكه‌مان به‌پێچه‌وانه‌ی تۆوه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڕوانن و هیچ قسه‌یه‌كی خراپ نه‌ماوه‌ پێی نه‌ڵێن و هیچ كارێكی خراپ نه‌ماوه‌ پێی نه‌كه‌ن، ئه‌رێ ئه‌و بانێكه‌ و دوو هه‌وایه‌ بۆچی و له‌پای چی؟!
هه‌روه‌ها منیش رووی ده‌مم ده‌كه‌مه‌ كادرو ئه‌ندامانی به‌ڕێزی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و لێیان ده‌پرسم : ئه‌رێ كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ واقیعییانه‌ بیربكه‌نه‌وه‌و بڕیار بده‌ن، نه‌وه‌ك خه‌ڵكی تر بۆمه‌به‌ستی تر له‌جیاتی ئێوه‌ بیربكاته‌وه‌، ته‌نها خۆتان بن بۆئه‌وه‌ی ویژدانتان ئاسووده‌ بێت.

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris