نووسەرە کۆنەکان

نووسەرە کۆنەکان

گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ... بورهان شێخ ڕه‌ئوف

بۆ هه‌ر چاودێرێكی سیاسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ڕوون و ئاشكرا دیاره‌ كه‌ توركیا هه‌وڵده‌دات كه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌ نێوان ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی ترامپ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا تاوه‌كو 20 كانوونی دووه‌می 2017 واده‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌مریكا وه‌به‌ر بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی باشترین و گه‌وره‌ترین مانۆڕو چالاكی و گۆڕانكاری و بگره‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ش له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی ڕابردووی دا بكات ده‌رباره‌ی قه‌یران و ململانێكانی ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ عێراق سووریا.

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ توركیا به‌ پله‌ی 180 له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی ڕابردووی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی له‌ مێژینه‌ی ئه‌مریكا و په‌یمانی ناتۆ بوو له‌ 65 ساڵی ڕابردوودا به‌ڵام له‌ ئێستادا ده‌بێته‌ هاوپه‌یمانێكی نوی ی ڕووسیا.

به‌ڵی توركیا هه‌ر بۆیه‌كه‌م جار توانی ئۆپۆزه‌سیۆنی چه‌كداری سوریا ئه‌وانه‌ی سه‌ربه‌ توركیان له‌ گه‌ڵ سه‌رسه‌ختترین دوژمنیان كه‌ ڕوسیایه‌كه‌ به‌ پاڵپشتی ڕژێمی ئه‌سه‌د تاوانباری ده‌كه‌ن له‌ سه‌رجۆرێك له‌ ئاگربه‌س ڕێكبخات.

هه‌ڵوێستی توركیا ده‌رباره‌ی عێراق

له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا هه‌موومان شاهێدی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیاو عێراق بووین لێدوانه‌كانی ئه‌ردۆگان هێشتا له‌ گوی ی زۆربه‌ماندا ده‌زرنگێته‌وه‌ كه‌ به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی وت تۆ كێیت؟؟ تۆ هاوشانی من نیت وتی ئێمه‌ به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ ده‌كه‌ین به‌ خۆشی بێت یان به‌ ترشی كه‌ هێزه‌كانی هێنایه‌ به‌عشیقه‌و سه‌روه‌ر عێراقی شكان پرسی به‌ كه‌س نه‌كرد، ئه‌ی ئیستا خێره‌ په‌یوه‌ندی به‌ عه‌بادیه‌وه‌ ده‌كات و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی مووسڵی لێده‌كات و بیناڵی یڵدریم یش ڕایده‌گه‌ینێت هه‌ر له‌ دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕی مووسڵ هێزه‌كانمان له‌ به‌عشیقه‌ ده‌كێشینه‌وه‌.

هه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵدا بوو فه‌رمانی ده‌سگیركردن بۆ ئه‌سیل نوجێفی پارێزگار ی پێشووی مووسڵ و سه‌ركرده‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی نیشتمانی ده‌ركرا كه‌ به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی به‌ توركیا و هه‌روه‌ها ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی به‌غاد به‌رامبه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی هاكان فیدان سه‌رۆكی میتی توركیا به‌ سه‌ركرده‌ سونیه‌كان وه‌ كو ساڵه‌ح موتڵه‌گ و خه‌میس خه‌نجه‌رو ئوسامه‌ نوجێفی سه‌عد به‌زاز.

له‌ ئێستاشدا بڕیاره‌ له‌ نزیكترین كاتدا سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا سه‌ردانی به‌غداد بكات وه‌كو نیازپاكیه‌ك بۆیه‌ هه‌موو ئه‌م گۆڕانكاری و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وانه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا جێگه‌ی پرسیاره‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ر كردنه‌ ده‌بێت فاكته‌ره‌ نهێنی و شاراوه‌كانی چی بن؟

ئه‌گه‌رچی توركیا په‌یوه‌ندی بازرگانی گه‌وره‌ و له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و وه‌كو ده‌وترێت په‌یوه‌ندی ئابوری و به‌رژه‌وندی بازرگانی بنه‌مای گرنگن بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی سیاسی و ستراتیجی به‌ڵام سه‌ره‌ ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ توركیا هیچ خاڵێكی هاوبه‌شی له‌ گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ نیه‌ جگه‌ له‌ كێشه‌ی كورد نه‌بێت كه‌ مه‌به‌ستێتی نه‌ك له‌ باكووری كوردستانی بنده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ڵكو له‌ به‌ شه‌كانی تریش به‌ تایبه‌تی ڕۆژاوا ی كوردستان كه‌ ڕێگری بكات له‌وه‌ی كه‌ به‌ مافه‌ڕه‌واكانی خۆیان شاد ببن و هه‌ڕۆژه‌ی به‌ پاساوێك تاوانباریان ده‌كات ڕۆژێك به‌ باڵی سوری په‌كه‌كه‌ و ڕۆژێك به‌ تیرۆریست. . . هتد.

ئه‌گه‌رچی توركیا پشتی ئۆپۆزه‌سیۆنی چه‌كداری سوریا ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌خۆی بوون به‌ردا و پێشتر به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێدابوون كه‌ به‌ هێز پشتیوانیان لێده‌كات و ناهێڵێت له‌ حه‌ڵه‌ب پاشه‌كشه‌ بكه‌ن به‌ڵام وه‌كو بینیمان دواتر كشانه‌وه‌و به‌ هێڵێكی سنوری باریك له‌ ناوچه‌ی باب قایل بوو بۆ یه‌كنه‌گرتنی كانتۆنه‌ كوردییه‌كان به‌ڵام ئێستا باس له‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ده‌كات و خۆی به‌ ئه‌ندازیاری ئاگربه‌س له‌ سوریاو هاوپه‌یمانی ڕوسیا ده‌ناسێت و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌وا جی ی به‌ ئێران لێژ كردووه‌و باس له‌هاوكاری فڕۆكه‌كانی ڕووس ده‌كات له‌ لێدانی بنكه‌كانی داعش له‌ باب به‌ڵام هه‌ڵوێستی ڕووسیاش تا چه‌ند ڕۆژی پێشوو پێداگیری بوو له‌ به‌شداری كورد له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ستانه‌ و بوونی ئۆفیسی په‌یوه‌ندی كانتۆنه‌كانی ڕۆژاوا له‌ مۆسكۆ به‌ڵام ئێستا واده‌رده‌كه‌وێت كورد بانگهێشتی كۆبوونه‌وه‌كان نه‌كراوه‌ تا ئێستا و ساڵه‌ح موسلیم یش ده‌ڵێت ئێمه‌ پابه‌ندی ئه‌و ئاگربه‌سه‌ نابین.

ماوه‌ته‌و بڵێیین توركیا هه‌موو ئه‌م مانۆڕانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌ ئیداره‌ی تازه‌ی ئه‌مریكا بڵێت ئه‌گه‌ر هاوكارمان نه‌بن ئه‌وا به‌ره‌وڕووسیا ده‌ڕۆین و كوردیش ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوودا وه‌كو ده‌ركه‌وت تاكه‌ هاوپه‌یمانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌مریكا بووبێت له‌ باشوورو ڕۆژاوای كوردستان ئه‌گه‌ر ئه‌مریكیه‌كان هه‌ڵوێستی جدی وبه‌كرده‌وه‌یان نه‌بێت ئه‌وا بۆ جارێكی تر ده‌بنه‌وه‌ به‌ قوربانیه‌كی تری گه‌مه‌ قێزه‌ونه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌.

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris

div { text-align:right; }