نووسەرە کۆنەکان

**Menu**
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:564 ? ? ? ? ?}

ته‌لارساز و هه‌ندێك له‌ زینده‌خه‌ونه‌كانی ... نەژاد عزیز سورمێ

چی خه‌م هه‌بوو

له‌ (مه‌رگ)م داكه‌لاند و
به‌ گوڵستانم سپارد.  .  
شه‌و له‌ من نابێته‌وه‌
شه‌و كڕێوه‌ی كانوونه‌
تێم ئاڵاوه‌.  .  
ڕه‌نگی به‌یانیانی
له ‌بیر بردوومه‌ته‌وه‌.  .  
جله‌كانم،
قه‌ڵه‌م و پڕگاله‌كه‌م
كه‌ هاوشانی (نان) بوون،
خرانه‌ كارگه‌ی ئالووده‌یی.  .  
پرسیاره‌كانم،
به ‌ڕووتی
له‌ نه‌خشه‌ی شێوێندراوی
گۆڕه‌پانی سه‌رده‌مدا دیته‌وه‌.  .  
* *     
به‌ خۆم باخچه‌م نه‌بوو
سه‌وزایی ماڵئاوسێ
چاوی ڕوون ده‌كردمه‌وه‌.  .  
گۆڕستانم،
له‌ سه‌ربانه‌وه‌ لێ دیار بوو
شه‌وانه‌
كه‌ خه‌مم
له‌ مه‌رگ داده‌كه‌لاند،
مردوو
ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا .  .  
سه‌مایه‌كیان ده‌كرد
پێشتر نه‌مدیبوو .  .  
شاییه‌كیان داده‌به‌ست
له‌ باڵكوتانی په‌ڵه‌هه‌وران ده‌چوو،
له ‌باتی ده‌سماڵ
خامۆش خامۆش
مێژوویان باده‌دا
وێنه‌ی ئه‌و هه‌ناسه‌ سارده‌
گوڵگوڵییانه‌ی،
بێ خاوه‌ن
له‌سه‌ر سنووران كه‌وتوون .  .  
* *      
وه‌ك (نه‌ی)یه‌كم
له‌ گۆشه‌یه‌كی خه‌رابات هه‌ڵپه‌سێردراو.  .  
ڕۆژگاری مێش و مه‌گه‌ز
دیمه‌نه‌كانی،
له ‌بیر بردوومه‌ته‌وه ‌.  .  
دیمه‌نی دایكم،
چاوه‌ڕوانی هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوان .  .  
دیمه‌نی په‌یژه‌ی قوتابخانه‌
تۆی لێ ده‌وه‌ستای بتبینم .  .  
دیمه‌نی باوه‌شه‌ به ‌په‌له‌كانی
پاڵ داران .  .  
* *      

به‌ ته‌ققه‌ی بووكنیان،
كه‌ شه‌پۆلیان
به‌ بووك بۆ ڕووبار ده‌هێنا،
بێدار بوومه‌وه‌
په‌شێو. . پڕ
چاكه‌ته‌ بێبه‌ره‌كه‌مم پۆشی
كه‌ پار له‌ له‌نگه‌م كڕیبوو
هێشتا تۆزی به‌ختیاری
پێوه‌ مابوو .  .  
ئاسووده ‌.  .  
شاد به‌وه‌ی،
له‌ كۆڵ زنجیره‌ی مۆته‌كان بوومه‌ته‌وه ‌.  .  .  
ڕووم كرده‌ مه‌یخانه ‌.  .  
شوشه‌ و په‌رداخی مه‌یخانه‌
پڕ بوون له‌ نیشتيمان .  .  
ساقی به‌شه‌وقه‌وه‌
له‌ پێشی داده‌ناین .  .  
(نیشتيمان)ی ئه‌وێ
له‌ مه‌ستی و خۆشخوانی زیاتری
نه‌ده‌زانی .  .  
ئاگر و
ڕووباری شه‌رابی حه‌فتڕه‌نگی
به‌هه‌شتی تیا تێكه‌ڵ ده‌بوو.  .
به‌ پێكێكی موقه‌دده‌س،
ئاسمانی كه‌یل ده‌كرد .  .  
   * *   

مه ‌یزە ده‌،
له‌ په‌نچه‌ره‌ی ژووره‌ هه‌ڵایساوه‌كانه‌وه‌،
ته‌ماشای
كۆڵانه‌ تێكچڕژاو و
شه‌قامه‌ قوماشییه‌كانی
به‌هه‌شتمان ده‌كرد .  .  
جارجار
شه‌ڕی به‌هه‌شتییانمان ده‌دی
كه‌ له‌سه‌ر جوێباره‌كانی مه‌ی و
كه‌ژاوه‌ی (حۆری)یان به‌رپا ده‌بوو .  .  
ته‌لارساز،
له‌ شووره‌ کڵپه‌ گرتووه‌كانه‌وه‌
ته‌نته‌نه‌ی،
چیا به‌رزه‌ له‌ حیكایه‌تی سیزیف شۆراوی،
به‌هه‌شتی ده‌دی .  .  
نووریان لێ ده‌كوژایه‌وه ‌.  .  
ڕه‌نگیان تێدا ون ده‌بوو .  .  
ته‌لارساز،
له‌نێوان مه‌ستی و زینده‌خه‌ودا،
ئه‌و ژنانه‌ی به‌بیر ده‌هاتنه‌وه‌
ئێواره‌یه‌كی ڕاكشاو باڵیان گرت و
مه‌مكیان به‌ با سپارد و
له‌ نه‌خشه‌دا ڕه‌ش بوونه‌وه ‌.  .  
ئه‌و ژنانه‌ی،
چاویان له‌ زریان ده‌تروکاند .  .  
نووریان لێ ده‌بووه‌وه ‌.  .  
هه‌ندێ سه‌ربازی كه‌ڤڕان بوون
هه‌ندێ پاسه‌وانی باران .  .  
ده‌یانویست به‌ره‌و لوتكه‌یه‌ك بفڕن
مه‌رگی نه‌بینیبێ .  .  
ڕه‌نگی خۆیان،
له‌ ئاوێنه‌دا ده‌دیته‌وه،
هێشتا باڵیان نه‌گرتبوو
نهێنیی پڕشنگه‌ كاڵه‌ چویتییه‌كان بوون،
سۆزی پیاوانیان گڕ ده‌دا .  .  
* *     
  
