نووسەرە کۆنەکان

کورته‌ وه‌ڵام 19 بۆ هۆنراوه‌یه‌ک ... کامیژ ژیر

هۆنراوه‌که‌:

هه‌رکات مێژو ده‌خوێنمه‌وه‌

به‌هه‌ردو ده‌س چاوم ده‌گرم

ده‌ڵێم نه‌کا له‌شه‌رمانا

له‌به‌رده‌می دێڕێک بمرم

په‌ڕه‌ی مێژوی کورد هه‌روایه‌

تا سه‌یریکه‌ی شه‌رمی تیایه‌

یان زێدی خۆی فرۆشتوه‌

یان کورد

خودی خۆی کوشتوه

وه‌ڵام:

برای شیرین

بۆ وا ره‌شبین

ئه‌ڕوانیته‌ مێژوی مه‌ردان!؟

بۆتۆ ناشێ وره‌به‌ردان

کورد کوا زێدی فرۆشتوه‌!؟

خۆی کوشتوه‌!؟

ئه‌وه‌ی که‌وا گه‌ل فرۆشه‌

‌سه‌ری گه‌نده‌ڵ، سه‌ری بۆشه

وای مه‌بینه‌

که‌ مێژومان ناشیرینه

مێژومان پڕ به‌رخودانه‌

پاک و جوانه‌‌

له‌ ماده‌وه‌ تێکۆشاوین

نه‌وه‌ستاوین

‌روبارێ خوێنمان رژاوه‌

لانه‌مان لێتێکدراوه

ده‌سی تاوانی بێگانه‌

بێ شه‌رمانه‌‌

وه‌کو باهۆز

گه‌یشته‌ په‌رتوکی پیرۆز

دایان له‌‌ ماڵی ئاهورا

سرود برا

به‌رگیان دڕین

زمانیان له‌بنا بڕین

ساواو مناڵ

زینده‌به‌چاڵ

کلتوری لم، دای له‌ چیا

به‌فر گریا!

هه‌رچی هه‌بو له‌سه‌رو ماڵ

وه‌کو شنگاڵ

به‌پێی په‌تی، ئه‌نفالکرا

بۆ خه‌لیفه‌و سوڵتان برا

یا به‌ مه‌زاد، ژنی روسور

برا بۆ دور!

ئيسته‌ش خراپتر له‌جاران

به‌رده‌وامه‌ ده‌سی تاوان!

سێ گورگی بۆر تێمانبه‌ربون‌

ئه‌مانجو وون

که‌چی هێشتا خۆڕاگرین

پێداگرین

هه‌مان کوردین

هه‌ر نه‌به‌ردین

***

کێشه‌ دیاره‌

قه‌یرانی سه‌ری هوشیاره

هه‌ڵگری بیری پوچه‌ڵه‌

کێشه‌مان کێشه‌ی گه‌نده‌ڵه‌

دنیا وایه‌

که‌ شێر نه‌بێ، وشتر: شایه!

جه‌نگه‌ڵستان

ئه‌چه‌رخێ به‌ گه‌نده‌ڵستان

گورگ و رێوی

پاسه‌وانی مه‌ڕی کێوی

که‌ مه‌ڕ خورا، چه‌قه‌ڵ دادوه‌ر

په‌نجه‌ی تاوان، ئه‌با بۆ که‌ر‌!

ئابه‌وجۆره‌، به‌ها ئه‌ڕژێ

‌ویژدان ناچار خۆی ئه‌کوژێ!

ده‌سیش له‌دوای ئه‌و کوشتنه‌

هه‌ر دوژمنه

***

ئاشکرایه‌

له‌م دنیایه‌

وڵات هه‌رچه‌ندێ ئاوابێ

چه‌م هه‌رگیز بێچه‌قه‌ڵ نابێ

گه‌ل هه‌میشه‌ پێگه‌ی دیاره‌

زێڕی پاکی بیستوچواره‌‌

بڕوانه‌ رۆڵه‌ی نیشتمان

گه‌ریلاو پێمیم و شه‌ڕڤان

دوای ئه‌و هه‌مو وه‌یشومانه

خۆبه‌خشانه‌‌

بزانه‌ چۆن هه‌ڵمه‌ت ئه‌به‌ن

چۆن دڕ ئه‌ده‌ن

به‌نێروی سێ ره‌گه‌زی تاڵ

به‌خوێنی ئاڵ!

قه‌ندیل و کۆبانێ و هه‌ڵگورد

گه‌واهن بۆ بزورگیی کورد

***

وه‌ره‌ برام بۆناو جه‌نگه‌ڵ

بۆ ڕادانی دزو گه‌نده‌ڵ

وه‌ره‌ مه‌یدان

به کۆڵنه‌دان

به‌گه‌شبینی و به‌بیری پاک

به‌گوفتارو کرده‌وه‌ی چاک

گرێ کوێره‌ ئه‌کرێته‌وه‌

ئه‌نجام، گره‌و ئه‌برێته‌وه‌

‌‌ئاوا خۆمان

له‌ زێدی خۆ، ئه‌بین به‌خان

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris