هه‌ڵۆیه‌کی جوانی به‌رزه ‌فڕ، له عه‌بابه‌یلێی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ دای له شه‌قه‌ی باڵ و به‌رز فڕی، هه‌ڵۆ‌ له‌ لق وگه‌ڵاو گوڵی دار هه‌ناره‌کانی عه‌بابه‌یلێ جوانتربوو، بیری هه‌ڵۆ له‌ چاوی هه‌لۆ تیژترو له ‌ویش گه‌شتر بوو ! هه‌بوو ده‌یوت روناکی ئه‌م بیره‌ی‌ روناکی ئاگره‌که‌ی ئاڤێستایه‌و وشه‌کانیشی هه‌رهه‌مان وشه‌ی ناو ئه‌وکتێبه ‌پیرۆزه‌یه، ئاخر‌ خۆ ره‌فتاریشی هه‌ر له ‌موغه‌کان ده‌چێت ئه‌وه‌نیه‌ ئه‌م هه‌لۆیه‌ هه‌ر که‌ ده‌م ده‌کاته‌وه‌، وته‌ی چاک و کرداری چاک وبیری چاک باسده‌کات ! هه‌ستیشی ته‌نها سروده‌کانی کوردبونه‌ و کوردایه‌تی!!

 ئه‌وانه‌ی ده‌یان ناسی سه‌ریان سوڕ ده‌ما له پانا ئه‌باعوبه‌یده‌ی داگیرکه‌ر‌دا، ئاهوراییه‌کی سپی په‌یدا ببێ، به‌و بیره‌ پاکه‌وه‌ و ده‌ست گرتوو به خاکه‌وه ‌و ره‌گی بیری له‌ره‌گی دار گوێزه‌کانی ئه‌و بناره‌ زیاتر رۆ چوبێته‌‌ بنی خاک! هه‌لۆ زووزو ده‌یوت ئا ئه‌مانه‌ داگیرکه‌رن، بۆ داگیرکردن هاتونه‌ته‌ ئێره‌، ده‌نا ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ له‌کوێ و ئه‌م کابرا حیجازیه‌ له‌کوێ!! ‌ئه‌وهه‌ڵۆیه‌‌ وه‌ک ئاشقێک هه‌میشه‌ بۆنی خاکی ده‌کرد! خاکیش هه‌لۆی له ‌ئامێز گرتبوو تا ‌ده‌هات زیاتر خۆشی ده‌ویست و ده‌یلاواند! ئه‌م هه‌ڵۆ به‌رزه‌ فره‌ ناونرابوو مه‌هدی مه‌لا عه‌لی،

