نووسەرە کۆنەکان

سێبه‌ری وه‌رینی گه‌ڵا ... سه‌ردار جاف

 له‌ بن سێبه‌ری دارێكی رووت رووت هه‌ڵكوڕماو، له‌ خه‌یاڵدانیدا ئه‌فسوس خه‌م هه‌ناوی ده‌خوا، گێنگڵی ده‌دا، له‌ كوێی ده‌رگای ئه‌و هه‌ستانه‌وه‌ هه‌ڵده‌كڕووزێی، كه‌ ئه‌وت كرده‌ هاوده‌می ئازاره‌كانت مه‌یله‌كانت بۆی نه‌ده‌بزوا؟ ئه‌و هه‌ناوی سه‌راپا له‌ ئاگردانی كولیته‌یه‌كی قوڕاوی گوندێكی دوور ده‌ست ده‌چوو، نێڵه‌ی گڕی مه‌جمه‌ره‌كه‌ له‌ زمستانێكی شه‌خته‌ و ده‌ست و په‌نجه‌ ته‌زیو و ڕچیودا دۆراندۆره‌كه‌ی پڕ ئۆخه‌ی ده‌كردن، وه‌ك شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانی مێژوویش چڕه‌ دووكه‌ڵی سه‌ربانێژه‌ داخراوه‌كه‌ قه‌ف قه‌ف سپی سپی له‌ ته‌ك هه‌ورا ئاوێزان ده‌بوون، ئه‌وه‌ ئاه و نزوله‌ی دڵه‌ هه‌ڵقرچاوه‌كه‌یه‌تی ئاگر و ئاو باوه‌ش به‌ یه‌ك ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ ئازیز.

 شه‌و گوناهی نییه‌ تاریك دادێ، ئه‌و راپێچكراوی ده‌ستی زۆره‌ملێی دیكتاتۆرێكه‌ هێشتا له‌ كه‌فی هه‌ڵچوونی برین تێنه‌گه‌یشتووه‌، به‌ گریان بڵێن چیدی له‌ گه‌ڵ شه‌وی تاوانبار ژوان نه‌به‌ستێ، چونكی ئازاره‌كانیش له‌ هه‌ناوی شه‌وه‌وه‌ هاوێر ده‌بن، ئه‌ویش به‌رگه‌ی ئه‌و مۆته‌كه‌ی حه‌سره‌ت و كه‌سه‌رییه‌ ناگرێ، شه‌و هێنده‌ ڕه‌شه‌ كڕنوش بۆ به‌رده‌رگای جریوه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌با عه‌وداڵی سوكنایی كۆڵانه‌ سه‌رشێته‌كانی شینگێڕییه‌.

 شه‌و له‌ مرۆڤێكی نابووتی ره‌زا قورس و وه‌ڕس و بێزاركه‌ری سیره‌گڕی رۆح ده‌چێ، تروسكایی و نوزه‌ی رۆشنایی به‌دیل ده‌گرێ ودڵه‌ داخورپاوه‌كان زێتر داده‌چڵه‌كێنێ، ناهێڵێ ئۆخه‌ی له‌ به‌ر خرمژنی میلۆدییه‌كی سه‌ماو رۆمانتیكییه‌وه‌ بكا، ئه‌وه‌ كۆچه‌ و به‌ دووی رۆحه‌وه‌ ئاشنابووه‌، گه‌ره‌كییه‌تی ره‌دووی كه‌وێ له‌ ته‌ك باڵنده‌ نابیناكان له‌ تاریكستانی ئاسمانی غوربه‌تا شه‌قشه‌قه‌ی باڵی بێ، ئه‌و باڵشكاوی هه‌ناسه‌ی ترێیه‌ چه‌وا له‌ ئاسمانی شلوێدا ئاوازی بۆ ده‌چڕێ، هه‌ناسه‌كانی هه‌ناری لێ قۆرخكراوه‌، به‌ باریكتریین تاله‌ مووی سۆزی روناهی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بن به‌فر و به‌ په‌نجه‌ ته‌زیوه‌كانی بۆڵه‌ ترێ له‌ باخه‌وان ده‌ڕفێنێ و له‌ بری شه‌و ده‌بێته‌ تاوانبار، پرچی به‌یانی له‌رۆخی ساراستانی دارئه‌رخه‌وانه‌ ئیدی چۆن سه‌یوان بۆ گریانه‌كانی هه‌ڵنادا، مه‌حاڵه‌ خه‌زان به‌ خه‌زان ناسپێرێ دووره‌ په‌رێز نابێ، ئه‌وه‌ جه‌للادی هه‌ناسه‌ی ترێیه‌ زێتر له‌ نێو خه‌زانی نوقم ده‌كا، ئه‌وه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ به‌ زنجیر و یه‌خسیركراوه‌كه‌یه‌ شه‌وی له‌ ئاوێزان كردووه‌ و به‌ شه‌رابی مێوژێك نامۆ و دووره‌ ته‌ریقه‌ته‌.

 شوێنكه‌وته‌ی ئه‌و خه‌ڵوه‌ته‌یه‌ تا له‌ ده‌رگای رۆژی سووری دیرۆك بدا، ئااااه‌ حیله‌ی ئه‌سپه‌شێكه‌ی سه‌رمه‌ست و كاسه‌وڕ و گێژاوی نێو گێژه‌لوكه‌یه‌، بۆ خۆیشی نازانی له‌ كام كڵاورۆژنه‌ی رۆحییه‌وه‌ بۆ دڵێك غلۆر بۆته‌وه‌ جگه‌ له‌ كه‌سه‌رباری چیدی تیا جێ نه‌بۆته‌وه‌، له‌ سێبه‌ری دوێنێ ئاوه‌ز پشووی حه‌وانه‌وه‌ی وه‌رگرتبووله‌ پڕ شمشێری هه‌وره‌چه‌خماخه‌ی چڵكنی شه‌و نركه‌ و ناڵه‌ی خۆی هه‌لزنان به‌ رۆحێكی نوستوو و شه‌قار شه‌قاری گاگۆڵكێی ئاوبه‌ربوویهه‌ناری تازه‌ رۆنیشتووی دڵ، ئه‌مشه‌و له‌ كوێی غه‌ریبیت ده‌كا له‌ كام یاداشتی نوێبوونه‌وه‌ی خۆیا تۆمارت بكا له‌ كام شینگێره‌وه‌ قورتارت بكا و له‌ ساته‌وه‌ختی حه‌ساری عه‌قڵا قوڵبه‌ستی قوڵفبه‌ندی گرێبه‌ستێكت بكا، له‌ دێوجامه‌ی نه‌بوونی مرۆ بوونا ئازادی و ره‌هایی خود له‌ گه‌ردن بنێی، هێشتا خۆرئاوا نه‌ببوو له‌ دێوجامه‌ی ئه‌سرینه‌كانت ئاخنیم، ئاخر چۆن شه‌وی لێ بروا. . . . ده‌زانی شێته‌ ئه‌وه‌ رۆحم بوو پێی شه‌رم بوو خۆی بدوێ منی راسپارد بۆتان بنوسم. . . . . .

 

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris