نووسەرە کۆنەکان

نووسەرە کۆنەکان

بەرکوڵێ لە مێژووی شۆڕشی سەربەخۆیی و شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا. . . هەڵۆ بەرزنجەیی

یەکەم ١٤/٧/٢٠٢١

"شۆڕشی ئەمەریکا سەرەتایەک بوو، هێشتا تەواو نەبووە". W.  Wilson

+ سەرەتایەک و ھاتنی کۆلۆنی ئینگلیزی و پەیوەندییان بە وڵاتی دایکەوە. . .

بەرلەوەی ساڵی 1492 Christoph Colombosکیشوەری ئەمەریکا بدۆزێتەوە، ئەمەریکای باشوور و مەکسیک 100ساڵ زیاتر بوو لەژێر چنگی ئیسپانی و پورتوگالییەکان دا بوون. ھەر ئەمەش وای کرد لە ئینگلیز و فەرەنسی لە ئەمەریکای باکووردا بگەڕێن بەدوای دۆزینەوەی پێگەیەک بۆ خۆیان. . . فەڕەنسییەکان لەسەرەتاوە ئامانجییان بریتی بوو لەوەی ھاوردەی پێستی ئاژەڵ بکەن و بازرگانی خۆیان پەرە پێ بدەن. بۆ ئەم مەبەستە گورجوگۆڵانە لەگەڵ دانیشتوانە ڕەسەنەکەدا، ڕێکەوتن مۆر دەکەن و بۆ جموجوڵەکانیان ڕەزامەندیی ھیندەسوورەکان وەردەگرن. ئەگەرچی یەکەی نیشتەجێبوونیان دروست دەکرد، لێ لە ئامانجییان دا ستراتیژی کۆلۆنیالی تێدا نەبووە. ئینگلیزەکان بە پێچەوانەوە، پێدەچێ لەیەکەم چرکەساتەوە، نەخشەی داگیرکارییان لە مێشکدا هەبوو بێت.

لە سەدەی17 ەوە ئینگلیز لە ئەمەریکا نیشتەجێ بوون. سێ وێستگەی ناوچەکانی کۆلۆنیالیزمی ئینگلیزی برێتین لە: کۆلۆنییەکانی چاندن لە باشوور، کۆلۆنی Neuengland، کۆلۆنی لە ناوەڕاستی ئەتڵەنتیک. "سێ جۆر کۆلۆنی" ھەبوون: کۆلۆنی خاوەندارێتی، واتە کۆمەڵەیەک یان بنەماڵەیەک دەکرا بە خاوەنی، بریتین لە:

Pennsylvania، Delaware، Rhode Island کۆلۆنی پاشایەتی، واتە پاشاخاوەنی بوو سەرپەرشتی دەکرد و ھەڵسوکەوتی پێوە دەکرد، بریتین لە:

New Hampshire، Massachusetts، New York، New Jersey، Virginia، North&South Carolina، Georgia
حاکم و بەرپرسی ئەم کۆلۆنییانە ھەر پاشای عەرشی بەریتانی بوو، خاوەن بڕیار خۆی بوو، زۆری ئەم کۆلۆنییانەی بەخشییە بەگزادەکان و 3 وەزارەتی دەوڵەتی بەریتانیای مەزنیش« وەزارەتی بازرگانی، دارایی و کۆمیسیۆنی گومرگ» لەم کاروبارەدا هەبوون و خاوەنی بڕیار بوون. . کۆلۆنی: مەبەست لەو یەکە نیشتەجێیانەیە کە ئینگلیزە کۆچکردووەکان یاخود ھێنراو و ڕاوەدوونراوەکان لە کەناری دەریای ئەتڵەنتیک لە باکووری ئەمەریکا دروستیان کرد و تێیدا نیشتەجێبوون و پاشان بوونە بەردی بناخەی دروستبوونی ئەمەریکای ئیمڕۆ. خەسڵەتێکی دیاری ئەم کۆلۆنییە ئینگلیزییانە بریتییە لە: (ئینگلیز لەچاو دەوڵەتەکانی تردا درەنگ وەخت دەستیان کرد بە داگیرکردنی ئەمەریکا، ئینگلیز لێرە خۆی بە خاوەن خاک و موڵک ھاتۆتە بەرچاو و ڕەفتاری کردووە، پاشای عەرشی بەریتانی خۆی سەرپەرشتی بەشێکی زۆری کۆلۆنییەکانی کردووە و هەروەها خۆی ڕاستەوخۆش بەشێکی بەخشیووە بە کەسە نزیکەکانی خۆی. . .

 (ئینگلیزەکان بەرەو کەناری رۆژھەڵاتی رووباری میسیسپی ھاتن و ھەواریان لێ ھەڵخست، وەک ناوچەیەکی بەپیت و بەرەکەت و نزیک دەریای ئەتڵەنتیک، بۆ بازرگانی کردن و بە ئاسانی هاتوجۆکردن و مانەوەی پەیوەندییان بە وڵاتی دایکەوە.

[gallery ID=1]

 

ساڵی 1606 سەرەتا بەناوی نەجیبزادە و بازرگانەکانییەوە 120 کەسێک بەسواری 3 کەشتی ھاتنە ئەمەریکا و خێرا «کۆمپانیای ڤێرجینیا»یان دامەزراند، بەناوی پاشاژنی Elisabeth l وەک ڕێزێک ناونرا ڤێرجینیا. ئەم کەشتییانە بەرەو ئەمەریکا کەوتنە ڕێ لەوێ لە ناوچەی Chesapeakte-Bay لای شاری Jeamestown گیرسانەوە و شارەکەیان دروست کرد. بەو کۆیلانەی کڕیبوویان خەریکی چاندنی تووتن و لۆکە بوون لە باشووری Carolinas پاشان دەستیان بەچاندنی برنجیش کرد. کەوتنە بازرگانی کردن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا. . بەتایبەت دەوڵەتەکانی باشوور بە بازرگانییەوە خەریک بوون لە ڕێی بەندەری Chareston کە گەورەترین شار بوو لە ڕۆژئاوا، خەڵکێکی زۆریش بە ڕاوەماسی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بوون. خاوەن کێڵگەی گەورە گەورەی خۆیان بوون.

ئینگلیزە ھاتووەکان لێرەدا بە کۆلۆنیالەکان ناویان دەبەم، کە خاوەنی کێڵگەی گەورەگەورە بوون، توانییان Virginia Aristokratie دروست بکەن و زاڵ بن بەسەر سپی پێستەکانی ئەم ناوچەیەدا. ئەم ململانێیە زۆر درێژەی کێشا، ھەتا دواتر بەھۆی زیادبوونی کۆیلە ڕەش پێستەکانەوە ململانێی ئەم دوو دەستەیە کەم بۆوە و بەھەردوو کەوتنە وێزەی ڕەشپێستە کۆیلەکان. لە شارێکی وەک ڤێرجینیا ژمارەی سپی پێست 42، 000 ھەزار و ڕەش پێست 16، 000 ھەزار کەس بوون. ساڵی 1700 سپییەکان بوون بە 260، 000 و ڕەشەکان بوون بە 190، 000 ھەزار کەس.

لە سەردەمی کۆلۆنیالیستیدا بەگشتی نزیکەی 300، 000 ھەزار کۆیلەی ڕەش پێست ڕاپێچی باکووری ئەمەریکا کرا، بەجۆرێک لە ھەر 13 دەوڵەتە دامەزرێنەرەکەدا لە نێو 3 ملیۆن دانیشتواندا لە ھەر 6 کەس یەکێکیان کۆیلە بوو. لێرە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی نیشتەجێبوون/ استگانی یان لە ستراتیژیدا جێگیر کرد و ویستیان ئەم دەڤەرە بکەنە نیشتمانی خۆیان. بەریتانیا ئەودەم ژمارەی دانیشتوانی 6، 5 ملیۆن بووە، لە پاشان دا نزیکەی دوو ملیۆن زیاتری بەرەو ئەمەریکا کۆچیکرد بوو. نزیکەی سێ یەکی کەشتییەکانی بەریتانیا لێرە دروست دەکران، کەرەسەی خاویان لێ دەردەهێنا و دەبرد، بەتایبەت لۆکە و تەختە. عەرشی پاشایی کۆنتڕۆڵی تەواوی ژیانی کۆلۆنییەکانی بەدەست بوو. ڕێگەی بەهیچ لایەن و وڵاتێک نەدەدا، بازرگانی لەگەڵ کۆلۆنییەکاندا بکات، کەشتی هیچ وڵاتێکیش بۆی نەبوو، لەم بەندەرانەدا بوەستن. تەنانەت کۆلۆنییەکان بۆیان نەبوو لە ئامێری پێشکەوتوو، سوودمەند بن، بەرهەمەکانیان زیاد بکەن بفرۆشن، ڕێگڕی لەدروستکردنی کارخانە و بە پیشەسازی بوون دەکرا، هەر بۆیە ئەم خاڵە گرنگانەی ئابووری و بازرگانی لە دواجاردا دەبێتە کێشەی بنچینەیی نێوان کۆلۆنیییەکان و وڵاتی دایک.

 ئەوانەی لەوێوە ھاتبوون سەرەتا گرووپێکی ئایینی بوون ناسراو بە Puritanen کە مەزھەبێکی نزیک بە کالڤینیستەکانن و لە نێوان پرۆتستانتی و کاسۆلیکییە. گرووپێکی زۆر توندو و داخراو و ئامانجیان پاک کردنەوەی کلێسای ئەمەریکا بوو لە ڕەگەزەکانی کاسۆلیکی. . . شایانی باسە لە ئینگلتەرا کلێسای ئینگلیزی ھەیە Charch of England و تایبەتمەندی خۆی ھەیە. . . ئەم پوریتانییانە خوێندەوار و پێشکەوتوو و زیرەک و دەوڵەمەند بوون توانای ئابوورییان بەھێز بوو.

بە کورتی و کرمانجی وەک دەردەکەوێ ئامانج و ھۆکاری بازرگانی و ئایینی لەپشت ھاتنی ئینگلیزەوە بێت بۆ ئەمەریکا. بەڵام زوو نێت و مەرامی داگیرکاریشیان لێ بەدیار کەوت. . .
لەتەک کۆمپانیای ڤێرجینادا کۆمەڵە و گروپی تریش ھاتن و دروست بوون دەستیان کرد بە نیشتەجێبوون و ئاوەدانی و شاری Jamestown یان دروست کرد. ئینگلیزەکان لەگەڵ ھاتنی خۆیان دا، کۆیلەیەکی ڕەسپێستی زۆریشیان ھێنا، چونکە دەبێ بزانین ئەم ڕێگای گەیشتن بە ئەمەریکا بۆ ھەرکەس کراوە نەبوو. زۆریش لەم ڕەشپێستانە خۆشحاڵ بوون، کەوا ھاتوونەتە ئەمەریکا کار دەکەن. . بەڵام چ کارێکی زەحمەت بوو! لەنێو کێڵگەی تووتن و پەموو و برنج دا بە قرچەی گەرما و سەختی سەرما. . .

ئەم پۆریتانییانە زۆر خۆشحاڵ بوون بەوەی دەتوانن لەم نیشتمانە نوێیەدا پێڕەوی یاساوڕێساکانی ئاینزاکەی خۆیان بکەن. سەرەتا بە ھیچ جۆرێک ئامانجیان بریتی نەبووە لە دروست کردنی دەوڵەت! بەڵکوو پێیان باش بوو، وەک کۆلۆنییەکی ئینگلیزیی بمێننەوە و وابەستەییان بە تاجی پاشایەتی بەریتانیای مەزنەوە بمێنێت، ھەموو ئەرکێکی نیشتمانی ڕاپەڕێنن. بەڵام دەیانویست لێرە سەربەستانە بە دابونەریتی ئایینەکەی خۆیان بژین. زۆری پێ نەچوو کۆمەڵێ یەکەی نیشتەجێبوون/ کۆلۆنییان دروست کرد و ژمارەیان چووە 20، 000 ھەزار کەس. بەتایبەت حاکمی کۆلۆنییەکان John Winthrop بوو 1630-1649 دەسەڵات بەدەست بوو. تەنانەت ساڵی 1636دروستکردنی زانکۆی بەناوبانگی Harvard کە کۆنترین زانکۆیە ھی جێ پەنجەی ئەمانە.

پاشای بەریتانیا بەھۆی سەرکەوتنیان بەسەر ھۆڵەندییەکاندا لەشەڕی کەشتی دەریایی دا لە ساڵی 1664-1667 ئەو ناوچانەی ھۆڵەندییەکانی لێ بوو، بەتایبەت دەوروبەری ھەردوو ڕووباری Hudson، Delaware و ھۆڵەندای نوێ و بەندەری ئەمیستەردامی نوێ. . دەستیان بەسەردا گرت و پاشان بەخشیی بە برای خۆی میری York کە دواتر شار و دەوڵەتی New Yorkی لێ دروست بوو.
چیرۆکی Pennsylvania، وەک فۆرمێکی کۆلۆنییەکی خاوەنداری خۆیی، پاشای عەرش ناوچەیەکی فراوانی لەنێوان New York& Maryland بەخشییە William Penn کە ئەندامی کۆمەڵەی ئایینی Quakerی ئینگلیزی بوو، بۆ خۆی دژی شەڕ و ھەموو دەسەڵاتێکی دنیایی بوو و خۆی بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی تەرخان کرد. Penn دروستکردنی شاری پەنسلڤانیای کە بەناوی خۆیەوە ناونراوە بە «تاقیکردنەوەیەکی پیرۆز» دانا. باوەڕی بە پێکەوە ژیان و کۆکردنەوەی فرەڕەنگ و فڕە باوەڕی خەڵکەکە بوو. سروشتی ئەم دەڤەرەش کە تێکەڵییەکی لەخەڵکی جۆراوجۆر تێدا بوو، ئەم سیاسەتەی دەخواست. ئەم بیروبۆچوونانەی پێن کاریگەرێتی زۆری لەسەر خەڵک و ناوچەکە بەتایبەت کۆچپێکراوەکان ھەبوو. ھەر بەم ھۆیەوە ئەم شارە بووە ناوەندێکی ئابووری بەھێز و زۆر لە ئەوروپاییەکان ڕوویان تێکرد. . . بۆ نموونە سێ یەکی ئەڵمان بوون.

بەم پێیە دوای وێستگەکانی کۆلۆنیالیزم لەباشوور، ئینگلیزەکان بەرەو باکووریش ھاتن بۆ دەم کەنار. ساڵی 1620 یەکەم پاپۆڕی بەریتانی ناسراو بە mayflower گەیشتە نیوەدوورگەی Cape Cod نزیک Boston لە ئێستای Massachusetts لە ئەمەریکا و 41 کە خێزانی خاوەن مەزھەبێکی تایبەت ھەڵگرتبوو. ئەمانە بەھۆکاری ئایینی دەبوو ئینگلستان جێ بھێڵن. بەخەونی ئەوەوەی کە یەک یاسا بە یەکسانی حوکمیان بکات، نەک وەک ئەوەی لە ئەوروپا جیاوازی گەورە ھەبوو لە نێوان پاشا و میر دا، کە ئەمانە خاوەنی ماف و دەسەڵاتی زیاتر بوون لە بەرانبەر خەڵکی ڕەشۆک دا. . . .

ھیندەسوورەکان وەک دانیشتیوانی ڕەسەنی ئەمەریکا (Indianer (Native Americans، لەسەردەمی کۆلۆمبوس دا ژمارەیان نزیکەی 6-10 ملیۆن دەبوو. 3 ملیۆنیان لە ڕۆژھەڵاتی رووباری مسسپی/ Mississpi دەژیان. زۆریان بە ھاتنی ئەم ئەوروپاییانە کە ھەڵگریی نەخۆشی و پەتای جۆراوجۆر بوون نەخۆش کەوتن و مردن. لە سەرەتادا بەھۆی ئەوەوەی کە وڵاتەکان پانوبەرین بوو، بەھاتن و نیشتەجێ بوونی ئەمانە ڕازی بوون. . . کەچی ئەم کۆچکردووانە ھەر زوو بوونە داگیرکەر و خاوەن ماڵ و ئەمانیان کردە بە بێگانە. . . « نامرۆڤانەترین ھەڵسوکەوتیان لەتەکدا کرا، تەنانەت لە ساڵی 1924 دوایی کۆتایی دووەم جەنگی جیھانی ئینجا بە فەرمی کرانە ھاوڵاتی ئەمەریکی». . .

جەوھەری کێشە ئەوەیە ئەم ھێزە کۆلۆنیالیستە! بەھەڵە یان بە تاکتیک لە مەسەلەکە تێ دەگەن و، وا دەزانن / باشتر بڵێم وا لەخۆیان دەڕوانن، کە ئەم وڵاتە ئیدی ھی خۆیانە و مافیان ھەیە بە ئارەزووی خۆیان ھەڵسوکەوتی تێدا بکەن. گرووپی نیشتەجێکراو بە ئارەزووی خۆیان ھەڵسوکەوت لەگەڵ زەویوزارەکەدا دەکەن و خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە دەبەن و یاسا بۆخۆیان دادەنێن و کاری پێ دەکەن. . . بەکورتی خۆ دەکەنە خاوەن ماڵ و چ ھەقێکیان بەسەر ھیندەسوورەکانەوە نابێ و ھیچ ھەژمارێکیان بۆ ناکەن.

ئەم کۆلۆنییانە ڕاستە ھەر سەر بە بەریتانیا بوون، لێ سەربەخۆ دەژیان چونکە لێک دوور بوون و کەشێکی ئازادیان بۆ خۆیان خوڵقاند بوو. . بەڵام کاتێ ئەم نێت و مەبەستەی داگیرکردنیان لێ ئاشکرا دەبێت و زیاد لە بەڕەی خۆیان پێ ڕادەکێشن، ئیتر دانیشتوانە ڕەسەنەکە لە نێتی خراپیان حاڵی دەبن، دەنگی ناڕەزایی بەرزدەکەنەوە و شەڕو ھەرای زۆر لە نێوانیاندا ڕوو دەدات. . . لە ئاکامدا گرووپی نیشتەجێکراو بە پشتیوانی سوپای پاشای بەریتانیای مەزن، کە تەیار و پۆشتەتر و خاوەن چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو بوون و شارەزای شەڕ بوون، بەخێرایی زاڵ دەبن بەسەر دانیشتوانی ڕەسەنەکەدا. . . بەھۆی ئەم شەڕانەوە گرانی و برسێتی بڵاو دەبێتەوە و زۆر کەس دەکوژرێ. ئەمەریکای باشوور زیاتر پیشە و کاریان بە تووتن و برنج و لۆکەوە گرێ درا بوو. بەزۆری کار بە کۆیلەکان دەکرا. . . واتە لە دانیشتوانی 9 ملیۆنی 4 کۆیلە بوو، کە ژیانێکی پڕ زەحمەت و قورس و ناخۆشیان بەسەر دەبرد.

+ کۆلۆنییەکان/ کۆچپێکراو و کۆچبەران و وڵاتی دایک

ئەم گرووپە کۆلۆنییانە، کاریان بەوە گەیشت زۆر بەھێز و جێگیر بوون و تەواو بەم نیشتمانە دڵخۆش بوون، بەتایبەتی ئازادیی ئاینەکەی خۆیان ھەبوو و کاریان پێ دەکرد. بەڵام حکومەتی پاشایی نیشتمانی دایکیان بەریتانیای مەزن لەبەر چەند ھۆیەک، وازی لێ نەدەھێنان و بۆ بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆرەکەیان و پڕ کردنەوەی خەزێنەکەیان، داوای پارە و باج و گومرگی زیاتریان دەکرد. . . ھاوکات بایەخی کەرەسەی خاوی ئەمەریکا بۆ ئەوروپا و پەرەسەندنی ژمارەی دانیشتوانی بە بازاڕێکی باش بۆ ساخکردنەوە قەبڵێندرا. . بەتایبەت لە دیدی پاشای عەرشی بەریتایای مەزنەوە.

ئەوە بوو 1651 پاشا بڕیاری دا تەنیا کەشتییە ئینگلیزییەکان و ھەروەھا ھی کۆلۆنییەکان بۆیان ھەیە شمەک بھێننە وڵاتی دایکەوە. بەمەش ڕێی لە ھۆڵەندییەکان گرت بازرگانی لەگەڵ باکووری ئەمەریکادا درێژە پێ بدەن. بڕیارێکی تری ساڵی 1688 بریتی بوو لەوەی بەناوی Dominion of New England ھەموو کۆلۆنییەکان/ یەکەنیشتەجێکانی نێوانی Massachusetts، New Jersey بخرێنە سەر یەک. ئەم بڕیارە بەھۆی شەڕی ناوخۆیGlorious Revolution ی ساڵی1688/89 جێبەجێ نەکرا و بگرە ئەم ھەلە بووە مایەی شلبوونەوەی گرێی وابەستەیی نێوان کۆلۆنییەکان و وڵاتی دایک. . . بەواتایەکی دیکە وردە وردە ڕزگاربوون لەژێر کۆنتڕۆڵی لەندەن، کە لە مێژوودا ناسراوە بە فەرامۆشکردنێکی ساغڵەم/ salutary Vernachlässigung. ھەروەھا بەریتانیا ھەوڵی دا تەواوی کۆلۆنییەکان بکەنە کۆلۆنی تاجی پاشایەتی. واتە حاکمەکانیان لەلایەن پاشاوە دیاری بکرێ و یاسایان ڕاستەوخۆ لە لەندەنەوە بۆ دەرچێت. . . بەکورتی ھەوڵی زۆریان دا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خەڵک و ناوچەکە. . . بەم پێیە پەیوەندییەکان تا دەھات ئاڵۆزی تێ دەکەوت و بەتایبەت لەباسەکانی دارایی و باجدان دا. . مافی عادەتی ئینگلیزی Common law ھەر بەرقەرار بوو.

لێرەدا دەستەکی خوێنەوار ھاتنە پێشەوە و کەوتنە دانوساندنی فیکری لە شێوازێکی ڕۆشنگەریی دا. . . کە ھەڵکەوتووترین کەسایەتی ئەم ڕۆشنگەرییە Benjamin Franklin بوو. چەک و تەقەمەنی لە فەرەنسا دەکڕی بۆ سەربەخۆخوازەکانی دەنارد. . لە بواری کارەبادا داھێنانی ھەیە و دیبلۆماتکارێکی لێوەشاوە بووە و ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لە مێژووی سەربەخۆیی ئەمەریکادا.

سەدەی ھەژدەیەم کۆلۆنییەکان درێژەیان دا بە بازرگانی خۆیان لەگەڵ وڵاتی دایک دا. . . بەمەرجی ئەوەی شمەکی تایبەت تەنھا لە ئینگلتەرا بفرۆشرێ و ئەوی تریش بەڕێی ئینگلتەراوە بفرۆشرێ. . بەو پێیە ھەندێ کەرەسە بۆ فرۆشتن قەدەغەیان لەسەر دانرا بوو، تاوەکو لەبازاڕدا ساخکردنەوەی کەرەسە و کەلوپەلی ئینگلیزی زیانی پێ نەگات. ھاوکێشەی بازرگانی نێوان کۆلۆنییەکان لەگەڵ وڵاتی دایکدا، تا دەھات تێکدەچوو و خراپتر دەبوو. ئەمە جگە لەوەی لەھەر کێشە و شەڕێکی بەریتانیادا لە وڵات و لە ئەمەریکا کۆلۆنییەکان بەشدار دەبوون و لایەنگری عەرشی پاشای ئیمپراتۆرێتی ئینگکیز بوون. بۆ نموونە لە شەڕی حەوت ساڵەی نێوان« ئینگلیز دژی فەرەنسا و ئیسپانیا»داساڵی1756-1763 کە لە ئەمەریکا بە Frech and Indian war ناسراوە ڕۆڵیان گێڕا. لە ئاکامی ئەم ھۆکارانە و بەتاڵی خەزێنەی لەندەن، پاشا وای کرد گوشاری باجدانی قورس بخاتە سەر کۆلۆنییەکان. کۆلۆنییەکان لە بەرانبەری ئەم داواکارییەدا بەرگرییان کرد و ھەوڵییان دا خۆیان قوتار بکەن، لەژێر ھەژموون و چەپۆکی قورسی یاسا و حوکمەکانی وڵاتی دایک دا.

+ شۆڕش و شەڕی سەربەخۆیی

بە ھۆی گۆڕانی سیاسەتی کۆلۆنیالی بەریتانییەوە لە دوای 1673 و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی کۆلۆنییەکان و گوشار بۆھێنانیان، زەمینەی قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان کۆلۆنییەکان و وڵاتی دایک ھاتە ئاراوە و تا دەھات ھەنگاوی بەرەو شەڕ ھەڵگیرساندن خۆشتر دەبوو. سەرکەوتنەکانی ئینگلیز لەشەڕە بێ بڕاوەکانی دا، ئەرکێکی گرانی ماڵی خستبووە سەرشانی پاشا بەتایبەت لەڕووی داراییەوە، بۆیە دەیویست بەشێکی تێچووەکانی شەڕ ھەواڵەی سەرشانی کۆلۆنییەکان بکات. ئەوانیش دژ بەم بڕیار و ھەڵوێستە وەستانەوە، بە دەربڕینێکی تر مەرجیان دیاری کرد و داوای تایبەتمەندی خۆیان کرد، بەڵام عەرش ھیچی بۆ نەدەسەلماندن!!. . .
ھەنگاوی سەرەتایی بریتی بوو لە زیادکردنی« باج» لەسەر دانیشتوانەکە. . . کار بەڕادەیەک گەیشت دانیشتوانەکە بەرگەی ئەم داوا قورسانەیان نەدەگرت و کەوتبوونە تەنگانەیەکی تەواوەوە. . بۆیە وردە وردە بیرۆکەی یاخی بوون لە بڕیاڕی پاشای نیشتمانی دایک سەری ھەڵدا و کەس بەدەم داواکارییەکەیەوە نەچوو. پشتگوێ خستنی ئەم داوایەی پاشا، بووە مایەی ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ و ھەرای زۆر لەگەڵ سەربازەکانی بەریتانی دا.

ـ بەریتانیا 1763 دوای کۆتایی شەڕەکانی نزیکەی 100، 000ھەزار سەربازی لە کۆلۆنییەکان جێگیر کرد، دیارە بۆپاراستنیشیان لە ھیندەسوورەکانیش. بە ڕاگەیەندراوێکی پاشایی سنوورێکیان کێشا لەنێوان خەڵکی خاوەن خاک و کۆچپێکراوەکاندا کە کرانە خاوەن خاک.

. ـ یاسای شەکر، واتە گومرگی لە ساڵی 1764ەوە لەسەر شەکری ھاوردە و خواردنی شەوچەرەیی ھێنایە پێشەوە، کە زیانی گەیاند بە کارخانەکانی ئەمەریکی. . .

ـ یاسای دراوی1764 ھێنایە پێشەوە. دەبوو پارەی کاخەزی کۆنتڕۆڵ نەکراو و پرسگیریی زیادبوونی ھەڵاوسانی لەلایەن کۆلۆنیییەکانەوە سنووردار بکرێ. ھەروەھا چیدی کاخەزی نەقدی بانکی بۆ پڕکردنەوەی قەرز بەکار نەھێنرێ.

ـ یاسای تۆمارکردن 1765بۆ پشتیوانی ھێزە بەریتانییەکانی دەرکرا.
ـ بە یاسای باجی مۆر، 1765 باج لەسەر ھەموو جۆرە چاپکراوەکان بەرزکرایەوە، ئەوانەی بڕیاربوو لەڕێی بیرۆکراتی بەریتانییەوە بەدەست بھاتنایە.

سەرەتا ساڵی 1764 شتێکی وا ڕووی نەدا و بەرەنگارییەکی یەکگرتوو و بەرچاو فۆرمەلە نەبوو. بەھۆی ئەوەوەی کە کۆلۆنییەکان گرفتاری قەیرانی ئابووری و کێشمەکێشی سنوورەکانیان لەگەڵ ھیندەسوورەکاندا و کێشەی ناوخۆیان بوون. دوای ساڵێ ئەوجا دەنگی ناڕەزاییەکان بڵندتر بوونەوە، بەتایبەت لەسەر باجدان و داوای لەکارخستنی ئەم بڕیار و یاسایانەیان کرد. دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و بڕیاری بایکۆتی کەلوپەلی ھاوردەی بەریتانییان دا. . ھاوکات بانگەوازیان کرد بۆ یەکگرتوویی و پشتیوانی و ھەرەوەرزی نێوان خۆیان و تا دەھات داواکانی کۆلۆنییەکان ناوەڕۆکێکی سیاسی بەخۆیەوە دەگرت. . .
+ ڕێی سەربەخۆیی

دوای بگرەوبردە و ڕووبەڕووبوونەوەی زۆر و بەکارھێنانی زەبروزەنگ لە ھەردوو لاوە و ڕادیکال بوونی ھەڵوێستەکان، ھاوکاریی و یەکگرتوویی نێوان ئەمەریکاییەکان بووە نەخشی ڕۆژگار. . لە ئاکامدا کۆلۆنییەکان داوای باج دان دەبەستنەوە بە مەرجێکی سیاسی گرنگەوە، کەوا ئامادەن باج بدەن!، بەڵام پێویستە نوێنەرایەتیان لە پەرلەمانی بەریتانی ھەبێت و بەشداری بڕیاردان بکەن. No Taxation Without Representation. .

دیارە ئەمە بووە ئاڵەنگارییەکی گەورەیە بەڕووی حکومەتی پاشایەتی بەریتانیای مەزن و پاشای خاوەن شکۆدا. . . بۆیە ساڵی 1767 بڕیار دەدات باجی سەر زۆر شت کەم کاتەوە، بەڵام باجی سەر «چا» و «شووشە» زیاتر دەکات. چا خواردنەوە پێداویستییەکی گرنگی ڕۆژانەی خەڵکەکە بوو. کەواتە گووشارە ئابوورییەکان ڕەھەندی شەڕی دەسەڵاتیشیان وەرگرت. . . بەو پێیەی بەریتانیا پێی وا بوو، حاکمی سەر زەوییە و ھەر بڕیارێک بدا دەبێت جێبەجێ بکرێ و چی بوێت بەدەستی بێنێ.

بۆ ڕووبەڕووبوونەی ئەم ھەڕەوگوڕەشانە، کۆلۆنییەکان بیر لە بەرەنگاریی دەکەنەوە. . . ڕێکخراو پێک دێنن و ئامادەکاری دەکەن بۆ بەرگری کردن. . سەربازە ئینگلزەکان بە زیاتر گوشارھێنان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن. دەرئەنجام کێشە و پەیوەندییەکان توندتر دەبن و زەمینەی ڕووبەڕووبوونەوە بەتەواوی خۆش دەبێت. حکومەتی بەریتانی ڕێگەی دا بە کۆمپانیای چای ڕۆژھەڵاتی ھندی، کە کەوتبووە قەیرانێکی داراییەوە، چاکەی لەژێر ناوی پێدانەوەی گومگری ھاوردەی ئینگلیزی ڕاستەوخۆ لە کۆلۆنییەکان لەبری بە پێی ڕێکارەکانی بازرگانی وڵاتی دایک بیفرۆشێ، کە بەھۆی قاچاخچییە کۆلۆنییەکانەوە، کارەکان خراپ بوون. . . ساڵی 1773. 16. 12 سێ کەشتی چاهەڵگر دەگاتە بەندەری شاری Boston. حکومەتی بەریتانی بەهۆی گرژییەکانەوە نایەڵێ بارەکانیان داگرن و دەیەوێ ناچاریان بکات بگەڕێنەوە بۆ بەریتانیا. لەم کاتەدا 60 کەسێکی ئەمەریکی لە رێکخراوی کوڕانی ئازادی/Sons of Liberty جلوبەرگی ھیندەسوورەکان لەبەر دەکەن و لە تاریکی شەودا پەلاماری پاپۆڕەکان دەدەن و تەواوی چاکە 342 سندوق، فڕێ دەدەنە ناو دەریاوە. .

 ئەم ڕووداوە ناسراوە بە Boston Tea Party. . . لەئەنجامی ئەم پەلاماردانە 5 سەربازی ئینگلیزی کوژران. . . ئەمەش شکۆی حکومەتی بەریتانی بریندار کرد، بۆیە سەرەتا بڕیاری داخستنی بەندەری Boston داو پەکخستنی سیاسی کۆلۆنی Massachusetts. کۆلۆنییە ئەمەریکییەکان ئەم بڕیارەی حکومەتی بەریتانیان مەحکوم کرد و ناویان نا «مامەڵەیەکی چاوەڕواننەکراوی قورس»، بۆیە ھەموو کۆلۆنییەکان بڕیاری ھەرەوەرزیی و پشتیوانی کۆلۆنی ناوبراویان دا.

پاشا لەشکرێکی زۆر و پۆشتە و تەیاری نارد بۆ سەر کۆلۆنییەکان. لەم کاتوساتەدا پایزی 1774 ھەر 13 دەوڵەتەکەی کۆلەنییەکان داوای بەستنی یەکەم «کۆنگرەی کیشوەرەکەیان» کرد لە فیلادیفیا. . . بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخەکە و ئامادەکاریی پێویست بۆ بەرەنگاری کردن. . 12 کۆلۆنییان ئامادە بوون و بەیاننامەیەکیان دەرکرد و داوای مافی « ژیان، ئازادی، موڵکایەتی خۆیی » یان کرد و لێرەشدا بەھیچ جۆرێک ئاماژە بە باس و داوا و وشەی « سەربەخۆیی» نەدرا، بەڵکو داواکرا جەماوەر خۆی چەکدار بکات. بڕیاردرا بە حوکمی دەرەکی و بێگانە ڕازی نابن!. . ئەوەی جێی سەرنجە سەرجەمیان بەیەکگرتوویی بڕیاری شەڕکردن دەدەن و ھێزەکانیان دەسپێرن بە جەنەڕاڵ George Washington لەشکرێکیان لێ پێک بھێنێ. . . ناوبراو خاوەنی ئەزموونێکی زۆر بوو، پاشان دەشبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا لە مێژوودا. . . شەڕ لە ئاپڕێڵی1775 دا لەنێوان ئەم دوو سوپایەدا لە Lexington، Concord دروست دەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ھێزە بەریتانییەکان دەیانەوێ دەست بگرن بەسەر حەشارگەیەکی چەکی کۆلۆنییەکان. ئیدی لێرەوە یەکەم پریشکی بڵێسەی شەڕی سەربەخۆیی بەرز دەبێتەوە. کە پاش ماوەیەکی کەم لە کۆنگرەی دووەمی کۆنگرەی کیشوەر/ Kontinentalkongress بانگەوازی بۆ دەکرێ. نوێنەرانی ھەر 13 دەوڵەتۆکەکە بڕیاری بەرەنگاری دەدەن بەسەرکردایەتی جۆرج واشنتۆن. لەبەرانبەر ئەمە دەستبەجێ پاشا George III بڕیاری ئابڵوقەدانی کۆلۆنییەکان دەدات ڕێگریان لێ دەکات. دیارە بەریتانییەکان تەیار و پۆشتەتر و مۆدێرنەتر بوون بە چەکی پێشکەوتوو سوپای مەشق پێکراو و بەئەزموون، بەڵام کۆلۆنییەکان زۆری جوتیار و کاسبکار و پیشەوەر بوون' لێ بەھێز و خاوەن ئیرادەبوون و دەیانزانی بۆ ئازادی شەڕ دەکەن. .

+ گرنگترین بەڵگەنامەکانی بزاڤی سەربەخۆیی

بەیاننامەی ساڵی 1776 ی Thomas Paines“ Common Sense“ئەم بەیاننامەی Paines نزیکەی 150، 000ھەزارجار چاپکراوە، بە بوێرییەوە ھێرش دەباتە سەر پاشای بەریتانیا و عەرشەکەیی و بە لاواز و بێ توانا و ستەمکاری لەقەڵەم دەدات. . . بەم پێیە ئەم بەیاننامەیە لەگەڵ خۆیدا ھەوێنی سەربەخۆیی ئەمەریکا لەبەریتانیا دێنێ. بەیاننامەی Thomas Jefferson ھەر 13 کۆلۆنییەکە بڕیاری سەربەخۆیییان دا و جەختیان کردەوە کە مافی مرۆڤ شیاوی دەست لێوەردان نییە لە:« یەکسانی، ئازادی، ژیان و ھەوڵی بەختەوەری» دا، واتە مافە سروشتییەکان. بەکورتی ئەم ھەڵوێستانە کۆلۆنییەکانی گەیاندە قەناعەتی جیابوونەوە لە وڵاتی دایک. . . دەبێت ئەوە بگوترێ ئەم دروشم و داوایانەش لە ئەمەریکا بەر لە13 ساڵ پێش شۆڕشی گەورەی فەرەنسا ڕاگەیەندراوە. . . هەڵبەت دووری کۆلۆنییەکان لە وڵاتی دایکەوە و کەمی نوێنەرایەتی ئینگلیز تاڕادەیەک هاوکاری زەمینەخۆشبوونی شۆڕش بوون.


 + ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە 4. 7. 1776 دا. .

ئەم دیکۆمێنتە ڕەوایەتی سەربەخۆیی وەک «سەروەرییەکی خودی» بەخشییە ئەمەریکاییەکان، وای نیشان بدەن کە ھەموویان دژی پاشایەتی نین. ھەروەھا تا بتوانن ھاوپەیمانێتی ھێزە گەورەکانی دەرەوەدا بکەن، بەتایبەت فەرەنسا. لە سەرەتا وا چاوەڕوان دەکرا و دیاربوو، کە سوپای ئینگلیز شەڕەکە بباتەوە، چونکە نابەرانبەری پێوە دیار بوو. لەبەر ئەوەی بەریتانیا خاوەنی گەورەترین دەسەڵاتی سەربازی بوو لەسەر ڕووی زەوی و چونکە بەردەوام ھێزی نوێیان بەھاناوە دەھات و ھەروەھا پاشای بەریتانیا خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕی دەکرد. بەریتانیا لەلایەن زۆر سەربازی ئەڵمانی بەکرێگیراو و بەشێکی ئەمەریکاییەکانەوە پشتیوانی لێدەکرا.

لەم لاشەوە کۆلۆنییەکان بەسەرکردایەتی ئەرستۆکراتی خاوەن کێڵگەی چاندن George Washington، کە ئەفسەری پێشووی بەریتانی بوو شارەزا بوو خۆیان ڕێک خست، خۆی سەرکردایەتی شەڕی بەریتانیای دەکرد. ئەفسەرێکی پروسیایی ئەڵمانی بەناوی F.  W.  von Steuben، یارمەتییەکی زۆری واشنتۆن و ئەمەریکییەکانی دەدا و مەشقی بە سەربازەکان دەکرد. ھەروەھا شەیپووری کیشوەر! کە بۆ کۆلۆنییەکان لێدرابوو، ھەموو بەدەنگییەوە ھاتنە ناو شەڕەوە بۆ بەرگری لە نیشتمان.

جۆرج واشنتۆن خۆی لەشەڕی بەرەیی دەبوارد و زیاتر شەڕی گریلایی دەکرد. ئینگلیزەکان ناچار بوون ناوچەیەکی زۆر بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و بۆ ئەم ئامانجەش بەردەوام داوای یارمەتی زیاتر لە وڵاتی دایک بکەن. واشنتۆن چەند شەڕێکی دۆڕاند و یەکەم سەرکەوتنی لەنزیک ڕووباری Delaware لە ساڵی 1776 دا بەدەست ھێنا. لەم کاتەدا فەرەنسیاش کە مێمڵێکی ئینگلیز و لە تۆڵەی شستەکەیان لەشەڕی حەوت ساڵەدا، سەرەتا بە پشتیوانی لۆجیکستی بەدەنگ کۆلۆنییەکانەوە ھات و دواتر ئیسپانیا و ئەوجا ھۆڵەندەش ھاتنە ھانایانەوە. . . دوا داستانی شەڕی مەیدانی و ئاوی لە شاری دورگەیی Yorktown بوو لە 19. 10. 1781دا. بەم تێکشکانە بەریتانیا لەسەرکەوتن بێ ھیوا بوو. . . بەم شێوەیە بەریتانیا مەزن دۆڕا و لە « کۆنگرەی ئاشتی پاریس»دا لە 3. 9. 1783 دا دانیان نا بە سەربەخۆیی کۆلۆنییە ئەمەریکاییەکان دا. . . بەم جۆرە دەبوو تاجی پاشایەتی ناوچەی نێوان Appalachen& Mississippi بداتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. کەنەدا لە باکوور بە بەریتانی مایەوە و فلۆریداش درا بە ئیسپانیا. . .
ئەوەی زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین، لەناوەڕاستی شەڕەکەدا ھەر 13 دەوڵەتەکە کۆبوونەوەیەکی تریان کرد بڕیاری« سەربەخۆیی» دەوڵەتی خۆیان لە 4. 7. 1776 دا کە ئێستاش ئەو ڕۆژە بە فەرمی جەژنی نەتەوەیی ئەمەریکایە. .