هه‌موان ده‌یانزانی مه‌هدی که‌ڵه‌ و هیچ هێزێک نیه‌ چۆکی پێدابدات، ئاخر مه‌هدی له ‌پێده‌شته‌کانی شاره‌زورا له‌ عه‌ربه‌تدا چۆکی به‌مەرگدادا، کاتێک که ‌شه‌ڵاڵی خوێن بوو له ‌زۆران بازیه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ مه‌رگ! ئه‌ی ئه‌و نه‌بوو له ‌هه‌رچ کوێیه‌ک داگیرکه‌رێکی بدیایه، ‌ده‌بوه‌ پشکۆ و ده‌بوه‌ زه‌روو لێیده‌ئاڵا! مه‌هدی قینی له ‌هیچ که‌سێک نه‌بوو ته‌نها له ‌داگیرکه‌رنه‌بێت، راوی ده‌نان ویه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک لێی ده‌کوشتن ! ئای له‌و رۆژانه‌ی له‌کوره‌ک و له‌ زۆزکدا وه‌ک هه‌میشه‌ بە ده‌ستوری باپیرانی هه‌ر به‌پێوه‌ شه‌ڕی ده‌کرد، ئاربیجیه‌ک و دوان و سیانی به ‌سه‌نگه‌ره‌کانی داگیرکه‌ره‌وه ‌ده‌نا، پربه ‌گه‌روشی هاواریه کرد کوردستانی هی کورده‌! هاورێکانی که ‌ته‌ماشای مه‌هدی وسه‌نگه‌ری داگیرکه‌ریان ده‌کرد ئێره‌یان پێده‌برد، کاتێکیش ته‌ماشای ئاسمانیان ده‌کرد هه‌لۆیه‌کی به‌رزیان ده‌دی له ‌گه‌ڵ هه‌رهاوارێکی مه‌هدیدا، هه‌لۆ به‌رزتر ده‌بوه‌وه‌ وبه‌چاوه‌ تیژه‌کانی سه‌یرێکی مه‌هدی و که‌ژ و کێوو به‌نده‌ن و ناودۆل وشاخی هه‌زار به‌هه‌زاری ده‌کردو بیری ده‌کرده‌وه‌ ئاخۆ چ کێوێک چ دۆڵێک یان بن کام به‌ردو کام داربه‌رو‌ ببێته‌ جێ نزرگه‌ی ئه‌م رۆڵه‌ عاشقه‌ی کوردایه‌تی ! هاوبیره‌که‌م من ده‌زانم کاتێک نه‌کسه‌ی شۆرش بوو، تۆ له ‌هه‌موان زیاتر ئازارت دەچێشت، تۆ له‌هه‌موان زیاتر گریایت، ئا ئەوکاتەی داگیرکه‌ر هه‌ل هه‌له‌ی سه‌رکه‌وتنی لێده‌داو کوردیش کۆست که‌وتو ئا دەزانم، ‌رۆژە هەرە ناخۆشەکان بوو ! بۆ تۆ له‌ هه‌مووان زیاتر، نه‌داری و ئازاری برینی سارێژ نه‌بوو، هه‌راسانیان کردبویت و ‌‌هۆش وتوانایان نەهێشتبوویت، کاتێکش کوردایه‌تی بانگی کردیت، نه‌تده‌توانی وه‌ک جاران له ‌شه‌قه‌ی باڵه‌کانت بده‌یت و به‌ره ‌و به‌رزی بفڕیت، خه‌مت ده‌خوارد دەتزانی‌ تواناکه‌ی جارانت نه‌ماوه و‌ ناتوانی رێگه‌ی خه‌بات و به‌رخودان بگریته‌ به‌ر،  ئیتر تۆ هه‌لۆکه‌ی جاران نیت ! ده‌شتزانی کاتێک هه‌لۆ بریندارده‌بێت خۆی ده‌دات به قه‌دپاڵی شاخێکدا و خۆی ده‌کوژی! داگیرکه‌رو زۆڵه‌ کوردیش باری ده‌رونی و هه‌ژاریه‌که‌تیان ‌به‌هه‌ل ده‌زانی وده‌یان ویست سه‌ری بڵندت پێ نه‌ویکه‌ن، داوایان لێده‌کردیت خۆت بفرۆشی و بتکه‌نه‌ موسته‌شار، ئه‌وان زۆر گێل بوون ! نه‌یانده‌زانی تۆیه‌ک به‌بیری نه‌ته‌وه‌ی گۆشکراو و به ‌ئاوی کوردایه‌تی ئاودراو له‌‌کوێ و‌ موسته‌شار و جاش و خۆفرۆشی فایلداری خوێڕی له کوێ! بۆیه‌ دیسانه‌وه‌ پر گه‌روت هاوارته‌ ‌کرد (گه‌رله‌برساناو له به‌ر بێ به‌رگی ئه‌مرۆ ره‌ق هه‌ڵێم نۆکه‌ری بێگانه‌ ناکه‌م تا له‌سه‌رعه‌ردم ئه‌من)
تۆ به‌ هه‌ژاری وبه ‌برسیه‌تی و به‌ده‌م ئیش وئازاری ده‌رونی و برینی سارێژنه‌بوه‌وه‌ سه‌رت نایه‌وه‌ و چویته‌ ناو دوو توێێ وباوه‌شی ئه‌وخاکه‌ی عاشقی بوێت وخۆشی ده‌ویستیت !
ئه‌ی هه‌لۆ به‌رزه فڕه‌که‌ی کوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی که‌م بوون ئه‌وانه‌ی له‌و رۆژ گاره‌دا، وه‌ک تۆ چۆکیان دانه‌داو سه‌ری به‌رزیان نه‌وی نه‌کر‌د!‌ تۆمه‌رد بویت تۆ کورد بوویت !هەربۆیە تۆ نه‌مریت وەک کیوەکانی هەورامان

 له ‌هه‌موانیش کوردترو که‌ڵتربویت، هاوبیره ‌نه‌مره‌که‌م .

          پشکۆ امین