ته‌لارساز،
بازنه‌ و سێگۆشه‌ی
لێ تێكه‌ڵ بووبوو
به‌دوای سێبه‌ری به‌فردا وێڵ
پڕ ببوو له‌ بۆشایی.  .  
* *    
له‌ودیو په‌رژینه‌ كه‌سكه‌كانه‌وه‌
ته‌لارساز چی بكا ؟
خاك ده‌بینێ
خه‌و لێ زڕاو،
بێهوده ‌. . كه‌له‌كان ده‌گۆڕێ.  .  
كه‌س نییه‌ بیلاوێنێته‌وه‌.  .  
هه‌موو
ئه‌سپێ و كولله ی به‌سه‌ردا
بڵاو
ده‌كه‌نه‌وه ‌.  .  
ته‌لارساز چی بكا ؟
ڕۆژی سێ جار
چوار جار. . ده‌ جار
ده‌یكوژن و
له‌ وێنه‌ی ئیسفه‌نجێكی پانبووه‌وه‌دا
زیندووی ده‌كه‌نه‌وه‌.  .  
له‌ودیو په‌رژینه‌وه‌ ده‌یبینم
له‌ داخا،
به‌ داره‌ ڕه‌ق و وشكه‌كان
خۆی نه‌هێشتووه‌
له‌ تاوان
ده‌قیژێنێ و ڕوومه‌تی داده‌ڕنێ . .
* *     
شه‌و درێژ بووه‌وه‌
با ناهێڵێ
پێكێك هه‌ڵده‌ین
جگه‌ره‌یه‌ك داگیرسێنین .  .  
گه‌ڕاین .  .  
تا لێمان بڕا گه‌ڕاین .  .  
مرواریی به‌ختمان نه‌دۆزییه‌وه‌.  .  
خاك،
مه‌حكوومه‌ به‌ بێمانایی . .
به‌ ترسی له‌ناكاو .  .  
ده‌ماری گه‌نجیه‌تییان بڕیوه ‌.  .  
دڵی،
له‌ دڵی مه‌لۆتكه‌یه‌كی پیر ده‌چێ
بێ لۆچ، بێ یادگاری .  .  
ته‌لارساز چی بكا ؟
چرا هاوسه‌نگیی له‌ده‌ست داوه‌
نه‌ ڕووناكی ده‌دا
نه‌ ده‌كوژێته‌وه‌!
گه‌ڵای كه‌ناران،
له‌ هه‌موو لایه‌ك
سه‌نگه‌ریان لێ گیراوه ‌.  .  
هاوارێكی كپكراو
له‌ دووڕا ده‌بیسترێ
ئازاد. . به‌ڵام زه‌لیل .  .  
* *    
هه‌زاران ساڵه‌ هه‌ی،
چه‌نگه‌ ڕووناكییه‌كه‌ت
بۆ ڕۆژه‌ تاریكه‌كان هه‌ڵنه‌گرت! . .
بستێكت له‌ هاوین،
بۆ زستانه‌ درێژه‌كان
گل نه‌دایه‌وه‌!. .
ڕێژنه‌یه‌كت،
بۆ وشكه‌ساڵه‌ یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كان
دا نه‌كرد!. .
ته‌لارساز چی بكا ؟
وڵاتایه‌تی وا ده‌بێ
خاكی زامە كراوه‌كان ؟
به‌ به‌رچاوی تۆوه‌،
ئاگر بسووتێنرێ ؟
شه‌خته‌ له‌ سه‌رما،
هه‌دادانی نه‌مێنی ؟
وا ده‌بێ ؟
وڵاتایه‌تی وا ده‌بێ ؟!
* *    
به‌ لێواره‌كانی (ئاسیا)دا
دێمه‌ خوارێ .  .  
شارستانیه‌تی هه‌موو دونیایان
لێ بار كردووم .  .  !
له‌ گوندی هه‌زارەم .  .  
له‌ شاری هه‌زارەم .  .  
له‌ كه‌ناره‌ به‌رده‌ڵانه‌كان
له‌ باسكه‌ ڕووته‌نه‌كان .  .  
شه‌وی هه‌ر هه‌ریم
به‌سه‌ردا ده‌ده‌ن و
به‌جێم دێڵن!
ڕێگام،
به‌ هه‌نیه‌ی نوورانی فریشتانیش پێ
نادۆزرێته‌وه‌.  
به‌ ژێر ته‌وژمی دڵڕه‌قی بادا تێده‌په‌ڕم
دڵم به‌ نۆستالیژیای
هیواوه‌ خۆش ده‌كه‌م
كه‌ دێت و نایێ.  .  .  

تشرينى دووةمى 2016

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە

Omar Faris