ئەم شۆڕشە خوێناوییە، کە زەبروزەنگ و چەکی مۆدێرنی تێدا بەکار ھات، کوشتارێکی زۆری لێ کەوتەوە، بۆیە یەکەم گۆڕانکاری بنچینەیی لە داڕشتنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساوڕێساکاندا کرد. جیاواز لە شۆڕشی فەرەنسی ئەم لە وڵاتی دایک جیابۆتەوە. . واتە یەکەم بزاڤی سەربەخۆیی کۆلۆنی و جەنگ شۆڕشە کە بووە مایەی سازدانی شوناسی ئەمەریکی و کۆتایی ھێنا بە شوناسە بچووکەکانی فیرجینیایی و بۆستۆنی و فلادیڤیایی و ھتد. . . تا ڕادەی خوڵقاندنی نەتەوە ھەنگاوی نا! بەڵام دیارە - دیدی ئێمە لەسەر نەتەوە جیاوازە لەوەی لەم کۆنتێکسەدا ھاتووە، کە ناتوانین بڵێین دەوڵەت دروستکەری نەتەوەیە!- لێرەشدا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ڕەھەندێکی گەردوونی لێ دەدرەوشێتەوە:

# مافی مرۆڤ ھەقی ھەر کەسێکە، وەک ئەوەی شۆڕشگێڕە فەرەنسییەکان مافی مرۆڤ و ھاوڵاتیان چەسپاند. بەمەش زەمینەیەکی نوێ بۆ پێکەوە ژیانی مرۆڤەکان خەمڵێندرا. . .

# بیروڕای ئازاد دروست بوو. " ھەر کەسێ" مافی ھەیە خاوەن قسە بێت و خاوەن بڕیار بێت و بەشداری بکات لە ھەردووکیان دا. . .

جیاوازییەکی تری لە شۆڕشی فەرەنسی لایەنی کاراکتەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی مۆرکێکی بەھێزی نەبوو، ئەویش بەھۆی نەبوونی یاساوڕێسایەکی کۆمەڵگەیی کە نازناوی بەگزادەیی و لەناوبردنی ئیمتیازاتی گەورە لەئارادا نەبوو. ھەروەھا « گۆڕینەوەی ھێزە بەڕێوەبەرەکان» بەو پێیەی %70 دەزگا و بەڕیوەبەرایەتییە پاشاییەکان لەدەست دران، واتە ئەو شوێنانەی کە تاجی پاشاییەتی بەخشیبوونی بە کەسانێک یاخود کەسانێکی لێ دانابوون نەمان. . . بەواتایەکی تریش لایەنگرانی پاشایەتی دەرپەڕێندران و کۆچیان کرد بەتەواوی وڵاتدا بڵاوبوونەوە.

بێگومان دەستەبژێری کۆلۆنییەکان لە ئەمەریکا ھەڵگری مەشخەڵی شۆڕش و پرۆسەی سەرکەوتنن. . باوکانی سەرەکی وەک «جۆرج واشنتۆن، تۆماس جێفەرسۆن» بەزۆری ئەندامی ئەرستۆکراتی خاوەن کێڵگەی چاندن بوون. ئاگاداری باری ژیان و گوزەران بوون لە مەترسییەکانی سیاسەتی ئیمپریالی وڵاتی دایک تێگەیشتبوون. بۆیە جەختیان لەسەر خڕکردنەوە و مۆبیلیزەکردنی جڤاکی دەکردەوە، تاوەکوو پشتیوانی لای بەشێکی فراوانی خەڵک بەدەست بھێنن، تا دۆخەکە دینامیکێکی خۆی دەبێ و دەتوانێ لەسەر پێ خۆی ڕاوەستێ.

تیشکی ڕووناکی شۆڕشی ئەمەریکا بەشێکی زۆری جیھانی ڕووناک کردەوە. بیروڕاو بۆچوونەکانی تیۆری دەوڵەتی مۆنتیسکۆ/ Montesquieu ی فەڕەنسی بەسەر دەستووری ئەمەریکا کاریگەری گەورەی ھەیە.

بەر لە ماڵئاوایی لەم بڕگە گرنگەی شۆڕش پێویستە ئاماژە بدەین بەچەند خاڵێکی تریش، کە مێژووی ئەم شۆڕشە لە شۆڕشەکانی دیکە جیا دەکاتەوە بریتییە لەم دروشم و دەستکەوتە ھەرە گرنگانەی مێژووی مرۆڤایەتی. ناوەڕۆکی ڕاگەیاندراوەکەی سەربەخۆیی، کە جێفەرسۆن دایڕشتووە، بە ھەناسەیەکی John Locke انە نووسراوە، کە ئەو دەمە لیبەڕالترین بیرمەندی سەردەم بووە. لەم دەروازەیەوە بە شێوەیەکی زیرەکانە زەمینە و ڕەوایەتی یاسایی و فکریی بۆ سەربەخۆیی ئەمەریکا ھێنایەوە و توانی بەریتانیای مەزن و بگرە جیھانیش بە پرسی سەربەخۆیی خۆیان قایل بکەن و ببنە دیفاکتۆی حاشاھەڵنەگر. . . هەروەها بێروڕا لیبەڕاڵەکانیThomas Hobbes یش قورسایی خۆیان لەسەر فەرهەنگی شۆڕش و دەستکەوتەکانی هەبوو. ڕەھەندێکی تری ئەم شۆڕش و سەربەخۆخوازییە، بریتییە لە بنەما و دروشم و ناوەڕۆکی:

{{ ١ـ ھەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی درووست بوون و لەدایک بوون. ٢ـ ھەموو مرۆڤەکان مافی بێ دەستکاریکردنیان ھەیە. ٣ـ ھەموو مرۆڤەکان مافی ژیانیان ھەیە، مافی ئازادییان ھەیە و مافی ھەوڵیاندانیان بۆ بەختەوەریی ھەیە. ٤- حکومەت لەلایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێرێ، کاتێ خەڵک بزانێ حوکمەتەکەی خراپە خەڵک دەیگۆڕێ. ئەرکی حکومەتە پشتیوانی لەم مافانە بکات و فەراھەمیان بکات}}.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

عومەر فارس

div { text-align:right; }