پێشکەشە بەهەموو ئەوانەی کە پییان وایە چارەسەری کێشەی کورد لە بەغدایە وگەڕانەوە بۆ بەغدای ئەنفال بە چارەسەر دەزانن بۆ کێشەکان !!

دەڵێن کابرایەک کەوێکی هەبو، کە لە قەفەزدا لەدایکبو بوو، وەک چۆن باوک وباپیریشی هەر لەو قەفەزدا لەدایک بوون ! کەو دەنگێکی زۆر خۆشی پێوەبوو، کە دەیخویند هەرچی نێرەکەو ماکەو هەیە شەیدای دەنگی دەبوون و دەهاتنە لای، گوییان لێدەگرت، خاوەنکەویش راوی هەموانی دەکرد! کەوە ئازا، دڕ، دەنوک بازبوو، هیچ کەوێک نەیدەتوانی لە شەردا خۆی لە بردەم دەنوکیدا راگرێت! دەنوکەکانی وەک شمشێرەکەی کابرا بە خوین سوربوون !کەوی ناو قەفەز هەردەیخوێند، هەندێک جاریش سۆزێکی خۆشەویستی بۆ لوتکەی کەژو نزار دەردەبری، بیری لە قەندیل و پیرەمەگرون و کاروخ و هەندرین دەکردەوە !بە دەنگێکی بەسۆز بۆیان دەگریا ! ساڵ هات وچوو، قەفەز کۆن بوو ! داروپەردوی بەسەریەکدا درا، خاوەن قەفەزیش پیربوو، تا قەت وتوانای راوی نەبوو خوا خوای بوو خۆی راو نەکەن ! کە گویی لە خویندنی کەو دەبوو هیندەیتر تورە دەبوو ! بەتایبەتی ئەوجارانەی کە کەو بە دەنگە بە سۆزەکەی بۆ زنارو دۆڵ وکێوەکانی وڵاتەکەی دەیخویندوئاخی بۆ هەڵدەکێشاو بیری دەکردن، ئارەزوی بەفرو چینەی ناوگڵ و تاڵیشکی لاشانی شاخی هەزاربە هەزاری دەکرد ! بۆیە خاوەن قەفەز رۆژێک کە زۆر بێتاقەت بوو دەرگای قەفەزی بۆ کەوە کردەوە وتی برۆ لە بەرچاوم ونبە، ئیتر نەتبینمەوە، نامەوێێت وتوانای راگرتنی تۆم نەماوە، برۆ، برۆرەوە بۆ کێوەکان بۆ مەڵبەندو کویستانەکەت، کەوە کە دەرگای کراوەی بینی، بیری لەداکەندنی تەوق وکۆتی کۆیلەی کردەوە ! بیری لە شاخ وهەوای سازگارو سروشتی جوان و پاکی وڵاتەکەی کردەوە! تفێکی لە قەفەز کرد! سەیرێکی خاوەن و قەفەزەکەیکرد ! چەند جارێک بەدەوری قەفەسدا هات وچوو، باڵەکانی فشکردەوە، فڕیە سەر دارخورمای ناوماڵەکە قێزی لێدەکردەوە، حەزی لە چینەی بندار بەڕو مازوو بوو، کابرا پێیوت برۆ ئیتر نەتبینمەوە، کەوە دای لەشەقەی باڵ وفری، رۆژی دایە دەم شەو، برسیەتی وماندوبونی نەدەزانی، هەر دەفری تا سنوری دەسکردی بڕی !هەتا گەیشتە وڵاتی شیرین ! لوتکەی کێوی لێوە دەرکەوت !لە خۆشیان خەریک بوو شا گەشکەبێت، لە دڵی خۆیدا وتی، ئەمە مەڵبەندی خۆشیە ئەمە ئارامەگەی شادیە، لە یەکەم نزاردا خۆی گەیاندە کانیەک تێر ئاوی سازگاری وڵاتەکەی خواردەوە بۆنێکی خاکی کرد، لە خۆلەکەدا کەمێک چینەی کرد ! پر بە هەناسەکانی هەوای ئازادی هەڵمژی، ئینجا فڕی بۆ سەر لوتکەی هەزار بە هەزار دۆڵ و پێدەشتی تەیکرد، لەم شاخ بۆ ئەو کیوو، لەم دۆل بۆ ئەو دۆل زنارنەما سەری پێدا نەکا !هەموی گەڕا تاماندو بوو ! ئینجا بیرێکی لە پیرە قەفەزکردەوە، لە خاڵە باوکەی خاوەنی، ئینجا وتی، چیم بە خۆم کرد! ناو قەفەزەکەم زۆر خۆشتربوو نەسەرمام بوو نەبرسی ! بریاریدا برواتەوە بۆلای خاوەن قەفەز، کەو هەڵفری تا گەیشتە وە وڵاتی ئەنفال، بۆ ماڵەکەی خاوەن قەفەزی شمشیر بە دەست ! نزیک قەفەز بوەوە تەماشای کرد دەرگای قەفەز داخرابوو بە دەنوک کەوتە لێدانی دەرگا ! هاوریەکرد دەرگای قەفەزم بۆ بکەرەوە من بێ قەفەز ناتوانم بژیم ! من لە قەفەزدا لە دایکبووم، بۆیە دەبێت هەر لە قەفەزیشدا بمرم !