(1)

سۆنیا و ئه‌فسانه‌

ئه‌وانی دی

 له‌ شه‌وی نه‌خۆشخانه‌دا ده‌مێننه‌وه‌

بێ ئه‌شك

له‌‌سه‌ر پێخه‌فێكی‌ خۆڵه‌مێشدا‌

 سیس ده‌بن

( سۆنیا ) نه‌بێ

له‌ گۆرانییه‌كانی (سوندوباد) ده‌مێنێته‌وه‌

ئه‌فسانه‌یه‌ك ده‌گێڕدرێته‌وه‌ و

سترانێك له‌ ته‌نیایی قاوشان

له‌ بیابانی شه‌وی فه‌وتاوان

ده‌گوترێته‌وه‌ . .

ئه‌ی كه‌ژاوه‌ی خۆشه‌ویستی خه‌مگین

ئازیزانمان ڕۆیشتن

له‌ فرمێسك زیاتریان بۆ به‌جێ نه‌هێشتین

گوڵیش له‌ بێستانی دونیای مه‌دا

بۆن و به‌رامه‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه‌

به‌ ته‌نیا من

بێ فرمێسك ده‌مرم .

(2)

ئه‌و پیاوه‌ی گۆرانی ده‌چڕی

له‌به‌ر ده‌روازه‌كانی( تاران) ێدا بینیمان . .

بینیمان گۆرانی ده‌ڵێ

وامان زانی (عومه‌ری خه‌یام)ـه‌ خوشكۆڵێ!

ده‌م داچه‌قیو، برینێكی قووڵی به‌ هه‌نییه‌وه‌‌‌ بوو

چاویوه‌ك سپێده‌

سوورهه‌ڵگه‌ڕاو

گۆرانی ده‌وت

نانێك وقورئانێكی

به‌ ده‌ستی ڕاسته‌وه‌ بوو

بۆمبایه‌كی به‌ ده‌ستی ڕاسته‌وه‌ بوو

عومه‌ری خه‌یام گۆرانی ده‌گوت خوشكۆڵه‌

خواو كێڵگه‌كانی دۆن

گۆرانی بۆ مناڵه‌ له‌ خاچدراوه‌كه‌ی له‌ باخی شا دا

ده‌ڵێن

كه‌ مه‌رگ په‌نای دابوو

له‌ نزیك ئه‌وه‌وه‌

له‌ جه‌وسه‌ری دونیای ویدا

بانگی كردین و بانگی كرد

بانگی كه‌ڵه‌شێر خوشكۆڵه !‌

له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا به‌جێمان هێشت

چاوی نه‌ده‌بزووتن

- ( خودا حافیز )

ئه‌مه‌ی وت و

ئاهی له‌ ده‌مدا خنكا

- ( خودا حافیز تاران

 خاوه‌نی شكۆ

خوداحافیز ماڵه‌كه‌م

خوداحافیز دایكه‌ ! )

 گولله‌یه‌ك ته‌قییه‌وه‌ و ئاخی له‌ زاردا خنكا .

* * *

له‌به‌ر ده‌روازه‌كانی (تاران)ێدا بینیمان

خۆر له‌ شه‌ودا گۆرانی ده‌چڕێ

خواوه‌ند و مه‌رگ گۆرانی ده‌ڵێن

ده‌م داچه‌قیو

برینێكی قووڵی به‌ نێوچه‌وانه‌وه‌یه‌ .

(*) له‌ ( عبدالوهاب البیاتی – الاعمال الشعریة‌ ) جزمى یه‌كه‌م

   بڵاوكردنه‌وه‌ی ( المؤسسة العربية للدراسات والنشر-بيروت) 1995

    كراون به‌ كوردی – بڕوانه‌ ل 216 و 280 .

 

 

بابەتی زیاتری نەژاد عەزیز سورمێ