نووسەرە کۆنەکان

**Menu**
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:564 ? ? ? ? ?}

نیشتمانه‌ باڵداره‌كان ... نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئاگات له‌و ده‌نگانه‌ بێ

به‌ ماندوویه‌تی دێن!

ئه‌و زیندانانه‌ت له‌بیر بێ

خۆمان دروستمان كردنه‌وه‌!

ئه‌و ئاسۆیه‌ت بێته‌وه‌ به‌رچاو

هه‌موو له‌ هه‌مووی به‌خشش بوو. . !

چیرۆكی نیشتیمانه‌ باڵداره‌كان

لێره‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد:

خاك تووڕ درابوو

له‌ شه‌ڕ و

خولیای خه‌مهێنه‌ر و

زه‌نگی بێزاری

لێ نه‌ده‌بینرا . .

بینایی كز. .

كوێره‌ڕگایه‌ك نه‌ما

هیوای تۆزاویمانی پێ بسپێرین !

ڕێژنه‌یه‌ك

له‌ ئاره‌زوویه‌كی ئه‌فسووناویدا خه‌مڵیوه،

به‌سه‌ر دارستانی دڕنداندا ده‌بارێ . .

چڕتر له،

سێبه‌ری دره‌ختی كه‌ناران

ئاوی لێ كه‌سك ده‌نوێنێ . .

شازاده‌یه‌كی ڕازاوه‌

پیاسه‌ به‌ شۆسته‌ و شه‌قامه‌ وه‌همییه‌كانی ده‌كا .

نیشتیمانه‌ باڵداره‌كان

ئه‌وانه‌ی

له‌به‌ر شه‌ڕ و

خولیای خه‌مهێنه‌ر و

زه‌نگی بێزاری باڵیان گرتووه‌،

نه‌ مزگه‌وتیان تێدایه‌

نه‌ دێر و كه‌نیسه‌ و

نه‌ هیچ په‌رستگایه‌ك . .

سێویان به‌ تاڤگاندا دێنه‌ خوار . .

په‌یتوونیان

به‌ كووچه‌ و كۆڵانان دێ و ده‌چن،

ده‌نگی سمی ئه‌سپه‌كانییان

له‌ بزاڤی ڕۆژانه‌ی

به‌رد و چه‌وی

ڕووبار و زێیان ده‌چێ . .

په‌لكه‌گیا له‌و نیشتمانانه‌دا

هه‌ر ده‌مه‌ی به‌ ڕه‌نگێ ده‌رده‌كه‌ون .

دانیشتوانیان غه‌مگینیش بن،

شیرینی له‌ ژاڵه‌

شادی له‌ خه‌م هه‌ڵده‌هێنجن . .

مردووه‌كانیان ده‌خه‌نه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی .

مۆسیقایان به‌ ڕیتمی فڕینیانه ‌. .

گۆرانییان،

باسی مه‌ستی و

په‌سنی هه‌وای خوا و

ئاسمانی فراوان و فره‌چین ده‌كا .

مێژوویان،

له‌گه‌ڵ مێژووی هه‌ڵۆ و

قومری و

چۆله‌كه‌ و

قورینگ و

نه‌وره‌سان دایه‌ . .

قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ له‌و نیشتمانانه‌دا

له‌ میوانخانه‌كانی خواوه‌ند ده‌چن . .

زانست،

له‌ئیكسیری وردبوونه‌وه‌ و

كوانووی ڕوونبینی و پۆشته‌كردنی با و

ماكی گه‌وهه‌رناسی و

مژده‌ی مه‌رگی له‌خۆنووسان فێر ده‌بن . .

مێژوو،

له‌ كۆیله‌یی و پێناویی و گومڕایی زه‌وی . .

ده‌رمان،

له‌ ڕه‌نگی كازیوه‌ و

تریفه‌ی نیوه‌شه‌وانی مانگ و

فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌

دروست ده‌كه‌ن .

نیشتمانه‌ باڵداره‌كان

به‌ ده‌گمه‌ن شه‌ڕیان تێدا ده‌بێ

شه‌ڕ له‌و نیشتیمانانه‌دا،

وه‌ك شه‌ڕی

نیشتیمانه‌ وه‌ستاوه‌ بۆگه‌نه‌كانی

سه‌ر زه‌وی نییه ‌. .

له‌وێ ڕكابه‌رایه‌تی

له‌سه‌ر

به‌رزفڕی و

بڵاوكردنه‌وه‌ی ئۆكسجین و

جوانیناسی و

فه‌نتازیای ئاواز و

هه‌نیه‌ و گۆنای دره‌وشاوه‌یه ‌. .

ژنان له‌و نیشتمانانه‌دا

به‌زه‌رده‌ی به‌یانی و

نه‌شئه‌ی خه‌ون و

سۆمای سروه‌ و

سێبه‌ری پاكیزه‌كانی چیا

خۆیان جوان ده‌كه‌ن .

باڵایان

له‌ خه‌نده‌ دڵگیرتره‌. .

نیشتمانه‌ باڵداره‌كان

ئاژه‌ڵی دڕنده‌ی لێ نییه،

هه‌موو ئاژه‌ڵه‌كانی دۆستی مرۆڤن

مرۆڤ دۆستی ئاژه‌ڵ .

پێوه‌ندی له‌و نیشتمانانه‌دا :

هه‌موو به‌رپرسیاره‌ له‌ هه‌موو. .

پاشا له‌و نیشتمانانه‌دا،

له‌ كرێكاری كارگه‌كان ماندووتره‌

باڵی فڕین، فڕینی نیشتمان

پاشا ڕایانده‌وه‌شێنێ . .

به‌ شنه‌بای تۆقه‌لانانیان

خۆیان فێنك ده‌كه‌نه‌وه‌.

نه‌وت و گاز وكانزای لێ نییه‌

چرا و گڵۆپ و سۆپاكانیان

به‌ شیعر و مۆسیقا كار ده‌كه‌ن

ماڵێك له‌ مانگێكدا

چه‌ند كۆپله‌یێ شیعر و

چه‌ند پارچه‌ مۆسیقایه‌كی به‌سه ‌.

شیعر و مۆسیقا

له‌ ئاسمانی هه‌ره‌ به‌رزه‌وه‌

به‌سه‌ر كۆشكی پاشادا ده‌بارێ

ئه‌ویش به‌ یه‌كسانی

به‌سه‌ر هاونیشتمانییانی دابه‌ش ده‌كا .

شاعیران له‌ نیشتیمانه‌ باڵداره‌كان

ئیره‌یی به‌ شیعری

ئاسمان نابه‌ن،

ئه‌وان جیاواز ده‌نووسن . .

نیشتمانه‌ باڵداره‌كان

ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و

ته‌له‌فزیۆن و ئینته‌رنێتیان نییه،

سه‌ر ئاسووده‌

پێكه‌وه‌ ده‌ژین . .

فڕۆكه‌شیان نییه‌

خۆیان باڵیان هه‌یه‌ ده‌فڕن . .

یه‌ك زمانیان هه‌یه‌

هه‌موویان،

به‌و زمانه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و ده‌نووسن .

تاكه‌ گرفتی نیشتمانه‌ باڵداره‌كان

هه‌ڵم و دووكه‌ڵ و

نیفاق و دووڕوویی و

هه‌وای پیسی زه‌وییه‌

زۆر جار ناچاریان ده‌كا

به‌رز و به‌رزتر ببنه‌وه ‌.                         

ئابی/ 2017

 

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris